01:33 - 18/03/2020
تەندروستی، نەخۆشی، دەرمان و هۆکارەکەلتوورییەکان
مرۆڤ بە هۆی هۆکارە جیاوازەکانی وەک مێژوو، جۆگرافیا،
نەژادو مەزهەب و... لە کۆمەڵگای جیاوازدا دەژی وژیانی لەم کۆمەڵگایانەدا بەندە بەم
هۆکارانەوەوهەر کۆمەڵگایەکیش بۆ خۆی پێکهاتەو رێکاری تایبەت بەخۆی هەیە کە لە
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. کاکڵەو ناوەرۆکی ئەم پەیوەندییە
کۆمەڵایەتیانەش لە ''کەلتوور''پێکدێت.
کەلتوور بەکۆی
ئەو زانست وباوەڕو یاساو رێساو خورافات وکەرەستەو شێوازی ئەنجامدانی کارو کردەوانە
دەوترێت کە هەر کۆمەڵ و کۆمەڵگایەک ژیانی پێوە دەکات، وەک رێگای پێشگرتن لە
نەخۆشییەکان وچارەسەرکردنیان. بە واتایەکی تر کەلتوور بەو بیرکردنەوەو کردەو
کاردانەوانەی دەوترێت کە تاک، کۆمەڵ یان کۆمەڵگا بۆ خۆگونجاندنی لە گەل ژینگەکەی
کەڵکی لێ وەردەگرێت. ئەم کەلتوورەش وەک میراتی مرۆڤایەتی، دەتوانێ لەنێوان
کۆمەڵگاکاندا خاڵی هاوبەش وجیاوازی هەبێت.
بۆنموونە گەڕان بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکاندا، رەفتارێکی هاوبەشە، بەڵام رێگای
گەڕان و بەکارهێنانی چارەسەرەکان تەنانەت لەنێوان ناوچەوتوێژەکانی کۆمەڵگایەکیشدا
جیاوازی تێدەکەوێت.
تەندروستی و نەخۆشی
'' بوقرات '' پێی وابوو مرۆڤی تەندروست هاوئاهەنگی و نەزمێک لە لەشیا هەیە و هەرکات ئەمە تێکچوو، نەخۆش دەکەوێت.
لەناو خەڵکی ئاساییدا نەخۆشی بارودۆخێکە کە لەودا مرۆڤ
هەست بە ئێش وناڕەحەتی بکات. بەم پێیە کەسێکی نەخۆش دەبێ ئێش و ئازاری هەبێ و
ئەگەر ئازارو ناڕەحەتی نەبێت تەندروستە. لەحاڵێکدا هەندێ لە نەخۆشییەکانی پێست،
رەنگە ئازاری نەبێ وتەنانەت هەندێ نەخۆشی دەروونیش هەیە کە رەنگە مرۆڤ لەودا کەیف
خۆش دیار بێت. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە بۆچوونەکان لەسەر تەندروستی و نەخۆشی
بەدریژایی مێژوو جیاوازی تێدا بووەو جیاکردنەوەی تەندروستی لە نەخۆشی کارێکی هێندە
ئاسان نیەو پەیوەندی بە هۆکاری وەک کەلتوور، وشیاری، باری ژیان و رۆشنبیری تاک
وکۆمەڵگاوە هەیە. بۆنموونە رەنگە ئێستاش لە خیزان یان کۆمەڵگایەکدا ناڕێکی
ددانەکان ومووەخۆرەو شەوکوێری وبالووکەو.... بە نەخۆشی دانەنرێت، بەڵام لە بنەماڵەیەکی
ترداولە شوێنی دیکەدا ئەمانە بە نەخۆشی دابنرێت.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، وەک سەرچاوەی بڕیارو لایەنی
بەرپرس لەم پرسە، پێی وایە کە تەندروستی بریتییە لە هەبوونی ئاسایشی تەواو لە
بواری جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیدا نەک تەنیا نەبوونی نەخۆشی وکەم ئەندامی.
تەندروستی جەستەیی یانێ هەموو ئەندامەکانی لەش بە دروستی
ئیش بکات. بۆ نموونە هەبوونی رواڵەتێکی
باش و سروشتی، کێشی گونجاو، ئیشتیای پێویست، خەوی رێکوپێک، لێدانی ئاسایی دڵ و
پەستانی ئاسایی خوێن و... بە نیشانەی تەندروستی جەستەیی دادەنرێت. مەبەست لە تەندروستی
دەروونیش، تەنیا نەبوونی نەخۆشی دەروونی نیە، بەڵکو توانایی خۆگونجاندن لەگەل
هەلومەرجی ژینگەیی، هەبوونی کاردانەوەی گونجاو لەبەرامبەر کێشەو رووداوەکانی
ژیاندا بەشێکی گرنگە لە تەندروستی دەروونی. هەروەها سازگاری و گونجانی تاک لەگەل
خۆی و کەسانی تردا، کاردانەوەو بڕیاردانی دروست لە کاتی بەرەو رووبوونەوە لە تەک
کێشەکاناو هەبوونی گیانی رەخنە وەرگرتن بە نیشانەی تەندروستی دەروونی دائەنرێت.
مەبەست لە لایەنی مەعنەویش ئەوەیە کە بۆ نموونە هەرکات کەسێک هەست بە پووچی بکاو
ورەی دابەزێت، ئەوا رێ بۆ نەخۆشی خۆش دەکات. هەر بۆیە، هەبوونی باوەڕ، نیازپاکی و
ئامانج لە ژیانداو.... بە نیشانەی تەندروستی مەعنەویی ئەژمار دەکرێت. کاتێ باس لە
رەهەندی کۆمەلایەتی تەندروستیش دەکرێ یانێ هەم لە بەرچاوگرتنی پەیوەندی تەندروستی
تاک لە گەل خیزان، قوتابخانە، شوێنی کارو کۆمەڵگاو هەم تەندروستی گشتی کۆمەڵگایش. کەوابووئەو هەنگاوانەی کەبۆپاراستنی تەندروستی هەڵدەگیرێت
ئەبێ هەمووبوارەکانی تەندروستی تاک (جەستەیی،دەروونیوموعنەوی) وکۆمەڵگای لەبەرچاوبێت.
نەخۆشی و هۆکارە کەلتوورییەکان
رەنگە هەر ئێستا کە ئەم بابەتە دەخوێننەوە لە ترسی
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیاتر لە سەد وڵاتی جیهاندا بڵاو بووەتەوە، لە ماڵەوە چاودێریی
تەندروستی خۆتان بکەن. یەکێک ئەم ڤایرۆسە بە جەنگی میکرۆبی وڵاتێک لەدژی وڵاتی تر دەزانێت،
یەکێک بە بەڵایەکی ئیلاهی دەزانێت کە دەیەوێت خەڵک تاقی بکاتەوە. یەکێکی تر دیدی
زانستی بۆی هەیە.
لەبەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە تازەیەو ڤاکسین و دەرمانی بۆ
دروست نەکراوە، یەکێک دەرمانەکەی لە خواردنی سیردا دەبینێت، ئەوی تر دووکەڵی
قەرسەقول بە چارەسەر دەزانێ و کەسی وایش هەیە میزی مانگا دەنوێنێ وهی وایش پەیدا دەبێ
کە خەڵک هان دەدا لە فڵانە لاپەڕەی قورئانا بە دوای تاڵێ لە ریشی ئیمام زەمانا
بگەڕێن ولە ئاوی بخەن و ئاوەکە بخۆنەوە.
هەر چەند دەسکەوتە زانستییەکانی مرۆڤ لە بواری تەندروستی
وچارەسەردا بە هێچ جۆر لەگەل سەد ساڵ و دووسەد ساڵی رابردوو بەراورد ناکرێ، بەڵام ئەو سەردەمانەش هەر ئاوەها لەبارەی هۆکارەکانی
نەخۆشی و چارەسەرەکانەوە قسە دەکرا. ئەم بۆچوون و کاردانەوانە لە ماوەی زەماندا
بەردەوامی پێدراو بوو بە بەشێک لە کەلتووری تاک و کۆمەڵگاکان. ناسینی هۆکارەکانی
نەخۆشی لە کەلتوورە جیاوازەکاندا رەهەندو لایەنی جیاوازی هەیە. مرۆڤ هەر لەسەرتای ژیانیەوە بیری لە هۆکاری جۆراوجۆر کردوەتەوە بۆ
نەخۆشییەکانی ومێژووی ئەم پرسەش، مێژووی مرۆڤەو تا ئێستاش بەردەوامە.
هەندێ لە نەخۆشییەکان ئەنجامی تووڕەیی خوایە لە بەندەکانی
شوێنەوارناسان
تابلۆی جۆراوجۆریان لە سومرییەکان پەیداکرد کە باسی لەوە دەکرد: هەندێ لە
خواوەندەکان نەخۆشییەکانیان بۆ سزادانی گوناحبارن، لەناو خەڵکدا بڵاودەکردەوەو وەک
پاداشت دانەوەی چاکەکارانیش، هەندێ لە نەخۆشییەکانیان چارەسەر دەکرد. هەرئێستاش لەناو
کۆمەڵگای خۆمانداو لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرماندا رۆژانە لە پەیوەندی لە گەل نەخۆشی و چارەسەرەکاندا ئەم
بیرو باوەرو کاردانەوانە دەبینین و دەبیسین.
بەگشتی خەڵک لە ئێستادا هۆکارو چارەسەرکانی نەخۆشی لە
زانست وکەلتوورو مەزهەب وخورافاتدا دەبینێت. رەنگە لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوە بێت،
بۆچی مرۆڤ بۆ نەخۆشی و چارەسەرکردنی هەر رێگایەک بە بیریدا دێت بێ گوێدان بەوەی کە
چارەسازە یان نا دەیگرێتە بەر؟ رەنگە ناوەرۆکی وەڵامەکە ئەوە بێت،کە مرۆڤ لە
مردن و فەوتان دەترسێت.
ئەوەی کە لەم بابەتەدا مەبەستە باسکردنە لە هۆکارە
کەلتوورییەکان، چوونکە ئەمڕۆ ئەوە روون بووەتەوە کە هۆکاری کەلتووری لە هەموو کارو
کاردانەوەکانی مرۆڤدا، بە تەندروستی ونەخۆشی و چارەسەرەکانیشەوە دەوری هەیە. هەندێ
لەو رەفتارو نەریتانە ریشەی چەند سەدساڵەو بگرە چەند هەزارساڵەی هەیەو رەنگە
بایەخەکانی بە تەجروبە دەرکەوتبێت بۆیە بەردەوامی پیدراوە. رەنگە هەندێ لەو کارانە
بێ سوودو تەنانەت زیانباریش بێ و ئێستاش بووبێت بە کۆسپ لە سەر رێگای بەرنامەکانی
لایەنی بەرپرس لە تەندروستی، بەڵام وەک راستییەک هەیە.
بەهەر حاڵ،
بەشێک لەو هۆکارە کەلتووریانەی کە مرۆڤ بانترو بەدەر لە سروشتی دەزانێ و پێی وایە لە سەرهەڵدانی
نەخۆشییەکانا دەوری هەیە،ئەمانەن: تووڕەیی وغەزەبی خواوەندەکان، گوناحی رابردوو،
چاولێدان، جن ودەست لێ وەشاندن و...
آ)تووڕەیی خواوغەزەبی ئیلاهی؛ خەڵکێکی زۆر هەیە، بە خوێندەوارو نەخوێندەواریشەوە کە باوەڕیان وایە هەندێ لە نەخۆشییەکان ئەنجامی تووڕەیی خوایە لە بەندەکانی، لەبەر ئەوەی خراپە دەکەن وسەرپێچی فەرمانەکانی دەکەن. کە نەخۆشی تاعوون هات وتیان خوا قارغەزەبی لێمان گرتووە و بۆ نەخۆشی کۆرۆناش ئەم قسەیە دەبیسین.
ب)گوناحکردن؛ هەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن کە گوناحەکانی رابردووی مرۆڤ هۆکاری سەرهەڵدانی هەندێ لە نەخۆشییەکانە، وەک سیل وگولی. رەنگە کاتێ لە کۆمەڵگای خۆماندا لە گەورەکانمان دەبیست کە بە مناڵەکانیان دەوت '' درۆ مەکەن با خوا گولتان نەکا'' یان لە وەڵامی کەسێکدا کە پێیان وابوو درۆ دەکات یان کارێکی خراپی دەکرد دەیان وت'' خوا گولت بکا '' سەلمێنەری ئەم دیاردە کەلتوورییە کۆمەڵگا بێت.
ج) چاولێدان؛ ئەم باوەڕە لە ناو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناڤیندا باوەڕێکی ناسراو و باوە. بە پێی ئەم باوەڕە ماڵ و مناڵ زیاتر دەکەونە بەر چاووچڵە.
د)شەیتان و جن؛ خەڵکانێک هۆکاری هەندێ لە نەخۆشییەکانی وەک سەرئێشەو فێ و بوورانەوە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە شەیتان دەستی لە نەخۆشەکە وەشاندبێت یان جن چووبێتە لەشیەوە. باوەڕ وایە کە ئەم نەخۆشانە بە تاریکی بە شوێنێکدا تێپەڕیون، یان ئاوی گەرم وچڵۆسکیان فڕێداوەتە شوێنی جنۆکەکان وکەلاوا کۆنەکان یان رەنگە ژنێک بێت کە شیری خۆی دادۆشیبێتە سەر خۆڵەمێشی گەرم و...
پرسیار ئەوەیە ئەمجۆرەباوەڕانە چۆن دروست دەبن؟ سەرەڕای پێشکەوتنی زانست، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە خەڵک دەزانن کە ئەم باوڕانە نە ئاقڵانەیەو نە بنەمایەکی زانستی هەیە کەچی شوێنی دەکەون، بۆچی؟
هۆکارو بەستێنەکانی خورافات
ا) لەروانگەی دەروونناسانەوە:
لەڕوانگەی بەشێک لە دەروونناسانەوە پەیدابوون وپەرەسەندنی خورافات لە کۆمەڵگای مرۆییدا ریشەی لە لاسایی کردنەوەی کوێرکوێرانەدایە، بەجۆریکە هەر کردەیەکی خورافی سەرەتا هۆکارێکی هەبووەو پاشان گوێزراوەتەوە بۆ نەوەکان وئەوانیش کوێرکوێرانە درێژەیان پێداوە. بۆنموونە دوکتۆر تەها حوسەین دەڵێت: '' عەرەبەکان لەکاتی سەرئێشەدا ئێسکی مردووەکانیان دەکردە ملیان تەنیا لەبەر ئەوەی کە باب وباپیرانیان ئەوکارەیان کردوە''.
خورافە رەفتارێکی بە رێکەوتە کە بەهۆی دووبارە بوونەوەی بەهێز بووەو، سەرئەنجام رەگی لەژیانی مرۆڤدا داکوتاوە
هەندێ دەروونناسی ترلەم بارەوە پێیان وایە کە شکستە
دەروونییەکان یان شکست لە ژیانی خێزانیدا تاکەکان بەرەو خورافە پاڵ پێوە دەنێت و
کەسانی خورافی بەم کارەیان دەیانەوێ لە بەرەوروو بوونەوە لە گەل کێشەکاندا متمانەی
لە دەست چووی خۆیان بەدەست بێننەوەو پەرێشانییان کەم بکەنەوەو شکستی خۆیان قەرەبوو
بکەنەوە...
بەشێک لە توێژەرانی دیکە باوەریان وایە کە ریشەی ئەم
بابەتە لە شڵەژان وپەرێشان حاڵی دایە. کاتێ مرۆڤ لە گەل بارودۆخی ناڕوون بەرەو روو
دەبێتەوە لەبەر ئەوە ناتوانێ وەڵامێکی دروست بەو بارودۆخە بداتەوە تووشی پەرێشان
حاڵی دەبێ وبۆچارەسەری پرسەکە پەنا دەباتە بەر شتی ناڕاست وبێ بنەما. وهەروەها
بەشێکی تر کە توێژینەوە لە رەفتارەکانی مرۆڤ دەکەن پێیان وایە کە خورافە رەفتارێکی
بە رێکەوتە کە بەهۆی دووبارە بوونەوەی بەهێز بووەو، سەرئەنجام رەگی لەژیانی مرۆڤدا
داکوتاوە.زۆرجارئەم باوەڕە لەخێزانەکانداو
لەنەوەیەکەوە بۆنەوەیەکیتردەگوازرێتەوە
ب) هەستی گەڕان بەدوای راستییەکاندا:
هەستی گەڕان وکەندوکۆڵی مرۆڤ هەمیشە وادەکات کە بە دوای
هۆکاری رووداوەکاندا بگەڕێ، جا ئەگەر خواپەرست بێت، سەرچاوەی رووداوەکان بەو دەزانێت.
ئەگەریاسای هۆو بەرهۆیش بە بنەما وەربگرێ وپشت بەزانست ببەستێت قەناعەت دەکاو
ئەگەر وایش نەبوو بە پێی خەیاڵی خۆی دەست دەکا بەداتاشینی کۆمەڵێ هۆکاری خورافی،
بۆنموونە پژمین بە هێمای مەترسی دادەنێت. لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە چوون خورافات
لە ریگای هەستی گەران بەدوای راستیدا
پەیدا دەبێت، ئیتر ئەم گەران وکەندوکۆڵە باش نیە، بە پیچەوانە، هەر ئەم هەستەیە کە
بووەتە هۆی پەیدا بوونی زانست.
ج) وەڵام بۆ پێویستییەکانی مانەوە
مرۆڤ کە خاوەنی هزرو بیرکردنەوەیە، بۆ ئەوەی بمێنێت
ناچارە پێویستییەکانی جەستەو دەروونی دابین بکات، مرۆڤ بۆ مانەوەو رزگاربوونی لە
دوژمنانی پڕمەترسی وەک سەرما، گەرما، زریان، تاریکی، پەلاماری دڕندەکان، برسییەتی،
قاتوقڕی، نەخۆشییەکان و.... بیر لە زۆر هۆکار دەکاتەوەو ئەم پێویستیانەش پاڵ بە
مرۆڤەوە دەنێت کە پەناش بباتە بەر خورافات وسێحرو...
د) نەزانی
بێ گومان خورافات بەرهەمی نەزانی مرۆڤەو هەرچەندە مرۆڤ
ئاستی زانستی و وشیاری بەرزتر دەبێتەوەو راستییەکان دەناسێت، خورافاتیش کەم دەبێتەوە.
چوون خورافات جۆرێک باوەڕە کە هیچ بنەمایەکی زانستی نیەو رەنگە هەر ئەم بێ بنەمایەشی
هۆکارێک بێت بۆ مانەوەو رەت نەکردنەوەی. بەهەر حاڵ، ئەم باورە بێ بنەمایە لەگەل
سەرهەڵدانی نەخۆشییەکاندا زیاتر دەبێ ولەناو وڵاتانی هەژاریشدا شوێن پێی ئەم باورە
زیاترەو بەپێی توێژینەوەکان لە ناوئەفریقییەکان و ئەوشوێنانەی کە ئاستی کەلتووری
کۆمەڵگا نزم بێت، زیاترە وەک لەشوێنانی تر.
و) بوونی سەلیقەی جیاواز لە پرسە
مەزهەبییەکاندا:
مەزهەب وەک باوڕی خەڵک، زۆرجار دەکەوێتە بەر دەستێوەردان
وسەلیقەی جیاوازو هەندێ جارخەڵک بە پێی هەست و هەوەسی خۆیان لەگەل پرسە
مەزهەبییەکاندا هەڵسوکەوت دەکەن.یان دەیانەوێ بە کلیلی مەزهەب هەموو قفڵێک
بکەنەوە. بۆنموونە ئەوەندە پارە بدەن بە
فڵان ئیمام زادە بۆ ئەوەی لە سەفەردا ساق و سەلیم بگەڕێنەوە. یان بەئیزنی خوا بە
میزو شیری وشتر کۆرۆنا چارەسەر دەبێت. یان هاندانی خەڵک بۆ پەنا بردنە بەر بارەگای
فڵانە کەسایەتی ئایینی لە شاری قومی ئێران بۆ چارەسەر بوونی نەخۆشی کۆرۆناو بڵاو
کردنەوی ''دەرمانی ئیمام رەزا'' لە شاری مەشهەدی ئێران بۆچارەسەری ئەم نەخۆشییەو...لێرەدا
خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ئەم بۆچوونە بێ بنەمایانەش
جێبەجێ دەکەن ودەبنە هۆی بەردەوام بوونی ئەم دیاردەیە.
ی) روودانی دوو دیاردەی هاوکات:
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی پەیدابوونی خورافات مەرجی بوونی
مرۆڤ یان هاوکات بوونی دوو رێکەوت بووە، کە وایکردوە تەجروبەی خورافەیەک ببێتە هۆی
پایەداری وبەردەوام بوونی لەناو کەلتووری کۆمەڵگایەکدا. بۆنموونە ئەوەی لقێک لە
داری فڵانە مەرقەد بشکێنێتەوە بە بێوەی ناگەڕێتەوە. لەوانەیە ئەم دوو دیاردەیە
پیکەوە بە رێکەوت روویان دابێت. کەوابوو سیفەتی مەرجی بوونی مرۆڤ ورێکەوت، بووەتە
هۆی بەردەوامی ئەم دیاردەیە.
چارەسەرو شێوازەکەلتوورییەکان
خەڵک لەترسی نەخۆشییەکان وبۆ رزگاربوون لە دەست مەرگ
پەنای بۆ هەموو شتێک دەبردو وەک دەرمان چاوی لێدەکرد، نەبوونی پێداویستی
وپێشکەوتنی پزیشکی لەسەردەمی کۆندا وایدەکرد کە هەموو چین وتوێژێکی کۆمەڵگا ئەو
رێگاو شێوازانە تاقی بکاتەوەو کەڵکی لێوەربگرێت. بەڵام بەخۆشییەوە لەدونیای
ئەمڕۆدا پێشکەوتنەکانی بواری تەندروستی وپزیشکی رێگای بە زۆرێک لەو باوەڕو
رێگایانە لێژکردوە، بەڵام هێشتا لەناو خەڵکی ئاسایی و عەوامدائەم دیاردە کەلتووری
و خورافیانەی وەک: نووشتەنووسین، تەبەڕک، سەردانی شەخس وشێخ وشوێنی
پیرۆز، دەرکردنی جن لەلەشی نەخۆش و.. وەک چارەسەرو دەرمان
سەیر ئەکرێن.
ئەم باوڕەخورافیانەی کەخەڵک وەک وەڵامێک بۆکێشەو نەخۆشییەکان
دوای ئەکەون ئەتوانێت کاریگەریی خراپ لەسەرژیان ودەروونی خەڵک دروستبکات. بۆنموونە
ئەتوانێت خەڵک تووشی وەسواسی لەبیرکردنەوەو رەفتاردابکات، ئەتوانێت پەرێشانی وترس وبەدگومانی
وخەمۆکی وخۆکوژی و... لێبکەوێتەوە.
رەنگە پرسیار ئەوە بێت کە ئەگەر لەسەردەمانی زوودا مرۆڤ
شارەزایی و ئاگایی لە سەر جەستەو ئەندامەکانی لەشی نەبوو و لە پەیوەندییەکانی
نێوان مرۆڤ و ژینگەی نە دەزانی، بۆچی لەسەردەمی ئێستا ئەم دیاردانە هەرماون؟
رێکخراوی
تەندروستی جیهانی بەشێ لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و پێی وایە کە گران بوونی
خزمەتگوزاری پزیشکی، دەستەوەستانی سیستەمی تەندروستی و زانست لەبەرامبەر
چارەسەرکردنی هەندێ لە نەخۆشییەکان، هۆکارن بۆ روونانی خەڵک لە رێگا
کەلتوورییەکان.
بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە هۆکاری دیکەیشی هەیە.
بۆنموونە، بە کەلتووری بوونی ئەو دیاردانە کە سەدان ساڵە لە کۆمەڵگاکاندا بەردەوام
دەبنەوەو خەڵک ژیانی پێوە دەکات، کەلەم بارەوە '' کەنێس نیوڵ'' یەکێک
لەبەریوەبەرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: ئێمە بە پێی توێژینەوەکانمان لە
ئەفریقا، ئاسیاو ئەمریکای باشوور بۆمان دەرکەوت کە زۆرێک لە هۆکاریگرفتە ئاساییەکانی
پەیوەندیدار بە تەندروستییەوە لە خودی کۆمەڵگاکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەژاریی وادەکات مرۆڤ بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانی پشت بە نەریت ببەستێت
هەروەها، هێشتا نادادپەروەرییەکی
گەورە لە بەشی تەندروستیدا هەیەوبۆنموونە هیچ
لادێیەک وەک شارییەک دەستی بە پیداویستی تەندروستی راناگات. هەژاری وکە داهاتیش یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە وادەکات مرۆڤ بۆ
دەرمانی نەخۆشییەکانی پشت بە نەریت ببەستێت، بۆنموونە هێشتا لە زۆر شوێنی ئەفریقا خەڵکانێک
هەن کە بە داهاتی رۆژانەی کەمتر لەدۆلارێکەوە ژیان دەکەن. بێ گومان لەکۆمەڵگای
کوردستانیشدا نموونەی وا زۆرە.
هەربۆیە
کەڵک وەرگرتن لەنەریت و دیاردە کەلتوورییەکان بۆ دەسنیشان کردنی هۆکارو چارەسەری
نەخۆشییەکان لەرابردوویەکی دوورەوە تائێستا وەک شێوازێک بۆخەڵک ناسراوەو ئێستاش لەپەنای
پیشکەوتنی زانستی پزیشکیداهەرچەند کەمرەنگە، بەڵام زامێکی قووڵەبەسەرتەندروستی مرۆڤەوە.