ڕاپۆرتی جیهانی

04:01 - 08/04/2020

كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی دەرمان و دۆخی نەخۆشە هەژارەكان‌

پەیسەر

مرۆڤ نەخۆش دەكەوێت، پزیشك بە نوسینی چەند دەرمانێك چارەسەری دەكات، چیرۆكی چەوساندنەوەی نەخۆش و سەرمایەداریی كۆمپانیاكان لێرەوە دەست پێدەكات، ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری نەخۆشییە قورسەكان بەكاردەهێنرێـت، نە لە هەموو شوێنێك دەست دەكەون و نە لە توانای گیرفان و داهاتی هەموو نەخۆشێكدا هەیە، پرسیار ئەوەیە : مەرامی ئەو كۆمپانیایانە چین و چۆن خزمەت بەنەخۆش دەكەن؟

دەرمانسازیی لە ڕووی زانستییەوە واتە داهێنانێكی پاكو بێگەردی بێ مەرام بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی، بەڵام ئێستا بووەتە یەكێك لە ڕێگەكانی سەرمایەرداریی، بووەتە كوشتارگە بۆ هەژارەكان، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی كە بایەخ و گرنگی زۆریان لە ژیانی مرۆڤەكاندا هەیە، ئەوانەیكە زۆرترین پێویستین زیاتر گرانن و لەسەر هەژارەكانی گرانتر دەكرێن، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی ئاستی بژێویی یان بەراود بە ژیانی كەسەكان بكرێت.

بەلای ئەوانەوە ئەوەی گرنگە كۆكردنەوەی سەرمایەیەو هیچی تر

پیشەسازیی دەرمان و مرۆڤایەتی:
دەرمان وەك هەر پیشەسازییەكی دیكەی لێهاتووەو لە ڕێگەی كۆمپانیا دەرمانیەكانی جیهانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، جا سەیر لەوەشدایە ئەو كۆمپانیایانە كیشوەربڕن و سنورێكی دیاریكراویان نیە، سەرەكیترین كارەكانی كۆمپانیا دەرمانسازەكان ئەوەیە چۆن بتوانن زۆرترین سەرمایە پێكەوە بنێن و باشترین قازانج بكەن، ئیتر گوێیان لەوە نیە، ڕێگای پەیداكردنەكەی دروستە یان نە؟ ڕێگەپێدراوە یان قەدەغە، بەلای ئەوانەوە ئەوەی گرنگە كۆكردنەوەی سەرمایەیەو هیچی تر، هەربۆیە لەنێو ئەو پیشەسازییە تەواو مرۆییەدا بەس مرۆڤ نابینرێتەوەو خاڵی كراوەتەوە لەلایەنە مرۆییەكەی ، بەمانایەكی دیكە ئامانجی یەكەم چارەسەر و ئاسودەیی مرۆڤ نیە، بەڵكو ئەجێندای یەكەم سەرمایەیەو دواتر ئەگەر هەبوو بابەتە مرۆییەكان دێنە پێشەوە ئەویش بەڕێژەیەكی زۆركەم، كە هەندێكجار دەگاتە ئاستی نەبوون، ئەوەی گرنگە سەرمایەیە.

خۆراكی رۆژانە یان دەرمان؟
لە ئەمڕۆدا نرخی دەرمان بووەتە بارێكی قورس بەسەر سەرجەم كۆمەڵگەكانی مرۆڤایەیتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە هیچ كەس و كۆمەڵگەیەك نیە پێویستی بە دەرمان و چارەسەر نەبێـت، نەك هەر ئەوە ئاستی بژێویی ئەوەندە خراپە نزیكەی 83 ملیۆن خەڵك پێویستیان بە خۆراكی ئاسایی رۆژانەیە كە دابەش بوون بەسەر 45وڵاتی جیهانداو بە پێێ ئامارەن دەبێـت هاوكارییان بكرێت بۆ ئەوەی ژەمە خۆراكێكی رۆژانەیان هەبێـت چ جای بگات بەوە دەرمانی گرانبەهای كۆمپانیا بەناوبانگەگان بەكار بهێنن، بە پێێ ئامارێكی بانكی نێو دەوڵەتی كە لە كۆتایی 2018 دا ئەنجام دراوە تەنها لە ماوەی دەیەی (2010-2020) شەش بەرامبەر نرخی دەرمان بەرزبووەتەوە، بەراورد بە شتومەكەكانی دیكە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بەرزی نرخی دەرمان نیە، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە پەیوەستە بە (مان و نەمان)ی ئەو كەسانەوە كە پێیویستیان بە چارەسەرەو بەتایبەت بۆ كەسانێك كە توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان نیە، یان فریای كڕینی داوودەرمان ناكەون، هەربۆیە بەچاوپێخشاندنێكدا بۆمان دەردەكەوێت ئەوانەی توانای كڕینی دەرمانیان نیە لەبەردەم لەناوچووندان هۆكارەكەشی چاوچنۆكی كۆمپانیاكان و باری خراپی بژێویی مرۆڤەكانە.

هەر دەرمانە كۆنە 50 دۆلارییەكەیەو نزیكەی 40 ساڵە هەر هەمان پێكهاتەیە

كۆمپانیاكان چۆن پێداویستی خەڵك دەقۆزنەوە؟
بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسایی لەو بازرگانییە تێبگەین كە كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی دەرمان چۆن یاریی نامرۆڤانە دەكەن لە پێناوی دەستخستنی سەرمایەدا، نموونەیەكی سادە دەهێنینەوە، بە پێی ڕاپۆرتێكی (ووڵ ستریت جۆرناڵ) كۆمپانیای – نیكست سورس بیتەكنۆلۆژیی- دەرمانی – لوموستین- كە بۆ شێرپەنجەی دەماغ –مێشك – بەكاردێت 14 بەرامبەر گرانی كردووە، بەجۆرێك یەك دانە حەبی ئەو دەرمانە 700 دۆلار دەكەوێت، بەمەرجێك لە چەند ساڵی پێشوودا تەنهابە 50 دۆلار بوو، بەوەشەوە نەوەستاوە، لەم ماوەی پێشوودا نرخی فەرمی ئەو دەرمانە بە 768 دۆلار ڕاگەیەنرا، ئەوە لە حاڵێكدا دەرمانەكە نوێ نیەو هیچ داهێنانێكی نوێی تێدا نەكراوەو هەر دەرمانە كۆنە 50 دۆلارییەكەیەو نزیكەی 40 ساڵە هەر هەمان پێكهاتەیە.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئو كۆمپانیایانە چەندە گیان كێشی خەڵكن و لە هەلێك دەگەرێن بۆ ئەوەی گیرفانی خەڵك هەڵبتەكێنن، دەزانن خەڵك پێویستیەتی و ناچارە بە هەرچەند بێت پەیدای بكات ، بەو شێوەیە دۆخەكە دەقۆزنەوەو بۆ خڕكردنەوەی سەرمایە بەكاری دێنن، ئیتر كێ بەدەم ئازارەو دەناڵێنێت و كێش دەمرێت كەیفی خۆیانەو هیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە. هەرچەندە –جوزیف دیماریا- پارێزەریی یاسایی كۆمپانیاكە ڕوونكردنەوەی داوە كە گوایە كیبەركێی كۆمپانیاكانی دەرمانسازیی وای كردووە و پێكهاتەی سەرەكی ئەو دەرمانەش 30% چووەتە سەریی، بەڵام هێشتا نرخەكە لەوەدا نیە باس بكرێـت، بۆیە ئەو پاساوانە ئاوی دڵی خەڵكی هەژار نادات و ناچارن بە دیار مەرگی ئازیزانیانەوە دۆش دابمێنن.

لەسەرەتانەوە بۆچاو:
هەندێك پێیان وایە هێشتا ئەو زیادەیەی خراوەتە سەر دەرمانی سەرەتانی مێشك زۆر نیە لە چاو دەرمانی چاودا، دەرمانی –لوكستورنا- كە لەلایەن كۆمپانیای دەرمانسازیی –سبارك ثیرابیوتیكس-ی ئەمەریكییەوە بەرهەم دەهێنرێـت بە پێی ڕاپۆرتێكی –فایننشیناڵ تایمز-ی بەریتانی كە نرخی ئەوە دەرمانە 850 دۆلارە، بەو پێیەش گرانترین دەرمانە، وەنەبێت تەنها بە یەك جار و بە كڕینی یەكجار تەواو ببێت، بەڵكو بە پێی وتەكانی –جیف مارتزو-ی بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئەو كۆمپانیایە هەر چاوێك بەهای 425 هەزار دۆلار  واتە (چل و پێنج دەفتەر دۆلار) خەرجی دەبات! ئەوە لە كاتێكدا كۆمپانیاكە ڕایگەیاندووە كە ئەوان ناچنە ژێرباری بەرپرسیارێتیەوە كە ئەگەر دەرمانەكە كاری خۆی نەكرد، یان بۆ نەخۆشەكە ڕۆڵێكی ئەو تۆی نەبینی.

لەماوەی ئەو دە ساڵەدا 17 بەرامبەر نرخی دەرمانەكانی بەرز كۆدووەتەوە 

خەڵك ناچاردەكەن:
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو كۆمپانیایە چۆن پێداویستی و ناچاریی خەڵكی قۆستوەتەوە بۆ بازرگانی و كۆركردنەوەی سەرمایە، لە هەمان كاتیشدا ئەوەندە بە شارەزایانە دەیخەنەبەردەست كە مرۆڤ وا هەستبكات دەستی ناكەوێت و ناچارببێت بە ئەوپەڕیی سوپاسەوە لێیان بكڕێت، ئەوەش جێگەی سەرنجە فرۆشتنی ئەو جۆرە دەرمانە دەگمەنانە بەپارەی نەقد دەفرۆشرێنەوە بەخواری خۆیان و دەرمانخانەو  نەخۆشخانەكان. لە هەمان كاتیشدا ئەو وڵاتانەی بیمەی تەندروستییان تێدا كارایە هێشتا لەسەریان گران ڕادەوەستێت و ناتوانن وەك هەر دەرمانێكی دیكە ڕەفتاریی لەگەڵ بكەن.
رۆژنامەی – ووڵ ستریت جۆرناڵ- نموونەیەكی دیكە كە بێویژدانی و ئاستی چاوچنۆكی كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی دەرمان دەخاتە ڕوو كە كۆمپانیای –مایلان-ە كە ناوی بازرگانی بۆ كاڵاتەندروستییەكانی –ئیبیین-ە ، نرخی دەرمانەكانی ئەو كۆمپانیایەش لەوەدا نییە كە خەڵكی هەژار بتوانێت بیكڕێت، هەربۆنموونە یەك پاكەت دەرمانی لە پێشدا بە 49 دۆلار دەفرۆشت بەڵام لەماوەی ئەو دە ساڵەدا 17 بەرامبەر بەرزی كۆدووەتەوە  بە جۆرێك ئێستا هەمان دەرمان بە هەمان كۆالێتی پێشوو نرخەكەی بووەتە 609 دۆلار.

لەماوە دوو مانگی كەرەنتینەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمترین خەڵك نەخۆش كەوتوون 

دەرئەنجام:
هەرچەندە هیچ ئامارێكی فەرمی لەئارادا نیە سەربارەت بە زۆرو كەمی نەخۆش و ئەوانەی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بەڵام تەنها بەسەرنجدانێكی خێرا دەردەكەوێت لە ژێر كاریگەرییە لاوەكیەكانی دەرماندا بوو بەرلە هاتنی كۆرۆنا ، نە نۆرینگەی پزیشكەكان و نەدەرمانخانەكان بەردەكەوتن، ئەگینا لەماوە دوو مانگی كەرەنتینەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمترین خەڵك نەخۆش كەوتوون و كەمترین عیلاج بەكار هاتووە، ئەوەش پێمان دەڵێت بەشێك لە نەخۆشیەكانی مرۆڤ كاتییەو دەكرێت چارەسەری كیمیاوی بۆ بەكار نەهێنرێت و پارەكانی خۆی نەكاتە مشتی كۆمپانیای دەرمنسازو دواتریش بەزیانیش بەسەریدا بشكێتەوە.