ڕاپۆرتی جیهانی

01:10 - 25/04/2020

ئەمریكیەكان بێ ئاون‌

پەیسەر

بەهۆی نەدانی كرێی ئا‌وەوە، بڕینی ئاو هەرەشە لە ملیۆنان خێزانی ئەمریكی دەكات..
جیاواز لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا، یاسا لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رێگە بە كۆمپانیاكانی دابەشكردنی ئاو دەدات ئاوی ئەو ماڵانە ببڕن كە پارەی ئاو نادەن، ئەمەش كێشەی بۆ ئەو خێزانانە دروستكردووە، بەوپێیەی شۆردنی دەست و پاك وخاوێنی یەكێكە لەهۆكارەكانی رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 
ئەكیفا دور كە لەشاری دیترویت دەژیەت دەڵێت " شەش مانگە بەبێ ئاو دەژین" ئەكیفا دایكی دوو منداڵە و لەیەكێك لە هەژارترین گەرەكەكانی دیترویت دەژیەت، ئەو دەڵێت "ئەم جارە دۆخەكە قورسترە بەڵام خۆم پاككەرەوەیەكم دروستكردووە كە لە ئاوی گوشراوی درەختی سەبار و كحول پێكدێت، وەك چارەسەرێكی جێگرەوە بۆ پاراستنی منداڵەكانم لەو نەخۆشیە"


پێش بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیە ئەكیفا دەیتوانی ئاو لەدراوسێ  و هاورێكانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵەكانی بشوات دەڵێت " پێشتر دوو رۆژ جارێك منداڵەكانم دەشۆرد یان جەستەیانم بە ئیسفنج پاك دەكردەوە ئەوەش زۆر ناخۆش بوو" بەڵام ئێستا لەگەڵ سەپاندنی كەرەنتینە و دووركەوتنەوەی خەڵك لەیەكتر، چوون بۆ ماڵی دراوسێ قورسە. ئەو دەڵێت" زۆرینەی ئەو خەڵكانەی ئاوەكانیان بڕدراوە دۆخیان وەك منە".


رۆزلین بویر كە چاودێری كەنیسەیە دەڵێت " پێشتر زۆرینەی ئەو كەسانە خۆیان دەچوونە سەر كار و منداڵەكانیشیان دەچوونە خوێندنگا، بەوەش دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەرخسا كە تەوالێتی دەرەوەی ماڵ بەكاربهێنن، هەروەها لەوێ ئاو بخۆنەوە و دەستەكانیان بشۆن" دەشڵێت " بەڵام ئێستا بەهۆی كەرەنتینەوە خەڵك لەماڵەوە هێڵدراوەتەوە بەبێ ئاو، و ناتوانن تەوالێتی دەرەوە وەك جاران بەكاربهێنن"


بویر كە بەرێوەبەری كۆمەڵەیەكی خێرخوازیە بەناوی " برایتمور كونكشن فودی بانتری" لە دیترویت و خۆراك بەسەر هەژاراندا دابەش دەكات، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا كۆمەڵەكەیان زیاتر كار بۆ گەیاندنی ئاو دەكات بۆ ئەو ماڵانەی كە ئاوەكانیان بڕدراوە.
بڕینی ئاو لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دیاردەیەكی باوە و ژمارەی ئەو خێزانانەی كە هەرەشەی بڕینی ئاویان لەسەرە ساڵانە بە پانزە ملیۆن خێزان مەزندەدەكرێت، هەروەها دیترویت سەرنجی زۆری لەسەرە بەهۆی ئەوەی ژمارەی حاڵەتەكانی بڕینی ئاوی ماڵان تێیدا زۆرە. لەگەڵ بەرزی ئاستی بێكاری و هەژاری لەو شارە بەڵام كرێی ئاو تا ڕادەیەك زۆرە.


بویر دەڵێت توێژێك كە زۆرترین نارەحەتیان بەدەست بڕینی ئاوەوە هەیە، ئافرەتانی رەشپێستن كە منداڵیان هەیە، دەشڵێت بڕینی ئاو تەنها كاریگەری لەسەر پاك و خاوێنی و تەندروستی دروست ناكات بەڵكو كاریگەری لەسەر كەرامەتی زیانمەندەكەش هەیە.
بویر دەڵێت " ئافرەتێك دەناسم لەوانەی كە ئاویان لێبڕدراوە لەگەڵ منداڵ و نەوەكانی دەژیەت و 11 كەسن، لەیەك خانوودان و ئاویان بۆ ناچێت، پەیوەندی بەمنەوە كرد كە كچەكەی هەموو نیشانەكانی كۆرۆنای تێدایە، بۆیە ناتوانێت بچێت ئاو بهێنێت، هەروەها نەیاوێت من خۆم ئاوی بۆ بەرم، بەهۆی ئەوەی هەست بەشەرمەزاری دەكات بەهۆی ئەو بۆنەی لەماڵەكەیەوە دێت"


بویر دەڵێت زۆرترین ژمارەی توش بووانی كۆرۆنا لە دیترویت لەوناوچانەیە كە خێزانەكانیان ئاوەكانیان بڕدراوە.


تا هەفتەی رابردوو بویر و خۆبەخشەكانی تر كە هاوكاریان دەكرد، بە ئۆتۆمبێل ئاویان بۆ ئەو ماڵانە دەبرد كە ئاوەكانیان بڕدراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە چەند هەفتەیەك پێش ئێستا شارەوانی دیترویت بەڵێنیدا بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە و تا ئەو ڤایرۆسە كۆتایی دێت جارێكی تر ئاو بەو ماڵانە بدات كە كە بەهۆی نەدانی پارەوە ئاوەكانیان بڕدراوە.


لای خۆیەوە گاری براون بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی ئاوی شارەكە دەڵێت هەزاران خێزانیان دیاریكردووە كە پێویستیان بەوەهەیە جارێكی تر ئاوەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.


كاتێك پرسیاری ئەخلاقی بوونی بڕینی ئاوی لێكرا، "لەكاتێكدا نەتەوەیەكگرتووەكان دەستگەیشتن بەئاوی پاكی بەمافی هەموو مرۆڤێك داناوە" براون دەڵێت " لایەنی كەم هیچ كەسێك لەماڵەكەی دەرنەكراوە بەهۆی ئەوەی پارەی ئاوی نەداوە" دەشڵێت بەپێچەوانەی شارەكانی تری ئەمریكا كەس خانوەكەی لەدەست نەداوە بەهۆی ئەوەی پارەی ئاوی نەداوە، ئاماژە بەوەش دەكات لەشارەكەی ئەودا 92%ی خەڵك پارەی ئاو دەدەن و 8% رێژەیەكی زۆر نیە و دەرخەری ئەوەیە 18 بۆ 20 هەزار كەس بەدەست بێ پارەیەوە دەناڵێنن، هەروەها زۆرینەی شارەكانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا نەك هەر بەڵێنی ئەوەیان نەداوە كە لەقۆناغی قەیرانی كۆرۆنادا ئاو بدەنەوە بەو ماڵانە، بەڵكو هێشتا بەردەوامن لەبڕینی ئاوی ئەو ماڵانەی كە پارەیان نەداوە.


ئەوەش واتا زۆرینەی ئەو ئەمریكیانەی كە هەژارن بەبێ ئاو جێدەهێڵدرێن و بەوەش توانای جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستیەكانیان نابێت، و دەكەونە ژێر رەحمەتی ڤایرۆسەكەوە، ئیدارەی ئاوی دیترویت بەڵێنی ئەوەیداوە ئاو بۆ ماڵی ئەكیفا بنێرنەوە كە بەم دوایانە ناچاربووە منداڵەكانی بەشێوەیەكی كاتی لەلای یەكێك لەهاورێكانی دابنێت.


ئەم بابەتە لەماڵپەری بی بی سی بەزمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە و پەیسەرپرێس كردویەتی بەكوردی