12:58 - 02/04/2020
كۆرۆنا ڕاستیەك بوو درۆی نیسانی بیر بردینەوە
ڤایرۆسی كۆرۆنا درۆی نیسانیشی ییر بریدینەوە، لە لایەكی تریشەوە چەند وڵاتێك سزای توند و تەنانەت زیندانیشیان بڕیارداوە بۆ ئەوانەی كە بەناوی نیسانەوە بیانەوێت خەڵك لە كۆرۆنا بترسێنن
بەڕاست درۆی نیسان چییە؟ سەرەتاكەی كەیەو بەناوباتگترین درۆ كامەیە؟
یەکی نیسانی هەموو ساڵێک ناسراوە بە
ڕۆژی درۆ (هەواڵی ناڕاست)، لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهاندا خەڵکی هەواڵی ناڕاست
بڵاودەکەنەوە، تەنانەت کۆمپانیا و ڕۆژنامە و گۆڤارەنیش لە جیهاندا هەوڵدەدەن
هەواڵێک بڵاوبکەنەوە کە ڕاست نییە، ڕۆژی دواتر یاخود چەند کاتژمێرێک دواتر ڕاستی
هەواڵەکە بڵاودەکەنەوە.
لەسەرەتی مانگی نیسانی هەموو ساڵێكدا
درۆ دەبێتە شتێكی ئاسایی و زۆرینەی میللەتانی دونیا ئەو كەلتوورەیان هەیەو درۆ
ڕێكدەخەن و دوای ئەوەی لای ژمارەیەك خەڵك دەبێتە راستی، ئەوجا ئاشكرای دەكەن و
پێیان دەگوترێت درۆی نیسانە، لای زۆرینەی میللەتانی دونیا بە درۆی نیسان یان
ئاوریل بەناوبانگە و ئینگلیزەكانیش پێی دەڵێن (April Fool's Day)لە ساڵی ١٧٠٠
ئینگلیزەکان لەم ڕۆژەدا یەکترییان هەڵدەخەڵەتاند و گاڵتەی سەیریان لەگەڵ یەکتردا
دەکرد.
سەرەتای ئەم كەلتوورە كەس نازانێت كەیەو لەڕووی دانپێدانانیشەوە فەرمی نیەو
تەنها بۆ كەمێك سەرقاڵی و ڕابواردن و گاڵتەكردن داهێنراوە، بەڵام هەندێك لە
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لە ساڵی 1564 لە لایەن شارلی نۆیەمی فەرەنساوە
داهێنراوە، ئەوكەسەی كە باوەڕی بە درۆكە ئەكرد لە فەرناسا پێیان دەگوت(ماسی)،
هەرچەندە ئەم بابەتە یەكلایی نەبووەتەوە بەڵام بەهۆی هەندێك لە بۆنە نیشتیمانی و
جەژنەكانی بەشێك لە میللەتانی دونیا لە نموونەی سكۆتلاند و هیندییەكان و هەندێكی
دیكەش ئەم رۆژە بووەتە رۆژی ڕابواردن و سەرخستنە سەر ئەو كەسانەی كە خۆش باوەڕن و
بە هەموو قسەیەك دەخەڵەتێن. لەلایەكی دیكەشەوە هەندێكی دیكە بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە كە
مانگی نیسان دەكەوێـتە سەرەتای وەرزی بەهارو مرۆڤ لەو وەرزەشدا جۆرێك لە دڵخۆشی و
پەل و پۆ هاویشتنی بۆ دێتە پێشەوەو بۆ خۆشتركردنی ئەو هەل و مەرجە درۆی نیسانیان
داهێناوە.
بەگوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوەی مێژوویی،
گاڵتەکردن لەم ڕۆژەدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٨٢ لە فەڕەنسا کە ڕۆژمێر
گۆڕا و هەندێک خەڵک درەنگ ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە بوون کە سەرەتای ساڵ گۆڕاوە بۆ
یەکی کانوونی دووەم و لە یەکی نیساندا جەژنیان دەگێڕا، ئەو خەڵکانە کاغەزێک دەکرا
بە پشتیانەوە و لێی دەنوسرا (ماسی مانگی نیسان) کە هەڵخەڵەتان و ئاگاداری
بارودۆخەکان نین.
لە سکۆتلەندا ڕۆژی هەڵخەڵەتاندن ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لە ئینگلەتەرا و
کەنەدا تەنها سەرلەبەیانی یەکی نیسان ئەو کارە دەکرێت.
درۆی نیسان زیاتر خۆی لەرووداوی نەخوازراودا دەبینێتەوە بۆ ئەوەی کەسەکان
تووشی شۆک ببن و بکەرەکەش وەک بەئەنجام گەیاندنی درۆکەی دڵخۆش دەبێت، بەجۆرێک بەو
هۆیەوە چەندین رووداوی نەخوازراو و شەڕ و پشێوی لەنێوان کەسەکاندا رووی داوە.
لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥٠ کەناڵی (بی
بی سی) هەواڵێک ناڕاستی دەربارەی بەروبووم خستەڕوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨دا
ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە دەربارەی فڕینی پەنگوین وەک بابەتێکی سەرنجڕاکێش، بەڵام
دواتر هەر خۆیان ڕایانگەیاند كە تەنها بۆ درۆكردن بووەو ویستوویانە ئەو رۆژە یاد
بكەنەوە كە پێیی دەگوارێت درۆی نیسان.
بەناوبانگترینی ئەو درۆیانە، لە ساڵی
1860دا بوو، کاتێک کە بە هەموو دانیشتووانی شاری لەندەن راگەیێندراوێكی فەرمی
بڵاوبووەوە و، تێیدا داوا لە خەڵک کرا لە 1ی نیسانی ئەو ساڵەدا سەردانی تاوەری
لەندەن بکەن تاوەکو نمایشی شۆردنی شێرە سپییەکان ببینن، لە ئەنجامدا سەدان کەس
چوونە شوێنی مەبەست، پاشان بەهۆی درۆی نیسانەوە، بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە.
بەڵام نیسانی ئەمساڵ بۆهۆی ڤایرۆسی
كۆرۆناوە جۆرێكی دیكەبوو، خەڵكی نەتاقەتیان بوو فێڵ لە خەڵك بكەن و نە بە قسە
ناڕاست و ڕابواردنەكانیان كەسیان خستە تەڵەوە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بە فەرمی لە
لایەن هەندێك لە وڵاتانەوە بڕیاری توندی لەبارەوە دەركرا.
ویلایەتی ماهاراشترای هیندستان
بڕیارێكی توندی دەركردووەو بە فەرمی ڕای گەیاندووە هەركەس لەبارەی كۆرۆناوە هەر
درۆیەك یان هەواڵێك بڵاوبكاتەوە ببێتە هۆی ترسان و تۆقاندنی خەڵك بە توندی
ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە، هەروەها تایلەندییەكانیش گوتوویانە هەركەسێك هەواڵی
ناڕاست و تۆقێنەر لەبارەی كۆرۆناوە بڵاوبكاتەوە زیندانی دەكرێت كە تا پێنج ساڵ درێژە
بكێشێت.
لە هەمان كاتدا (گۆگڵ)خی ساڵانە
درۆیەكی بڵاو دەكردەو بەڵام هەر دوای چەند كاتژمێرێك ڕایدەگەیاند كە (درۆی
نیسان)بووەو بەوەش بۆ ماوەیەكی كەم بینەرانی لە جدییەت دوور دەخستەوە، بەڵام
ئەمساڵ بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی نەخوازراوو نالەباری كۆرۆناوە ئەو كارەی نەكردووە.
زۆرێكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاویان كردەوە و داوایان لە خەڵك كرد لە درۆی
نیسان دوور بكەونەوە لەبەر ئەوەی دۆخی دەروونی زۆرینەی خەڵكی جیهان جێگیر نیەو
لەوانەیە كارەساتێك بخوڵقێت.