02:40 - 23/03/2020
حەوت هەنگاوە سەرسوڕهێنەرەكەی چین بۆ كۆتایی هێنانی كۆرۆنا
چین سەرچاوەی دەركەوتنی ڤایرۆسی
كۆرۆنایە، بەڵام هەموو جیهانی گرتەوە، لەم رۆژانەدا دوایین نەخۆشی كردە دەرەوەی
نەخۆشخانەكان و لە شاری وهانیشەوە سەرۆك ڕایگەیاند هەموو شتێك ئاساییەو كۆتاییمان
بە كۆرۆنا هێنا، نهێنیەكانی سەركەوتنی چین كامانەن؟
چین سێیەم گەورە وڵاتی جیھانە لە ڕووی
ڕووبەرەوە، ئەمەش لەپاش ڕووسیا و کەنەدا دێت بەڵام لە ڕووی ژمارەوە لە هەموو
وڵاتانی دونیا زۆرترە كە زیاترە لە ملیارێك و سێ سەدملیۆن كەس، زۆرترین پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و ئاینی تێدایە، لەئێستادا
دەسەڵاتی چین لەسەر جۆری سۆشیالیستی کۆمۆنیستی دەڕوات. لەم وڵاتەدا سیستەمی
مەرکەزی پەیڕەو دەکرێت، و ھاوکاتیش چین وڵاتێکی تاکپارتییە، واتا فرەپارتی یان
فرەحیزبی نییە.
سنووری چین بە چواردە دەوڵەتەوە لکاوە
ئەوانیش لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ھەریەکە لە ڤیەتنام و لاوس و میانمار وە لە باشووریش ھەریەکە لە ھیندستان و نیپال و بووتان وە پاکستان دێن وەھەروەھا لە ناوەڕاستی ئاسیاش
چین بەستراوە بە ھەریەکە لە ئەفغانستان و تاجیکستان و کازاخستان و قرغیزستان وە
لە باکووری ئاسیا چین بە ھەریەکە لە کۆریای باکوور و ڕووسیای فار ڕۆژھەڵات لکاوە.
بەپێی سەرژمێری زۆرتر لەنیوەی
دانیشتیوانی چین ھیچ ئاینێکیان نیە، جگە لەوەش کۆمەڵەی تر ھەن پەیڕەوی کۆنفۆشی،
بوزی، مەسیحیەت و ئیسلام دەکەن. لە چین ھەڵبژاردنی ئاینی تاکەکەس ئازادە، بەڵام
لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونی ئاینی کەسی بەرامبەر دەبێت.
دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن
کۆمۆنیستەکانەوە، چین لەسەر بیردۆزی مارکس و ئەنگەڵس ئابووریەکی پتەوی داڕشت تاکو لە
قەیرانەکان ڕزگار بێت. بە ھۆی زۆریی دانیشتووانەوە، ئابووریی چین ھەردەم بەرەو
پێشەوە چووە. لە ڕووی زۆریی داھاتی بەرھەمھێنانەوە، ئابووریی چینی لە پلەی دووەم
دێت لەدوای ئەمریکا. ئەوەش نیگەرانی زۆری لای ئەمەریكیەكان دروست كردوو ساڵی ڕابوردوو دۆناڵد
ترامپ باجی زیاتری خستە سەر شمەكەكانی چین كە دێنە وڵاتەكەیەوە بەڵام هیچێك لەوانە
نەبوونە رێگر لەبەردەم بەرەو پێشچوونی ئابووریەكەی.
سەرەتای ئەمساڵ لە وهانی دووەم گەورە
شاری قەرەباڵغی ئەو وڵاتە پەتایەك سەری هەڵداو لەدوای ناساندنی گوترا (كۆڤید
19)یەو لەناو میدیاكاندا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسرا، هەرزوو ئەو ڤایرۆسە بە نێو چین
و دواتر بەناو زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوەی كرد، بەڵام دوای كەمتر لە سێ مانگ
چین (سەرچاوەی نەخۆشییەكە)ڕایگەیاند كەكۆنترۆڵی ڤایرۆسەكەیان كردووەو هیچ كەسێك لە
وڵاتەكەیدا نەماوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێـت، تەنها چەند حاڵەتێكی كەمی ماوەو
ئەویش ئەوانەن كە لە دەرەوەی چین گەڕاونەتەوەو هەموو ئەو كەسانەشیان كەرەنتینە
كردووەو بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی چین چووە
شاری وهان و ڕایگەیاند ڤایرۆسەكەیان كۆنترۆڵكرد.
لەئێستاشدا كە ڤایرۆسەكە بەنێو
جیهاندا بڵاوەی كردووە خەڵك پرسیاری ئەوەدەكەن چین چۆن توانی ئەو ڤایرۆسە كۆتایی
پێبهێنێت؟ ئەوان چ ڕێگەیەكیان گرتەبەر بۆ لەناوبردن و لە قاڵبدانی ڤایرۆسەكە؟
لە حاڵێكدا نهێنی سەركەوتنی چین بەسەر
ڤایرۆسی كۆرۆنادا بۆ هەموو جیهان مایەی شۆك و سەرسوڕمان بوو، هەمووان شایەتی ئەوەن
ڤایرۆسەكە لە چین باری كردووە، تازە لە وڵاتانی دیكە سەرهەڵدەدات، هەربۆیە
ئەزموونی ئەوان بۆ هەموو جیهان گرنگە. شارەزایانی تەندروستی و ئیدارەدانی بنبڕكردنی
كۆڤید 19 ئاماژەیان بە چەند خاڵێكی گرنگ داوە كە وەك خۆیان دەڵێن (حەوت هەنگاوەكەی
بۆڕدان)ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین. كەدەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:
1-ئەزموونی گەورەو لە پێشینەی چین
لەبارەی نەخۆشییە درمیی و گوازراوەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیان. پێش هەموو
شت توانییان هۆشیاری كۆمەڵانی خەڵك و ئابووری و زانست یەك بخەن بۆ ئابڵۆقەدانی
درمەكە. هەبۆیە ئەزموونی پێشینە بۆ وڵاتان و لایەنی پەیوەندیدار گرنگە.
2- پێشكەوتنی زانستی پزیشكی و كەرتی
تەندروستی كە لە هەشتاكانی ڕابوردووەوە تا ئێستا بەردەوام پەرەی پێدەدەن و
تائێستاش بەردەوامە، بەجۆرێك پێشكەوتنی چینیەكان لە هەموو جیهاندا جێگەی قسەو باس
و لێكۆڵینەوەیە، لە كاتێكدا كە چین خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی سەرزەوییە،
كەچی بەرهەمە زانستییەكانی بۆ زۆرینەی وڵاتانی سەرزەوی دەنێرێت و لەناو ئەوانەشدا
بەرهەمە تەكنۆلۆژییەكانی بواری پزیشكیی.
3- متمانەی نێوان خەڵك و دەسەڵات،
تێروانینی خەڵك بۆ (پزیشك – سەرباز – ئەندازیار)ەكان تێڕوانینێكی بە متمانەبوو،
ئەوانیش بەباشی كاری خۆیان كرد، ئەوان هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكەوە
پەیمانیان بەخەڵك دا كە لەماوەیەكی دیاریكراودا كۆتایی پێدەهێنن و هەربەوەی توانییان
كۆتایی نەخۆشییەكە دیاری بكەن و لەكاتی خۆشیدا كارەكەیان تەواو بكەن حكومەت و
لایەنی تەندروستی وڵات گەورەترین متمانەیان بۆخۆیان دروستكرد، هەموو هاوڵاتیان پابەند بوون بە كەرەنتینەی ناو
ماڵەكانیان و پابەندیەكەش بووە هۆی كارئاسانی بۆ حكومەت، وەك شارەزایانیش باسی
دەكەن ئەمە دەبێـتە پێشینەیەكی زۆر باش بۆ ڕوودانی هەر كارەساتێكی لەو جۆرە كە
گرنگترین شت تیایدا هەبوونی متمانەیە لە نێوان خەڵك و حكومەتدا.
4- چاونەترسی چین لە نەپچڕاندنی
پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ جیهان و بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی(WHO)، ئەوە لە كاتێكدا كە
هەموو وڵاتانی جیهان پەیوەندییەكانیان دادەخەن، ئامارەكان لەكەس نەشاردەوە، خەڵكی
تووشی شۆك و تۆقین نەكرد لە كاتێكدا كە نەخۆشییەكەشی بە هەند وەرگرت و توانی بە
ڕاگرتنی باڵانسی دەروونی خەڵك كارێك بكات هەمووان سەرسام بكات، ئەوەتا تا ئێستاش
خەڵكان ڕوو لەو وڵاتە دەكەن و هاوڵاتیانی وڵاتەكەشی دەگەڕێنەوەو كەرەنتینەیان
دەكات تا دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەمجارەیان لە دەرەوە ناگەرێتەوە بۆیان.
5- وڵاتی چین بەڵێ حكومەتێكی تاك حیزب بەڕیوەی دەبات، بەڵام ڕۆڵی حیزبی شیوعی
چین لە پشتیوانی كردنی حكومەت و لە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیاندا رۆڵێكی سەرەكی و دیارە، زۆرینەی
كارەكان و قەدەغەكردنی هاتووچۆ حیزبی شیوعی پشتیوان و هۆكاریی سەرەكی بووە،
بەتایبەتی لەڕێگەی فەرمانە حیزبییەكان و پابەندبوونی ئەو ژمارە زۆرەی حیزبی
كۆمۆنیست كەلەو وڵاتەدا هەیە.
6- بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیاو ئامێری
نوێ ، بەرنامەی چۆنیەتی خۆپاراستن و شارەزایی تەواو لە نەخۆشییەكە و نیشانەكانی لەنێو
ئەپێكی مۆبایلەكاندا هەبوو، كە بەهەموو سیستەمێك كاری دەكرد، وەك ئەركێكی
نیشتیمانی لە مۆبایلی هەموو هاوڵاتییەكی چینی دا دەبینرا، كاتێكیش لەڕێگەی ئەو
تێستانەوە كە لەناو ماڵەكانی خۆیاندا ئەنجامیان دەدا، هاوڵاتی حاڵەتی خۆی دەسنیشان
دەكرد كە ئاخۆ حاڵەتەكەی لە چ قۆناغێكدایە، نیشانەكانی ڤایرۆسەكەی تێدایە یان نە،
لەكاتێكدا ئەگەر هاوڵاتی نیشانەی سووری بۆ دەربچوایە ئەوا لەڕێگەی (جی پی ئێس)ی
ناو مۆبایلەكەیەوە بەخێرایی لایەنی پەیوەندیداری ئاگادار دەكردەوە، ئەو هاوڵاتییەش
بۆی نەبوو لە ژوورەكەی خۆی بجولێت، خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە بوایە ، ڕووبەڕووی سزای
یاساییان دەكردەوە.
7- دابڕین و كەرەنتینەی گشتی و توند
بۆ ئەو ناوچانەی كە حاڵەتەكەی تێدا دەردەكەوت زۆر سەركەوتوو بوو، شارەزایان
كەرەنتینەی گشتی بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان دادەنێن كە چین توانی بە ماوەیەكی
ئێجگار كەم سەرجەم هاوڵاتیەكانی لەسەر شەقام و شوێنی كارەوە بباتە ناوماڵەكان و
لەگەڵ ئەوەشدا پێداویستی رۆژانەو خۆراكییشیان بۆ بباتە ماڵەوە، ئەگەر كەسێكیش
سەرپێچی بكردایە، یان ڕێوشوێنە تەندروستیەكانی نەگرتایەتە بەر لەلایەن تیمی
تایبەتی و بە رۆبۆت یان لە ڕێگەی درۆنەوە ئاگادار دەكرانەوە.
شارەزایان و چاودێرانی رەوشی
تەندروستی و كۆنترۆڵكردنی ئەو ڤایرۆسە ئەو حەوت خاڵەیان بەسەرەكی ترین هەنگاوەكان
و نهێنی سەركەوتنی چین داناوە كە توانیویەتی لەناو ئەو هەموو دانیشتوانەدا
كۆنترۆڵی دۆخەكەی بكات و بە شادومانییەوە دوا نەخۆش بخاتەوە ناو خیزانەكانی خۆیان
و بە هێواشی و بە پێی پلان دەست بكەنەوە بە سەرجەم كایەكانی ژیان و لە سەرەتاوە
دەرگای ژمارەیەك لە قوتابخانەكانی كردووەتەوە و ئەوەتا تەنانەت كەرتی گەشتیاریشی
خستوەتە بەرنامەوە، بەم پێیە بڕوات هێندە نابات ژیان لە وڵاتی چیین و تەنانەت شاری
وهانیش دەستپێدەكاتەوە.