ڕاپۆرتی جیهانی

02:08 - 27/03/2020

مەترسییەكانی دەستدان لەپارەو ئەگەرەكانی تووش بوون بە نەخۆشیی‌

پەیسەر

هەموومان رۆژانە لانی كەم جارێكیش بێت دەستمان بەر پارە دەكەوێت، ئەو پارەیەش رۆژانە دەستاو دەستی كردووە، بە جۆرێك لەوانەیە لە ڕۆژێكدا چەند دەستێكی ناسیبێت، پرسیار ئەوەیە ئایا پارە مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسەكانی هەیە؟ ئایا لە ڕووی زانستییەوە چی بكرێت بۆ ئەوەی خۆمان لە مەترسییەكانی گواستنەوەی ڤایرۆس و بەكتریاو نەخۆشییەكانی دیكە بپارێزین؟ 

لەم چەند رۆژەی پێشوودا بانكە چینیەكان دەستیانكردووە بە خاوێنكردنەوەی سەرجەم پارەكاش(كاغەز)یەكانی وڵاتەكەیان، ئەوەش لە پێناوی دڵنیابوونەوە لە دووبارە سەر هەڵنەدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان دا، لە هەمان كاتدا بانكی یەدەكی فیدراڵی ئەمەریكاش لە هەوڵی ئەوەدایە كە دڵنیاببێتەوە پارەی نێو بانكەكانیان خاوێنن و هەڵگری ڤایرۆسەكە نین،  هەروەها كۆریای باشووریش بۆ ماوەی دوو هەفتە سەرجەم مامەڵە داراییەكانیان لەناو بازاڕەكان ڕاگرتووە، لە ئێرانیش بانكەكان پارە لە خەڵك وەرناگرن. بە پێی توێژینەوەكان ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەی 7-10 رۆژ لەسەر كاغەزدەمێنێتەوە.

هاوڵاتییان كە هەركات دەستیان دا لە پارەوە راستەوخۆ دەست نەبەن بۆ دەموچاویان تا پاككەرەوە بەكارنەهێنن یان دەستەكانیان نەشۆن

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش لە بابەتێكیدا لەسەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر زاری وتەبێژیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی داوای كردووە لە هاوڵاتییان كە هەركات دەستیان دا لە پارەوە راستەوخۆ دەست نەبەن بۆ دەموچاویان تا پاككەرەوە بەكارنەهێنن یان دەستەكانیان نەشۆن، ئەوەش بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
سەرەڕای ئەو هەموو ترسەی كە هەیە لەڕێگەی دەستدان لە پارەوە بڵاو ببێـتەوە، بەڵام ئەوەش شتێكی ئەستەمە بتوانرێت رۆژانە دەست لە پارە نەدرێت بە تایبەتی لەشوێنێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە تەنها ڕێگەیە بۆ مامەڵە، بەتایبەتی بۆ مامەڵەی رۆژانەو لەناو بازاڕەجۆراوجۆرەكاندا. بەڵام ئەوەی كە شارەزایان پێشنیاریان كردووەو (WHO)ش پشتگیریی كردووە ئەوەیە دوای دەستدان لە هەر شتێك لە دەرەوەی ماڵ دەست نەبرێت بۆ دەم و چاوو تا دەستەكان خاوێن نەكرێنەوە، ئیتر بە شۆردنی درووست بێت یان بە بەكارهێنانی پاككەرەوە.

ڤایرۆسەكە لەسەر هەموو مادەیەكی بێ گیان وەك كانزا و شووشەو پلاستیك بۆ ماوەی 9 رۆژ دەمێننەوە.

پارەو كۆرۆنا:
هەر لەو كاتەوەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەبەردەستدا نیە بیسەلمێنێت یان ڕەتی بكاتەوە كە ڤایرۆسەكگە لەڕێگەی پارەوە دەگوازرێتەوە یان نە، وەك هەر ڤایرۆسێكی دیكە كەلەو پێش هەبوون، بەڵام ئەوەی كە هەیە ئەگەرێكی بەهێزە كە بۆ ماویەك لەسەر هەموو ڕووبەرەكانی چواردەوری كەسی تووش بوو دەمێنێـتەوەو هەر كەس لەوماوەیەدا بەركەوتنی هەبێت لەگەڵ ئەو ڕووبەرانەدا دەبێتە هەڵگری ڤایرۆسەكە و دواجار لەڕێگەی دەم و لووت و چاوەوە  دەگوازرێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێكی (الجزیرة) 22 راپۆرتی زانستی لەبەردەستدا هەن كە سەلماندوویانە ڤایرۆسەكان (سارس و مێرس) ك لەمەوپێش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوون و بوونەتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسەدان و دواتر مردنی لێكەوتووەتەوە سەلماندوویانە كە ئەو ڤایرۆسانە لەسەر هەموو جۆرە مادەیەك دەنیشن و بە هۆی بەركەوتنەوە ڤایرۆسەكە هەڵدەگیرێت و دەگوازرێتەوە بۆ كەسی بەركەوتوو، ئەو توێژینەوانە سەلماندوویانە كە ڤایرۆسەكە لەسەر هەموو مادەیەكی بێ گیان وەك كانزا و شووشەو پلاستیك بۆ ماوەی 9 رۆژ دەمێننەوە.

پارە كێشەی خۆی هەیە، كێشەیەك كە زۆرجار سەری لە مردنەوە دەردەچێت

مەترسییەكانی پارە:
پارە هەر ئەوەنییە كە خۆشبەختی بۆ مرۆڤەكان دەهێنێـت و دەتوانێت زۆرترین پێداویستیەكانی ژیان دابین بكات، بەڵكوو پارە كێشەی خۆی هەیە، كێشەیەك كە زۆرجار سەری لە مردنەوە دەردەچێت، زیانی تەندروستی پارە هەر لە ئێتستادا نیە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیدا بووە، بەڵكوو زۆر دەمێكە ترس لەسەر پارەو چۆنیەتی گواستنەوەی نەخۆشییە درمی و ڤایرۆسییەكان هەیە، توێژینەوەیەك لە مانگی نیسانی 2014 لە رۆژنامەی- وول ستریت جۆرناڵ- بڵاوكراوەتەوە كە پێنج توێژەری زانكۆی نیۆرك توێژینەویان لەسەر (68) پارچە پارەی بانكێك كردووە بۆیان دەركەوتووە (5)یان هەڵگری بەكتریای جۆراوجۆر بوون، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەركەس دەستی بەریان بكەوێت نەخۆشیان بخات، لە هەمان كاتدا (59)ی تریان بەكتریای مەترسیداری وەهایان لەسەر بووە كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەرگری جەستەو دواتر بەركەوتوو توانای بەرگری نامێنێت لەبەردەم شێرپەنجەو ئایدز دا، بەڵام (4)یان مەترسییان نەبووە.
بە پێی ڕاپۆرتێكی (الجزیرة) هەندێك ڤایرۆس هەن لەسەر پارە دەنیشن و بۆ ماوەی زۆردەمێننەوەو توانای ئەوەیان هەیە بگوازرێنەوە، هەروەها توێژینەوەیەكی بەریتانی هەیە كە باس لەوە دەكات پارە هەڵگری هەموو ئەو میكرۆب و بەكتریاو ڤایرۆسانەیە كە مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵك دروست دەكەن و بەتایبەتی لەو كەسانەوە دەگوازرێنەوە كە لەدوای هاتنە دەرەوە لە (WC)كان دەستەكانیان ناشۆن ، یان هیچ گرنگییەك بە پاك و خاوێنی دەستەكانیان نادەن.

پارە هەڵگری هەموو ئەو میكرۆب و بەكتریاو ڤایرۆسانەیە كە مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵك دروست دەكەن 

پرۆفیسۆر –بول ماتویلی- ڕایگەیاندووە كە لەگەڵ تیمەكەیدا 36 نموونەی هەڕەمەكیی دراویان وەرگرتووە، بۆیان دەركەوتووە بۆیان كە پارە زۆر پیسە و مەترسی زۆر گەورە بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە بەركریی جەستەیان كەمە، یان هەر نییانە، بۆیە داواشی كردووە هەركەس دەچێتە نەخۆشخانەكان یان سەردانی نەخۆش بەهیچ شێوەیەك پارەی پێنەبێت، چوون ئەگەری زۆر گەورە هەیە بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی نەخۆشی. بۆچارەسەری ئەو دۆخەش هەرچی پزیشك و شارەزایان هەیە باس لەوە دەكەن كە دوای دەستدان لە پارەوە دەبێت بەردەموچاوو نەكەوێت تا خاوێن دەكرێتەوە، ئیتر ئەو پارەیە كانزابێت یان كاغەز جیاوازیی ئەو تۆی نیە.

هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی جیاواز پارەی نەقدی و كاش نەماوە بۆ مامەڵەكردن، بەڵام لە وڵاتانی دواكەوتوو، یان بۆ مامەڵەی لابەلایی هێشتا بەكارهێنانی پارە هەر ماوەو بەردەوامە، گەرچی حسابی بانكی و كارتە بانكییەكان لەمەترسی دزین و هاككردن بەدەر نین، بەڵام هێشتا لەڕووی تەندرووستی و دڵنیاییەوە باشترە لە پارەی دەستاودەست.

هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا سەرەكیترین ڕێگەی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی دەست و بەركەوتنی مادەكانەوەیە، پارەش یەكێكە لەو مادانەی كە رۆژانە یان زوو زوو دەستی بەردەكەوێت و لەوانەشە لە ماوەیەكی كەمدا دەستاودەستی زۆر بكات و كەسیش نازانێت باری تەندروستی ئەوكەسانە چۆنە، بۆیە باشترین ڕێگەش بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئەوەیە كە دوای هەردەستدان لە پارە، یان مادەیەك، بەرلەوەی بەردەموچاو بكەون دەستەكان بە شۆرن یان بە مادەی خاوێنكردنەوە پاك بكرێنەوە.