ڕاپۆرتی جیهانی

03:52 - 24/03/2020

ملیاردێره‌كان له‌ترسی كۆرۆنا بۆ شوێنی ئارام هه‌ڵدێن‌

پەیسەر

له‌گه‌ڵ فراوان بوونی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی جیهان، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئومێدیان هه‌یه‌ له‌و ڤایرۆسه‌ رزگاریان بێت، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی گه‌شتكردنیان بۆ ناوچه‌ دووره‌كان، ئه‌و ناوچانەی ڤایرۆسه‌کەیان پێنه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڕه‌چاوكردنی رێكاره‌كانی داخستنی سنوره‌كان كه‌ وڵاتان گرتویانه‌ته‌ به‌ر بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ملیاردێره‌كان فڕۆكه‌ی تایبه‌ت و یه‌خت به‌كاربهێنن، بۆ گه‌شته‌كانیان بۆ ناوچه‌ ئارامه‌كان.

رۆژنامه‌ی ته‌لگرافی به‌ریتانیا ده‌ڵێت، كه‌رتی فڕۆكه‌وانی تایبه‌ت به‌م دواییانه‌ گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌ستانی گه‌شتی فڕۆكه‌وانی و داخستنی سنوری وڵاتان،  به‌جۆرێك خه‌ڵك په‌نا بۆ به‌كرێگرتنی فڕۆكه‌ی هێلیكۆپته‌ر ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بیانگوازێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی تا ئێستا ئاسمانه‌كانیان كراوه‌یه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ كۆمپانیای ئیلیت جیتس له‌ شاری له‌نده‌ن-ی گواستووەته‌وه‌، له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌فته‌ی رابردوو 260 پرسیاریان ده‌رباره‌ی به‌كرێگرتنی فڕۆكه‌ لێكراوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا له‌ هه‌فته‌یه‌كی ئاساییدا 20 پێشتر پرسیاریان لێكراوه‌.

كریستۆڤه‌ر ویلیامز مارتون به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت:"جۆرێك له‌ شڵه‌ژان ده‌بینین، خه‌ڵك له‌و ڤایرۆسه‌ ترساون و ده‌ڵێن به‌رێمان بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی خه‌رجییه‌كه‌ بكه‌ن"<<.

مارتون ده‌شڵێت:"هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌ندامه‌كانی خێزانی پادشایه‌تیمان به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت، بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌ دووره‌كانی كه‌ندا و دوورگه‌كانی كه‌ناراوه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا گواستنه‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ روونی كردووەته‌وه‌، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ 155 هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینییان داوه‌ وه‌ك خه‌رجی گه‌شته‌كانیان، له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ كه‌ندا و ئه‌مریكای لاتینی  و 200 هه‌زار جونه‌یه بۆ گه‌شته‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداو.

ئاده‌م تودیل سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای برایفت فلای كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌به‌ریتانیایه‌ ده‌ڵێت:"داواكاری زۆرمان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی تایبه‌ت به‌ رێژه‌ی سەدا 50 بۆ سەدا 60 زیاتر به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوو. زۆرینه‌ی گه‌شتیاران ده‌چنه‌ خانوی بنه‌ماڵه‌كانیان".

په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته‌وه‌، جونسان بیكیت به‌رێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای (برجس) بۆ یه‌خت له‌ به‌ریتانیا ده‌ڵێت، یه‌خت شوێنێكی جوانه‌ و خراپیش نییه‌ بۆ خۆ كه‌ره‌نتینه‌كردن له‌ كۆرۆنا، بەگوتەی بیكیت، خواستی زیاتر له‌سه‌ر ناوچه‌ دووره‌كان هه‌یه‌، بۆ گه‌شتی ده‌ریایی، وه‌ك ئالاسكا و دوورگه‌كانی باشوری زه‌ریای هێمن.

باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نها یه‌ك خێزان یه‌ختێكیان بۆ 9 هه‌فته‌ به‌كرێ گرتووه‌ و به‌كرێگرتنی تریش بۆ ماوه‌ی دووروودرێژ هه‌یه‌، یه‌ختی گه‌وره‌ ده‌تواندرێت كه‌ل وپه‌لی پێویستی بۆماوه‌ی چه‌ندین مانگ تێدا هه‌ڵبگیردرێت، ئه‌مه‌ش واتە خۆبه‌دوورگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ره‌كان، كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كاتی په‌یوه‌ندیكردن به‌كه‌سانی تره‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌وكه‌سه‌ی یه‌خت به‌كرێ ده‌گرێت، 100 هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی بۆیه‌ك هه‌فته‌ بدات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ خه‌رجی تیمی یه‌خته‌كه‌ كه‌ بۆ یه‌خته‌ گه‌وره‌كان بۆ 500 هه‌زار جونه‌یهی به‌رزده‌بێته‌وه‌.