ڕاپۆرتی جیهانی

03:53 - 07/04/2020

5 هۆكار وایكردووە مردن بەكۆرۆنا لە ئەڵمانیا كەم بێت‌

پەیسەر

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی كاترین بنهولد، بەرێوبەری نوسینگەكەی لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بڵاوكردۆتەوە كە باسی هۆكارەكانی كەمی مردن دەكات بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەئەڵمانیا، بەجۆرێك ژمارەی مردووان زۆر كەمترە بەراورد بەوڵاتانی دراوسێی.

لەسەرەتای راپۆرتەكەدا پەیامنێری رۆژنامەكە باسی ئەوەی كردووە پزیشكەكان بەجل و بەرگی خۆپارێزی لەشەقامەكانی شاری هایدلبرگ دەگەڕێن بۆ بەدواداچوونی دۆخی نەخۆشەكان لەماڵەكانیان، دوای پێنج یان شەش رۆژ لەتوش بوونیان بەكۆرۆنا ئەوەش پێی دەگوترێت " تاكسی كۆرۆنا"

ئەو پزیشكانە نمونەی خوێنی نەخۆشەكان وەردەگرن بۆ پشكنین و ئەگەر زانییان دۆخی نەخۆشەكە خراپ بووە پێشنیاری بۆ دەكەن بیبەن بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.

لای خۆیەوە پرۆفیسۆر هانز جورج كروسلیچ سەرۆكی بەشی زانستی ڤایرۆرسی لە نەخۆشخانەی هایدلبرگ یەكێك لەنەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئەڵمانیا لەبواری لێكۆڵینەوە  باسی خاڵی گۆرانكاری دەكات لەكۆتایی هەفتەی یەكەم دەڵێت ئەگەر ڤایرۆسەكە بتوانێت سیەكانت بوەستێنێت لەجێبەجێكردنی ئەركەكانی ئەوە دۆخی نەخۆشەكە خراپ دەبێت.

سەرەتا لەنێوان گەنجان
پەیامنێرەكە تێبینی ئەوەی كردووە كە تاكسی كورونا سەرەتا لە هایدلبرگ دەستپێشخەری تاكەكەسی بووە لەیەك شاردا بەڵام دواتر دەركەوتووە كە ئاستی بەشداری و پابەندبوون بە دابینكردنی كەرەستەی پێویستیە گشتیەكان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە گرنگی بە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە دەدەن.

كۆڤید 19 زۆر بە بەهێزی ئەڵمانیای گرتۆتەوە بەپێی لێكۆڵینەوەی زانكۆی جونز هوبكنز تا ناوەراستی رۆژی شەممە زیاتر لە 92 هەزار كەس لە ئەڵمانیا توش بوونیان بەڤایرۆسەكە پشت راستكراوەتەوە ، بەوەش لەدوای ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەچوارەم وڵات دێت، بەڵام 1290 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە كە دەكاتە 1.4% بەڵام لەئیتاڵیا رێژەی مردن 12% و لە ئیسپانیا 10% و لەفەرەنسا و بەریتانیا 4% و لەچین 2.5% بووە
تێكرایی تەمەنی توش بووان لەئەڵمانیا كەمترە لەوڵاتانی تر

تێكرای تەمەنی توش بووان لەئەڵمانیا 49 یە لەكاتێكدا لە فەرەنسا 62.5 و لە ئیتاڵیا 62 یە بەپێی تازەترین راپۆرتی ئەو وڵاتانە، جگە لەوەی زۆر هۆكاری تری پزیشكی گرنگ هەن كە وایكردووە ژمارەی مردووان لەئەڵمانیا كەم بێت زانایانی بواری ژینگە و زانستی ڤایرۆرسی دەڵێن لەوانەش پشكنین و چارەسەری پێشوەختە بەشێوەیەكی فراوان و زۆرینەی خێزانەكان چاودێری وردیان هەیە و حكومەت دڵنیاییە كە رێنمایەكانی بەتایبەت دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی فراوان جێبەجێ دەكرێت.

 350 هەزار پشكنینی هەفتانە
پەیامنێرەكە ئاماژەی بەوەكردووە لەنیوەی مانگی كانونی دووەم و پێش ئەوەی نەخۆشیەكە ببێتە جێگەی سەرنجی زۆرینەی ئەڵمانیەكان نەخۆشخانەی شاریتە لەبەرلین لەرێگەی ئینتەرنێتەوە رێنمایی پزیشكی و زانیاری بڵاوكردەوە، كاتێك لەمانگی شوبات یەكەم حاڵەتی توش بوون بەكۆرۆنا تۆماركرا، تەواوی تاقیگەكان لەسەرتاسەری وڵات بڕی پێویستیان لەئامێری پشكنین كۆگا كردبوو.

تائێستاش هەفتانە 350 هەزار پشكنین بۆ تووشبووانی نەخۆشی كۆرۆنا دەكرێت، واتا زیاتر لەهەر وڵاتێكی تری ئەوروپی، ئەم پشكنین پێشوەختانە بەشێوەیەكی فراوان وایكردووە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە سست بكرێت لەرێگەی كەرەنتینەكردنی حاڵەتەكانی توش بوون بۆ ئەوەی نەبنە گوازەرەوەی ڤایرۆسەكە بۆكەسانی تر، هەروەها دەرفەتی ئەوەی داوە كە دەرمان و چارەسەری رزگاركەر بدرێتە نەخۆشەكان لەكاتی گونجاودا، 

پەیامنێرەكە دەڵێت لەكۆتایی مانگی نیسان بەرپرسانی تەندروستی پلانی ئەوەیان هەیە دەست بكەن بە لێكۆڵینەوەیەكی فراوان و بەشێوەی هەرەمەكەی پشكنین بۆ 100 هەزار كەس بكەن لە یەك هەفتەدا لەسەرتاسەری ئەڵمانیا.

پشكنینی بێ بەرامبەرە
برۆفیسۆر ستریك دەڵێت یەكێك لەگرنگترین رێكارەكان ئەوەیە كە نەخۆش هیچ بڕەپارەیەك نادات بۆ پشكنین و بێ بەرامبەرە، بەڵام لەوڵاتێكی وەك ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەهەفتەكانی سەرەتادا وانەبوو

چاودێریكردن
لەرۆژی هەینی كۆتایی مانگی شوبات پرۆفیسۆر ستریك هەواڵێك دەبیستێت كە لەپشكنینەكانی نەخۆشخانەیەكی شاری بون یەكەم حاڵەتی كۆرۆنا تۆماركراوە و كەسەكە تەمەنی 22 ساڵە و هیچ نیشانەیەكی لەسەر دەرنەكەوتووە و كەسەكە لەخوێندنگایەك كاری كردووە دەست بەجێ بەدەركەوتنی پشكنینەكەی، خوێندنگاكە داخرا و داوا لەسەرجەم خوێندكاران و فەرمانبەران كرا لەماڵەكانیان بمێننەوە و لەگەڵ خێزانەكانیان بۆماوەی دوو هەفتە و پشكنینیش بۆ 235 كەسیان كرا، دكتۆر ستریك دەڵێت " پشكنین و چاودێریكردن و بەدواداچوون ستراتیژیەتێكی سەركەوتوویە لە كۆریای باشور بۆ ڕووبەرووبونەوەی كۆرۆنا هەوڵماندا لەوانەوە فێری ئەوەبین" دەشڵێت ئەڵمانیا هەوڵیدا سود لەهەڵەی ئەوانی تر وەربگرێت بەتایبەتی ئەوانەی پێویست بوو بەشێوەیەكی باش پشت بەستراتیژی بەدواداچوون ببەستن"

سیستمێكی چاودێری تەندروستی گشتی بەهێز
پەیامنێرەكە ئاماژەی بەوەكردووە پێش ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەتەواوی ئەڵمانیا بڵاوبێتەوە نەخۆشخانەی زانكۆی جیسن 173 تەختی چاودێری وردی بە ئامێری هەناسەدانی دەستكردەوە هەبوە، لەم چەندهەفتەیەی كۆتاییدا بەپەلە 40 تەختی تریشی ئامادەكرد، و ژمارەی ئەو كارمەندانەشی زیادكرد كە دەتوانن لەچاودێری ورد كاربكەن تا گەیشتە 50%

سوزان هیرولد پسپۆری نەخۆشیەكانی سی لەو نەخۆشخانە كە سەرپەرشتی دووبارە رێكخستنەوە دەكات دەڵێت" ئێمە توانای وەرگرتنی زۆرمان هەیە و نەخۆش لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فەرەنساش وەردەگرین ئێمە زۆر بەهێزین لەبواری چاودێری ورد"

نەخۆشخانەكان لەسەرتاسەری ئەڵمانیا توانای وەرگرتنیان بۆ چاودێری ورد زیادكردووە، لەمانگی كانونی دووەم ئەڵمانیا 28 هەزار تەختی چاودێری وردی هەبووە بە ئامێری هەناسەدانی دەستكردەوە واتا 34 تەخت بۆ هەر 100 هەزار كەسێك ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو رێژەیە لە ئیتاڵیا 12 تەخت و لەهۆڵندا 7 تەختە، ئێستا تواناكانی ئەڵمانیا بۆ 40 هەزار تەختی چاودێری ورد زیادكراوە، هەروەها رێوشوێنەكانی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی هەروەها هیچ كەمیەكی بەهێز لە ئامێرەكانی رزگاركردن وك ئامێری هەناسەدان نیە ئەوەش وادەكات سیستمی تەندروستی ئەڵمانیا بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ بێت.

متمانە بەحكومەت
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پشكنینی بەكۆمەڵ و ئامادەكاریەكانی سیستمی چاودێری گشتی تەندروستی، هەروەك هەندێك كەسی تر پێیان وایە ئیدارەكەی ئەنگێلا مێركڵ و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشەیە هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی ئاستی مردن كەم بێت، بەجۆرێك مێركڵ لەگەڵ خەڵك دەركەوت و بەلەسەرخۆی و كاری رێكخراو بەدرێژای كێشەكە ئامادەیی هەبووە هەروەها بەگرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، راستە ئەم رێكارانە یەكلایی كەرەوەن لەپرسی هێواش بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە، و لەگەڵ ئەوەش لەلایەن هەندێك كەسەوە دژایەتی كرا بەڵام خەڵك بەشێوەیەكی فراوان پابەندن، هەروەها تێكرایی لایەنگرانی ئەنگێللا مێركڵ بەرزبۆتەوە.

پەیامنێرەكە راپۆرتەكەی بە قسەیەكی پرۆفیسۆر كروسلیتچ كۆتایی پێهێناوە كە گوتویەتی " رەنگە هێزی گەورەی ئێمە لەئەڵمانیا لەبڕیاری عەقڵانی بەرزترین ئاستی حكومەت و متمانەی حكومەت لەلای خەڵك سەرچاوەی گرتبێت"