ڕاپۆرتی جیهانی

10:06 - 18/03/2020

چارەسەری كۆرۆنا دۆزرایەوە‌

پەیسەر

ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكەم مژدەی ناخۆشی سەری ساڵی 2020 بوو ، لەیەكەم رۆژی سەری ساڵی چینیەكان لە شاری وهانەوە دەركەوت و زۆر بەخێرایی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، سەیرەكە لەوەدا بوو ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستییان زۆر بەهێز بوو ، خاوەنی دامەزراوەی بەهێزی دەرمانسازیی و پێشگیریی بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشییە گوازراوەكان بوون زووتر هاواریان لێهەستا، بەجۆرێك ئێستا ئەوروپای هێناوەتە لەرزەو خەریكە ئیتاڵیا و ئێرانیش بەچۆكدا دەهێنێت.

2014 دا لە یابان تاقیكراوەتەوەو هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەدوای خۆی جێنەهێشتووە

لەزۆر كۆمپانیای دەرمانسازیی هەرچوار لای جیهانەوە دەنگۆی چارەسەركردن و بەرگریكردن لە كۆرۆنا دەبیسترێت، بەڵام لەچاو مەترسی ڤایرۆسەكەدا نەتوانراوە جیهانیان بڕوا پێبهێنرێت كە چیتر خەمیان نەبێت و چارەسەرەكان بەردەستن، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە كە تێیداین چەند كۆمپانیای گەورەی دەرمانسازیی مژدەی دۆزینەوەی دەرمان و پێكوتەیان بەخەڵك داوە، لەم ڕاپۆرتەدا چەند نموونەیەك خراونەتە ڕوو.


تشانگ شین مین، بەڕێوەبەری ناوەندی چینی بۆ پەرەپێدانی تەكنۆلۆژیا زیندووەكانی سەربە وەزارەتی زانست و تەكنۆلۆژیای چین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوێنێ سێ شەممە 17/3/2020 ڕایگەیاند كە دەكرێت پشت بە دەرمانی دژ بە ئەنفلۆنرا ببەسترێت بۆ چارەسەریی كۆرۆنا پشت بەست بەو تاقیكردنەوانەی لە 2014 دا لە یابان تاقیكراونەتەوەو هیچ كاریگەرییەكی خراپیشیان لەدوای خۆیان جێنەهێشتووە، هەربۆیە دەبێت دەرمانی –فافیبیر ئەفیر- بخرێـتە ئەو لیستەوە كە دانراوە بۆ چارەسەری كۆڤید 19. گوتیشی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمانی چینی ڕەزامەندی خۆی نیشانداوە بەخێرایی كار بكات بۆ بەرهەم هێنانی ڕێژەیەكی زۆریی ئەو دەرمانەو بیخاتە بازاڕەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش دەرمانەكەیان لەسەر 80 نەخۆشی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەكی باشووری چین لە هەرێمی –گوانگندوگ- تاقیكردووەتەوە، دواتر دەركەوتووە بۆیان ئەو نەخۆشانەی كە دەرمانەكەیان پێدراوە بەرەنگاریی و چاكبوونەوەیان زۆر باشەو  دەبنە خاوەنی سیستەمێكی بەرگری باش لەبەرامبەر كۆڤید 19 دا، هەروەها لە ڕاپۆرتەكانی نەخۆشخانەكانی وهان دا دەركەوتووە كە كاریگەرییەكانی دەرمانی –فافیبیر ئەفیر-  لە هەموو دەرمانە درمییەكانی دیكە سەركەوتوو تربووە.


هەروەها كۆمپانیای –سانوفی- فەرەنسی كە تایبەتمەندی بەرهەم هێنانی دەرمانی پزیشكین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانی 300 هەزار دانە پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆناو ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ئەو پێكوتەیە دڵخۆشیی و مژدەیەكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، كۆمپانیاكە گوتویەتی دەرمانی –دژە مەلاریا- بەیەكێك لە دەرمانە سەركەوتووەكان دادەنرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا.
بۆ ئەو مەبەستە وتەبێژی كۆمپانیا فەرەنسییەكە بە –فرانس پرێس-ی گوتووە: دۆزینەوەو دیاریكردنی ئەو دەرمانە مژدەیەكی گەورەیەو كۆمپانیاكەشمان بەڵێنی ملیۆنەها دانە بە هاونیشتیمانیانی خۆمان دەدات كە بۆیان دەستەبەر بكات، لە ئێستاشدا بەشی 300 هەزار نەخۆشمان ئامادەیەو ئامادەشین هەموو هاوكارییەكی دەسەڵاتدارانی وڵاتی خۆمان بكەین و دڵنیاشیان بكەینەوە لە دەرئەنجامی دەرمانەكانمان كە چەندە گونجاون بۆ چارەسەری كۆڤید 19.


بەڵام ڕاوێژكاری زانستی حكومەتی بەریتانی –باتریك ڤالانس- باسی لەوە كردووە كە وڵاتەكەیان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە بۆ دۆزینەوەی پێكوتە- ڤاكسین-ی دژە كۆرۆنا، بەڵام دەتوانن لە بەرهای 2021 دا بیخە بەردەست، دوێنی ڤالانس لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا –بۆریس جونسون- و ڕاوێژكاری خەزێنەی وڵات –ریسی سوناك- لەبارەی ئەو پێكوتەیەوە گفتوگۆیان كردووە و گوتوویان بەڵگەی سەلمێنراو بەرجەستەمان پێشكەش كردووە. ئەو ڕاوێژكارە زانستییەی بەریتانیا گوتووشیەتی پێشبینی دەكرا پێكوتەكە لە ماوەی  3بۆ 4 ساڵدا بەرهەم بهێنرێـت، بەڵام ئێمە توانیمان كە بۆ مانگی نیسانی داهاتوو بیخەینە بەردەست، ئەو كات دەتوانرێت هەموو كەس ئەو پێكوتەیە بەكاربهێنێت، ئەوەشی خستۆتەڕوو هەرچەند ئەو ماوەیە بۆ ڤایرۆسێكی وەك كۆڤید 19 درەنگە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە پێشكەوتن و دەستكەوتێكی مەزنمان بەدەست هێناوە.

رۆژانە قوربانیەكانی بەرەو زیادبوون دەڕوات و  دانیشتوانی سەرزەوی هەراسان دەكات

بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان لە زۆر شوێن و وڵاتانی دونیا باس لە دۆزینەوەی دەرمان و پێكوتە و پێشگیریی لە ڤایرۆسی كۆڤید 19 كراوە، هەندێكیشیان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام چارەسەرەكان گەرچی دڵخۆشكەریش بن ، بەڵام هێشتا نەبووەتە بەرگریكارێكی بەرچاوی ڤایرۆسەكەو بەردەوام و رۆژانە قوربانیەكانی بەرەو زیادبوون دەڕوات و  دانیشتوانی سەرزەوی هەراسان دەكات.