10:31 - 10/04/2020
كۆڤید- 19 سەرجەم پەرەستگاكانی داخست
هەرچەندە زۆر كەس پێیان وایە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێكە لە سەربازەكانی
خوداو بۆسەرمرۆڤایەتی ناردووە تا بەئاگایان بهێنێتەوە، بەڵام زۆری تریش هەن كە
پێیان وایە ڤایرۆسیش دروستكراوێكی خوداییەو كاری خۆی دەكات و باوەڕدار و بێ
باوەڕناناسێت و هیچ پەیوەندییەكیشی بەبابەتە ئاینیەكانەوە نییە، نەخۆشییەكە وەك
هەر نەخۆشییەكی دیكە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ڤایرۆسەكە بووە هۆی داخستنی سەرجەم
پەرستگاكانی ئایینەكان، بە هەردوو جۆرە بیركردنەوەكەوە، داخستنی ئەو پەرستگایانەی
لە یەكەم رۆژی كردنەوەیانەوە تا ئێستا ڕوداوی لەوجۆرە بوونی نەبووە واتە بەو چۆڵییە نەبینراون. هەر لە
كەعبەو قودسیی موسڵمانان و كەنیسەی مەهدی
مەسیحیەكانەوە تادەگاتە پەرستگای بودا، لە نێو ئەو پەرستگاسەرەكیانەو لاوەكیەكانی
تریشدا بە ملیۆنەها ئاییندار رۆژانە سەرقاڵی سرووتە ئایینیەكانی خۆیان بوون،
هەرگیزیش بە بیریاندا نەدەهات ڕؤژێك بێتە پێشەوە بەو شێوە چۆڵییە بیبینن و تا ئەو
ئاستە سامناكە بێنازببن.
نیگەرانی ئەو ئایندارانە لەوەدایە كە
بەشێكی زۆریان پێیان وایە لەڕێگەی ئەو شوێنە پیرۆزانەوە پەرستنەكانیان و پەیوەندی
خۆیان بە پەروەرێنەكانیانەوە باشترو سەركەوتووترە. بەڵام لە ئێستادا ڤایرۆسێكی
بەچاونەبینراو هەموویانی دابڕیوە، ئەوانی لەوشێونانە دابڕیوە كە عاشقی بوون چەندین
دەقی جۆراوجۆریان بەسەردا هەڵداون و بە هەزاران كەسیان لەسەر دراوە بەكوشت.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای
داخستنی ئەو شوێنانە كەچی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ژمارەو ئاپۆرای ئایندارەكان
زیادیان كردووە. ئەگەر زیادیشیان نەكردبێت ئەوا بەدەر كەوتوون، پێشتر بە هەر
هۆكارێك بووبێت وەك ئەو رۆژانە ماهیەت و كەینونەی خۆیان بەدەر نەخستووە.
هەندێك لە ناوەندەكانی ڕاگەیاندن
بەشێوەیەك لە شێوەكان دۆخی دەرونی خەڵكیان بەهەند وەرگرتووەو لایان كردووە بەلای
بابەتە ئایینیەكانەوە، توێژینەوەیەك لە زانكۆی كۆپنهاگن ئەنجامدراوە لەو ماوەیەدا
كە كۆڤید19 بڵاوبووەتەوە لەنێو تۆڕی
ئینتەرنێت دا زۆرترین سێرچ (گەڕان)بۆ وشەی (صلاة) كراوە ، كە جگە لەمانای نوێژ
مانای (دوعا و پاڕانەوە)ش دەگرێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە كەخەڵك زۆر خووی داوەتە
بابەتە مەعنەویی و دینیەكان، لە هەمان كاتدا، كاتێك ڤایرۆسەكە بەرۆكی
ئەمەریكیەكانی گرت جگە لەوەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان گوتی: هەمووتان لە خودا
بپاڕێنەوە كە بمانپارێزێت لەو نەخۆشییە، ئەوە جگە لەوەی –جۆردی جۆرسۆن- حاخامی كەنیسەی گرینچ لە ویلایەتی كۆنیتیكت بە
پێگەی هەواڵی (BuzzFeed
News) گوتووە : لەوەدەچێ باوەڕنەكەن
چەندە ناخۆشە كە سەیری كورسییە خاڵییەكانی كەنیسە دەكەین، بەتایبەتی لە رۆژی 8
مارس دا كە جەژنی یورمی یەهودیەكانە. ئەوەش بەو مانایە دێت كە كاریگەرییەكانی
ئێجگار زۆرە.
لەلای موسڵمانەكانیش داخستنی دەرگای
مزگەوتەكان و ئەنجام نەدانی نوێژیی هەینی و لای ئایینەكانی دیكەش پەرستشی شەمان و
یەك شەمان كاریگەری زۆری هەبووە لەسەریان، هەربۆیە هەندێكیان پەنایان بردووە بۆ
تەكنۆلۆژیاو لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وتارو ئامۆژگارییەكانیان پێشكەش
دەكەن، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی دیندار هەن كە ناتوانن تۆڕی
ئینتەرنێت بەكاربهێنن یان ناتوانن سوود لە وتاری دیجیتاڵی ببیینن و پێیان وایە
دەبێت لەڕووی فیزیكییەوە بەریەك كەوتن هەبێت و لە هۆڵێكدا هەمووان كۆببنەوە، ئەوەش
مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەرژیانی خەڵك.
تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەم ماوانەی
پێشوودا پربوون لە نیشاندانی موسڵمانانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا كە
ڕژابوونە سەرشەقامەكان و سەریان خستبووە سەرزەوەی تا خودا كارەساتی كۆرۆنایان
لەسەر سووك بكات و لەو ڤایرۆسە بەدووریان بگرێت و هەندێك لە كەناڵەكانیش كاتیان
دیاریكرد بۆ خوێندنی قورئان و پاشان هەر لەڕێگەی تۆڕە كۆمەلایەتیەكانەوە دوعاو
گرتەی وتارو چەند ئایەتێك لە قورئان دەستاو دەستی پێدەكرا، هەموو ئەوانەش بەڵگە
بوون لەسەر ئەوەی خەڵكی بە جۆرێك لە جۆرەكان دەیەوێت سرووتە ئاینیەكان زیندوو
بكاتەوە، وەك ئەوەی پێمان بڵێن بەڵكو ئەو ڕێگەیەش یەكێك بێت لە ڕێگەكانی دەربازبوون
لە بەڵای كۆرۆنای جۆری كۆڤید 19. تەنانەت ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش ڕێگەیاندا بە
موسڵمانەكان كە لە بڵندگۆی هەندێك مزگەوتەوە بانگ بدرێت.
ئەگەر بۆ شوێنكەوتەی ئایینەكانی دیكە
هەفتانە یەك رۆژ دیاری كرابێت، تا پەرستشەكانی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن، ئەوا بۆ
موسڵمانەكان رۆژانە پێنج جار سەردانی مزگەوتەكانیان كردووە پەرستشی خۆیان ئەنجام
داوە، جگە لەوەش هەفتانەش نوێژیی هەینی ئەنجام دراوە ، ئەوەش دەری دەخات كە
پابەندبوون و ڕاهاتنی موسڵمانەكان لە ئاینەكانی دیكە زۆرترە، بۆیە دەبێت چاوەرێش
بكرێت كاریگەرییەكانیشی زۆرتر بێت. لە هەمووشی ناڕەحەت تر ئەوەیە كەمتر لە 15 رۆژی
ماوە بۆ ڕەمەزان، كە لای موسڵمانەكان بۆنەیەكی ساڵانەی تایبەتەو ئاواش بڕوات
ناتوانن نوێژەكان و بەتایبەتی تەراویح لە مزگەوتەكاندا بە كۆمەڵ ئەنجام بدەن ،
ئەوە سەرڕای داخستنی كەعبەو مزگەوتی پێغەمبەر(د.خ) لەمەدینە و قەدەغەكردنی عومرە
تاكاتێكی نادیار و بەم پێیەش بڕوات كێشە بۆ حەجی ئەمساڵیش دروست دەبێت.
بەڵام بەشێكی زۆر لە موسڵمانەكان لە
ئێستاوە كار بۆ ئەوە دەكەن كە تائەو كاتە ڕێگەی مزگەوتەكان بكرێنەوەو ڕێگە بەوە بدەن لە مزگەوتەكاندا نوێژی جەماعەت
و تراویح ئەنجام بدرێت، بەشێكی زۆر لەمانە پێیان وایە ئەو ڤایرۆسە بیانووی هەندێك
لە كاربەدەستانە بۆ ئەوەی دەرگای مزگەوتەكان دابخەن، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو
ڤایرۆسە سەرجەم وڵاتانی دونیا و تەنانەت كۆمپانیاو دامودەزگا جۆراوجۆرەكانی
ئەوانیش پەك خستووە. بەڵام ئەوانەش كەم نین كە باس لەوە دەكەن دەبێت گوێ لە
بەرپرسانی تەندروستی ڕابگیرێت و ڕێنماییەكانی ئەوان بە هەند وەربگیرێت و تا ئەوان
ڕێگە بەكردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان نەدەن فشارنەكەن و داوای ناوەخت نەكەن، لەبەر
ئەوەی گیانی موسڵمانێك زۆر لە پێشترە لە ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ، ئامانجیش كەمكردنەوەی
مەترسییە نەك هیچی تر.
كەس نازانێت مەترسیەكانی ئەم
ڤایرۆسەكە كەی كۆتایی دێت و بەرپرسان و پسپۆڕانی ئەو بوارە كەی جاڕیی سەركەوتن
دەدەن، بەڵام ئاوا بڕوات پێناچێت لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا ئەو مژدە خۆشە
ڕابگەیەنرێت، ئەوەی ماوە چاوەڕوانكردنە، ئەوەش چاوەڕێ دەكرێت وەك چۆن ئەو
ئایندارانە پابەندی داخستنی مزگەوتەكان بوون و نوێژی بە كۆمەڵ و نوێژی هەینییان
دواخست، بە هەمان نەفەس و بە هەمان گوڕوتینەوە بە ئاسایی وەریبگرن و ماڵەكانی
خۆیان بكەنە مزگەوت و پەرستشەكانی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن..