ڕاپۆرتی جیهانی

02:48 - 21/03/2020

كاریگەرییە نەرێنیەكانی كەرەنتینەو چۆنیەتی چارەسەركردنی‌

پەیسەر

مانەوەو نەهاتنە دەرەوە لەماڵ، یەكێكە لەو ڕێككارە تەندروستیە بەهێزانەی كە هەموو پسپۆڕانی تەندروستی جیهان كۆكن لەسەریی، كە ڕێگرییەكی بەهێزی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنایە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و دریژبوونەوەی ماوەكەی دەركەوت لەگەڵ خۆیدا كێشەی بچووك و گەورەی دەرونی دەهێنێت، ئەوانەی كەرەنتینەن خۆیان بە زیندان دێتە بەرچاوو پێیان وایە ناهەقییان بەرامبەر دەكرێت، ئاخۆ ئەم دیاردەیە چ كاریگەرییەكی دەرونی جێدەهێڵێت و ئەوانەش كە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن پێشنیاریان چییە؟

كۆرۆنا زۆرینەی خەڵكی جیهانی ناچاركرد لەناو ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كێشەی ئابووری  كۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ هەموو جیهان لەگەڵ خۆیدا هێنا، زۆرینەی خەڵكی جیهانی ناچاركرد لەناو ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە، مانەوە ناو ماڵ و كەرەنتینەكانیش بۆ هەمووان كێشەی دەروونی كاتی هێناوەتە ئاراوەو بۆ ئەوانەشی كە خۆیان كێشەی دەروونییان هەیە خراپتر و بووە باری سەرباران، بەڵام مرۆڤە بزۆز و ئازاكان ئەوانەن كە ناهێڵن كاریگەرییان لەسەر دروست بكات.


ئەوەی كێشەكەی گەورەتر كردووە ئەوەیە كۆتایی نەخۆشییەكەو تەمەنی ڤایرۆسەكە دیارنیە، هەرچی بەرنامەو پلانی رۆژانەو هەفتانەو مانگانەیە تێكی دەدات و مرۆڤ نازانێت چی بكات، مانەوە لەماڵ و دووركەوتنەوە لە كاری رۆژانەو دانیشتن لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سەیركردنی سۆشیاڵ میدیا ، ئەوەندەی تر كێشەی دەرونی مرۆڤەكان زیاد دەكات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە ئامادەگی پێش وەختەیان هەیە بۆ وەرگرتنی هەواڵ و ڕوداوە نەرێنیەكان. تەنانەت كاتی پشوو خەوتن و لە خەوهەستانیش تێكدەدات. درێژەكێشانی ئەو دۆخەش وادەكات مرۆڤە ناسك و هەستیارەكان بۆچوونیان وابێت كە زیاتر درێژە دەكێشێت و تەنانەت هەندێكیان واهەست بكەن ئیتر مرۆڤایەتی كۆتایی دێت.

ئەوانەیان كە حاڵیان خراپترە و هەستیاریەكەیان باڵاترە باوەڕ بە ڕێنماییە پزیشكیەكانیش ناكەن

مانەوە لەماڵەوە هەر ئەوە نیە مرۆڤ لە چوار چێوەی دیوارێك یان حەوشەیەكدا خۆی و خێزانەكەی قەتیس بكات، بەڵكو ئەوانەی هەستیاریی زیاتریان هەیەو دەرونیان ناسكترە پێیان وایە نەخۆشییەكە چواردەوریی گرتوون و هەر ئێستا نە تۆزێكی دی دێتە ژوورەوە بۆیان، بەشێك لەوانە كێشەی لەدەستدانی كارەكانیان هەیەو بەشێكی دیكەشیان بە نەبینینی هاوڕێ و هاوكارەكانیان تووشی خەمۆكی دەبن و ژیان و گوزەرانیان بەرەو خراپتر دەچێت، تەنانەت ئەوانەیان كە حاڵیان خراپترە و هەستیاریەكەیان باڵاترە باوەڕ بە ڕێنماییە پزیشكیەكانیش ناكەن، ئەوان پێیان وایە ڤایرۆسەكە  لە پەرنجەرەو دەرگاكەوە بۆیان دێتە ژوورەوە، یان هەموو كەس هەڵگری ڤایرۆسەكەیەو لەوانەیە بۆهۆی هەواشەوە بڵاو ببێـتەوە یان لە ڕێگەی دڵۆپەی بارانیشەوە بێتە خوارەوە.
 بە پێی بۆچوونی پزیشكە دەرونیەكان و شارەزایانی بواری دەروونی ئەم حاڵەتانە مەترسیدارن و دوور نیە سەر بۆ خراپتر بكێشێت و تەنانەت  بیر لە خۆكوشتنیش بكەنەوە. لە ئێستادا ژمارەیەكیان بیر لەوەش دەكەنەوە كە ڤایرۆسی دیكەش بەڕێوەیەو لەم ڤایرۆسەش كوشندەترە، تەنانەت سەرجەم قسەو باسەكانی دەگەڕێنەوە سەر باس و خواسی كۆرۆناكەو زۆرجاریش دەكەوێتە ژێركاریگەریی نیشانەكانی كۆرۆناو لەوانەیە بۆچوونی خەیاڵاوی زۆر بەرۆكی بگرێت و پێی وابێت تووشی نەخۆشییەكە بووە یان هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.


لێكۆڵینەوەكانی وڵاتی چین ئەوەمان بۆ ڕوون دەكەنەوە كە ئەوانەی زۆر لەناو ماڵەكان و شوێنی كەرەنتینەكانیان ماونەتەوە كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی زۆریان بۆ دروست بووەو تەنانەت لە سەرژمێرییەكدا دەركەوتووە كە ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە. بەپێی توێژینەوەكان ئەو سایت و ئەكاونتانەی وەڵامدەرەوەی كێشە دەرونیەكانن سەردانی كەرانیان زۆرتربووە و لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە پرسیاری زۆر ئاڕاستەی پزیشكە ئۆنلاینەكانی بواری دەروونی دەكرێت و هەمووشی بۆ كاریگەرییەكانی مانەوەو خۆ كەرنتینەكردنی كەسەكان و زیاد لە پێویست گەورەكردنی نەخۆشییەكەبووە.

دوای ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هەستی بە مەترسییەكانی مانەوەو كەرەنتینەی درێژخایەنی هاوڵاتیان كرد، چەند ڕێنماییەكی بڵاوكردوەتەوەو تیایاندا داوای كردووە خەڵك لەماڵەوەش وەرزش بكەن، با بەشێوەیەكی كەم و بچووكیش بێت، چوون وەرزش بەرگریی جەستە بەرزدەكاتەوەو خەمۆكی دووردەخاتەوە، هەروەها وەرزش هانی مرۆڤەكان دەدات كە ئەرێنیانە بیر بكەنەوەو دوور بكەونەوە لە بیركردنەوەی نەرێنی، مەعنەویاتی مرۆڤ بەرزدەكاتەوە و ئەبێتە هۆی ئەوەی خەیاڵە خراپەكانی لێ دووربكەوێـتەوەو هەرسكردنی باش دەبێت.


بەهەمان شێوە پسپۆڕانی بواری دەرونی باس لەوەش دەكەن مرۆڤ هەرچی كردووە دەبێت لەكاتی مانەوەیدا لەماڵەوە خۆی سەرقاڵ بكاتە بە شتێكەوە لە نموونەی خوێندنەوە، وێنەكێشان ، سەیركردنی فیلمی هاندەری تێپەڕاندنی كێشەكان، هاوكاریكرددنی خێزان لە بواری بەهێزكردنی زمانێكی دیكە، یان فێربوونی بەرنامەیەكی كۆمپیورتەیی، یاخود ڕێكخستنەوەی كتێبخانەی نێو ماڵ و  هاوكاریكردنی هاوسەرەكان و هەركارێكی دیكە كە سوود ببەخشێت و بتوانیت خۆت لە سەرقاڵییەكانی خەمۆكی و نالەبارییەكانی ژیانی مانەوە دەربازبكەیت.