ڕاپۆرتی جیهانی

01:00 - 28/04/2020

مرۆڤایەتی چ سوودێك لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ وەردەگرێت؟‌

پەیسەر

شکستی نیوەناچڵ و دەستەپاچەیی جیهان لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا پاڵنەرێكی گرنگە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەکانی داهاتوودا, وەك شارەزایان باسی دەكەن دەکرێت ببێتە ئەزموون و لەئێستادا بەکاربخرێت، بەو پێیەی وەك هەندێك باوەڕیان وایە پەیوەندی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان ڤایرۆسەكەو ژینگەدا، لەبارەی پەیوەندی نێوان کەشگۆڕکێ و ژینگەدۆستی پسپۆڕانی بوارەكە قسەی خۆیان هەیە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن سەبارەت بە تەنگژەكان و نەخشە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەیان دادەڕێژن و ئەوانەشی كە بە هەند وەریناگرن و ئەوان ناویان لێناون –هەرزەكان- گاڵتەیان پێدێت و فەرامۆشی دەكەن، كاتێكیش ڕوودەدەن، جگە لە كاردانەوە و گێنگڵدان شتێكی دیکەیان لە دەست نایەت. پەتای كۆرۆناش نوێترینی تەنگژە لەناكاوو ناپێویستەکانە. دیارە گەڕانەوەشمان بۆ سەرەتاكانی وەرزی زستان و خۆسازدانی پێشینە بۆ خۆپاراستن و دەستبەسەرداگرتنی بڵاوبوونەوەكەی ئەستەمە و تەنیا دەتوانین سوودی لێ وەربگرین وەک ئەزموونێک بۆ داهاتوو مامەڵەی لەگەڵ بكەین.

لە ڕاستیدا دیاردەی كەشگۆڕكێ و هەڵكشانی پلەی گەرمی گۆی زەوی تەنگژەیە بەڵام  گۆڕانەکەی لەسەرخۆترە, و دیارە ئەوەش  ناگەیەنێت كە لێكەوتەكانی لە كۆرۆنا داكشاوترە و بەڵکو بە پێچەوانەوە. لەكاتێكدا دەرفەتی دەستبەسەرداگرتن و سنوورداركردنی لێكەوتە كاولسازییەكانی بەردەست بوو، دەتوانرا ڕێگەی لێبگیرێت، بەڵام لەبەر هەر هۆیەك بوو نەكرا.

ویلیام نۆردهاوسی ئابووریناس و براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت: پێویستە ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكی كەشگۆڕكێ، جارێكی دی دابڕێژرێتەوە و بەئامانجی لاوازكردنی پاڵنەرەكانی هەلقۆستنەوە و بەرژەوەندییە تایبەتەكان، چوون بەبڕوای ئەو ئابووریناسە ئەو ڕێكەوتننامەیە بۆ بەرژەوەندی كەس و لایەنەكان و لە دژایەتی هەندێكی دیكە بەكار دەهێنرێت.

 لە هەمان كاتدا هەندێک توێژەر پێیانوایە، دەكرێت لە داهاتوودا ولەڕیێ جەختكردنەوەیەكی جیهانییانەی بەهێزەوە لە گەشەپێدانی تەكنۆلۆژیای کەم تیشکدەردا کاربكرێـت و هەڵكشانی پلەی گەرمی گۆی زەوی سنوورداربكرێت و دەستی بەسەردا بگیرێت .

هەردوو وەزیری پێشووی ویلایەتی واشینتۆن (جەیمس بەیکەرو جۆرج شەلتز) لەگەڵ (تێد هاڵستید)  پێیانوایە كە پێویستە واشینتۆن، وەک هەلێکی چارەنووسساز لە دیاردەی كەشگۆڕكی بڕوانێت، نەك وەك مەترسییەكی ژینگەیی. سەرەڕای سوودوەرگرتن لە وەبەرهێنانی پێشوەختەی ئەمریكا لە بواری تەكنۆلۆژیای ژینگەدۆست (تەكنۆلۆژیای سەوز)دا. هاوكات، (جۆن پۆدێستا و تۆدستێرن)ی بەرپرسانی ئەم بوارە لە سەردەمی باراك ئۆبامادا، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشە ڕێگەیەكی چاكسازین لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەدۆستیدا. 

ڕیبێكا هندرسن ئەوە ڕووندەكاتەوە كە بۆچی ڕابەرانی كار ڕێبەری  پڕۆژە ژینگەدۆستیەکان دەكەن و ڕێگری لێناكەن. باومان ماكلیود ئاماژە بە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی  ڕێبەرە ناوچەیی و كۆمەڵایەتییەكان دەدات لە بەهێزكردنی گۆڕانكارییەکان لەسەر ئاستی ڕەفتارە سادەكان  كە كاریگەرێتی گشتی دەسازێنن، (ڕەفتاری ژینگەدۆستی هاوتای دەستشتن) بەنموونە، سەرەڕای ئاماژەكانی (محەمەد ئەدۆ)ش بۆ بیبەش نەکردنی  وڵاتانی هەژاریش لە هەر هەوڵێکی تایبەت بە كەشگۆڕكێدا، ئەوەش لەبەرئەوەی كە لێكەوتەكانی فرەترە لە سەریان و كەمتریش بەرپرسن لێی و كەم تواناتریشن.

دواجار، ئەگەرچی لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا شكستمان خوارد با وەك ئەزموونێك سوودی لێوەرگرین لە خامۆشکردنی تەنگژەکان و سەركەوتنمان بەسەریاندا. هەربۆیە كۆرۆنای نوێ دەبێت پاڵنەرێكی گەورە بێت بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بەسەریدا زاڵ ببن و دوای تەواو بوونی دۆخی كۆرۆناش سوودی هەمیشەیی لێوەربگیرێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو تەنگەژە گەردونیانەی دێنە ڕێگەی مرۆڤایەتی و لە هەموشیان گرنگتر كێشەكانی بواری ژینگەو قەتیس بوونی گەرماو ئەو گۆڕانكارییانەی لە بارەی كەش و هەواوە بوونەتە گرێ كوێرەو هەموو جیهان بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن.