10:50 - 21/03/2020
نزیكەی نیوەی جیهان دەستیان ناشۆن و گاڵتەشیان بە كۆرۆنا دێت
لە ئیستادا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنگی
بە جیهان هەڵچنیوە، هەرچی دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتی دونیا هەیە بەگیریی هێناون، لە
هەمان كاتدا هەرچی سیستەمی تەندروستی دونیاش هەیە داوا لە تاك بەتاكی مرۆڤەكان
دەكەن وەك سەرەتایی ترین خۆپارێزیی رۆژانەو بۆچەند جارێك دەستەكانیان بە ئاوو
سابوون بشۆن و لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ژمارەیەكی
ئێجگار زۆر مرۆڤ هەن نەك ناتوانن ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بكەن، بەڵكو بە یەك خێزانی
تەواویش سابونێكیان دەست ناكەوێت و كوخێكیش شك نابەن ئۆقرەی تێدا بگرن.
هەرچەندە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێستادا
وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپای بەگیر هێناوە، بەجۆرێك بەشێكیان هاواریان لێهەستاوە
كەتوانای بەرگەگرتنییان نیەو لەڕێوە گوتویانە فاتیحەتان بۆ دەخوێنین و دوعای
خێرتان بۆدەكەین، بەڵام لەوە نیگەران ترو نالەبارتر وڵاتانی دواكەوتووی جیهان و
ئەو گەلە ڕەش و ڕووتانەیە كە تا ئێستاش 40%ی دانیشتوانی سەرزەوی پێكدەهێنن و
رۆژانە بەدوای پارووە نانێكەون و بە پێی ئامارە جیهانی و باوەڕپێكراوەكانی دونیاش –یونسێف-
ناتوانن رۆژانە یەك جار دەستیان بە سابوون بشۆن و ناشتوانن یەك رۆژ خۆیان
كەرەنتینە بكەن.
سام گۆدفریی بەرپرسی سەرچاوەی
ئاوییەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كیشوەری ئەفەریقا لە ڕێكخراوی یونسێف باس لەوە
دەكات كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك هەن كە ئاوی خاوێنیان نیە بۆ خواردنەوەو سابونێكیشیان
نییە دەستی پێ بشۆن، بۆیە ناتوانن ئەو ڕێككارە سەرەتاییەش بگرنە بەر بۆ ئەوەی
ڤایرۆسی كۆرۆنایان پێنەگات، ئەوە لە كاتێكدا كە هەر گاڵتەشیان بە دەست شۆردن دێت !
ئەو بەرپرسەی یونسێف باس لەوەش دەكات نەك هەر ئەوان بەڵكو نوێنەرو لێپرسراوە
تەندروستیەكانی خۆشمان زۆر بەناڕەحەت دەتوانن دەستەكانیان بە ئاوو سابوون بشۆن.
یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسەكەش لەو كیشوەرە
تۆمار كراوە لەڕێگەی كەسێكەوە كە لە دەرەوەی كیشوەرەكەیان بە سەفەر گەڕاوەتەوە،
ئەوان لەڕووی كۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی سەردەمیانەوە زۆر لاوازن و پێیان وایە
ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكە لە دەوڵەمەندەكان دەدات و دواتر دەپەڕێتەوە بۆ
هەژارەكان، ئەو كەسانەی كە زۆر بەسەختی لەبەردەم هەڕەشەی ڤایرۆسەكەدان، شارۆچكە
قەرەباڵغە بێخزمەتەكان و چادرگەی ئاوارەكانیانە، لە باشووری ئەفەریقا بەدخۆراكی و
خراپی ڕەوشی تەندروستی شتێكی باوەو تا ئیستاش بەسەختی درێژەی هەیە.
بە پێیی ئامارێكی یونسێفی سەربە
نەتەوە یەكگرتوەكان لە باشووری بیابانی ئەفەریقی 65% ی دانیشتوانەكەی كە 258 ملیۆن
كەسن ناتوانن دەستەكانیان بە سابوون و ئاو بشۆن ئەمە لە كاتێكدا لە ئاسیای ناوەراست و باشووردا تەنها 22% ی دانیشتوانەكەی ناتوانن دەستەكانیان بە ئاوو
سابوون بشۆن كە ژمارەی دانیشتوانەكانیان 153 ملیۆن كەسە.
لە شاری مارتای نزیك لە نایرۆبی
باشووری ئەفەریقا، زۆرینەیان ڤایرۆسەكەیان بە هەند وەرنەگرتووە پێیان فشەیە، ئەوان
پێیان وایە ڤایرۆسەكە تووشی خەڵكی دەوڵەمەند و ناسك دەبێت، بە هەژارەكان ناوێرێت !
بەڵام ئەوەی كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی نیگەران كردووە ئەوەیە كە
پەتاو دەردە گەورەو خراپەكان زۆرینەی لە وڵاتە هەژارەكانەوە سەرچاوەیان گرتووەو
دواتر ڕوویان لە وڵاتە پێشكەوتوەكان كردووە و دواجاریش بۆیان كۆنترۆڵ نەكراوە. لە
هەفتەی ڕابوردوودا سەرچاوە تەندروستیەكان ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ڕێژەی ئایدز و
بەدخۆراكی منداڵان لەو كیشوەرەدا ئێجگار بەرزەو ئەوەش جێگەی نیگەرانییە، لەبەر
ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی لەسەر ئەو كەسانە زۆر دادەنێت كە نەخۆشی دیكەیان
هەیەو بەو هۆیەوە بەرگریی جەستەیان نیە یاخود لاوازە.
هەرچەندە بڵاو نەبوونەوەی
بەربڵاوی ڤایرۆسەكە لە هندستان و ئەندەنوسیای نزیك لە چین بەو شێوەیە نەبوون، ئەوە
لە كاتێكدا لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی وەك ئیتاڵیاو هۆڵەندا و بەریتانیادا ڤایرۆسە
زۆر بەربڵاوەو هەموویانی تۆقاندووەو ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان دەست
ناكەوێت! كەچی لە وڵاتە دواكەوتووەكانی
باشووری ئەفەریقادا ڕێكخراوی تەندروستی جیهان داوا دەكات دەستیان بە ئاوو سابوون
بشۆن، كەچی نەك هەر دەست ناكەوێت بەڵكو گاڵتەشیان بە مەسەلەكە دێت. هەچەندە ئەو
ڕێكخراوە جیهانییە لە بیری ئەوەدایە كە سابوون بۆ خەڵكە هەژارەكە دابین بكات،
بەڵام لەیبەر ئەوەی زۆرینەی سابوونەكە لە كۆمپانیا چینیەكانەوە دابین دەكرا، ئێستا
بەهۆی راوەستانی سەرجەم بوارەكانی پەیوەندی ئەوەش ڕاوەستاوە. وەك ڕێكخراوەكە باسی
دەكات دەست شۆردن بە بێ سابوون و تەنها بە ئاو سوودێكی ئەوتۆی نیە لەبەر ئەوەی
ئەزموونیان كردووە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلاو كۆلێرادا.
لە كۆنگۆی دیموكراتیدا و لەسەردەمی
بڵاوبوونەوەی -ئیبۆلا- تەوقەكردن قەدەغە كراو سودێكی باشیشی هەبوو بۆ سنوورداركردنی،
لە ئێستاشدا لەنێو خەڵكی ئەو وڵاتەدا دەڵێن بە سڵاوكردنەكەی ئیبۆلا ڕێگریی دەكەین
لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.
ڕێكخروای تەندروستی جیهان داوا لە
وڵاتان دەكات كە هاوكاریان بن لە دابینكردنی سابووندا بۆیان تا گیانی ملیۆنەها
خەڵك بە دسەتشۆردنێكی ئاسایی بپارێزن و بۆ ئەو مەبەستە هاشتاگی پاككەرەوەی
دەستەكان بۆ وڵاتە دواكەوتوەكان- لە جیهان و لە وڵاتی كینیا زۆر بەربڵاوە. كەچی تا
ئێستاش ژمارەیەكی زۆر خەڵك هەن باوەڕیان وایە پێویستیان بەدەست شۆردن نیەو ئەو
ڤایرۆسە تەنها دەوڵەمەندەكان دەگرێتەوەو بەوان ناوێرێت .