چاوپیکەوتن

02:53 - 25/12/2018

مەزاڵوم عەبدی: بۆ پركردنەوەی بۆشای ئەمریكا هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ روسیا و سوریا دەدەین‌

پەیسەر

مەزڵوم عەبدی یەكێك لە فەرماندە كوردەكانی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكا كە لەلایەن داڤید ئەگناتیوس ئامادەكراوە رایگەیاندووە، ئەوان شەڕ لەپێناوی بوونی خۆیان دەكەن، دەشڵێت، هەوڵ دەدەن دەرچەی پەیوەندی لەگەڵ روسیا و رژێمی سوریا بكەنەوە بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە كشانەوەی سوپای ئەمریكا دروستی دەكات.

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەیەكی كورد لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات دەربارەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا گفتوگۆیەكی لەرێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی ئەنجامداوە و تیایدا راگەیاندووە: ئەوان پێشبینی ئەو بڕیارەیان نەدەكرد، گوتیشی: ئەوەی ئەمریكیەكان پێشتر پێیان گوتوون وەك خۆی بەدی هاتووە، بەهەمان شێوەی ئەوەی ئەوانیش بە ئەمریكیەكانیان گوتووە جێبەجێ كراوە، بۆیە ئەو بڕیارە توشی سەرسوڕمانی كردوون، و ئەوانیش خۆیان بۆ بڕیارێكی لەو شێوەیە ئامادەنەكردووە.

لە گفتوگۆكەدا مەزڵوم باسی مەترسی گەڕانەوەی تیرۆرستانی كردووە، لە دوای بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكەی ترەمپ و دەڵێ‌، پەیوەندیە لاسلكییەكانی نێوان چەكدارانی داعش لە هەفتەی رابردوودا دەری دەخات كە ئومێدیان بۆ گەراوەتەوە بەمەبەستی بونیادنانەوەی "دەوڵەتی خەلافە"، گوتیشی، 2200 زیندانی داعش و 700 تیرۆرستی بیانی، هەن بۆیە بەبێ هاوكاری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەندامانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەكۆتاییدا ئەو چەكدارانە هەڵدێن.

رۆژنامەكە نوسیویەتی كارێكی ناخۆشە كە مەزڵوم شان بەشانی هێزە تایبەتیەكانی ئەمریكا شەری دەكرد ئەوەش وەك قەڵغانی پاراستنی ئەو وڵاتە بوون، بەڵام لە ئێستادا ڕووبەڕووی وێنەیەكی تری ئەمریكا دەبێتەوە كە تەواو جیاوازە، بۆیە لە گفتوگۆكەیدا مەزڵوم دەڵێت:  با راشكاو بین كاتێك هەواڵی كشانەوەی سوپای ئەمریكام پێگەیشت، یەكەم شت كە بیرم لێكردەوە ناوبانگی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو، چونكە دوای ئەو بڕیارە خەڵك چی بە ئەمریكا دەڵێن؟ هەموو ئەو متمانەی دروستمان كردبوو لەدەستماندا.

مەزڵوم فەرماندەیەكی توندە، و سۆز بەسەریدا زاڵ نیە، لە پەنجاكانی تەمەنی دایە، ئەو روویەكی سەربازی هەیە، ئارامە و لەنێوان ئەو میلیشیایانەی لەجیهاندا هەن دەگمەنە، شەرڤانانی كورد پابەندن بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانیان و شوێنەكانیان لەسەر زەوی دەپارێزن، ئەو خواستە بۆ شەڕ و مردن لەژێر فەرماندەی ویلایەتەیەكگرتووەكان لەهێزێك كە كورد سەركردایەتی دەكات، وایكردووە ببنە هاوپەیمانێكی تایبەت بۆ ئەمریكا، ئەوان بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا توانیان شاری رەققەی پایتەختی داعش و زۆرینەی پێگەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیەیان لەناوبەرن، لەو شەڕدانەدا كورد باجێكی گەورەیدا كە 4 هەزار كوژراو (شەهید) و 10 هەزار برینداریان لەساڵی 2014 وە داوە، لەو كاتەوە ئەمریكا تەنها سێ سەربازی لە سوریا كوژراوە، ئەوەش بەپێی لێدوانی وتەبێژی سەربازی ئەمریكا.

مەزڵوم دەڵێت: بڕیارەكەی ترەمپ دووچاری شۆكی كردوون، چونكە ئەو بڕیارە دوای یەك هەفتە لەسەردانی جیمس جیفری نێردەی تایبەتی ئیدارەی ئەمریكا هات بۆ سوریا، جیفری بەڵێنی نەكشانەوەی سوپای ئەمریكای پێداین تا تێكشكانی تەواوەتی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، و دەركردنی هێزەكانی ئێران لە سوریا و چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە، مەزڵوم لەوەڵامی پرسیاری واشنتن پۆست و لە گفتوگۆكەیدا دەڵێ‌: بەڵێنەكەی جیفری ئاستی ورەی ئێمەی زۆر بەرزكردەوە، بەڵام بەداخەوە لەدوای ماوەیەكی كەم پێچەوانەی ئەوە روویدا، پێشتریش ویلایەتەیەكگرتوووكان دەستبەرداری گەلی كورد بوو، كاتێك ئامانجە سیاسییەكەی پێكا.

لە وەڵامی پرسیاری (لەمیانی كاركردن لەگەڵ راوێژكارە ئەمریكیەكان  قەت بیرت لەوەكردۆتەوە كە رەنگە جارێكی تر ئەمریكا دەستبەردارتان بێت؟)، مەزڵوم رایگەیاندووە: لە راستیدا نەخێر. ئێستا و دوای راگەیاندنەكەی ترەمپ مەزڵوم هەوڵ دەدات دەرچەی پەیوەندی نوێ لەگەڵ روسیا و رژێمی سوریا بكاتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە كشانەوەی سوپای ئەمریكا دروستی دەكات.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو لەگفتوگۆكەماندا لەگەڵ  مەزڵوم كە یەك كاتژمێری خایاند ئەوەبوو كە هێزەكانی مەزڵوم بەردەوامن لەهێرشكردن و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەرۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕڤانانی كورد دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچە كوردیەكان و پاراستنی خێزانەكانیان، مەزڵوم دەڵێت: دوای بڕیارەكەی ترەمپ بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هێزەكانی سوریای دیموكرات لایەنی كەم 27 شەرڤانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی تریش برینداربوون، چونكە داعش لەوكاتەوە زیاتر لە10 هێرشی خۆكوژی دژی هێزەكانیان ئەنجامداوە.

مەزڵوم دەشڵێت: ئەوان ئێستا لەپێناوی خۆیان و بوونی خۆیان شەڕ دەكەن، چونكە تەواوی شەڕڤانان دەزانن ئەگەر بەرگری لەخۆیان نەكەن  ئەوە داعش دەگەڕێتەوە و بەهێز دەبێت و دەیانكوژێت و سەری خێزانەكانیان دەبڕێت.

هەروەها دەڵێ‌ : مەترسیەكە بۆسەر ئەندامانی عەرەبی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات زیاتریشە، ئەوان لە تۆڵەكردنەوەی تیرۆرستانی سوننە و هێزە شیعیەكانی نزیك لە ئێران دەترسن.
مەزڵوم پێی وایە ترەمپ رێككەوتنێكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان واژۆكردووە، ئەردۆغان هەڕەشەی داگیركردنی ناوچە كوردییەكان و تێكدانی كوردستان دەكات.
لە درێژەی گفتوگەدا ئەو جەنەڕاڵە ئاماژە بەوە دەكات: ئەو رێككەوتنە لەلایەن سیاسەتمەدارانی ئەمریكاوە كراوە نەك سەربازەكان، گوتیشی كارێكی نا ئەخلاقیە هاوپەیمانەكەت لەگۆرەپانی شەر جێبهێڵیت، دەشڵێت ئەو كارە سەربازانی ئەمریكا نایكەن ئەگەر بژاردەكە بەدەست خۆیان بێت.

رۆژنامەنوسەكەی واشنتن پۆست دەڵێت، لە مەزڵومم پرسی بەرەبەیانی رۆژی دواتر چی دەكەیت؟ گوتی: دەمەوێت سەردانی بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بكەم بۆ بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی ورەی هێزەكانمان كە ژمارەیان هەزار شەڕڤان دەبێت و تائێستاش شەڕ دژی چەكدارانی داعش دەكەن.