ڕاپۆرتی جیهانی

04:07 - 26/03/2020

چیرۆكی یه‌كه‌م تووش بووی نه‌خۆشی كۆرۆنا له‌ ووهان‌

پەیسەر

رۆژنامه‌یه‌كی چینی چیرۆكی ئه‌و كه‌سه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بۆیه‌كه‌مجار له‌شاری ووهان توشی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو.

رۆژنامه‌ی "Pengpai" كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگى چینییه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ی بۆ یه‌كه‌مجار دووچاری نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، له‌ بازاڕی ماسی فرۆشانی شاری ووهان، رۆبیان ده‌فرۆشێت.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئافره‌ته‌كه‌ نازناوی (وی) هه‌یه‌ و له‌ بواری رۆبیانی زیندوو كار ده‌كات له‌ بازاڕی شاره‌كه‌ی و له‌رۆژی 11-12-2019 به‌هۆكارێكی نادیار دووچاری به‌رزبوونه‌وه‌ی تا بووه‌، به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌ دواتر ئه‌وه‌ روون بۆوه‌ كه‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی دڵنیابووەوه‌ی نه‌خۆشی كۆڤید 19 له‌بازاڕی ووهان بووه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ ده‌ریاییه‌كان.

رۆژی 31-12 لیژنه‌ی ته‌ندروستی شاری ووهان بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ گروپێكی 28 كه‌سیی له‌لیستی یه‌كه‌می ئه‌و كه‌سانه‌دان كه‌ دووچاری هه‌وكردنی سییه‌كان بوون، به‌هۆكارێكی نادیار، هۆكاری خێرا گه‌شه‌كردنی نازاندرێت، دوای ئه‌وه‌ لیژنەکە رایگه‌یاند، كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی روون نییه‌ كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گوازرێته‌وه‌، هه‌نگاوێك كه‌ له‌مانگی دواتر به‌شێوه‌ی كۆتایی یه‌كلایی بووەوه‌.

په‌یامنێرانی رۆژنامه‌كه‌ توانیویانه‌، ده‌ستیان بگات به‌ وێنه‌یه‌ك له‌لیستی یه‌كه‌می ئه‌و گروپه‌ی كه‌ دووچاری نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون و ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ 24 كه‌س له‌وانه‌ په‌یوه‌ندی دووروودرێژیان له‌ناو بازاڕی شاری ووهان و له‌به‌شی به‌رهه‌مه‌ ده‌ریاییه‌كان هه‌بووه‌،  خاتوو وی یه‌كه‌م كه‌سه‌ له‌لیسته‌كه‌دا.

ده‌گوترێت ئه‌و ئافره‌ته‌ بازرگانه‌ی رۆبیان، شوقه‌یه‌كی بۆماوه‌یه‌كی دووروودرێژ له‌نزیك بازاره‌كه‌ گرتووه‌ و له‌شوێنی كاره‌كه‌ی كه‌متر له‌ 500 مه‌تربووه‌.
كاتێك پله‌ی گه‌رمی جه‌سته‌ی به‌رزبووەته‌وه‌ و چۆته‌ نۆرینگه‌یه‌كی پزیشكی له‌ قاتی یه‌كه‌می ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی كه‌ تێیدا نیشته‌جێ بووه‌.

ئافره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت بژێوی رۆژانه‌ی به‌ بازرگانی دابین ده‌كات، بۆیه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌بێ كاری له‌ماڵه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌ هه‌ر كاتێك هه‌ستی به‌ تێكچوونی ته‌ندروستی كردووه‌ چووەته‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌رێگه‌ی ده‌رزیه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بۆكراوه‌ و رۆژی دواتر هه‌ست به‌باش بوونی ته‌ندروستی كردووه‌، به‌ڵام زانیویه‌تی ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌، و ته‌نانه‌ت دوای به‌كارهێنانی دوو ده‌رزی باش نه‌بووه‌ بۆیه‌ چۆته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تر و له‌وێش نه‌تواندراوه‌ تایه‌كه‌ی دابه‌زێندرێت.

دواتر لی بڕیاری داوه‌ كه‌ بچێته‌ ماڵه‌وه‌ و ده‌رمان به‌كاربهێنێت، له‌كۆتاییدا رۆژی 16-12 په‌نا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی"ووهان یونیون"ی سه‌ر به‌زانكۆی هواتشونگ بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆجیا ده‌بات.