11:51 - 05/04/2020
تەندروستی و دادپەروەری، چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی ؟
دادپەروەریی لە هەر كایەیەكی ژیاندا هەبێت بەرەو پێشەوە دەچێت و مرۆڤایەتیش چێژیی ژیاندۆستی لێدەبینن، بە پێچەوانەشەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا لە سیستەمی تەندروستی جیهانیدا دادپەروەریی پەیڕەو كراوە؟ ئەگەر كراوە چۆن و ئەگەر نەكراوە بۆ؟ ئەو نادادپەروەرییانە كامانەن كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بواری تەندروستیدا بەدەستیەوە دەناڵێنێت؟ ڕێگە چارەكانی كامانەن؟
بەخۆشییەوە لەدونیای ئەمڕۆدا بابەتی (تەندروستی
ودادپەروەریی) رەهەندێکی ناوچەیی ونێودەوڵەتی هەیەو بووەتە جێگای سەرنج وبایەخی
کۆمەڵگای جیهانی. لە ئێستادا ئەو دەرفەتە فەراهەم بووە کەلە کۆمەڵگا کەم داهات و
بێ بەشەکاندا ئاستی تەندروستی بەرز بکرێتەوە، بەڵام ئەمەش بەمەرجێ دەکرێت کەریشەی
گرفتە راستەقینەکانی بواری تەندروستی بەباشی بناسرێت وهەنگاوبۆ چارەسەرکردنی
هەڵبگیرێت.
تەندروستی:
تەندروستی یەکێک لەمافە بنەڕەتی و نەگۆڕەکانی مرۆڤە، کەوابوو
هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە لە تەندروستی بەهرەمەند بێت و دەسەڵات وکۆمەڵگاش
دەبێ کار بۆ ئەوە بکەن کە ئەو هۆکارانەی کە تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە کەم بكاتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی،(WHO) تەندروستیبە هەبوونی ئاسایشی تەواو لەبواری جەستەیی، دەروونی
وکۆمەڵایەتیدا دەزانێت، یانێ جگە لەلایەنی جەستەیی، لایەنی جڤاکی، رۆحی و کەلتووری
کۆمەڵگا بۆ تەندروستی گرنگەو کاریگەری لەسەر ڕەوشی گشتی تەندروستی دادەنێت.
دادپەروەریی:
دادپەروەریی بەهایەکی
گشتی و جیهانییە لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیداو سەرەڕای جیهانی بوونی ئەم بەهایەو
حەزو هەوڵی دەوڵەتان بۆ بەدیهاتنی، کەچی تامکردنی شیرینییەکانی دادپەروەریی تەواو،
لەکۆمەڵگاو بە تایبەت لە بیاڤ وبواری تەندروستیدا ئارەزوویەکی لەمێژینەو بەدینەهاتوو
یان کەمتر بەدی هاتووی مرۆڤە. بەگشتی لەبواری کردەوەدا بەداخەوە کارنامەی
مرۆڤایەتی لەم بارەوە درەوشاوە نیەو ئەمەش ئەو راستییە نیشان دەدات کە جێگیرکردن
وچەسپاندنی دادپەروەری لەکۆمەڵگاکاندا ئیشێکی هێندە ئاسان نیە، هەربۆیە دەبێ زۆر
بەوردیی هۆکارەکانی گەشەو تەشەنەکردنی دادپەروەری ورێگرەکانی بدۆزرێتەوە. ئەوانەی
کەتەندروستی بەمافی مرۆڤ دەزانن، دادپەروەریی بە قۆناغی جێبەجێکردنی ماف دادەنێن،
روونە کە ئەم جێبەجێ کردنەش بەندە بە بنەماکانی، یاسای دادپەروەرانە، جێبەجێکردنی
دادپەروەرانەوناسین و تێگەیشتنی خەڵک لە مافەکانی خۆی.
دادپەروەری لە تەندروستیدا:
دادپەروەریی، رەهەندی مەعنەویی و ئەخلاقی هەیەو
پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەل مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤدا هەیە. بەشێک لە خاوەن
ڕایان دادپەروەری لە تەندروستیدا بەوە پیناسە دەکەن کە لەبواری تەندروستیدا هیج
جۆرە جیاوازییەکی پەیرەوبەند (سیستەماتیک) لە نێوان چین وتوێژە جیاوازەکانی
کۆمەڵگادا نەبێت.
لە هەموو شوێنێکی ئەم سەر زەوییەدا، کۆمەڵێک جیاوازیی لە باری تەندروستی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگادا هەیە
دادپەروەری لە تەندروستیدا، بە مانای دڵنیابوون لەو
شتەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی یەکسان و بە پێی پیویستی خۆیان، لە چاودێری
تەندروستی و دەرمان سوودمەند بن. ئەم دادپەروەرییەش کاتێ روودەدات کە هەموو
تاکەکانی کۆمەڵگا بتوانن تەندروستی خۆیان بپارێزن و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی
ئەوان کاریگەریی لەسەر رادەی تەندروستییان دانەنێت.
لەهەموو کۆمەڵگایەکداو لە هەموو شوێنێکی ئەم سەر
زەوییەدا، کۆمەڵێک جیاوازیی لە باری تەندروستی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگادا هەیەو ئەم
جیاوازیانەش هەستی نادادپەروەری لای مرۆڤ دروست ناکات. (بۆنموونە، نەخۆشییەکانی دڵ
لە پیاوانی ٧٠ ساڵ بەرەوسەربە بەراورد لەگەل پیاوانی تەمەن ٣٠ ساڵ)، ئەمەشتێکی
سروشتییەو مرۆڤ ناتوانێت رێگەی لێ بگرێت یان خۆی لێ قوتار بکات. لە بەرامبەردا، نا
دادپەروەری ئاماژە بەونایەکسانی و جیاوازیانە دەکات کە مرۆڤ بتوانێت لەپێکهێنانی
خۆ ببوێرێت، بەڵام بە هۆی بێ ویژدانی و خووخدەی خراپی مرۆییەوە رێگەی لێ نەگرێت.
بۆنموونە، لەوشوێنەی کەهەڵبژاردنی
شێوازی ژیان بەرتەسک وسنووردارە، یان هەلومەرجی ژیان وکارکردن نا لەبارەو
خزمەتگوزاریی تەندروستی وەک پێویست نیە، ئەم جیاوازیانە بە نادادپەروەری دادەنرێت.
یان هەرکات پسپۆڕان و بەرپرسانی
بواری تەندروستی کۆشش و کاتی جیاوازیان بۆ نەخۆشەکانی، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا
تەرخان کرد، ئەوە نادادپەروەریی روویداوە. دادپەروەریی حوکم دەکات کە چاودێریی
وخزمەتگوزاریی تەندروستی بە پێی پێویستی دابەش بکرێت نەک بە پێی توانای ئابووری.
وەک شارەزایان دەڵێن دەبێت لە بەشی تەندروستیدا
دادپەروەری بە دوو شێوەی ئاسۆیی و ستوونی جێبەجێ بکرێت. لە دادپەروەری ئاسۆییدا
جەخت لەسەر ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەرامبەر پێویستی وپێداویستی یەکساندا، لە
خزمەتگوزاریی یەکسان کەڵک وەربگرێت. بۆنموونە، ئەگەر کەسێک بە داهاتی مانگانەی ٢٠٠
دۆلارەوە تووشی جەڵدەی دڵ بێت، هەمان ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستیانەی پێشکەش
بکرێت کە کەسێکی تر بە داهاتی مانگانەی ٢٠٠٠ دۆلارەوە تووشی ئەو نەخۆشییە هاتووە.
بەڵام لە دادپەروەری ستوونیدا جەخت لەسەر ئەوەیە کە ئەو کەسانەی وا پێویستییان
زیاترە، دەبێت خزمەتگوزاریی تەندروستی زیاتر وەرگرن. بۆنموونە ئەو کەسەی کە داهاتی
مانگانەی دووسەد دۆلارە بۆ پێشگیریش پیویستی بە یارمەتی هەیە.
لە فینلەندا ٤٢% ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەو کەسانەن کە داهاتیان کەمە
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەموو شوێنێکی
جیهاندا جیاوازی لە رادەی تووشبوون بە نەخۆشییەکان لە چینی هەژاراندا زیاترە وەک
لە چینەکانی تری کۆمەڵگا. بەگشتی هەژاران هەم زیاتر نەخۆش دەکەون، هەم زیاتر تووشی
نەخۆشی درێژخایەن دەبن و کەمتر دەژین. بۆنموونە بەپێی توێژینەوەیەک، لە فینلەندا
٤٢% ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەو کەسانەن کە داهاتیان کەمە، لە
حاڵێکدا لە ناو چینی دەوڵەمەندا ١٨% یان تووشی نەخۆشی دریژخایەن دەبن. لە زۆربەی وڵاتاندا ئەو کەسانەی کە بێکارن یان
هەژارن، بەگشتی باڵای مناڵەکانیان کورتترە وەک لە مناڵی ئەو کەسانەی کە
دەسڕۆیشتوون یان پیشەیەکیان هەیە. ئەم راستیانە ئەوە نیشان دەدەن کە هۆکارە
کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر تەندروستی و نادادپەروەری لە تەندروستیدا هەیەو
پێویستە ئەو هۆکارانە بناسرێن.
تەندروستی و هۆکارە جڤاکییەکان
تەنها پێشگیری و چارەسەری نەخۆشییەکان بە هۆی بەشی
تەندروستییەوە نابێتە هۆی باش بوونی تەندروستی کۆمەڵگا، بەڵام باشتر کردنی هۆکارە
کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکانی وەک ژینگە، شوێنی نیشتەجێبوون، کار، پەروەردەوداهات
وهتد لە کەنار بەشی تەندروستیدا دەتوانێت بەشێوەیەکی سەقامگیر تەندروستی کۆمەڵگا
دابین بکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە تەندروستی مرۆڤ تارادەیەکی زۆرلەژێرکاریگەریی
باری ئابووری وکۆمەڵایەتیدایە.
تەندروستی مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو گیرۆدەی هۆکارە
کۆمەلاتییەکان بووە، بەڵام هوشیاریی تاک و پیشکەوتنی کۆمەڵگا وایکرد کەلە
ناوەڕاستی دەیەی ١٩٩٠دا بەشیوەیەکی زانستی وبەربڵاو باس لەم هۆکارە جڤاکیانە بکرێ
و دەسکەوتەکانیش بوون بەهۆی ئەوەی کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا
بەلەبەرچاو گرتنی ئەم هۆکارانە، سیاسەتێکی تۆکمە بۆ لەناو بردنی نایەکسانی لە
بواری تەندروستیدا، گەڵاڵە بکات.
لە ڕاستیدا ڕۆڵی ئەم رێکخراوە لە سەدەی ٢١دا گۆڕانی
بەسەردا هات، ئەویش بەهۆی سەرخستنی دادپەروەری لەتەندروستی و بیرکردنەوە لەو
هۆکارە جڤاکیانەی کە کاریگەریی لەسەر تەندروستی دادەنێن. ئەوە بوو کە لە ساڵی
٢٠٠٥دا کۆمیسیۆنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی دامەزراند، ئەرکی ئەم دامەزراوە تازەیە
ئەوە بوو کە لەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانە بکۆڵێتەوە کە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی
هەیە. بۆنموونە ئەم کۆمیسیۆنە لە راپۆرتی ساڵی ٢٠٠٨ی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ
دەسڕاگەیشتن بە دادپەروەری لە تەندروستیدا، ئەنجامدانی ئەم سێ هەنگاوە پێویستە:
یەکەم؛ باشتر کردنی ئەو هەلومەرجەی کە مرۆڤ ژیانی تیا دەکات.
دووەم؛ پێویستە ئەو نادادپەروەریانەی
کە بە هۆی دەسەڵات وپارەو سەرچاوەکانەوە لە ئاستی جیهانی ونیشتمانی وناوچەییدا
دروست دەبێت، رابگیرێت.
سێیەم؛ دیاریکردنی گرفتەکان لەسەر بنەمایەکی زانستی و
پەروەردە کردنی کەسانی شارەزا بۆ ئەم بوارەو بردنە سەرەوەی وشیاری گشتی لە بارەی
ئەو هۆکارە جڤاکیانەوە کە چارەنووسی تەندروستی دیاری دەکەن. کۆمیسیۆن باوەڕی وایە کە هاوکاری دەسەڵاتداران،
کەرتی تەندروستی، بیرمەندان ورێکخراوە مەدەنییەکان دەتوانێت کۆمەڵگا بخاتە سەر
رێچکەی دادپەروەری لە تەندروستیدا، چوونکە هیچ بەڵگەو پاساوێکی زانستی نیە کە
بیسەلمێنێت نادادپەروەری هۆکارە جڤاکییەکان چارەسەر نابن، تەنیا پێویستە ریشەی
نادادپەروەرییەکان بناسرێ و هەنگاوی دروست ولێبڕاوانە بۆ چارەسەرکردنیان
هەڵبگیرێت.
لەدیدی کۆمیسیۆنی هۆکارە جڤاکییەکانی رێکخراوی تەندروستی
جیهانییەوە، ئەو هۆکارانەی کە دەستیان لە چارەنووسی تەندروستیدا هەیە بەو هەلومەرجە
کۆمەڵایەتییەی دەوترێت کە مرۆڤ لەودا کارو ژیان دەکات.لەم پێناوەدا دامەزراوەی
رۆکفلێرمۆدێلی PROGRESSپێشنیار کردوە کە بەشێک لەو هۆکارانەی نیشان دەدات وا کاریگەرییان
لە سەر نادادپەروەری لە تەندروستیدا هەیە.
هەبوونی پیشە، نەک تەنیا لەبەر داهاتەکەی، بەڵکو لەبەر باری دەروونیش بۆ تەندروستی باشە
1-شوێنی نیشتەجێبوون ( Place) جیاوازی
نێوان شارەکان، گەڕەکەکانی شار، شارو گوندەکان نادادپەروەری تەندروستی
لێدەکەوێتەوە. چوونکە هەموو خەڵک بەشێوەیەکی یەکسان دەستیان بە سەرچاوەو پیداویستی
تەندروستی ڕاناگات. کاتێ دەوڵەت لە شارەگەورەکان بە سەرمایەی خەڵک نەخۆشخانەیەک
دروست دەکات، تێچووی نەخۆشخانەکە پشکی ئەو هاووڵاتیانەشی تێدایە کەلە گوندەکان
دەژین، بەڵام هەرگیز گوندنیشینەکان وەک دانیشتوانی ئەو شارە ناتوانن لەو ناوەندە
تەندروستییە سوودمەند بن. رەنگە هەندێ جار بەربەستەکانی رێگای هاتوچۆ وابکات کە
گوندنشینەکان واز لە بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکانیان بێنن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە
بەزۆری چینی هەژاریش لەو شوێنانە دەژین، یانێ لە شوێنێ کە پێویستی زۆر بێت،
پێداویستی کەمەو ئەمەش نموونەی زەقی نادادپەروەرییە.
2- نەژاد ( Race) یانێ ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و
ئابووریانەی کە بەهۆی جیاوازی قەومی ونەتەوەیی ونەژادییەوە دروست دەبێت کار دەکاتە
سەر تەندروستی کۆمەڵگاو هۆکارێکە بۆ نادادپەروەری تەندروستی.
3- پیشە ( Occupation) بێ گومان باری تەندروستی، رادەی
نەخۆشییە درێژخایەنەکان و مردن لەتەمەنی کەمدا لە ناو ئەو کەسانەیدا کە کار دەکەن
یان بێکارن، واتە داهاتیان جیاوازە یان ئەوکەسانەی کە ئاسایشیان لە کارەکەیاندا
نیە، جیاوازە.
بەگشتی هەبوونی پیشە، نەک تەنیا لەبەر داهاتەکەی، بەڵکو
لەبەر باری دەروونیش بۆ تەندروستی باشە. ئەڵبەت ئەگەر کەسێک لەپیشەکەیدا ئاسایشی
نەبێت و فشاری دەروونی لەسەر بێت یان وەک پێویست لە توانایی وکارامەییەکانی کەڵک
وەرنەگیرێت و کەمتر لە بڕیارەکاند دەورو دەسەڵاتی هەبێت، بێ گومان ئەم بارە نالەبارە
کارێگەریی خراپ لەسەرتەندروستی ئەو دادەنێت. بەپێی توێژینەوەکان ئاسایشی کار، دەبێتە
هۆی زیادبوونی تەندروستی ودڵخۆشی لەکاردا. لە بەرامبەردا بێکاریی زۆر دەبێتە هۆی
نەخۆشی و مردن لە تەمەنی کەمترداو ئەو کەسانەش کە بێکارن مەترسی نەخۆشی بۆ سەر
خێزانەکانیان زیاترە.
4- رەگەز ( Gender) جیاوازی رەگەزی شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەگەر ئەم جیاوازیانە بکرێنە بنەمای
کۆمەڵێک یاساو ریساو، جیاوازی جڤاکی لێبکەوێتەوە، ئەوا نادادپەروەری بەرهەم دێنێت.
5- مەزهەب ( Religion) لەو شوێنانەی کە مەزهەبێک یان
ئایدۆلۆژیایەک حاکمە، یان بنەماو پیوەرە بۆ بریاردان، رەهەندەکانی ژیانی کەمینە
مەزهەبییەکانی تر دەکەوێتە بەر هەڵاواردن و، نادادپەروەرانە ئەم جیاوازیانەش دەبنە
مەترسی بۆ سەر تەندروستییان. بۆنموونە لە ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شێعە مەزهەبدا، بەهائییەکان
مافی کارو کاسپی و خوێندنیان لە زانکۆکانی ئێراندا نیە.
6- پەروەردە ( Education) ئاستی خوێندن و پەروەردەی مرۆڤ
دەتوانێت پەیوەندی لەگەل تەندروستی ئەودا هەبێت. بۆ نموونە، بە پێی توێژینەوەیەک
مامۆستایانی ٣٥ ساڵ تەمەن لە زانکۆکانی فەرەنسا هیوایان بە ژیان (تێکڕای تەمەن ) ٩
ساڵ زیاترە وەک لە هاوتەمەنەکانی خۆیان کە کرێکارن.
7- سەرمایەی کۆمەڵایەتی ( Social
capital) ئەو
پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا هەیە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە
لەسەر تەندروستی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە
دابنێت.
8- باری جڤاکی- ئابووری ( Socioeconomic
status)
داهات و سروەت پەیوەندییەکی روون و راستەوخۆیان لەگەل تەندروستی خەڵکدا هەیە. ئەم
هۆکارە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چوونکە گرنگترین مەترسی کە هەڕەشە لە تەندروستی
ودادپەروەری دەکات، جیاوازی نێوان هەژارو دەوڵەمەندە. هەرچی نادادپەروەری ئابووری
زیاتر بێت، باری تەندروستی خراپتر دەبێت.
هەرچی باری نالەباری ئابووری- جڤاکی بۆ ماوەیەکی دوورو
درێژتر، بەرۆکی ژیانی خەڵک بگرێت، هێندە رەنج ومەینەتی خەڵک زیاتر دەبێت و کەمتر
خۆشی لە تەندروستی خۆیان دەبینن. بە پێی توێژینەوەکان ئەو کەسانەی کە هەژارن ولە
چینی خوارەوەی کۆمەڵگان، ٢هێندەی ئەو کەسانەی کە لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگان تووشی
نەخۆشی درێژخایەن دەبن ولەتەمەنی کەمتردا دەمرن. بەداخەوە لەم دەیانەی دواییدا،
زۆربوونی خەرجی خزمەتگوزاریی تەندروستیش گەلێ گرفتی بۆ خەڵک دروست کردوەو قورسایی
ئەم گرفتەش لەسەر شانی هەژاران زۆر زیاترە.
کۆرۆناڤایرۆس وەک یەکێک لە گەورەترین رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخ، ئەنجام و لێکەوتەی ئابووری، سیاسی و کەلتووری سەرسووڕهێنەری دەبێت
هۆکارە جڤاکییەکان بەهۆی کاریگەریی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە سەر ژینگەو رەفتارو رادی
دەسڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، دەست دەگرن بەسەر چارەنووسی
تەندروستی تاک وکۆمەڵدا. هەر ئێستا کە ئەم بابەتە دەنووسرێت جیهان گیرۆدەی
بەڵایەکی مێژوویی بووە و بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژیانی مرۆڤ کەوتووەتە بەر مەترسییەکی
جیدی و لەم قەیرانەشدا، نادادپەروەری تەندروستی وهۆکارەکۆمەڵایەتییەکان
مەترسییەکانیان زیاتر کردوە.
یوڤاڵ نەوح هەراری، بیرمەندو مێژووناسی ئیسرایلی باوەڕی
وایە کە ئەگەربنەماو کۆڵەکەکانی ژیانی مرۆڤ بە هێز نە کرێت، پاش پەتای کۆرۆناش
قەیرانی سەختتر بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرێت. ئەو پێی وایە ئەگەر هەژارێکی گەڕەکێکی
هەژارنشین دەستی بەدەرمان و ژیانێکی شەرافەتمەندانە ڕانەگات، کاریگەریی لە سەر
چارەنووسی یەکە بە یەکەی مرۆڤەکانی دونیا دادەنێت. کەوابوو پێویستە پێداگری وجەختی
دونیا لە سەر سڕینەوەی هەژاری و بێ بەشی بێت و کارێ بکرێت کە هەموو کۆمەڵگای
مرۆڤایەتی دەستی بەدەرمان رابگاو سیستەمی تەندروستی بەهێز ببێت.
ئەم مێژوو ناسە
پێی وایە رووداوی کۆرۆناڤایرۆس وەک یەکێک لە گەورەترین رووداوەکانی مێژووی
هاوچەرخ، ئەنجام و لێکەوتەی ئابووری، سیاسی و کەلتووری سەرسووڕهێنەری دەبێت و ئەم
ئەنجامەش تا ساڵانێکی دوورو دریژو تەنانەت پاش تەواو بوونی خودی ڤایرۆسەکەش،
کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەمێنێت. ناوبراو پیی وایە ئەگەر تەنانەت جیهان
ڤاکسین بۆ کۆرۆناش پەیدا بکات بەڵام لەو راستییە تێ نەگات کە دەبێ تەندروستی و
چارەسەر لە هەموو دونیادا بە هێز بکرێ وهەموو کەس دەستی پێڕابگات، ڤایرۆسی کوشندەتر
چاوەڕێمان دەکات. رەنگە لێرەدا پرسیار
ئەوە بێت کە ئەنجام و لێکەوتەی زاڵبوونی ئەم هەلومەرجە نادادپەروەرانەیە
بەسەرتەندروستیدا چ دەبێت؟ بە سەرنجدان بە بارو دۆخی ئێستاو بۆ بەرچاو روونی زیاترلێرەدا
ئاماژە بە هەندێ لەو لێکەوتانە دەکرێت:
1-خێزانەکان و بە تایبەت
ئەوانەی کە زووترو زیاتر زیانیان پێدەگات، بە هۆی تەرخانکردنی بەشێک لەئابوورییان
بۆ دەسراگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمان تووشی مەینەتی وکولەمەرگی دەبن
و ناچارن بۆ دابین کردنی ئەم خەرجیانە، تێچووی پێویستییەکانی تریان کەم بکەنەوەو
ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی باری بژێوی خێزانەکان.
2- دابینکردنی خەرجییەکانی
تەندروستی کاردەکاتە سەر پێداویستییەکانی دیکەی وەک خۆراک وخوێندن وپەروەردەی
مناڵان و پاشەکەوتی خێزانەکان کەم دەکاتەوە.
3- پێدەچێ بەشێک لە
خێزانەکان لە بەر نەبوونی توانای دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و تەندروستی، ئیتر
بە شوێن چارەسەری نەخۆشییەکانیاندا نەچن وئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی
تەندروستی خێزانەکان و کۆمەڵگا.
4- هەندێ لەو خێزانانەی کە
لە دەورو بەری هێڵی هەژاریدا دەژین، لەبەر دابینکردنی خەرجی دوکتۆرو دەرمان،
توانایی ئابووری و داهاتیان لەدەست دەدەن ولە گەل گورزی گورچکبڕی خەرجییەکانی
تەندروستی بەرەو روو دەبنەوەو کۆرۆنای هەژاری بینەقاقای ژیانیان دەگرێت.
5- دابینکردنی تێچووی
تەندروستی و چارەسەر دەتوانێت ببێتە هۆی دروست بوونی هەژاری کورتخایەن یان
درێژماوەو هەمیشەیی. جیا لەم چین وتوێژانەی کە باسکرا، ئەو توێژەش کە لە ژێر هێڵی
هەژاریدایە بە هۆی ئەم خەرجیانەوە رەنگە ئیتر دەرفەتی ئەوەیان نەبێت کە لە هەژاری
رزگاریان ببێت و وەک ئابووریناسان دەڵێن ئەم کۆمەڵە خەڵکە لەحاڵەتی هەژاری تێپەڕوکاتی
بکەونە تەڵەی هەژاری هەمیشەیی.
واتە دیاردەی زۆربوونی هەژاری بەهۆی نادادپەروەری
تەندروستییەوە هەم دەتوانێ کۆمەڵێک خێزان بەرەو هەژاری بباو هەم دەتوانێ ئەو
هەژارانەی کە دەرفەتی تێپەڕین لەو قەیرانانەیان هەیە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە
هەژاریدا رابگرێت.
نادادپەروەرییەکانی بواری تەندروستی لە جیهاندا سەرچاوەکەی هۆکارە جڤاکییەکانەو بە بێ بەدەسهێنانی سەرکەوتنی بەرچاو لەبواری کەم کردنەوەی هەژاری
چی بکرێت لەدژی ئەم نادادپەروەرییە؟
یەکەم هەنگاو بۆ جووڵانەوە لەدژی نادادپەروەری لە
تەندروستیدا، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە کوشندەکانەو چاکسازی لە سیستەمی تەندروستیدا.
دووەم هەنگاو بەرەو رووبوونەوەی هەژاری ونەدارییە و سێیەم هەنگاویش کە بە
تەواوکەری هەنگاوەکانی پێشوو دادەنرێت بریتییەلە باشترکردنی ئەو بارودۆخەی کە خەڵکی
تیا دەژی وکاری تێدادەکات. چوونکە توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە زۆربەی
نەخۆشییەکان و بەشی زۆری نادادپەروەرییەکانی بواری تەندروستی لە جیهاندا
سەرچاوەکەی هۆکارە جڤاکییەکانەو بە بێ بەدەسهێنانی سەرکەوتنی بەرچاو لەبواری کەم
کردنەوەی هەژاری، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، دەرفەتی پەروەردەو خوێندن، تواناسازی
ژنان، باشکردنی هەلومەرجی ژیان لە شوینە هەژارنشینەکان وهتد، دەسڕاگەشتن بە
ئامانجەکانی تەندروستی مسۆگەر نابێت و ئەم هەنگاوانەش شتێک نین کە مرۆڤ نەتوانێت
هەڵیگرێت.
تەندروستی، خاڵێک بۆ دەسپێکی گۆڕان
لەبەرئەوەی تەندروستی وەک هۆکارێکی گرنگی بواری
کۆمەڵایەتی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرسەکانی تری ئەم بوارە هەیە، دەکرێ وەک
خاڵێکی دەسپێک بۆ گۆڕان لە بواری جڤاکی و گەیشتن بە ئامانجێکی بەرزی وەک
دادپەروەری کەڵکی لێوەربگیرێت. دەکرێ لە بەستێنی تەندروستی و گۆڕان لە سیستەمی
تەندروستیدا، هەنگاو بۆ گۆرانی ریشەیی، بەمەبەستی باشترکردن ودابینکردنی
دادپەروەری، هەلبگیرێت. ئەگەرتەندروستی چەقی نیگای بیرکردنەوە بێت بۆ بەرزکردنەوەی
ئاستی تەندروستی کۆمەڵگا، دەکرێ پێشگیری لە بەشێکی زۆری گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی
وەک هەژاری بکرێت و ئەمەش دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ باشترکردنی ئەو هەلومەرجەی کە
مرۆڤ ژیانی تیا دەکات، چوون مرۆڤ بۆ مانەوە ناچارە رێگای پێشکەوتن بگرێتەبەر.
تەندروستی و گەشەکردن
هەنووکە، توێژینەوەکان باس لەوەدەکەن کە بەهۆی
پابەندبوونی مرۆڤ بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆپاراستنیان بۆ پێشگیری لە
تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، رادەی تووشبوونی مرۆڤ بە پەتاکان کەم بووەتەوەو کەمتر
بە دوای دوکتۆرو دەرمانەوەن. ئەمە دەتوانێت ئەو راستییە نیشان بدات کە بایەخدان بە
تەندروستی وخەرجکردن بۆ سەرخستنی ئاستی تەندروستی تاک و کۆمەڵگا و جێبەجێکردنی
پلان و بەرنامەی جۆراوجۆر لەم بوارەدا، جۆرێک سەرمایەگوزارییەو سەرمایەگوزاریش بنەمایە
بۆ گەشەگردن و بەتایبەت گەشەی ئابووری. بەشی تەندروستی و ئابووری پەیوەندییەکی
نزیکیان لەگەل یەکتر هەیەو لەم وتارەشدا بۆمان روون بووەوە کە باری ئابووری
کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی هەیەو بەپێچەوانەوە باری تەندروستی خەڵکیش
کاریگەری لەسەر هەڵکشان یان داکشانی ئابووری هەیە. گرنگیدان بەم پەیوەندییە بۆ ئەو
کەس ولایەنانەی کە بەدوای گەشەی کۆمەڵگاوەن زۆر گرنگە.
ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەوڵەمەندترن، بەگشتی تەندروستی
خەڵکەکەیان زیاترەو ئەو شوێنانەی کە لە رووی تەندروستی وپەروەردەوە لە ئاستێکی
نزمدان، بۆ گەیشتن بە گەشەیەکی سەقامگیرلەگەل گرفتی گەورە بەرەو روون. توێژینەوە
ئابوورییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرز بوونەوەی 10% هیوا بەژیان لە کاتی لە دایک
بووندا نرخی گەشەی ئابووری 0.3 لەسەد بۆ 0.4 لەسەد بەرزدەکاتەوە. ئێستاش بۆ خۆمان دەیبینین
کە چۆن بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا رێی لە گەشەی گەشتوگوزارو بازاڕو بازرگانی
گرتووەوکێشەی بۆ ئابووری جیهان دروست کردوە.