ڕاپۆرتی جیهانی

01:08 - 03/04/2020

كۆرۆنا شێوازی ناشتنی مردووی موسڵمان و یه‌هودییه‌كانی گۆڕیوه‌‌

پەیسەر

له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا یه‌هودییه‌كان و موسڵمانه‌كان به‌ره‌به‌ره‌ رێوره‌سمه‌كانی ناشتن و پرسه‌یان له‌و زه‌وییه‌ گۆڕی كه‌ به‌لای هه‌ردوو ئاینه‌كه‌وه‌، پیرۆزه‌. 

گرنگترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ چین؟

به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی مردووانی یه‌هودی و موسڵمان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ بووه‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌كان له‌ فه‌له‌ستین و ئیسرائیل.

له‌ ئیسرائیل داب و نه‌ریت وایه‌ كه‌ مردوو ده‌خرێته‌ كفنێكی گه‌وره‌وه‌ به‌بێ هیچ تابوتێك به‌خاك ده‌سپێردرێت، به‌ڵام ئێستا ته‌رمی قوربانیانی كۆرۆنا له‌لایه‌ن كه‌سانی تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌واوی هۆكاره‌كانی خۆپارێزیان پێیه‌، به‌ كیسكی پلاستیكی به‌هێز ده‌پێچن و پێش ناشتنی ده‌خرێته‌ كیسێكی تری پلاستیكیه‌وه‌.

موساد ده‌مامك ده‌كڕێت
    
ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیلی ناسراو به‌ (موساد) ئه‌ركی كڕینی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پێ سپێردراوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یاكوف كیرتس كه‌ له‌ گروپی (شیفرا كادیشا) كار ده‌كات و گروپه‌كه‌شی سه‌رپه‌رشتی به‌خاك سپاردنی ته‌رمی یه‌هودییه‌كان ده‌كات له‌ ئیسرائیل ده‌ڵێت:" نازانین چی رووده‌دات... نازانین ژماره‌ی مردووه‌كان ده‌بێته‌ چه‌ند.. ترسی گه‌وره‌مان هه‌یه‌".

ناچاریی حه‌رام حه‌ڵاڵ ده‌كات

له‌به‌رامبه‌ردا شێخ محه‌مه‌د حوسێن موفتی قودس و فه‌له‌ستین ده‌ڵێت، فتوای نوێ ده‌رچووه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و مردووانه‌ی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ش ناچارییه‌ "ناچاریش حه‌رام حه‌ڵاڵ ده‌كات"ده‌شڵێت:"ئێستا ته‌رمه‌كان ناشۆن و كفن و دفن ناكرێن، له‌بری ئه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ كیسێكی پلاستیكییه‌وه‌ و به‌خاك ده‌سپێردرێن.

رێنمایی نوێ ده‌ركراوه‌

بۆ به‌خاك سپاردن و پرسه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین رێكاری نوێیان سه‌پاندووه‌، له‌ ئیسرائیل ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری به‌خاكسپاردن ده‌كه‌ن نابێت له‌ 20 كه‌س زیاتربن و ده‌بێت شوێنه‌كه‌ كراوه‌بێت و هیچ كه‌سێكیش بۆی نییه‌ باوه‌ش بكات به‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی مردووه‌كه‌، یان ماچی بكات، ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داب و نه‌ریتی شیفای یه‌هودییه‌كان دروست كردووه‌ كه‌ دوای به‌خاكسپاردنی مردووه‌كه‌ بۆماوه‌ی حه‌وت رۆژ خه‌ڵك سه‌ردانی خێزانی مردووه‌كه‌یان ده‌كرد، بۆ ده‌ربڕینی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و ئاماده‌كردنی خۆراك و گێرانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی مردووه‌كه‌.

پرسه‌ له‌رێگه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌

له‌غه‌زه‌ و كه‌ناری رۆژئاوا خێزانی مردووه‌كان و ناسیاوه‌كانیان له‌رێگه‌ی تۆڕەكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن، هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی ئیهاب نه‌سره‌دین هه‌فته‌ی رابردوو برایه‌كی به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كۆچی دوای كردووه‌ ده‌ڵێت، ته‌رمه‌كه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌وه‌ راسته‌وخۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ گۆڕستان و خێزانه‌كه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ له‌مزگه‌وتی ئه‌قسا نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی پلانیان بۆ دانابوو، ده‌شڵێت:"مزگه‌وتی ئه‌قسا داخراوه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ته‌نها 10 بۆ 15 كه‌س بردوویانه‌ بۆ گۆڕستان و له‌وێش نوێژی مردوویان له‌سه‌ر خوێندووه‌، هه‌ر له‌سه‌ر قه‌بران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشییان لێكراوه‌ به‌بێ ماچ كردن و باوه‌ش پێداكردن و ته‌وقه‌كردن. له‌سه‌ر فه‌یسبووك و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر داوای لێبوردنمان كرد كه‌ پرسه‌ دانانێین بۆ براكه‌مان به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، نامانه‌وێت ببینه‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌، ره‌نگه‌ كه‌سێك هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بێت و بۆ به‌شداربووانی تری پرسه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌".