ڕاپۆرتی جیهانی

06:03 - 09/04/2020

خاڵى لاوازى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ دۆزرایه‌وه‌‌

پەیسەر

زاناكانى به‌ریتانیا له‌ درێژه‌ى گه‌ڕان و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌سه‌ر ڤایرۆسى كۆرۆنا، خاڵێكى"زۆر لاواز"ى ڤایرۆسه‌كه‌یان دیاریكردووه‌، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ جیاوازه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ هیواكانى زیاتر كردووه‌، بۆ دروستكردنى ڤاكسین دژى كۆرۆناى نوێ.

توێژه‌ره‌كانى زانكۆى ساوسهامتۆن، رێگه‌ یاخود چۆنێتى خۆشاردنه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ و چۆنێتى گه‌یشتنى ڤایرۆسه‌كه‌یان به‌ خانه‌كانى له‌شى مرۆڤ ئاشكراكردووه‌، به‌پێى ده‌رئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانا به‌ریتانییه‌كان، ئەو خاڵه‌ لاوازه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ، لە ئایندەدا دەبێتە پشتیوانییەك بۆ مرۆڤ بۆ رزگاربوون لە کابووسی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

پوخته‌ى دۆزینه‌وه‌یه‌كه‌

پوخته‌ى دۆزینه‌وه‌ى زاناكانى به‌ریتانیا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌نێو پێكهاته‌ى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێدا، په‌رده‌یه‌كى شه‌كریى هه‌یه‌، كه‌ دڕك و گرێكانى ڤایرۆسه‌كه‌ى داپۆشیوه‌، ئه‌م په‌رده‌ شه‌كرییه‌ بووه‌ته‌ خاڵى لاواز بۆ ڤایرۆسه‌كه‌ و وایكردووه،‌ به‌رامبه‌ر سیسته‌مى به‌رگرى له‌شى مرۆڤ لاوازبێت و سیسته‌مى به‌رگرى بتوانێت زاڵ ببێت به‌سه‌ریدا.

به‌رگى دڕكاویى ڤایرۆسه‌كه‌

زاناكان گه‌یشتوون به‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا رووپۆشێكى گرێ گرێى هه‌یه‌، ئه‌و گرێیانه‌ هاوشێوه‌ى دڕكن. گرێ یاخود دڕكه‌كانى كۆرۆنا، رێگه‌ده‌دات و هاوكارى ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌كات، به‌ خانه‌كانى له‌شى مرۆڤه‌وه‌ بلكێت، هه‌روه‌ها هاوكارى و كارئاسانى بۆ ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌كات، بچێته‌ ناو له‌شی مرۆڤه‌وه‌.

واته‌ بەرگە دڕكاوییه‌كه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، ئاسانكارى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر به‌ ئاسانى خۆى بلكێنێت به‌ خانه‌كانه‌وه‌و دزه‌ بكاته‌ نێو له‌شى مرۆڤه‌وه‌.

رووپۆشى دڕكه‌كان

ئه‌و به‌رگه‌ دڕكاوییه‌ گرێگرێیه‌ى ڤایرۆسه‌كه،‌ به‌ مادده‌یه‌كى شه‌كریى داپۆشراوه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌(غیلكان)، ئه‌م مادده‌ شه‌كرییه‌ واته‌(غیلكان). ئەمە دەبێتە هۆی خۆشاردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ سیسته‌مى به‌رگرى له‌شى مرۆڤ بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەرگری نایناسێتەوە دزە دەکاتە لەشەوە. بەڵام ئەم پەردەیە بەهێز نییە و سیستەمی بەرگری لەش دواتر دەتوانێت بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەربکەوێت کاتێک دەکەونە قۆناغی بەریەککەوتن رووبەڕووبوونەوە.
خاڵى لاواز

زانا به‌ریتانییه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌م په‌رده‌ شه‌كرییه‌ى به‌سه‌ر گرێ یاخود دڕكه‌كانى ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌یه‌، له‌ ڤایرۆسه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك ئێچ ئاى ڤیى-دا هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى نه‌خۆشى ئایدز.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى دڵخۆشه‌كه‌ره‌، ئه‌و په‌رده‌یه‌ شەکرییە له‌ ڤایرۆسى كۆرۆنادا "زۆر لاوازه‌"،سیستەمی بەرگری لەش لەقۆناغی رووبەڕووبوونەوەیدا دەتوانێت بەسەریدا سەربکەوێت، زاناكان لاوازى ئه‌م په‌رده‌یه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى ڤایرۆسه‌كه‌ و راگرتنى، هیوایان زیاتر بووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى پێكوته‌.

به‌گوته‌ى زاناكان، لاوازى په‌رده‌ شه‌كرییه‌كه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا واته‌، نه‌بوونى به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م سیسته‌مى به‌رگرى له‌شى مرۆڤدا بۆ به‌زاندنى ڤایرۆسه‌كه‌. لاوازى ئه‌و په‌رده‌یه‌ واده‌كات سیسته‌مى به‌رگرى له‌ش ئاسانتر به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا زاڵبێت.

ئه‌م ئاشكراكردنه‌ زانستییه‌ نوێیه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، هیواو گه‌شبینى دروستكردووه‌، به‌وه‌ى مرۆڤایه‌تى له‌ كۆتایى كابوسى كۆرۆناى نوێ نزیكبووه‌ته‌وه‌.

ئاشكراكردنه‌كه‌ هه‌روه‌ها یارمه‌تى دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌دات، كه‌ سه‌رقاڵى دۆزینه‌وه‌ى ڤاكسینێكن بۆ كۆرۆناى نوێ، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ به‌ نمونه‌ جیاوازه‌کان بده‌ن بۆئه‌وه‌ى ڤاكسینێك به‌رهه‌م بهێندرێت.

تا ئێستا ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كان بۆ دروستكردنى پێكوته‌(ڤاكسین) دژى كۆرۆنا ئه‌نجامى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و سه‌لمێندراویان بۆ خه‌ڵكى ئاشكرا نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچى چه‌ند جۆرێك له‌ ڤاكسین له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ و ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر مرۆڤیش تاقیكراونه‌ته‌وه‌.

دۆزینه‌وه‌ زانسیتییه‌كەى به‌ریتانیا ده‌كرێت سه‌ره‌تایه‌كى باش بێت، بۆ تێكشكاندنى ئه‌و دووژمنه‌ نادیاره‌ى تا ئێستا به‌ ته‌واوى نه‌ناسراوه‌ و زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س له‌ جیهاندا توشى بوون و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 90 هه‌زار كه‌س تا ئێستا مردوون، 350  هەزار توشبووش چاک بوونەتەوە.