ڕاپۆرتی جیهانی

12:08 - 19/04/2020

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكەی ئەمەریكا لە نێوان گریمانەی ڕاست و ناڕاستدا‌

پەیسەر

میدیاكانی ئیسرائیل: مانگی ئابی ساڵی 2019 واشنتۆن تەلئەبیبی لە نەخۆشییەكی نەناسراوی وڵاتی چین ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام شارەزایان گومانیان لەوبارەیەو هەیەو پێیان وایە ئەمەریكا بیانوو بە چین دەگرێت و دەیەوێت لە پێشكەوتنەكانی ڕایبگرێـت و شوێنی پێ چۆڵ نەكات. لە كاتێكدا ئەگەر ئەو زانیارییانە ڕاست بن دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكرێت؟

 
بە پێی ڕاپۆرتێكی (رادیۆ فەردا) میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردوەتەوە كە مانگی ئاب( 8/2019)وە  واشنتۆن تەلئەبیب و (ناتۆ)یان لە بوونی نەخۆشییەكی نادیارو نەناسراو ئاگادار كردووەتەوە كە لەوڵاتی چین پەیدا بووەو لە پەرەسەندندایە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتانە وەك پێویست ئامادەكارییان بۆ نەكردووەو ئەوەش گومان و دوودڵی دروستكردووە.

ئیسرائیل تایمز كە لە كەناڵ 12 ی وەرگرتووە نوسیویەتی: بەو پێیەی كە ئەمەریكا هاوپەیمانێكی هەمەیشەیی ئیسرائیلە، لە نێوانیاندا هەواڵی نهێنی و تایبەت ئاڵوگۆڕدەكرێت و یەكتری لە مەترسییەكان ئاگادار دەكەنەوە، لەو سۆنگەیەوە هەفتەی دووەمی مانگی ئابی 2019 دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (CIA) زانیویەتی كە لە شاری (ووهان)ی وڵاتی چین نەخۆشییەكی ترسناك هەیەو كارمەندانی ئەو دەزگایە بە شێوەی نهێنی و تایبەت سەری خۆیان ئاگادار كردووەتەوە. هەرچەندە لەو ڕاپۆرتە نهێنییەدا ئاماژە بە جۆری نەخۆشییەكەو چۆنیەتی نەخۆشییەكە نەكراوە بەڵام بە پێی بۆچوونی بەشێك لە شارەزایان ئاماژەیەك بووە بۆ  تازە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤید19، لەبەر ئەوەی لەو ماوەیەوە تا ئێستاش هیچ نەخۆشییەك لەو شارەو لە وڵاتی چینیش سەری هەڵنەداوە، هەربۆیە سەرجەم گومانەكان بۆ ئەوە دەچن كە مەبەست كۆڤید 19 یە كە لە ڕەچەڵەكی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو پێشتر نموونەیان هەبووەو مرۆڤ ئەزموونی كردوون لە نموونەی سارس و ڤایرۆسەكانی دیكە كە تەنها لە نێوان مرۆڤەكاندا دەگوازرێـتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەكە ئەو زانیارییانەی لە سەر نەخۆشییەكە هەبوون زۆر هەستیار بوون و تەنها پەكین لەو نەخۆشییە ئاگادار بووە، دوای ئەوەی هەواڵەكە دەگاتە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، بە خێرایی  ئیدارەكەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ناتۆی لێ ئاگادار دەكەنەوە، هەر لەو هەفتەیەوە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل توێژینەوەی خۆی دەستپێكردووەو  پێی وابووە ئەو نەخۆشییە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیكەو لەناویشیاندا دراوسێكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان دەپەڕێتەوە بۆ ئیسرائیلیش، بەڵام سەرچاوەكەی رادیۆ فەردا باس لەوە دەكات كە بەرپرسانی ئیسرائیلی نەكەوتوونەتە خۆیان ڕێوشوێنی تایبەتی تەندروستییان ئامادە نەكردووە، لە هەمان كاتیشدا دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەكەی تەلەفزیۆنی 12 ی ئیسرائیل نە دەوڵەت و نە سوپاو نە دەزگای هەواڵگریی و تەنانەت تەندروستیش ئەو زانیارییانەیان ڕەت نەكردووەتەوەو هیچیان لەبارەوە نەوتووە. بۆیە شرۆڤەكاران پێیان وایە ئەو بێدەنگییە كاسەی بێ ژێر كاسە نیەو شتێك لەگۆڕێ هەیە.

بەڵام لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دا  سەرۆكی چین -  شی جین پینگ- رایگەیاند كە لە شاری وان ڤایرۆسێك دۆزراوەتەوە كە لە مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەكانی دی، هەربۆیە نیگەرانی خۆی دەربڕی و بە خێرایی ڕێوڕەسمی گرتەبەر و ئیسرائیلیش سەرجەم گەشتە ئاسمانیەكانی بۆ چین ڕاگرت. كەچی لەو  سەروبەندەدا بە پێی ڕاپۆرتەكەی رادیۆ فەردا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە كە ڤایرۆسە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و مەترسی ئەوتۆی نیە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی بۆ وڵاتی چینی خستە بواری جێیبەجێكردنەوە، تەنانەت ئەوانەشی كە لە چینەوە چووەتە كۆرۆیاو لەوێوە گەڕاونەتەوە ئیسرائیل، هەمووانی گەڕاندەوە، جگە لەوەش بەشێكی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و وەزارەتی ناوخۆش كارەكانی بنیامین ناتانیاهۆیان بە تێكدانی پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسیەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیكە ناوبرد. بەڵام دواجار دەركەوت كە كارەكانی ناتانیاهۆ ئەگەر هاوكاریی وەزارەتی ناوخۆو تەندروستی لەگەڵدابوایە سەركەوتوو تر دەبوو، پێدەچوو ئەو كاریگەرییەی ئەمڕۆی نەبوایە.

گەرچی ئەو زانیارییانەی كە باس لەوە دەكەن لە مانگی ئابی ساڵی پارەوە زانیاریی هەواڵگریی گەشتبێتە هەر سێ  لایەنی ئەمەریكاو ئیسرائیل و ناتۆ، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە نەناسراوەوە، بەڵام دەرئەنجامەكان شتێكی دیكە دەڵێن، گومان لەسەر ڕاستی ئەو ڕاپۆرتە دەردەخەن و ئەگەرێك دێننە بەرباس كە لەوانەیە بەدوای بیانوویەكدا بگەڕێن بۆ ئەوەی تەشقڵەیەك بە وڵاتی چین بكەن، ئەمەریكا ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر ئەوە دەكات كە چین تاوانبار بكات بە شاردنەوەی نەخۆشییەكەو تاونەتاوێكیش دەلێت ژمارەی قورربانیەكان دەشارێتەوە.

لێرەدا پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە، ئەگەر هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە مانگی هەشتی ساڵی پارەوە ڕاستە بۆچی خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئامادە نەكرد، بۆچی لەسەرەتای هاتنی ڤایرۆسەكەوە تا ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمیش ترامپ بە لاقرتێوە دەیگوت پەتایەكەو هیچی تر؟ ئەی بۆچی لەناوەڕستی مانگی شوباتدا هاواری لێهەستاو داوای پاڕانەوەی لە خەڵك دەكرد و تا دواجار ڤایرۆسەكە بەگیری هێنان؟ لە كاتێكیشدا كە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و ئیسرائیلیش هیچیان لە ئەمەریكا كەمترنەبوو. ڤایرۆسەكە هەمووانی كەرەنتینە كردووەو  ئیتاڵیای ئەندامی سەرەكی هاوپەیمانی ئەنتڵەنتیك (ناتۆ)ی هێناوە بە چۆكدا.

كەواتە دەكەوێنە بەردەم دوو ڕێیانی باوەڕكردن یان ڕەتكردنەوەی ڕاپۆرتەكە ،  خۆ ئەگەر ڕاست بێت و زانیارییە نهێنیەكە وردبێت و گەشتبێتە دەستیان و وەك پێویست مامەڵەیان لەگەڵ نەكردبێت ،ئەوا دەكرێت بگوترێت خیانەتیان لە خەڵكی خۆیان و بگرە جیهان و مرۆڤایەتیش كردووە، خۆ ئەگەر بە دیوەكەی تریشدا ڕاپۆرتە نهێنیەكە ڕاست نەبێت، ئەوا دەردەكەوێت كە پلانگێڕیی ئەمەریكا بۆ چین هیچ نیە جگە لەوەی دەیەوێت لە پێشكەوتنە ئابووری و تەكنۆلۆژییەكانی ڕایبگرێت و نەهێڵیت كش مەلیك لە ئەمەریكا بكات و هەر خۆی لەسەری سەرەوە بێت و براگەورەیی كەسی پێ قبووڵ ناكرێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئابووری چین و هەژموونی هەناردەكانی لە هەموو بوارەكاندا بە تان و پۆی جیهاندا بڵاوەی كردووە.

هەرچۆنێك بێت لەمەودوا ئەو نهێنیانەش ئاشكرادەبن و شتێك نامێنێـتەوە بە شاراوەیی، ئەوەی كە هەیە زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە دوو هەفتە پێش لە ئێستا لە چین تەپڵی سەركەوتنیان لێداو لە رۆژئاواو ئەمەریكاو ئیسرائیل و ئێرانیش هێشتا لە كلپەی پەرەسەندندایە.