ڕاپۆرتی جیهانی

08:06 - 14/03/2020

ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرپرسە باڵاكانیشی گرتوەتەوە‌

پەیسەر

سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی لەسەرژیانی گشتی هاوڵاتیانی سەرزەوی دروستكردووە، زۆرینەی چالاكییە ئابوورییەكانی پەكخستووە، هاتووچۆی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سنوورداركردووە، بەڵام سنوورە بەهێزو پرسگە یەك لەدوایەكەكانی زۆرێك لە بەرپرسانیشی بڕیوەو گیرۆدەی كردوون، بەجۆرێك ژمارەیەكیانی كوشتووەو ژمارەیەكیشیان ناچار بە كەرەنتینەكردووە. گەرچی ژمارەیەك لەبەرپرسە كەرەنتینەكراوەكان هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە بەڵام لانی كەم ئەوانیش وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكە لە خەمی تێپەڕاندنی ئەو ڤایرۆسەدان و دەخوازن بە زیندویی بمێننەوە.

ئەم ڤایرۆسە ئاستی بەرپرسیارێتی و كۆمەڵایەتی ناناسێت


وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا و ...
وەزیری تەندروستی فەرەنسا –ئۆلیفییە فیران-  رۆژی دووشەمەی ڕابوردوو ڕایگەیاند كە –فرانك ریستر-ی وەزیری رۆشنبیریی وڵاتەكەیان یەكێكە لەو كەسانەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 ی گرتووە و لە هەمان كاتدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانیش كە ژمارەیان پێنج كەسە لەو بەرپرسە باڵایانەی فەرەنسان كە گومانیان لێدەكرێت كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن. بەو هۆیەوە راستر لەماڵەكەی خۆیدا كەرەنتینە كراوە. وەزیریی تەندروستی فەرنسا ئەوەشی دووپات كردەوەو كە راستر پینج رۆژ بەرلە پشكنینەكانی لە نزیكەوە چاوی بە ئیمانۆئێل ماكرۆنی سەرۆك كەوتووە، بەڵام هیچ نیشانەیەك لە سەرۆكی وڵاتەكەیان دەرنەكەوتووە.


سەرۆكی پورتوگال:
پشكنینە پزیشكیەكان ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە سەرۆكی پورتوگال- مارسیلیۆ ریبیلیو دی سوسا- لە ماڵەكەی خۆیدا كەرەنتینەیەو هێشتا دڵنیانین لەوەی كە پشكنینەكانی پاك بن و هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبێـت، هەربۆیە سەرۆك لە رۆژی یەكشەمەی ڕابوردوەوە ڕایگەیاندووە لەماڵەوە كارەكانی خۆی دەكات و بۆ ماوەی 14 رۆژ نایەتە دەرەوە، دوای بەدوادا چوون بۆ چۆنیەتی تووش بوونەكەی –ئەگەر یەكلا ببێتەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە- دەركەوتووە دوای گەشتێكی ژمارەیەك لە قوتابیانی سەرەتایی بۆ كۆشكی كۆماریی ناچار بووە بچێتە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی و گومان بكرێت كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت.


سەرۆك پەرلەمانی ئەورووپا:
سەرۆك پەرلەمانی ئەوروپا –دیڤید ساسولی- دوێنێ ڕایگەیاندووە كە لەناو ماڵەكەی خۆیدا لە برۆكسل خۆی كەرەنتینە كردووە، وەك گومانێك لە تووش بوونی بە ڤایرۆسەكە، لەبەر ئەوەی چەند رۆژێك پێش لە ئێستا سەردانی ئیتاڵیای كردووە، هەروەها ئەوەش پشتڕاست كراوەتەوە كە ناوبراو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیتاڵییەو گوتووشیەتی: پەرلەمان كارەكانی خۆی بەڕێوەدەبات و ئەو ڤایرۆسەش ناتوانێـت لەبەردەم پرۆسەی دیموكراتیەتدا بوەستێتەوە.


سەرۆك ئەركانی ئیتاڵیا:
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە كە سەرۆك ئەركانی سوپای وڵاتەكەیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، هەروەها گوتوشیەتی كە بەرپرسی یەكەنی ناوچەی –بیدمونت-  ئەلببیرتۆ سیریۆ- هەڵگری هەمان ڤایرۆسەیەو لەناو ماڵەمەی خۆیدا كەرەنتینەكراوەو لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوكیشەوە كورتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردوەتەوەو گوتویەتی دۆخی تەندروستیم جێگیرە ، پاشان وەزارەتی بەرگریی گوتیشی : سیلڤاتۆر فارینا- هەڵگری ڤایرۆسەكەیەو باری تەندروستیشی جێگیرە.


سەركردەی سەربازیی ئەمەریكا لە ئەوروپا:
سوپای ئەمەریكا چەند رۆژێك پێش لە ئێستا ڕایگەیاند كە بەرپرسی سەربازیی سوپاكەیان لە ئەوروپا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، سوپای ئەمەریكی ئەوەشی پشتڕاست كردەوە كە ناوبراو لەژێرچاودێری ورددایەو لە ئێستادا لەكاركردن لە ئۆفیس دوور كەوتوەتەوە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ژمارەیەك ئەفسەرو سەربازیی دیكەشیان هەڵگری هەمان ڤایرۆسن و كەرەنتینە كراون و لەڕێگەی كەسێكی بیانییەوە كە پەیوەندی لەگەڵ كردوون ڤایرۆسەكە گوازراوەتەوە بۆیان.

دووانیان نوێنەری كۆمارییەكانن و پەیوەندی چڕوپڕیان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ هەبووە

ئەندامانی كۆنگرێس:
چەند ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی و لەناو ئەوانیشدا دووانیان نوێنەری كۆمارییەكانن و پەیوەندی چڕوپڕیان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ هەبووە، لەسەر خواستی خۆیان كەرەنتینە كراون، بەڵام دواجار دەركەوت كە هەڵگریی ڤایرۆسەكەن و سەرجەم نیشانەكانیان لێدەركەوتووە، هەرئەوە بووە پاڵنەری ئەوەی رۆژنامەنوسێك لە كۆنگرە رۆژنامەنوووسەكەی ترامپدا پرسییان ئاخۆ ترامپ هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یان نە، ئەویش لەوەڵامدا گوتی نەخێر هیچ نیشانەیەكم تێدا نیەو سەلامەتم. بە پێی سەرچاوەكان ئەندامێكی كۆنگرێس لە كۆمارییەكان چووەتەنێو فڕۆكەی سەرۆك كۆمارەوە، لەهەمان كاتدا ئەوی دیكەشیان رۆژی هەینی لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا هاوڕێ لەگەڵ سەرۆك ترامپ ئامادە بووە.


بەریتانیەكانیش:
هەریەك لە –ئەلیكس سوبل – و- لیلیان گرینوود- خۆیان كەرەنتیە كردووە، لەبەر ئەوەی لە كۆنگرەیەكدا بوون دەركەوتووە تووشبوویەكی ڤایرۆسەكەی تێدا بووە، هەروەها بە هۆی ئامادەبوونی لەو كۆنگرەیەدا  نوێنەری سكۆتلەندییەكان –جون ماك نیللی- خۆی كەرەنتینە كردووە و گومان دەكات تووشی ڤایرۆسەكە بووبێت.


بەرپرسانی ئێرانی:
ئێران پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە لە تووشبوونی بەرپرسە باڵاكانی بە ڤایرۆسی كرۆناو بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان و پشتڕاستكردنەوەی دەوڵەتی ئێران زیاتر لە پەنجا بەرپرسی جۆروجۆ گیانیان لەدەست داوە، لەوانەش پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم، هەروەها لە زانایان و بەرپرسانی حەوزەی عیلمی قوم و زیاتر لە 25 ئەندامی پەرلەمان، هەروەها جێگری سەرۆك كۆمار حەسەن رۆحانیشیان تێدایە.


سەرۆكی مەنگۆلیا:
هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە لەكۆتایی مانگی شوباتەوە سەرۆكی مەنگۆلیا –باتولگا خالتما- و ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون،  و بۆماوەی 14 رۆژ خراونەتە كەرەنتینەوە، سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە كە هەموویان لە سەفەری وڵاتی چین گەڕاونەتەوەو دوای پشكنین دەركەوتووە كە سەرۆكی وڵات و چەند بەرپرسێكی وڵاتی مەنگۆلیا تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

سەرۆكی وڵات و چەند بەرپرسێكی وڵاتی مەنگۆلیا تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

لەنێو تۆڕی كۆمەڵایەتیەكاندا زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە ئەم ڤایرۆسە ئاستی بەرپرسیارێتی و كۆمەڵایەتی ناناسێت و هیچ جیاوازییەك ناكات لەنێوان مرۆڤەكاندا،  ئەوەی كە مرۆڤەكان دەپارێزێت نە ئاستی بەرپرسیارێتی و نە پاسەوان و نە كۆشكی بەرزو پارەی زۆرو فڕۆكەو هەبوونی سوپای بەهێزە، بەڵكو خۆپاراستن و پەیڕەوكردنە لە ڕێنماییە تەندروستیەكان و نەبوونی ترس و تۆقینە لە نەخۆشییەكە.