11:45 - 13/03/2020
١٠هه‌ڵه‌ی كوشنده كه وایكرد كۆرۆنا زیاتر بڵاوبێته‌وه
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كه زیاتر له ١٢٠ هه‌زار كه‌س دووچاری بوون له زیاتر له ١٠٠ ده‌وڵه‌ت، به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیا و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی و ده‌زگای ته‌ندروستی رێكاری گشتگیرییان بۆ رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه گرتووەته‌به‌ر، له‌وانه‌ش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنه فه‌رمیه‌كان.
له‌و باره‌یه‌وه پێگه‌ی"بزنس ئنسایدر"ژماره‌یه‌ك رووداو و هه‌ڵه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه یارمه‌تیده‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون له سه‌رتاسه‌ری جیهان.
١- بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٩ دا بوو به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا زاناكان ئاستی مه‌ترسیداری نه‌خۆشیه نوێكه‌یان نه‌زانی، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رپرسانی چینی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یان ره‌تده‌كرده‌وه كه له‌تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت ده‌رباره‌ی ڤایرۆسه نوێكه بڵاوده‌كرانه‌وه، چه‌ند راپۆرتێك بڵاوكرانه‌وه كه باسیان له‌وه ده‌كرد كه ئه‌و پزیشكه‌ی كه هه‌وڵی هۆشداری له‌و ڤایرۆسه داده سزادراوه، دكتۆر لی ونلیانگ كه هه‌وڵی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كۆرۆنای ده‌دا دواتر كۆچی دوای كرد.
پرسی به‌كه‌م زانینی توانا و كاریگه‌ری ڤایرۆسه‌كه كێشه‌یه‌كی راسته‌قینه بوو، به‌جۆرێك وا ده‌زاندرا كه بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هێواش و له‌سه‌رخۆیه.
٢- یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌كان ئاماده‌كردنی خواردن بوو له‌لایه‌ن زیاتر له ١٠ هه‌زار خێزان له شاری ووهان له به‌رواری ١٨ی كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ به جۆرێك میوانه‌كان خواردنیان له ماڵه‌كانیان ئاماده كردبوو له شوێنێك به‌یه‌كه‌وه به‌شدارییان له‌خواردنی یه‌كتردا كرد، ئه‌و كاته ده‌ركه‌وتبوو كه نه‌خۆشییه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبووەته‌وه و دوای سێ رۆژ له‌و رووداوه شاری ووهان به‌ته‌واوی كه‌ره‌نتینه‌كرا.
له‌لێدوانێكدا بۆ " وول ستریت جورنال" لی شینچو پسپۆری تایبه‌تمه‌ند له كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان له شه‌نگه‌های رایگه‌یاند"كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاوا گه‌وره له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكدا ده‌گاته ئاستی هه‌ست نه‌كردنی دروست".
٣- له به‌ریتانیا د‌یڤید مارلاند مامۆستای وه‌رزش كه له‌شاری ووهان و به‌دووری پێنج خوله‌ك له بازاری ئاژه‌ڵانی شاره‌كه ژیا بوو له ٢٦ی كانونی دووه‌م گه‌ڕایه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پشكنینێكی بۆ بكرێت، به‌رپرسان پێیان گوتبوو هه‌ست به نیگه‌رانی نه‌كات، مادام هیچ كێشه‌یه‌كی له هه‌ناسه‌دان نیه، ئه‌و به‌رۆژنامه‌ی"ده‌یلی ته‌لگراف"ی راگه‌یاند، نیگه‌رانه له ئامۆژگاری فه‌رمی كه پێی گه‌یشتووه.
٤- له ئه‌مریكا هه‌ڵه‌یه‌ك كرا كاتێك یه‌كه‌م كه‌س له شاری ووهانه‌وه له ٢٩ی كانونی دووه‌م برایه‌وه ئه‌مریكا، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بواری چاودێری ته‌ندروستی كاریان ده‌كرد ئه‌وانه‌ی پێشوازیان له‌گه‌ڕاوه‌كان ده‌كرد، هیچ ئامێرێكی پێویستی خۆپارێزیان پێ نه‌بوو و هه‌روه‌ها راهێنانیان پێنه‌كرابوو، ئه‌مه له دوای یه‌ك مانگ ئاشكرا بوو كاتێك رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست گوتارێكی له‌سه‌ر بڵاوكرده‌وه.
٥- بۆ زیاتر له یه‌ك هه‌فته كه‌شتی گه‌شتیاری" Diamond Princess"خاڵێكی ره‌شی گه‌رمی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو له ده‌ره‌وه‌ی چین، كه‌ره‌نتینه كرابوو به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات نه‌خۆشییه‌كه بڵاوده‌بووەوه، مورگان ماكفال له" بزنس ئنسایدر"ده‌ڵێت، له سه‌ره‌تای كه‌ره‌نتینه‌كردندا به سه‌رنشینانی كه‌شتییه‌كه‌یان گوت، كه زانیاری پێویستیان نیه هه‌روه‌ها مه‌ترسی خۆیان پیشاندا كه پشكنینی پله‌ی گه‌رمی به‌شێوه‌یه‌كی راست و دروست نه‌كرێت، تا نوسینی ئه‌م راپۆرته ٧٥٠ كه‌س له سه‌رنشینانی ئه‌و كه‌شتییه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و چوار كه‌سیان كۆچی دواییان كردووه، ئه‌ندامانی تیمی كه‌شتییه‌كه رۆژی پێنج شه‌ممه ٢٧ی شووبات كه‌شتیه‌كه‌یان جێهێشت دوای چه‌ندین هه‌فته له مانه‌وه‌یان.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه ٢٤ ی شوبات ئه‌نجامدرا یوسوكی كیتا گه‌وره رێكخه‌ر له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ژاپۆن رایگه‌یاند، سیاسه‌تی كه‌ره‌نتینه‌كردنه‌كه‌یان نمونه‌یی نه‌بووه و هیچ شوێنێكیش هێنده‌ی نه‌خۆشخانه جیاكراوه نیه.
٦- هه‌ڵه‌یه‌كی تری په‌یوه‌ندیدار به كه‌شتییه گه‌شتیارییه‌كه‌وه، كاتێك به‌ریتانیا هاوڵاتییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه گه‌ڕانده‌وه رێگه به‌چوار كه‌سیان درا بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان، له كاتێكدا هێشتا ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌یان ده‌رنه‌چووبوو، دواتر ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.
٧- هه‌ڵه‌یه‌كی تر له ئه‌مریكا بوو كاتێك ئافره‌تێك له سان دییگۆ كه له‌ووهانه‌وه گه‌رابۆوه كه‌ره‌نتینه‌كرابوو به‌ڵام به‌هه‌ڵه ئازاد كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیشانه‌كانی توش بوون به كۆرۆنا له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتوبوو"بزنس ئینسایدر" ده‌ڵێت، نه‌خۆشه‌كه له ناوه‌ندی پزیشكی له زانكۆی كالیفۆرنیا له سان دیگۆ كه‌ره‌نتیه‌نه كرابوو به‌پێی پشكنینه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتووه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه نییه، به‌ڵام كاتێك نیشانه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن ده‌ركه‌وت پشكنینه‌كه‌ی ئه‌رێنییه گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ كه‌ره‌نتینه.
٨- له كۆریای باشور له رۆژی ٢٠ی شووبات ئاهه‌نگی بوك گواستنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ به‌رێوه‌چوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ته‌ندروستی رایانگه‌یاند، كه ئه‌ورۆژه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ی تێدابه‌رێوه‌چووه ژماره‌ی توش بووان بۆ ١٠٤ كه‌س به‌رزبووەته‌وه.
٩- له ئیتاڵیا زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌ی دووچاری ڤایرۆسه‌كه بوون له‌ناوچه‌كانی لومباردی و ڤینیتو له‌باكوری ئیتاڵیان، ئێستا سه‌ركۆنه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ناوچه‌یه‌كی لومباردی ده‌كرێت وه‌ك هۆكارێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه به‌و پێیه‌ی رێگه‌ی داوه به یه‌كه‌م هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه بۆماوه‌ی ٣٦ كاتژمێر بگه‌ڕێت له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی هاوڕێكانی و خێزانه‌كه‌ی كردووه، رۆژنامه‌ی"كورییری دیلاسیرا"ی ئیتاڵیا له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت، ئه‌و كه‌سه ته‌مه‌نی ٣٨ ساڵه و رۆژی ١٩ ی شوبات و له دوای دروستبوونی كێشه له كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانی خراوه‌ته ژووری فریاكه‌وتنه‌وه.
١٠- له باكوری ئیتاڵیا رۆژنامه‌ی نیشتمانی دزه‌ی به هه‌وڵێكی حكومه‌ت كرد، بۆ كه‌ره‌نتینه‌كردنی ١٦ ملیۆن كه‌س ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌زاران كه‌س له‌و ناوچه‌یه هه‌ڵبێن، پێش ئه‌وه‌ی رێكاره‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، روبرتو بوریونی مامۆستای زینده‌وه‌رزانی و زانستی ڤایرۆسه‌كان له زانكۆیه‌كی میلان‌و به رۆژنامه‌ی گاردیانی راگه‌یاندووه:"ئه‌وه‌ی روویدا له‌گه‌ڵ دزه‌كردنی هه‌واڵه‌كان و هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك كه‌س بۆ هه‌ڵهاتن، كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو له‌و ئامانجه‌ی كه هه‌وڵی به‌دیهێنانی ده‌درا".