ڕاپۆرتی جیهانی

08:16 - 11/04/2020

چوار سیناریۆ ، چوار ئەزموون بۆ جاڕی مەرگی كۆڤید 19‌

پەیسەر

جیهان لە 2020 دا لەو كەسە دەچێت كەبەدەم شەپۆلەكانی ئاوێكی ناهەموارەوەیەو بۆ دەرباز بوون دەست بۆ چڵەپوشێكیش دەبات بەونیازەی لەخنكاندن دەربازی ببێت، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسێك تەنگی بە دونیا هەڵچنیوەو ژیانی لە وەستان نزیك كردووەتەوە، ئەوەی كەهەیە بیركردنەوەیە لە چۆنیەتی دەربازبوون لەو دۆخەی كە هاتووەتە پێشەوە، زیانەكانی گیانی و ئێش و ئازاری تووش بوون و ترس و دڵەڕاوكێی زۆروزەوەندەی كۆڤید 19 بووەتە مانشێتی هەموو میدیاكان و تەنانەت زۆرینەی جموجووڵە سیاسیەكانیشی ڕاگرتووە.


ل
ێرەوە پرسیارێكی زۆر سادە دێتە پێشەوە: كەی ئەم دەردو نەخۆشییە كۆتایی دێت؟ پرسیارەكە چەند وشەیەكەو بەسەر زاری هەموو كەسێكەوەیەو بیركردنەوەشی ناوێت، بەڵام ئەوەی كە هەموو جیهانی سەرگەردان كردوەو شەووڕۆژیان وەسەریەك خستووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، لەبەر ئەوەی قسە زۆرە و بۆچوونەكانیش لەوبارەیەوە نە یەكخراون و نە شێوازی ڕاگرتن و بەرەنگاربوونەوەشی یەكێكن، لەو میانەیەدا لە تاقیكردنەوەی زانستییەوە بیگرە تا خۆرافات و شتی بێمانا، درێغی نەكراوە لە خستنە ڕووی چارەسەرەكان.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بابەتێكی خانمە پرۆفیسۆر –دیفی سریدار- بەڕیوەبەری بەشی تەندروستی گشتییە لە زانكۆی ئەدینبەرە بڵاوكردوەتەوە، لەو نوسیەنەدا ئەو پرۆفیسۆرە چوار سیناریۆی خستۆتەڕوو، ئەو وەك گریمانە و ئەگەر بۆچوونەكانی خۆی خستووەتەڕوو ، پێی وایە لەڕێگەی ئەو چوار سیناریۆیەوە دەكرێت ئابڵۆقەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 بدرێت و هەموو جیهان لەو بەڵا گەورەیە دەرباز بكرێت.

یەكەم: داخستنی سەرجەم هاتووچۆی سنوەرناوخۆیی و دەرەكیەكان:
ئەم سیناریۆیە جەخت لەسەر كەرەنتینەی گشتی هاوڵاتیان دەكاتەوەو پاشان بە خێرایی لەڕێگەی تیمە تەندروستیەكانی ناوچەییەوە دەست بە پشكنین بكرێت بۆ ئەوەی هەڵگرانی ئەو ڤایرۆسە دیاری بكرێن و بەخێرایی بەدەمیانەوە بچن و چارەسەریان بۆ بكەن. بە پێی ئەم سیناریۆیە دەبێت سەرجەم وڵاتەكان پابەند بن و سەرجەم سنورەكانیان دابخەن و بۆ ماوەی گونجاو كە ڕێككەوتنیان لەسەر كردبێت و پێكەوە دەست بكەن بە هەڵكەتی پشكین و دۆزینەوەی ڤایرۆسەكە.

لەبەر ئەوەی سەرجەم لایەنە تەندروستیەكان نیگەرانی ئەوەن نازانن كێ هەڵگری ڤایرۆسەكەیەو لەو ڕێگەیەشەوە گومان لە هەموو كەس دەكەن، بگرە دەگاتە ئەو ڕادەیەی زۆرینەی هاوڵاتیانیش گومان لە خۆشیان بكەن، بۆ كۆتایی هێنان و زانینی قەبارەی نەخۆشیەكە پێویستە هەموان پابەند بن پێوەی.

بەڵام ئەم سیناریۆیە زۆرینەی وڵاتەكان پێوەی پابەند نابن، لەبەر ئەوەی قەبارەی وڵاتەكان جیاوازن، پاشان پێداویستی هەمەلایەنە بەبێ هاوكاریی كردنی یەكتری دەستەبەر نابێت، بەڵام بۆیە پێشنیار كراوەو تا ڕادەیەكیش مەعقولیەتی تێدایە لەبەر چەند هۆكارێكە.

1-كەمی دەرمان و ئەو پێكوتانەی كە هەیە، یەكێك لەو كێشانەی وڵاتان هەیانە كەمی پێداویستیە پزیشكیەكانە.
2-دۆزینەوەو تاقیكردنەوەی پێكوتە –ڤاكسین-ی تایبەت  بە كۆرۆنا كۆڤید 19 كاتی زۆری دەوێت و پسپۆڕان باس لەوە دەكەن لە 12 بۆ 18 مانگی دەوێت.
3-بەرگەگرتن و وەرگرتنی بەرگریی جەستە ماوەی زۆری ناوێت ، ئەگەر لەماوەی دیاریكراودا مرۆڤ نەكوژێـت ئەوا بەرگریی جەستە زۆر باش دەبێت، ئەوەش دەبێـتە ڕێگرێكی زۆرباش لە تووش بوون بە هەر ڤایرۆسێكی دیكەی نەوەكانی كۆرۆنا ئەگەر بێت لەمەودوا.
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژە بەو دەكات لەئێستادا وڵاتی نیوزلەندا سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەو سیناریۆیە، سەرجەم سنوورەكانی وڵاتەی بەستووە، هەموو وڵاتەكەی خستۆتە كەرەنتینەوەو دەستی كردووە بە پشكنینی گشتی . داهاتووش وەڵامی ئەو پرسارە دەداتەوە كەچەندە سەركەوتوو دەبێت.


دووەم: پێكووتە (ڤاكسین):

سیناریۆی دووەمی ئەو خانمە پرۆفیسۆرە كە پێشنیاری كردووە بریتیە لە تاقیكردنەوەی ئەو ئەزموونانەی كە حكومەتەكان لەو ماوەیەدا گرتویانەتە بەر، ڤاكسینە بنەڕەتی و تایبەتەكە لە 12-18 مانگی دەوێت، تا ئەو كاتەش دەبێت دەسەڵاتداران كەرەنتینەی ناوچەیی و ناوبەناو ئەنجام بدەن، هەروەها توانای خۆیان لە بواری جێگەو دەرمان و كەرەنتینەكردنی خەڵك لەنێو نەخۆشخانەو شوێنە تایبەتەكان بەهێز و ئامادە بكەن. ئەوانەی كە گومانی سەرەتاییان لەسەرە بۆ ماوەی سێ هەفتە ڕایان بگرن و كەرەنتینەیان بكەن تا یەكلایی دەبێتەوە، لەم سیناریۆیەدا دەسەڵات دراوەتە لایەنی پەروەندیدار لە چۆنیتەی دیاریكردنی كەرەنتینەكەو درێژكردنەوە یان سنووردار كردنی .

پرۆفیسۆر باس لەوە دەكات ئەم سیناریۆیە زۆر پەیڕەو كراوەو فشاری زۆر لە سەر حكومەت و خەڵكیش دروست دەكات، بەتایبەتی لەسەر ئەو كەسانەی كە بژێوییان لەسەر كاری رۆژانەیە، جگە لەوەش متمانەی خەڵك بە حكومەت و بڕیارەكانی كەم دەكاتەوەو نیگەرانی و كێشەی دەرونی و كۆمەلایەتی بەدوای خۆێدا دەهێنێت.

سێیەم: جێبەجێكردنی پلانی كۆریای باشوور:
پرۆفیسۆر ئاماژە بەوە دەكات كە سێیەم سیناریۆ پلانی كۆریای باشوورە، ئەویش بریتیە لە ئەنجامدانی زۆرترین پشكنین، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بدۆزنەوەو گومان لە هەر كەسیش بكرێت بۆ ماوی سێ هەفتە كەرەنتینەی دەكەن و لە ژێر چاودێریی پزیشكدا دەیهێڵنەوە، هەروەها تێكەڵی هەر كەسیشی كردبێت ئەوانیش دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە بۆ ماوەی سێ هەفتە تا یەكلایی بوونەوەی دۆخی كەسەكان. ئەم سیناریۆیە پێویستی بە پلانێكی گشتگیرە، دەبێت تیمەكان زۆر بە خێرایی جووڵەبكەن، چاودێریی ئەو كەسانەش بكەن كە تێكەڵییان كردوون، لەم حاڵەتەدا دەبێت پەنا بۆ كەسانی خۆبەخش ببەن، ئەم پلانە دوبێتە هۆی دوور كەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و دابڕانی زۆرینەی خەڵك لە یەكتریی.

چوارەم: چارەسەر لە بری بەرگریی
هەرچی سیناریۆی چوارەمە، كار لەسەر پێدانی چارەسەری نیشانەكان دەكات، جگە لەوەی كە چارەسەریی نیشانەكانی دەكرێـت بەڵام لێی دەگەڕێن تا بەرگریی جەستەیی بۆ دروست دەبێت، لەم سیناریۆیەدا پێكووتە چاوەڕوانكراوەكە فەرامۆش نەكراوە، بەڵام كارمەندانی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی زۆر ماندوو دەبێت، ئەوانەی كە باری تەندروستییان باش نابێ و مەترسییان دەكەوێتە سەر دەبێت بخرێنە نەخۆشخانەكانەوەو لە ژێر چاودێریی ورددابن.

لە كۆتایی بابەتەكەیدا خانمی پرۆفیسۆر، باس لەوە دەكات كە باشترین ڕێگە ئەوەیە چارەسەریی ڕێگریی بۆ تووش نەبوون بەو ڤایرۆسە بەكاربهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو تاكەكان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت كە نیشانەكان چین و ئەگەر تێیدا دەركەوت ئەوا بە زوترین كات لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكاتەوە، لە هەموو وڵاتێكیشدا خەتی گەرم و هێڵی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراوە، بەڵام ئەم كارە بۆ ئەو وڵاتانەی كە هەژارن و تەلەفۆن بەردەست نیە ئەستەمە.

هەرچۆنێك بێت و سیناریۆكان هەرچۆنێك بێت وا خەریكە لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا شارەزایی پەیدا دەبێت و ئەزموونەكان بۆ یەكتری دەگوازنەوە، ئیتر لە ئەزموونی چینیەكانەوە بێت بۆ چۆنیەتی كۆتایی هێنان بەو ڤایرۆسە، تا دەگاتە ئەزموونی بەریتانیەكان كە لێدەگەڕێن هەموو كەس تووش ببێـت تا بەرگریی جەستەیان باشتر ببێـت، هەرچەندە بەشێك لەشارەزایان ڕەخنەیان هەیە لەسەر ئەم جۆرە مامەڵەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بیر لەوە بكرێتەوە كەی مرۆڤایەتی بەسەر ئەو دەردە كوشندەیەدا سەردەكەوێت.