ڕاپۆرتی جیهانی

12:28 - 16/03/2020

كۆرۆنا ترسێكی گەروەیە بەسەر نیشتیمانی عەربییەوە‌

پەیسەر

گەرچی سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە شاری( وهان)ی چین بوو ، بەڵام دواجار ڕایگەیاند كە كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكەیان كردووەو كۆتا هەڵگری ڤایرۆسەكە نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە ، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیەكانی رووی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان كردووەو لە وڵاتانی عەرەبیش ڤایرۆسەكە هێندە بڵاوبوەتەوە كە خەریكە بگاتە مەترسی گەورەو لە چارەسەركردن دەربچێت، شارەزایان پێیان وایە :(هەبوونی ئەو ڤایرۆسە واتە بڵاوەكردنی بە خێرایی) و خۆ ئەگەر  بە زویی نەیەنە سەرخەت ئەوا لەماوەیەكی زۆر كەمدا زیانی گەورەیان لێدەدات و كاریش لە كار دەترازێت.


بە پێی سەرچاوە فەرمیەكانی وڵاتانی عەرەبی، ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێران نزیكن یان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ چین هەیە، لەو دوو سەرچاوەیەوە بۆیان گوازراوەتەوە، بەڵام وڵاتانی دیكەی عەرەبی كە دەكەونە كیشوەری ئەفەریقاو رۆژئاوای وڵاتانی عەرەب، ڤایرۆسەكەیان لە ئەوروپاوە بۆ هاتووە، هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا نیشتیمانی عەرەبی لەبەردەم هەڕەشەكانی ڤایرۆسەكەدایەو هەرچەندە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانە كەش و هەوای گەرمیشیان هەیە، بەڵام بڵاوبوونەوەو گەشەكردنی بەردەوامە.


وەزارەتی تەندروستی عومان ڕایگەیاندووە، ئەو حاڵەتانەی تۆمار كراون هەمویان سەردانی ئێرانیان كردووە، چواریان ڕەگەزنامەی ئیرانییان هەیە، هەموو ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن كەرەنتینەكراون، بەو پێیەش ژمارەی تووش بووەكان 14 كەسن و دوانیان بەتەواوی چاك بوونەتەوە و ئەوانی دیكەش باری تەندروستییان جێگیرە.بە پێی وتەی وەزیریی تەندروستی ئەو سەڵتەنەتە ژمارەی كەرنتینەكراوەكان تا ئێستا 2367 كەسە و تەنها 49 كەسیان لەنێو نەخۆشخانە فەرمیەكانی دەوڵەتدان و ئەوەی تریان لەنێو ماڵ و شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیاندا كەرەنتینە كراون.

قەتەر سەرجەم گەشتەكانی لە چەند وڵاتێكەوە ڕاگرتووە بۆ كاتێكی نادیار، لە دەوحەش 17 كەسی نوێ كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن تۆمار كراوەو بەو پێیە كۆی تووش بووەكان گەشتە 338 كەس. وەزیریی تەندروستی بەحرەین لە توێتێكدا ڕایگەیاندووە كە 60 كەس چاكبوونەتەوەو و ئەوانەشی كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و لە ژێر چاودێریدان ژما رەیان 151 كەسە.
لە وڵاتی كوەیتیش یەك شەممە دوو حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە كە چاك بوونەتەوە و بەوەش ژمارەی ئەوانەی چاك بوونەتەوە بەرزبوەتەوە بۆ حەوت كەس.


وڵاتی مەغریب هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەستپێكردووە بۆ ڕێگریپ لەو ڤایرۆسە، سەرجەم چالاكییە وەرزشی و هونەری و ئاینیەكانی هەڵپەساردووە كە ژمارەی كۆبوونەیان لە 50 كەس بەرەو ژوور بێت تاكاتێكی نادیار، سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئەو وڵاتانە ڕاگرت كە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە ئەوەش لە پێناوی پاراستنی هاوڵاتیاندا، دەرگای سەرجەم قوتابخانەكانیان بەستووە، حەوت حاڵەتی ڤایرۆسیش تۆماركراوە، بەڵام رۆژی هەینی ڕابوردوو وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە كە یەكێكیان چاك بووەتەوەو  هەمووشیان لە ئیتاڵیا گەڕابوونەوە.
ئیمارات بەوڵاتێكی گەشتیاریی و دیدەنی و سەرنجڕاكێش بەناوبانگە، بەڵام سەرجەم كەرتەكانی گەشتیاریی و وەرزشی ڕاگرتووە، ماركێت و شوێنە گشتیەكانی داخستووە، هەموو جۆرە ڤیزایەكیشی بۆ وڵاتەكەی وەستاندووە تاكاتێكی نادیار.

وڵاتی لوبنان سەرجەم سنوورە وشكنیەكانی لەگەڵ وڵاتی سوریا داخستووە، ئەو ڕێگایانەش كە بەنایاسایی دەگیرێنەبەر خۆڵی تێدەكرێت و لەڕێگەی پاسەوانانی سنوورەوە چاودێریی دەكرێن، هەموو ئەو هاوڵاتیانەش كە لەدەرەوەی لوبنان دەتوانن بگەڕێنەوە لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوەو دوای پشكنین ڕێگەیان پێدەدرێت بچنەوە ناو خێزانەكانیان. لوبنان ڕایگەیاندووە كە ژمارەی توشبووانی وڵاتەكەی گەشتووەتە 93 كەس. زۆرینەی ئەوانەش هاوڵاتیانی بیانین.


لە عێراقیش كۆرۆنا لەڕێگەی گەشتیاری ئێرانی ئەو هاوڵاتیانەی خۆیەوە بووە كە سەردانی ئێرانیان كردووە، لە ئەنجامدا كەسێك لەشاری واسط گیانی لەدەستداوو بووە هۆی داخستنی ناحیەی –شێخ سەعد- بەڕووی هاوڵاتیاندا و هاتن و رۆشتن قەدەغەكراوە، ئەوە لە حاڵێكدا پێشتر 26حاڵەت ئاشكراكرابوو، بە پێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی هەموویان خراونەتە ژێر چاودێری و لە كەرەنتیەنەكاندان و باری تەندروستییان جێگیرە.

لە وڵاتی جەزائیریش چەند حاڵەتێك تۆماركراون كە ژمارەیان  19 كەسە، بەڵام تا ئێستا هیچ مردنێك تۆمار نەكراوە، لە وڵاتی میسریش جەختی زۆر كراوەتەوە لە سەر خۆپارستن و چاودێریی توندیش خراوەتەسەر كۆمپانیای بەرهەم هێنانی نەوت لەبەر ئەوەی یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسەكە لە ئەندازیارێكی بەڕەگەز كەنەدییەوە لەو كۆمپانیایەدا دەركەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو كەسانەی كەرەنتینە كراون زیاترن لە 1500 كەس و چاودێریی 1400 كەسیش دەكەن كە گومانیان هەیە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، رۆژی هەینیش 48 حاڵەت دۆزراوەتەوە. بەپێی هەواڵەكان 12 كەسی تووش بویان بە كەشتیەك هاتوون لە ئەسوانەوە بەرەو پارێزگای ئوقسور رۆشتوون وبەپێی توێژینەوەكان لەڕێگەی گەشتیارێكی تایوانی بەڕەگەز ئەمەریكیەوە ڤایرۆسەكە گوازراوەتەوە.
عەربستانی سعوودیەش هەرزوو سەرجەم شوێنەگشتیەكانی داخست بە (كەعبەی پیرۆزیشەوە)، لەبەر ئەوەی دووشەمەی رابوردوو یەكەم حاڵەتی تووشبووی ڕاگەیاند كە هاوڵاتیەكی سعودی بوو لە ڕێگەی بەحرەینەوە لە ئێران گەڕابوویەوە، هەروەها زیاتر لە 1450 كەسیان كەرەنتینە كردووە.


لە وڵاتی تونسیش كە هاوسنوورە لەگەڵ ئەوروپاو بەوڵاتێكی گەشتیاریش دادەنرێـت و ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی ئەوروپی بەمەبەستی گەشتیاریی سەردانی دەكەن، 245 هاوڵاتییان خستۆتە كەرنتینەكانەوەو چاودێری چڕی خێزانەكانیشیان دەكەن، لە ئەردەنیش یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا كە هاوڵاتیەكی ئەردەنیەو لە ئیتاڵیا گەڕابوویەوە، لە هەمان كاتدا دوای دڵنیابوونەوە لە كەسەكە سەرجەم سەرنشینانی ئەو فڕكەیەی كە هاوڵاتیەكەی تێدابوو بانگهێشت كراوون كە بەزووترین كات پشكنین ئەنجام بدەن، لە هەمان كاتدا وەزیری بازرگانی ئەدرەن ڕایگەیاند گومرگی سەر دەمامكی خۆپارێزیی هەڵدەگرن ، بۆئەوەی بەئاسانی بگات بە هاوڵاتیان و حكومەتیش دەمامكی بەسەر فەرمانبەر و پۆلیس و ئاسایش و سەرجەم هێزەكانی تردا بە خۆڕایی دابەشكردووە.
هەرچی وڵاتی كویتیشە ڕایانگەیاندووە 62 حاڵەت لە وڵاتەكەیاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم كۆبونەوەكانی قەدەغەكردووەو داوای كردووە سەرتاشخانەو ساڵۆن و چێشتخانەكان ڕێگەی توندتری تەندروستی بگرنە بەر و دەستكێش و كەمانە بەكاربهێنن و 10 كەسیشیان چاك بوونەتەوەو گەڕاونەتەوە بۆنێو خێزانەكەیان.


لەفەڵەستینیش شەش  هەزار كەس لە كەرەنتینەكاندان و 38 كەس هەڵگری ڤایرۆسەكەن، هەربۆیە سەرجەم مزگەوت و كەنیسەو شوێنە گشتیەكانیش داخراون بە مزگەوتی –قودس-یشەوە كە بە یەكەم قیبلەی موسڵمانەكان دادەنرێت ولە لای ئاینەكانی یەهودیی و مەسیحیش بایەخی خۆی هەیە.

لە وڵاتی مۆریتانیا رۆژی هەینی یەكەم حاڵەت تۆماركرا، ئەوانیش گوتیان لە ئەوروپاوە ڤایرۆسەكەیان بۆ گوازراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی مۆریتانیا گوتویەتی : كەسێكی بەڕەگەز ئەوروپی گەشتیار لە 9/3/2020 هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە هاتووەتە مۆریتانیاو لەوێوە بڵاوەی كردووە، بەرپرسان گوتوویانە خۆی و هاوڕێكەی لە نواكشۆت خراونەتە كەرنتینەوە كە پێكەوە لە فەرەنساوە هاتبوونە مۆریتانیا.


سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لە ئێستادا لەبەردەم هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆنادان، هەمووشیان داوا لە هاوڵاتیان دەكەن هۆشیاری تەندروستییان هەبێت و سەرجەم ئەو ڕێككارانە بگرنە بەر كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهان داوا دەكات بیگرنە بەر، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە زۆرینەی وڵاتانی عەربیدا ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهەند وەرناگرن و بگرە وەك نوكتەو قسەی خۆش مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام بەهێواشی كە مەترسییەكە لێیان نزیك دەبێتەوە ئیتر بەخۆیان دەكەون، بەڵام پاش چی؟

تێبینی:
گەرچی ئامارو داتاكانی بڵاوبوونەوە قوربانیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاوەڕوان نەكراوەو بەردەوام گۆڕانكارییان بەسەردادێت، بەڵام ئەركی میدیایە كەبەرچاوڕوونی بە خوێنەر بدات، تا لەو ڕێگەیەوە هەستیاری دۆخەكەو مەترسییەكانی بخاتە بەرچاوو هاوڵاتی ناچاری بكات بەپەیڕەوكردنی ڕێنماییەكان، بۆیە ئەگەر ئەم ژمارانە گۆڕانكارییان بەرسەردا هاتبوو بەئاسایی وەریبگرنو ئامانج تەنها هۆشیاركردنەوەیە.