ڕاپۆرتی جیهانی

12:26 - 24/04/2020

زانكۆی ئۆكسفۆرد ده‌ستیكرد به‌ تاقیكردنه‌وه‌ى ڤاكسینى كۆرۆنا‌

پەیسەر

دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ زانكۆی ئۆكسفۆرد ده‌ستیكرد به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسین له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كان، بۆ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشی كۆرۆنای نوێ، هیوای ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ له‌ وه‌رزی پایزی داهاتوودا به‌رده‌ست بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بتواندرێت به‌كاربهێندرێت.

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسا بڵاویكرده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی زانكۆی ئۆكسفۆرد له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووش مات هانكوك وه‌زیری ته‌ندروستی رایگه‌یاند، رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ له‌سه‌ر خۆبه‌خشان، رۆژی چوارشه‌ممه‌ش ئه‌نجومه‌نی گشتی به‌ریتانیا له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ كۆبۆوه‌ و ڤاكسینه‌كه‌ی به‌ "پێشكه‌وتنێك وه‌سف كرد كه‌ پێشتر به‌ڵێندرابوو به‌دی بهێندرێت".

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه، له‌دۆخی ئاساییدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستی به‌چه‌ندین ساڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌.

تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی په‌یمانگای جینر له‌ زانكۆی ئۆكسفۆرد له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ سه‌لامه‌تی ڤاكسینه‌كه‌ و كاریگه‌ریه‌كه‌ی ده‌كرێت، و به‌جۆرێك له‌ 1112 خۆبه‌خش 551 خۆبه‌خشیان ڤاكسینه‌كه‌یان پێ ده‌درێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ و 551 خۆبه‌خشه‌كه‌ی تر ڤاكسینێكی وه‌همیان پێ ده‌درێت، 10خۆبه‌خشیان دوو بڕ له‌ ڤاكسینه‌كه‌یان پێ ده‌درێت به‌جیاوازی چوار هه‌فته‌.

تیمی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئاستی سه‌ركه‌وتنی ڤاكسینه‌كه‌ به‌ 80% ده‌خه‌مڵێنن، له‌هه‌مان كاتدا كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك ملیۆن دانه‌ی لێبه‌رهه‌م بهێنن تا مانگی ئه‌یلولی داهاتوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ وه‌رزی پایزی داهاتوودا دابه‌شی بكه‌ن ئه‌گه‌ر تاقیكردنه‌وه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ماڵپه‌ره‌ی بۆیان دیاریكراوه‌ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ "پلانی ئه‌و په‌ڕی خواسته‌ و ره‌نگه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت".

لای خۆیه‌وه‌ كریس ویتی، به‌رێوه‌به‌ری خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كانی به‌ریتانیا رۆژی چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین یان چاره‌سه‌رێكی كاریگه‌ر له‌م ساڵدا زۆر لاوازه‌ ده‌شڵێت:"پێم وایه‌ ده‌بێت واقعی بین له‌و باره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ پشت به‌ رێكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر ببه‌ستین".

نیكولا ستونهاوس مامۆستای زانستی ڤایرۆسی له‌ زانكۆی لیدز ده‌ڵێت:"په‌یره‌وكردنی ستراتیژیه‌تی چاوه‌رێ نه‌كردنی قۆناغی یه‌كه‌می تاقیكردنه‌وه‌كه‌ و ده‌ستكردن به‌ به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین له‌رووی داراییه‌وه‌ گره‌نتیكراو نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گره‌وێكی ناچارییه‌".

دوای ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی بۆوه‌ به‌هۆی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، حكومه‌تی به‌ریتانیا هه‌فته‌ی رابردوو لیژنه‌یه‌كی كاركردنی بۆ هه‌مه‌هه‌نگی  نێوان لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌پرسی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا دروستكرد، به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌م هێنانی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌كاتی په‌یداكردن و ده‌ستخستنی، جا له‌هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، حكومه‌ت پشتیوانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانكۆی ئیمپریال كولیدج له‌نده‌نیش ده‌كات، تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ هیوادارن، له‌مانگی حوزه‌یران بتوانن ڤاكسینه‌كه‌ تاقیبكه‌نه‌وه‌، و لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش به‌رێگایه‌كی جیاواز ده‌كرێت.

له‌كاتێكدا نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان پێی وایه،‌ تاكه‌ رێگای ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینه‌، ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسا بڵاویكرده‌وه‌ حه‌وت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كۆی نزیكه‌ی ١٠٠ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین له‌ئێستادا له‌قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌دان له‌سه‌ر مرۆڤ.

تاقیكردنه‌وه‌ی هاوشێوه‌ له‌ چین و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش به‌رێوه‌ده‌چن و بڕیاره‌ له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا له‌ئه‌ڵمانیاش ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی بۆ ڤاكسینه‌كان وه‌رگیرا.

هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین تاكه‌ رێگه‌ی ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیانه‌، داواشیكرد په‌له‌ بكرێت له‌ پرۆژه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌، رۆژی دووشه‌ممه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیارێكی ده‌ركرد كه‌ داوا ده‌كات ڤاكسینی چاوه‌روانكراو به‌ شێوازێكی "كاریگه‌ر و خێرا و گونجاو"دابین بكرێت.