ڕاپۆرتی جیهانی

10:43 - 28/04/2020

جه‌لاله‌دینى رۆمى..له‌ زانایه‌كى ئیسلامه‌وه‌ بۆ شاعیرێكى رۆحانیى‌

پەیسەر

جه‌لاله‌دینى رۆمى، شاعیر و سۆفى به‌ ره‌گه‌ز فارس، دانا و رێنیشانده‌رى فیقهى ئیسلامى یه‌كێك بووه‌ له‌ دیارترین زاناكانى ته‌سه‌وف له‌ دونیاى ئیسلامدا.

جه‌لاله‌دینى رۆمى سه‌ره‌تا نازناوى (سوڵتانى داناكان)ى هه‌بووه‌ و دواتر نازناوه‌كه‌ى بووه‌ به‌ (مه‌ولانا)، له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى زانستى ئیسلامی و قورئاندا خوێندویه‌تى و شاره‌زاییه‌كى گه‌وره‌ى بوارى ئیسلامناسى و قورئان و فه‌رموده‌كان بووه‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تى به‌رز و به‌توانا لاى مه‌ولانا خوێندویانه‌، هه‌ر له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌و شاره‌زاییه‌ زۆر و ئاستى به‌رزى خوێنده‌وارییه‌كه‌ى له‌ بوارى ئیسلامناسیدا، خولیاى رۆحانیه‌تى هه‌بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌ تێڕوانینى خۆیه‌وه‌ بۆ بوون و نه‌بوون، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م دانایه‌ى بوارى ئیسلام هه‌نگاوینا به‌ره‌و نوسینى شیعرى رۆحانى و توانى ته‌واوى شاعیره‌ رۆحانییه‌كان تێبپه‌ڕێنێت، به‌جۆرێك ده‌یان شه‌و هه‌تا هه‌ڵاتنى خۆر له‌به‌ر تیشكى مۆم دانیشتووه‌ و له‌ خه‌ڵوه‌تى موناجاتدا بووه‌ و له‌پاڵیدا هه‌زاران دێڕى نوسیوه‌ كه‌ گه‌یاندییه‌ لوتكه‌ى ئه‌ده‌بى ته‌سه‌وف (سۆفیگه‌رى).

شاره‌زاییه‌كى زۆرى هه‌بووه‌ له‌ سه‌ماكردنى سۆفییانه‌ى زیكر و بۆنه‌ ئاینییه‌كان

جه‌لاله‌دینى رۆمى و فه‌قێیایه‌تى:-

جه‌لاله‌دین پێشئه‌وه‌ى ببێته‌ شاعیر و پێش ئه‌وه‌ى كه‌ رێچكه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ دونیاى ته‌سه‌وفدا دابمه‌زرێنێت كه‌ به‌ (ته‌ریقه‌تى مه‌وله‌ویه‌) ناسراوه‌، به‌شدارى كۆڕ و زیكر و مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌ گه‌وره‌كانى كردووه‌ و شاره‌زاییه‌كى زۆرى هه‌بووه‌ له‌ سه‌ماكردنى سۆفییانه‌ى زیكر و بۆنه‌ ئاینییه‌كان، هه‌روه‌ك رێنیشانده‌رى ئاین و شیكردنه‌وه‌ى پرسیاره‌ شه‌رعییه‌كان بووه‌ بۆ دانیشتوانى كۆنیا، و ده‌رسى ئاینى به‌ ده‌یان كه‌س له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كان و شوێنكه‌وتووه‌كانى خۆى وتووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك شوێنگره‌وه‌ى باوكى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌ كه‌ بانگخوازى گه‌وره‌ى كۆنیا و بووه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ زانا گه‌وره‌كانى ئیسلام.

جه‌لاله‌دینى رۆمى كه‌ له‌ بنه‌مادا ناوى (محه‌مه‌د) بووه‌، ساڵى 604ى كۆچى له‌ ناوچه‌ى به‌لخ له‌ خوراسان له‌دایكبووه‌، كوڕى به‌هائه‌دین ئه‌لبه‌كرى، ناسراو به‌ به‌هائـ وه‌لد)ى زاناى ئیسلامه‌ و نازناوه‌كه‌ى (سوڵتانى زاناكان) بووه‌، به‌هۆى مه‌ترسى بێباوه‌ڕه‌كان له‌سه‌ر ژیانى خێزانه‌كه‌ى، سوڵتانى زاناكان زێدى خۆى به‌جێهێشتووه‌ و له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئاواره‌ بووه‌ ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غداد و حیجاز، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا كه‌ خێزانه‌كه‌ى ئاواره‌بوون جه‌لاله‌دین ته‌نها هه‌رزه‌كارێك بووه‌ و ته‌مه‌نى 14 ساڵ بووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى كه‌ باوكى جه‌لاله‌دین و خێزانه‌كه‌ى له‌ كۆنیا گیرسانه‌وه‌ و باوكى ده‌ستیكرد به‌ بانگخوازى و وتنه‌وه‌ى وانه‌ ئاینییه‌كان.

مه‌ولانا دووجار هاوسه‌رگیرى كردووه‌، جارى یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ (جه‌وهه‌ره‌ خاتوون) هاوسه‌رگیرى كردووه‌ و دایكى كوڕه‌كانێتى به‌ ناوه‌كانى (عه‌لائه‌دین و سوڵتان وه‌لد)، به‌ڵام دواتر كۆچى دوایى كردووه‌ و مه‌ولانا جارێكى دیكه‌ هاوسه‌رگیرى كردووه‌ته‌وه‌، دواى هاوسه‌رگیرى دووه‌مى له‌سه‌ر داواى باوكى، مه‌ولانا به‌ ته‌واوى ده‌ستیكردووه‌ به‌ وتنه‌وه‌ى وانه‌ى ئاینى و بانگخوازى و له‌ ساڵه‌كانى كۆتایى ته‌مه‌نیشیدا باوكى داواى له‌ موریده‌كانى كردووه‌ كه‌ دواى گیانله‌ده‌ستدانى ببنه‌ شوێنكه‌وتووى جه‌لاله‌دین، دواى گیانله‌ده‌ستدانى باوكیشى له‌ ساڵى (628 - كۆچى)  جه‌لاله‌دینى رۆمى بووه‌ گه‌وره‌ بانگخواز و داناى ئیسلامى كۆنیا و به‌شدارى دانیشتنى گه‌وره‌ زاناكانى ده‌كرد و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستى شێخ بورهانه‌دین چووه‌ته‌ سه‌ر رێبازى سۆفیگه‌رى.
 جه‌لاله‌دین رۆمى گه‌شتێكى دورودرێژ به‌دواى زانست و زانیارى و زاناى نوێدا ده‌ستپێده‌كات
شێخ بورهانه‌دین ته‌رمزى، كه‌ شێخێكى گه‌وره‌ى ئیسلام و هاوڕێى باوكى جه‌لاله‌دین بوو، ساڵانێك پێكه‌وه‌ كارى بانگخوازییان كردبوو تا كاتى ئاواره‌بوونى باوكى جه‌لاله‌دین به‌ره‌و كۆنیا و له‌وكاته‌وه‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م خێزانه‌ به‌ شێخ بورهانه‌دینه‌وه‌ بچڕابوو، دواى ساڵانێك له‌ كۆچى خێزانه‌كه‌ى جه‌لاله‌ددین) و ده‌یه‌وێت بیبینێته‌وه‌، به‌ڵام شێخ بورهانه‌دین ساڵى 629ى كۆچى گه‌یشته‌ كۆنیاین شێخ بورهانه‌دین بڕیارده‌دات بگه‌ڕێت به‌دواى (سوڵتانى زاناكان، واتا باوكى جه‌لاله‌، كاتێك گه‌یشت كه‌ سوڵتانى زاناكان ساڵێك بوو كۆچى دوایى كردبوو.

سه‌ردانى شێخ بورهانه‌دین بۆ كۆنیا، ده‌رفه‌تێكى زێڕین بوو بۆ جه‌لاله‌دینى رۆمى، چونكه‌ به‌ر له‌ كۆچى خێزانه‌كه‌یان و له‌كاتێكدا كه‌ ته‌مه‌نى جه‌لاله‌دین ته‌نها 15 ساڵ بوو، به‌رده‌وام شێخ بورهانه‌دین هه‌وڵیداوه‌ فێرى شاره‌زایى ئیسلامى بكات و به‌رده‌وام به‌ خێزانه‌كه‌ى وتووه‌ كه‌ جه‌لاله‌دین زانایه‌كى گه‌وره‌ى لێده‌رده‌چێت، هه‌ربۆیه‌ ساڵانێك دواى ئاواره‌یى و ماوه‌یه‌ك دواى كۆچى باوكى، كاتێك جه‌لاله‌دینى رۆمى به‌ دیدارى شێخ بورهانه‌دین ده‌گاته‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئاستى زانستى خۆى بۆ بسه‌لمێنێت و باسى ئه‌و شتانه‌ى بۆده‌كات كه‌ له‌باوكییه‌وه‌ فێربووه‌ له‌باره‌ى ئیسلامناسى و بانگخوازى و داواش له‌ شێخ ده‌كات وه‌ك خوێندكارى خۆى قبوڵى بكات، شێخ بورهانه‌دین به‌ ئاست و داواى جه‌لاله‌دین رازیده‌بێت و وه‌ك شێخێك و شوێنكه‌وتووه‌یه‌ك به‌رده‌وام هه‌وڵى پێگه‌یاندنى زیاترى ده‌دات كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌ گرنگه‌كان و نهێنى سه‌ركه‌وتنى جه‌لاله‌دینى رۆمى داده‌نرێت.
جه‌لاله‌دینى رۆمى بۆماوه‌ى 40 رۆژ له‌گه‌ڵ شه‌مسى ته‌برێزیدا ده‌چێته‌ خه‌ڵوه‌ته‌وه‌

دواى ماوه‌یه‌ك پێوتنه‌وه‌ى وانه‌، شێخ بورهانه‌دین داوا له‌ جه‌لاله‌دینى رۆمى ده‌كات بگه‌ڕێت به‌دواى زانست و زانیارى نوێدا و هه‌وڵبدات ئه‌م ئاسته‌ش تێبپه‌ڕێنێت، له‌به‌ر رۆشنایى داواكه‌ى شێخ بورهانه‌دین، جه‌لاله‌دین رۆمى گه‌شتێكى دورودرێژ به‌دواى زانست و زانیارى و زاناى نوێدا ده‌ستپێده‌كات و له‌ شام ده‌گیرسێته‌وه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هێزترین پێگه‌ى زانستى هه‌بووه‌ له‌بوارى ئیسلامناسیدا له‌ ناوچه‌كه‌دا و به‌شێكى زۆرى زانا گه‌وره‌كانى بوارى ئیسلام له‌ دیمه‌شق و حه‌له‌ب دانیشتوون، مه‌ولاناش هه‌روه‌ها له‌ ساڵانى مانه‌وه‌ى له‌ شام، ژیانى له‌ هاتوچۆى نێوان دیمه‌شق و حه‌له‌ب به‌سه‌ربرد و ده‌رفه‌تى هه‌بوو كه‌ زۆرێك له‌ زاناگه‌وره‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بناسێت و به‌شدارى كۆڕى ئاینى زانا گه‌وره‌كانى وه‌ك (سه‌عده‌دین حه‌موى، شێخ عوسمانى رۆمى، كه‌ماله‌دین بن ئه‌لعه‌دیم) بكات و سه‌ره‌نجام جه‌لاله‌دینى رۆمى وه‌ك زانایه‌كى پایه‌به‌رز له‌ شامه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كۆنیا، ساڵى 638ى كۆچى، جارێكى دیكه‌ جه‌لاه‌دینى رۆمى ده‌ستیكرد به‌ وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ ئاینییه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ نه‌ك هه‌ر له‌ كۆنیاوه‌، به‌ڵكو له‌ زۆرێك له‌ شار و وڵاتانى ناوچه‌كه‌وه‌ شوێنكه‌وتووان ده‌هاتن تا له‌سه‌ر ده‌ستى جه‌لاله‌دین وانه‌ بخوێنن و ئه‌م دۆخه‌ى ژیانى مه‌ولانا تا ساڵى 642ى كۆچى درێژه‌ى كێشا.

"له‌م چركه‌یه‌وه‌ من بۆ عه‌شق له‌دایكبووم"

عه‌تائه‌دین ته‌دین، له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ناوى (گه‌ڕان به‌دواى خۆر)دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یه‌كه‌م دیدارى جه‌لاله‌دینى رۆمى و شه‌مسى ته‌برێزى، ده‌نوسێت: به‌ره‌به‌یانێكى زووى رۆژى شه‌ممه‌ 26 جه‌مادى دووه‌مى ساڵى 642ى كۆچى بوو، دوو كه‌س به‌ دوودڵى و راراى به‌ناو شارى كۆنیادا به‌ پیاده‌ ده‌ڕۆیشتن، ئه‌و دوو كه‌سه‌ دوو شه‌پۆلى مه‌زن، یان دوو زه‌ریا بوون، دوو زاناى مه‌زن و گه‌وره‌، یه‌كێكیان (شه‌مسى ته‌برێزى) بوو كه‌ له‌ناو بازاڕى كۆنیا راوه‌ستابوو سه‌یرى دیمه‌نه‌كانى به‌یانى ده‌كرد و ئه‌وى دیكه‌ش مه‌ولانا جه‌لاله‌دینى رۆمى بوو كه‌ ده‌ستیان خستبووه‌ ناوده‌ستى یه‌كتر، نوسه‌ر ئه‌و چركه‌یه‌ به‌ چركه‌ى وه‌ستانى زه‌وى له‌ خولانه‌وه‌ وه‌سفده‌كات.

مێژوونووسه‌كان له‌باره‌ى یه‌كه‌م دیدارى مه‌ولانا و ته‌برێزى راى جیاوازیان هه‌یه‌، به‌شێكیان پێیانوایه‌ كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى پۆشاكى ده‌روێشى پۆشیوه‌ و له‌نزیك خوێندكاره‌كانى جه‌لاله‌دین دانیشتووه‌ كاتێك جه‌لاله‌دین وانه‌ى وتووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكى دیكه‌ش رایان وایه‌ كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى كتێبێكى ده‌ستى جه‌لاله‌دینى رۆمى له‌ ته‌ڕبوون پاراستووه‌ و كاتێك له‌ده‌ستى كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، خۆى بۆ كتێبه‌كه‌ هه‌ڵداوه‌ و گرتویه‌تییه‌وه‌ تا نه‌كه‌وێته‌ حه‌وزێك ئاوه‌وه‌، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن له‌ كاتێكدا جه‌لاله‌دین به‌ رێگادا رۆیشتووه‌ و قاچى خزاوه‌ و خه‌ریكبووه‌ بكه‌وێت، له‌وكاته‌دا شه‌مسى ته‌برێزى فریاى كه‌وتووه‌ و چووه‌ته‌ ژێرباڵى تا خۆى گرتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ یه‌كه‌م دیداریان بووه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رجه‌م گێڕانه‌وه‌كاندا خاڵیكى هاوبه‌ش هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ى به‌ مه‌ولانا سه‌رسام بووه‌ و هاتووه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ى كه‌ وانه‌ى تێدا وتووه‌ته‌وه‌ تا لێوه‌ى نزیك بێت.
عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، كاتێك شه‌مسى ته‌برێزى مه‌ولاناى بینیوه‌ پێیوتووه‌، من له‌سه‌ر فه‌رمان و داواى شێخه‌كه‌م (شێخ روكنه‌دین ئه‌لسه‌جاسى) هاتووم و ئه‌و پێیوتووم كه‌ خۆم بگه‌یه‌نمه‌ كۆنیا، چونكه‌ لێره‌ زانایه‌كى پایه‌به‌رزى لێیه‌ و هاتووم لێته‌وه‌ فێرببم.
 
هه‌روه‌ك عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌ كتێبه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى، جه‌لاله‌دینى رۆمى بۆماوه‌ى 40 رۆژ له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌مسى ته‌برێزیدا ده‌چێته‌ خه‌ڵوه‌ته‌وه‌ و له‌و خه‌ڵوه‌ته‌دا شه‌مس سه‌رجه‌م ئه‌و زانست و زانیارییانه‌ى خۆى بۆ باس ده‌كات كه‌ له‌ ژیانیدا فێریبووه‌، له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نى شه‌مسى ته‌برێزى له‌ ده‌وروبه‌رى 60 ساڵدا بووه‌.

‌ مه‌ولانا له‌ خه‌ڵوه‌تدا به‌رده‌وام دوو رۆژ به‌رۆژوو ده‌بوو و یه‌ك رۆژ ئیفتارى ده‌كرده‌وه‌ و ده‌رونى پڕبوو له‌ عه‌شقى خودایى

عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌ كتێبه‌كه‌یدا چه‌ند وته‌یه‌كى شه‌مسى ته‌برێزى ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌  خه‌ڵوه‌تى 40 رۆژه‌دا وتوویه‌تى،"من منداڵێك بووم، من خودام به‌ ئاشكرا ده‌بینى، فریشته‌كانم ده‌بینى و زانیاریم له‌باره‌ى دونیاى غه‌یبه‌وه‌ هه‌بوو، وام هه‌ستده‌كرد خه‌ڵكیش ئه‌وانه‌ ده‌بینن كه‌ من ده‌یانبینم، دواتر زانیم كه‌ ئه‌وان ناتوانن وه‌ك من خودا و فریشته‌كان ببینن، به‌ڵام شێخكه‌م رێگه‌ى نه‌دام ئه‌م قسانه‌ ئاشكرا بكه‌م.

له‌باره‌ى شه‌مسى ته‌برێزى، به‌پێى سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، ناوى محه‌مه‌د بن عه‌لى بن مه‌لك ئه‌لته‌برێزى بووه‌، باوكى له‌سه‌ر مه‌زهه‌بى شیعه‌ى ئیسماعیلییه‌ بووه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كه‌ باوكى كتێبه‌كانى خۆى سوتاندووه‌ و كوڕه‌كه‌ى ناردووه‌ بۆ ته‌برێز تا له‌باره‌ى مه‌زهه‌بى شافعییه‌وه‌ بخوێنێت، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كه‌ شه‌مسه‌دین له‌ ته‌برێز له‌دایكبووه‌ و هه‌ر له‌ ته‌برێز ده‌ستیكردووه‌ به‌ خوێندنى ته‌سه‌وف و شێخه‌كه‌ى به‌ناوى روكنه‌دین ناردویه‌تى بۆى جه‌لاله‌دین له‌ كۆنیا تا وانه‌ى سۆفیگه‌رى پێبڵێت.

له‌دایكبوونى دووه‌مى مه‌ولانا، له‌ فه‌نابوونه‌وه‌ بۆ عه‌شقى خودایى

له‌ یه‌كێك له‌ رۆژه‌كانى خه‌ڵوه‌ته‌كه‌یاندا، مه‌ولانا له‌ شه‌مسى ته‌برێزى ده‌پرسێت پێمناڵێیت بۆچى و چۆن گه‌یشتیته‌ كۆنیا؟، له‌ وه‌ڵامدا شه‌مس ده‌ڵێت له‌ یه‌كێك له‌ شه‌وه‌كانى موناجاتدا به‌ خوداى گه‌وره‌م وت ئایا هیچ كه‌سێك شك ده‌به‌یت ببێته‌ هاوڕێم؟، له‌وكاته‌دا مالیكى دونیاى غه‌یب مژدانه‌ى دامێ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌كت ده‌وێ بڕۆ به‌ره‌و كۆنیا، منیش ملى رێگام گرت و لێره‌ تۆم ناسى، عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوى گه‌ڕان به‌دواى خۆردا له‌ كۆنیاوه‌ به‌ره‌و دیمه‌شق ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ى مه‌ولانا و وه‌ڵامه‌كانى ته‌برێزى ده‌كاته‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌، دواى ئه‌و وه‌ڵامه‌، جه‌لاله‌دین سه‌رقاڵبوو به‌ نوێژوو و به‌ربانگى رۆژوو شكاندنه‌وه‌، چونكه‌ مه‌ولانا له‌ خه‌ڵوه‌تدا به‌رده‌وام دوو رۆژ به‌رۆژوو ده‌بوو و یه‌ك رۆژ ئیفتارى ده‌كرده‌وه‌ و ده‌رونى پڕبوو له‌ عه‌شقى خودایى، شه‌مس له‌مه‌دا هاوكارى كرد و رێگه‌نیشانده‌رى بوو به‌ره‌و دونیاى رۆحانیه‌ت تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ مه‌ولانا وازى له‌ وانه‌وتنه‌وه‌ و بانگخوازى هێنا و كردییه‌ ده‌روێش، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ به‌شێك له‌ خوێندكار و شوێنكه‌وتووانى جه‌لاله‌دین رقیان له‌ شه‌مسى ته‌برێزى بێت و به‌ ساحیر و شه‌یتان ناوزه‌دیان ده‌كرد تا ئاستى ئه‌وه‌ى رۆژێك له‌ كۆنیا به‌ردبارانیان كرد، چه‌ند جارێك جه‌لاله‌دین داواى له‌ شوێنكه‌وتووانى كرد كه‌ سوكایه‌تى به‌ شه‌مسى ته‌برێزى نه‌كه‌ن، به‌ڵام شوێنكه‌وتوو و خوێندكاره‌كانى نه‌یانده‌توانى ته‌قه‌بولى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌سه‌ر مامۆستاكه‌یاندا هاتووه‌ و  به‌رده‌وام بوون له‌ ته‌نگپێهه‌ڵچنین و سوكایه‌تیپێكردنى تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى نه‌یتوانى چیتر به‌رگه‌ى فشاره‌كان بگرێت و به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ و ماڵئاوایى له‌ هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت له‌ جه‌لاله‌دینى رۆمیش كۆنیاى به‌جێهێشت.

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان فیراقى شه‌مسى ته‌برێزى وایكرد كه‌ جه‌لاله‌دینى رۆمى ببێته‌ شاعیر و دڵشكاوى به‌رده‌وامى و بیركردنى شه‌مسى ته‌برێزى وایكرد كه‌ جه‌لاله‌دین كاته‌كانى شه‌و و رۆژى نه‌مێنێت و به‌رده‌وام خه‌ریكى نوسین بێت و چه‌ندین شه‌و تا به‌یانى گریاوه‌، تا ئه‌وكاته‌ى هه‌واڵى پێگه‌یشت كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى له‌ دیمه‌شق گیرساوه‌ته‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ جه‌لاله‌دینى رۆمى به‌رده‌وام بوو له‌ نوسینى شیعر و ناردنى بۆ شه‌مسى ته‌برێزى به‌ هیواى ئه‌وه‌ى شه‌مس بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆنیا، به‌ وته‌ى مێژوونووسان ناردنى شیعره‌كانى بۆ شه‌مس، یه‌كه‌م قۆناغى بڵاوكردنه‌وه‌ یان ئاشناكردنى خه‌ڵك بوو به‌ شیعره‌كانى جه‌لاله‌دینى رۆمى و پێش ئه‌وكاته‌ شیعره‌كانى ته‌نها بۆخۆى ده‌نوسى.

له‌ دوورى شه‌مسه‌دینى ته‌برێزى، جه‌لاله‌دینى رۆمى سه‌دان دێڕ شیعرى راستگۆیانه‌ى نوسى، هه‌روه‌ك عه‌تائه‌دین له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "شیعره‌كانى ئاوازى نه‌مرى بوون له‌ وه‌زنى گۆرانى ئاسماندا"، به‌لاى جه‌لاله‌دینه‌وه‌، شه‌مسه‌دین ته‌نها شێخ نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك هێماى خۆر ده‌یبینى كه‌ دونیا رووناك ده‌كاته‌وه‌ و له‌ویشه‌وه‌ فێرى عه‌شقى خودایى بوبوو، هه‌ربۆیه‌ له‌ شیعره‌كانیدا شه‌مس به‌و رووناكییه‌ ده‌چوێنێت كه‌ تاریكى ده‌رونى رووناك ده‌كاته‌وه‌ و له‌ دێڕێكدا ده‌ڵێت 
"بریا تواناى ئه‌وه‌م هه‌بوایه‌ كه‌ له‌سه‌ر گالیسكه‌ى زه‌مه‌ن دابنیشم و به‌سه‌ماوه‌ بفڕم بۆلاى خۆر"
عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌ به‌شێكى ترى كتێبه‌كه‌یدا ده‌نوسێت، جه‌لاله‌دین بڕواى به‌خۆى هێنابوو كه‌ شه‌مس دێت بۆ ماڵه‌كه‌ى و به‌رامبه‌رى راده‌وه‌ستێ، هه‌ربۆیه‌ له‌ شیعره‌كانی و له‌ سیحرى ئه‌و وشانه‌ى له‌ شیعره‌كانیدا ده‌یهۆنینه‌وه‌ هه‌مووان شه‌مسیان ده‌ناسى و شیعره‌كانى جه‌لاله‌دین له‌ گوێچكه‌ى هه‌مواندا ده‌زرینگانه‌وه‌، هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ وشه‌ شاعیرانه‌كانى ئه‌ندێشه‌ى هه‌موانى ده‌برد، جه‌لاله‌دینێكى دیكه‌ت تێدا به‌دیده‌كرد كه‌ زانایه‌كى شێواوه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌موان تێبگه‌یه‌نێت كه‌ شه‌مس كێ بوو، ته‌نانه‌ت كوڕه‌كه‌ى جه‌لاله‌دین به‌ناوى (سوڵتان وه‌لد) له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى باوكى و شه‌مسى ته‌برێزییه‌وه‌ ده‌ڵێت، وه‌ك چیرۆكى گه‌ڕانى پێغه‌مبه‌ر مووسا وایه‌ به‌دواى خزردا، بۆ نمونه‌ شه‌مسى ته‌برێزى له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوى (وتاره‌كانى شه‌مس) جه‌لاله‌دینى رۆمى به‌ ده‌ریایه‌ك له‌ زانست و گه‌وره‌یى وه‌سفده‌كات.

ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى له‌ ساڵى 645ى كۆچیدا كۆنیاى به‌جێهێشتووه‌ و چاره‌نوسى نادیاره

جه‌لاله‌دینى رۆمى سوڵتان وه‌لدى كوڕى خۆى به‌ یاوه‌ى 20 له‌ شوێنكه‌وتووه‌كانى له‌ كۆنیاوه‌ نارد بۆ دیمه‌شق و داواى لێكردن شه‌مسى ته‌برێزى بدۆزنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیان به‌ رێزه‌وه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆنیا، سه‌ره‌نجام له‌ ساڵى 644ى كۆچى شه‌مسى ته‌برێزى گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كۆنیا، پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م دووباره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌رهه‌ڵستییان ده‌كرد و سوكایه‌تییان پێده‌كرد شه‌مسى ته‌برێزییان ناچاركرد كۆنیا به‌جێبهێلێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ جیاواز له‌ جارى پێشوو هیچ كه‌سێك ئاراسته‌ى كۆچه‌كه‌ى و شوێنى گیرسانه‌وه‌ى نه‌زانى و هیچ كه‌سێكیش نازانێت چاره‌نوسى چى به‌سه‌رهات.

هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى مێژویى ده‌ڵێن توندڕه‌وه‌كان كوشتویانه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن به‌شێك له‌ خوێندكاره‌كانى جه‌لاله‌دینى رۆمى كوشتیانه‌ و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانى جه‌لاله‌دینى رۆمى ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ كوشتنیدا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ ته‌نها قسه‌ى ده‌ماو ده‌مى ناو مێژوون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌یان نییه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ شه‌مسى ته‌برێزى له‌ ساڵى 645ى كۆچیدا كۆنیاى به‌جێهێشتووه‌ و چاره‌نوسى نادیاره‌، ته‌نانه‌ت جه‌لاله‌دینى رۆمى خۆى چووه‌ته‌ دیمه‌شق بۆ سۆراغى به‌ڵام هیچى له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌.

به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌ مێژوییه‌كان ده‌ڵێن شه‌مسه‌دین ده‌ستێكى باڵاى هه‌بوو له‌ كردنه‌وه‌ى چاوى جه‌لاله‌دیندا و فێرى عیشقى خودایى و دونیاى عیرفانیه‌تى كرد، ته‌نانه‌ت فێرى كرد كه‌ جه‌لاله‌دین جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو خودى خۆى، به‌ڵام دواى كۆچى یه‌كجارى شه‌مس به‌ وته‌ى مێژوونووسان جه‌لاله‌دین هێنده‌ له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كانى ته‌برێزیدا بووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وابووه‌ شه‌مس له‌ناو هه‌ناوى خودى مه‌ولانادا بێت و هه‌ركات ده‌میكردووه‌ته‌وه‌ له‌ناو وشه‌كانیدا بۆچوونه‌كانى شه‌مسى ته‌برێزى به‌دیكراوه‌.

عه‌تائه‌دین ته‌دین له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، دواى كۆچى دووه‌مجارى شه‌مسه‌دین، جه‌لاله‌دین ته‌واو په‌رێشان و بێئارام بوو، هه‌ر له‌ناو شیعره‌كانیدا وێنه‌یه‌كى بۆ شه‌مسه‌دین دروستكردبوو كه‌ دواتر كتێبێكى لێكۆكرایه‌وه‌ به‌ناوى وتاره‌كانى شه‌مس، ته‌نانه‌ت جه‌لاله‌دین به‌ هاوڕێكانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى خۆى تووه‌ "ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت باڵى به‌ستراوى رۆحتان بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌نه‌ ئه‌و شوێن و كاته‌، ئه‌وا ده‌بێ ده‌ست له‌ ره‌نگه‌كان هه‌ڵبگرن و په‌نا به‌رنه‌ به‌ر دونیایه‌ك كه‌ هیچ ره‌نگێكى نییه‌"، دواتریش و دواى بێهیوابوونى له‌ دۆزینه‌وه‌ى شه‌مسه‌دین، جه‌لاله‌دین به‌رده‌وام یه‌ك دێڕى له‌سه‌ر زاربووه‌ كه‌ ده‌یوت، "خۆزگه‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌هات كه‌ دووباره‌ خۆر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆلام"، هه‌روه‌ك ئه‌م دیارنه‌مانه‌ بێ سۆراغه‌ى شه‌مسه‌دین واى له‌ جه‌لاله‌دین كرد كه‌ به‌تەواوى بچێته‌ سه‌ر رێچكه‌ و رێبازى سۆفیگه‌رى.

سه‌رچاوه‌كان:-
جلال الدين الرومى: بين الصوفية و علماء الكلام
بحثا عن الشمس: من قونية الى دمشق
كتاب فيه ما فيه لجلال الدين الرومى
فصول من المثنوى