ڕاپۆرتی جیهانی

01:02 - 24/03/2020

ڕوناكیییەك لەتاریكستانی كۆرۆنادا‌

پەیسەر

هەموومان ئەوە باش دەزانین كە سەرجەم مرۆڤایەتی لەچ حاڵەتێكی ناخۆشی هەمەلایەنەدایە، بەجۆرێك دەكرێت وەك تاریكیەك باسی بكەین كە سەراپای ژیانی داگیركردووە، بەڵام هێشتا لەنێو ئەو تاریكیەدا ئومێدێك بۆ ژیان و تروسكایی وا بەڕێوەیە كە هەقی خۆیەتی بەوردیی سەرنجی بدرێتێ.

 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووش بوون بە كۆرۆنا و تۆماركردنی مردن بەڵام ڕێژەی چاكبوونەوەو گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی دەروازیەكی زۆر باشە بۆ بەخشینەوەی ژیان و گەڕانەوەی ئومێد بۆ تووش بووەكان و مرۆڤایەتی بەگشتی ، ئاخر هێشتا ڕێژەی چاكبوونەوەكان چەند بەرامبەری مردنەكانە.

سەرەڕای ئەوەی كۆرۆنا زۆرینەی خەڵكی جیهانی لە سەرشەقام و شوێنی كاركردنەوە بردووەتە ماڵەوە، گومان لێكراوەكانیشی كەرەنتینە كردووە، بەڵام هاوكات چەندین دیاردەی گەورەی جیهانی سەریان هەڵداوە كەمایەی دڵخۆشین و لەوانەی بڵێین بارتەقای ئەو هەموو زیانە ئابووری و ژیارییانە كۆرۆنا داویەتی سوودی دەبێت و ئومێد بەژیان زیاتردەكات، بەجۆرێك لەوانەیە جیهان بۆ جارێكی دیكە هەناسەی خۆشی دابێتەوەو ئەبدەیتی بەخشین و ئۆڤەرەكانی كردبێتەوە.


كەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە:
سەرەڕای ئەوەی كۆرۆنا زیانی زۆری داوە لەوپانتاییە ژینگانەی كە بەمرۆڤ بەڕێوە دەچێت وەك شەتڵگە دەستكردەكان، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرینەی شوێنەكان بەهۆی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا داخراون، بەڕێژەیەكی زۆرباش ژینگە خاوێن بووەتەوە، لەچین و باكووری ئیتاڵیا بەشێوەیەكی بەرچاو ژینگە پاكبووەتەوە، زۆرینەی پێكهاتە كیمیاوییەكانی ناو هەوا بەڕێژەیەكی زۆرباش كەمیان كردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی زۆرینەی كارگەكان داخراون و بەشێكی هەر زۆری ئۆتۆمبێلەكان كارناكەن و فڕۆكەوانیش تاڕادەیەكی زۆر كەمی كردووە، بە پێی توێژینەوەیەك كە لە نیوۆرك ئەنجام دراوە پیس بوونی هەوا بە هۆی پاشماوەی ئەو گازەی كە لە ئۆتۆمبێلەكانەوە بڵاو دەبنەوە دابەزیوە بۆ 50% ئەگەر بەراوردی بكەین بە ساڵی پێشوو. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی كارمەندانی حكومی چوونەتەوە ناو ماڵەكانی خۆیان بەڵام چاوەڕێ دەكرێت بەهۆی كەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانیەكان پیسبوونی هەواو ئاسمانی وڵاتەكان زۆر كەم ببێتەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتی ئاسمانییان هەبووەو لە ئێستادا ئەوەندە كەمبوونەتەوە كە بگاتە ئاستی نەمان.


خاوێن بوونەوەی ئاو:
سەرەڕای خاوێن بوونەوەی ژینگە هەوایی سەرچاوە ئاوییەكان و روبارە گەورەو بچووكەكانیش ئاهێكیان بەبەردا هاتوەتەوە، دانیشتوانی شاری –بوندوقیە-ی ئیتاڵیا بە چاكی خاوێن بوونەوەی ڕووبارەكەیان دەبینن كە بەناو شارەكەیاندا تێدەپەڕێت، سەرجەم ئەو شەقامانەی كە گەشتیاریی بوون لە ئێستادا چۆڵن، پاشماوەكانی مرۆڤ چی بۆ سەر وشكانی و چی بۆ نێو ئاوەكان زۆر كەمیان كردووە، بەجۆرێك لەئێستادا بەچاو ماسییەكان دەبندرێن و لەكەناری ئاوەكاندا مەلە دەكەن و بە بێ ترس دەسوڕێنەوەو مژدەی قۆناغێكی دیكە بە خەڵك دەدەن.


كاری چاكە:
كۆرۆنا بیری زۆرینەی خەڵكی سەرزەوی خستەوە كە پاكوخاوێنی زۆر گرنگە، نەمانی كلێنس و سابوون و شلەمەنیەكانی خاوێن كردنەوە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، نیشانەی ئەوەیە كە مرۆڤ بیری كردوەتەوە خاوێنكاریی چەندە گرنگەو ئاگابوون لە رەوشی تەندروستی چەندە پێویستە. ئەم كارە بۆ مرۆڤە ئاسایی و تەندروست باشەكان لەوانەیە ئاسایی بێت بەڵام بۆ ئەوانەی تر كە چاوەڕێی كەسێكی دیكەن هاوكارییان بكات و بۆخۆیان ناتوانن كارەكانیان بكەن لەوانەیە سەخت بێت و بەشێك لەو جۆرە مرۆڤانە بخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا خەڵك و ڕێكخراوی خۆبەخش كەوتوونەتە هاوكاریی كردن و بەخشینەوەی پێداویستیەكان و گەیاندنی هاوكارییەكانیان بەو خەڵكانەی كە پێویستیانە، بڵاوبوونەوەی ژمارەی تەلەفۆن پەیج و ئەكاونتی خێرخوازیی لەم رۆژانەدا جێگەی سەرنجی هەمووان بوو، ئەوەش پێمان دەلێت چاكە كاریی و ئەنجامدانی هاوكاریی كردنی خەڵك بەرقەراوەو زیندوو كردنەوەشی بە كاری كۆرۆنا دەزانرێت.
لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆییش چەندین دوكان و ماركێت بانگەشەی ئەوەیان بڵاوكردوەتەوە هەركەس ناتوانێت شتومەك بكڕێت،یان توانای بازاڕكردنیان نیە ئاگاداریان بكەنەوە بۆ ئەوەی بۆ خۆیان كارەكانیان بۆ بكەن و یارمەتی و پێداویستیەكانیان پێبگەیەنن.


پێكەوەكاركردن:
هەرچەندە ژمارەی خەڵك و ڕێكخراوو كۆمپانیاو دامەزراوەكان زۆرن، تەنانەت كاركردن لەنێو ماڵەكانیش دا بووەتە شتێكی ئاسایی، بەڵام دواجار مرۆڤی ئەم سەردەمە زۆر دابڕاوەو خەمۆكی و تەنهایی دیاردەی مرۆڤی ئێستایە، تەنانەت لەناو خێزانەكانیش دا دابڕان و لەیەكتر دووریی شتێكی ئاسایی بوو، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆینەی ئەو دیاردانەی كەمكردوەتەوە تاڕادەی نەمان لە زۆر شوێندا، ئەوان بۆ كەمكردنەوەی ئسترێس و خەمۆكی و بێزاریی زۆر مانەوە لە یەك جێگە پەنا بۆ كاری پێكەوەیی و سەیری فیلمكردن بە كۆمەڵ و خڕبوونەوە لە دەوری سفرەی خواردن كۆدەبنەوە، تەنانەت لە هەندێك جێگەی وڵاتانی ئەوروپا لەپەنجەری ماڵەكانیانەو سەر دەردێنن و پێكەوە گۆرانی دەڵێن و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڤیدیۆی ئومێد بەخش بڵاوكراونەتەوە. لە هەمان كاتدا بە تەلەفۆن هەواڵی یەكتر زانین و قسەكردن لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و دروستكردنی چەندین گروپ چات و تۆڕی پەیوەندی دیكە.


گەڕانەوەی شكۆ:
ڤایرۆسی كۆرۆنا شكۆی زۆری لە دەسەڵاتداران و خەڵكی سیاسی و پارەدارو دەوڵەمەند وەرگرتەوە، ئەوانەی وا هەستیان دەكرد لە هەر دەردو بەڵایەك بەدوورن و هیچ شتێك ناتوانێت بیانوەستێنێت، بەڵام كۆرۆنا ڕایگرتن، ئەوانە گەیاندە ئەو بڕوایەی كە زۆر شتی بچووك هەیە لە ژیاندا دەتوانێت سەرتاپای ژیان بگۆڕێت و لە هەمان كاتیشدا بەچاو نابینرێت و پارێزەرەكانیشیان ناتوانن بەرگریی لێبكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا شكۆو پێگەی هەندێكی دیكەی خستەوە شوێنی خۆی، لەوانەش پیشەی پزیشكی و كارمەندانی تەندروستی و پیاوانی رۆژانی تەنگانە، هەروەها ئەو پۆلیس و كارمەندانەی دیكە كە لە شوێنە گشتیەكاندا كاردەكەن و ناهێڵن ژیان و پێداویستی گشتی پەكی بكەوێت.


دەستپێوەگرتن:
سەرەڕای ئەوەی لە زۆرینەی دونیادا وڵاتەكان پشتیوانی دارایی تەواوی خۆیان بۆ هاوڵاتیان دووپات كردوەتەوەو هیچ كێشەیەكی مووچەو بژێویی رۆژانەیان نیە، بەڵام دەستپێوەگرتن و پاشكەوت كردن بووەتە یەكێك لەو كارە باشانەی كە كۆرۆنا لەگەڵ خۆی هێناویەتی، لەو شوێنانەش كە هێشتا دامەزراوە بەڕێوەی نابات و خەڵك لەسەر مووچەی مانگانە دەژیی، وەك هەرێمی كوردستان، بەدواكەوتنی مووچەش هێشتا خەڵك ئومێدێكی هەیەو پێیان وایە قۆناغی داوی كۆرۆنا باشتر دەبێت، سەرەڕای بڕینی مووچەو پاشەكەوتكردن و هێنانە خوارەوەش بەڵام ژیان بەردەوامی هەیەو ئەوەش ڕێگەیەكی دیكەمان نیشان دەدات كە مرۆڤ دەتوانێت خۆی خەمی خۆی بخوات و چیتر ئومێد لەسەر حكومەت هەڵنەچنێت، پاشەكەوت و دەستپێوەگرتن بكاتە كەلتووری هەمیشەیی.

پێدەچێت لایەنە باشەكانی مانەوە لەماڵەكان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی شوێنە گشتیەكان هێندەزۆربن كە لە ژماردن نەیەن، بەڵام بە شێویەكی گشتی ئەگەر ماوەیەكی دیكە درێژتر ببێتەوە پێدەچێت ناوبنرێت جیهانی پێش كۆرۆناو جیهانی دوای كۆرۆنا، جیاوازییەكانیش ئەوەندە زۆر بن كە ژماردنیان هێندە ئاسان نەبێت.