ڕاپۆرتی جیهانی

01:35 - 23/04/2020

بازاڕی جڕوجانەوەر، مەترسی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەكی دیكە‌

پەیسەر

ئەوانەی سەردانی وڵاتی چینیان كردووە یان لەڕێگەی گەڕانێكی نێو ئینتەرنێتەوە لە ڕەوشی بازاڕیی زیندەفرۆشیی یان خواردنی ئەو گیانەوەرانەی لە چین  هەن ئاگادار دەبێت تووشی شۆك دەبێت، چوون لەو بازاڕانەدا شتێك نیە نەبینرێت و نەخورێت، ئەوە لە كاتێكدا لە دراوسێكانی ئەو وڵاتەشدا هیندی دراوسێشیدا فەلسەفەیەك ڕەگی داكوتاوە كە گۆشتی هیچ جۆرە گیانەوەرێك ناخۆن و تەنها گژوگیا و ڕووەك خۆرن، بەدەر لەوەی لەڕووە ئاینییەكەوە چۆن لەو جۆرە كارانە دەڕوانرێت و ئایا خواردنیان لەنێوان حەڵاڵ و حەرامدا بەكوێ دەگات؟ لەڕووی تەندروستی و سروشتی مرۆڤایەتیشەوە قسەی زۆریان لەسەرە، لەوكاتەوەش كە گوترا ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ –كۆڤید19- لەڕێگەی شەمشەمەكوێرەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ ئیتر چاوی هەمووان چوویەوە سەر ئەو بازاڕی جڕوجانەوەرانەی كە لە چین و هەندێك لە وڵاتانی دراوسێیدا هەیە، تەنانەت لە وڵاتی ئەندەنوزیای زۆرینەی موسڵمان نشینیشدا ئەو بازاڕانە هەن و پێشیان وایە ئەو جانەوەرانە بۆ چارەسەری هەندێك لە نەخۆشیینەكان بەسوود و كاریگەرن.

 
لە ئێستاشدا كە ڤاپرۆسی كۆرۆنا جیهانی بەگیرهێناوەو سەرجەم كایەكانی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕیوە، هەموانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كەقۆناغی یەكەمی ڤایرۆسەكە لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵی شاری ووهانی چینەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە، بازرگانی و خواردنی گۆشتی ئاژەڵە جۆراوجۆرەكان لە وڵاتی چین و بەشێك لە دراوسێكانی زۆر جیاوازن لە وڵاتانی دیكە، لەبەر ئەوەی لەچین و هاوشێوەكانی ئەوەی مرۆڤ بە بیریدا نایەت ئەوان دەیخۆن، یان بۆ دەرمانی چارەسەركردنی نەخۆشی بەكاری دەهێنن، یاخود وەك شۆرباو بەرخواردن سوودیان لێوەردەگرن.

لە بازاڕی فرۆشتنی جڕوجانەوەر لە چین كە لە زۆرینەی شارەكاندا بوونیان هەیە، بەدوای هەرچیدا بگەڕێیت دەستت دەكەوێت، خواردنی گۆشتی سەگ، پشیلە، شەمشەمەكوێرەو تەنانەت تیمساحیش شتێكی سەیر نیەو لە وڵاتی چین دەست دەكەوێت، گەرچی ماوەیەكە بەهۆی پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەو بازاڕان داخراون، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسەكەو ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی هەندێك لە بازاڕەكانی چین، بازرگانی و كڕین و فرۆشی جانەوەران دەستی پێكردووەتەوە، هەرچەندە بەشێكی زۆری ئەو ئاژەڵ و جانەوەرانە مامەڵەپێكردن و خواردنیان بە پێی یاساو ڕێنماییە پزیشكیەكانی چین ڕێگەیان پێدراوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر جڕوجانەوەری دیكەشیان هەیە كە بە قاچاخ و بە نایاسایی كڕین و فرۆشیان پێدەكەن، لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی ئاسایی خەڵك چوونەتەوە سەر ئەو كارو پیشەیەی كە پێش لەسەر هەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤید 19 پێوەی سەرقاڵ بوون.

هەندێك لە خەڵكی چین خواردن یان بەكارهێنانی گۆشت و خوێنی ئەو جانەوەرانە بۆ چارەسەری سونەتی نەخۆشی و ناڕەحەتیەكانی خۆیان بەكاریان دەهێنن ، وەك چارەسەری  رۆماتیزم و لابردنی گرێ و  خۆپارێزیی لە پێوەدانی مێشوولە، بۆ ئەو مەبەستە لە تێكەڵەیەكی گۆشتی دووپشك و شەمشەمەكوێرە دروستی دەكەن و بەكاری دەهێنن.

 

كەلتووری خواردن و بەكارهێنانی جڕوجانەوەرو ئاژەڵە كێویی و نائاساییەكان تەنها وڵاتی چینی نەگرتوەتەوە، بەڵكو پەلی كێشاوە بۆ هەندێك وڵاتی دیكەش، لە یەكێك لە دوورگە گەشتیاریەكانی وڵاتی ئەندەنوسیا بازاڕەكانی گۆشتفرۆشیی پڕیەتی لە شەمشەمەكوێرەی نوێ، بە زیندووی و بە خۆشكراویش، بەڵام لە دوای كۆرۆناوە ڕێگریی لە بەكار هێنانی كامێرا دەكرێت و ناهێڵن وێنەیان بگیرێت، بە هەمان شێوە لە باشووری رۆژهەڵاتی چین، لە پارێزگای (گوانگزیی) پشیلەی جۆراوجۆر لەناو قەفەزدان ، ئەڵبەتە لەبازاڕەكانی ئەو پارێزگایەدا هیچ جۆرە مەرجێكی تەندروستیش ڕەچاو ناكرێت، ئەگەر كەسێك داوایان بكات زۆر بە خێرایی لەسەر زەوییەكی پیس و پۆخڵ و پڕ لە خوێن و پارچە ئێسك بۆی سەردەبڕن و كەوڵی دەكەن و ڕادەستی دەكەن، پیس و پۆخڵی بازاڕی ئەو پارێزگایە دوای پەیدابوونی زایرۆسی كۆرۆنا هێشتا گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە.

پیس و پۆخڵی و ڕەچاونەكردنی مەرجی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكانی فرۆشتنی جڕوجانەوەر، لە كاتێكدایە كە لە پەكینی پایتەختی سیاسی وڵات و لە شەنگەهای پایتەختی بازرگانی بازاڕەكانی گۆشتفرۆشی لە ئەوپەڕی پاكوخاوێنی و ڕەوشی تەندروستدایە، بەڵام كاتێك لە پایتەخەت دوور دەكەویتەوە ئیتر بازاڕی جانەوەرەكان شڵۆقن و جمەیان دێت و لێپرسینەوەی ئەو تۆشیان لەگەڵ ناكرێت ، هیچ ئەگەرێك بۆ ئەوە لە بەرچاو ناگرن كە كۆرۆنا یان ڤایرۆسێكی دیكە ، یان هەرنەخۆشییەك لە ئاژەڵەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و جیهان بە هەمان دەردی كۆڤید 19 بباتەوە.
 ئیندپێندنت نوسیویەتی: هەرچەندە لە وڵاتی ئەندەنوسیای زۆرینەی موسڵمانیشن كۆرۆنای نوێ  590 كەسی كوشتووە، لەوێش  بازاڕی مشك و جرج و شەمشەمەكوێرەو و سەگ و پشیلە و سەرجەم خشۆكەكان بەردەوامە. لە گەورەترین وڵاتی موسڵمان نشیندا كە خواردنی هەموو ئەو جۆرە جڕوجانەوەرو ئاژەڵانە حەرامەو  بڤەن، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەوە زیاتر لە  حەوت هەزار كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون كە لەو بازاڕە پڕ لە جڕوجانەوەرانەوە پەیدا بووەو ئەوانیشی گرتوەتەوە.

شەمشەمەكوێرە بە یەكێك لە خواردنە هەرە خۆش و پڕ لە فرۆشەكانی پارێزگای سولاسی وڵاتی ئەندەنوزیای زۆرینەی موسڵمان نشین دێتە ئەژمار، ئەوان هونەری تایبەتی دروستكردنی گۆشتی شەمشەمەكوێرەبەكاردەهێنن و لەگەڵ (گوێز هیندی)نارگیل تێكەڵی دەكەن و پێشكەشی دەكەن.

ئەو كەسانەی لەو بازاڕانەدا كار دەكەن پێیان وایە كە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە یەكجار بووەو لە چینەوە پەیدابووەو كۆتایی هاتووەو جارێكی دیكە لەو ئاژەڵانەوە ناگوازرێـتەوە، هەروەها بەشێكیشیان باس لەوە دەكەن ئەوانەی كە سەرقاڵی بەخێوكردن یان قەسابی كردنیانن ئەگەری تووش بوونیان زۆرە نەك ئەوانەی كە دەیخۆن!

ئەو كەسانەی كە لە بازاڕی جڕوجانەوەریی ئەو وڵاتانەدا كار دەكەن چاوەڕوانی ئەوە دەكەن كە حكومەتەكانیان ڕەوشەكەیان ئاسایی بكەنەوەو ڕێگەیان بدرێت بە ئازادیی كاری خۆیان بكەن، ئەوان  ساڵی 2003 بەیاد دەهێننەوە كە لەدوای ڤایرۆسی سارس، بەشێوەیەكی كاتی بازاڕكەیان داخراو دواتر كرایەوەو چوونەوە سەر كاری خۆیان، لە ئێستاشدا داوا دەكەن ڕێگەی كردنەوەی تەواوەتی دوكانەكانیان پێ بدرێتەوە.

خواردنی ئەو جۆرە جانەوەرانە بۆچوونی جۆراوجۆری زانایانی موسڵمانی لەسەرە، بەجۆرێك هەندێك لە مەزهەبە ئیسلامیەكان ڕێگە بە هەندێك لەو ئاژەڵانە دەدەن كە بخورێن و بەشی زۆرینەشیان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بەشێكی زۆر لەو ئاژەڵە كێووییانە حەڵاڵن بەڵام مرۆڤ بە سروشت و تەبیعەتی خۆی بڕیاری خواردن یان نەخواردنیان دەدات، ئەگینا لەوەدەچێت بۆ لایەنی حەڵاڵ و حەرامی شتێكی ئەوتۆی تێدا نەبێت. هەركەسێكیش لەوبارەیەوە دەیەوێت بەدوادا چوونێك بكات، ئەوا فەتوای زنایانی مەزهەبە ئیسلامیەكان لەو بارەیەوە زۆرەو زۆریش جێگەی سەرسوڕمانە.