ڕاپۆرتی جیهانی

05:43 - 10/03/2020

شیعه‌کان رووبەڕووی هیلالی شیعى دەبنەوە‌

پەیسەر

له‌ 15ی شوباتی 2020 حزبوڵای لوبنانی په‌رده‌ی له‌سه‌ر په‌یكه‌ری قاسم سوله‌یمانی له‌ شارۆچكه‌ی مارون ره‌ئسی لوبنانی لادا، به‌دووری 800 مه‌تر له‌ سنوری ئیسرائیل، له‌ په‌یكه‌ره‌كه‌دا ده‌ستی له‌ به‌رده‌می درێژبووەته‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌رپرسانی حزبوڵا و لایه‌نگرانیان ئاهه‌نگیان له‌سه‌ر سنوره‌كانی لوبنان-ئیسرائیل ده‌گێڕا گه‌لی لوبنانی چوارمانگ تێده‌په‌رێت به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و چالاكییه‌كانیان دژی چینی سه‌رده‌سته‌ی لوبنان، كه‌ بوونه‌ هۆی گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌یان بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی لوبنان له‌رووی داراییه‌وه‌ دابڕوخێت.

له‌ كۆتاییدا هیلالی شیعی كه‌ ئێران چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ كاری بۆ ده‌كات، به‌سه‌ر رژێمی ئێران و بریكاره‌كانیاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌

گه‌لانی لوبنان و سوریا و عێراق، تانه‌نه‌ت خودی ئێران-یش ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر خه‌تی هیلالی شیعی، دركیان به‌وه‌كردووه‌ كه‌ دووژمن له‌ناو خۆیاندا هه‌یه‌، كه‌خۆی له‌و حكومەتانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ حوكمی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ن و رێگه‌یان به‌ ئێران داوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیاندا بگرێت.

ئایدۆلۆجیا و گوتاره‌كانی خۆڕاگری، پێناسی تائیفی، بیردۆزی پلانگێری كه‌ پێناسی كۆمه‌ڵگه‌ی شیعی له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، به‌ هێواشی له‌ به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت و ترسه‌ ئابورییه‌كان و هه‌وڵه‌كان به‌ ئاڕاسته‌ی هاوڵاتی بوون و پێناسی نیشتمانی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا هیلالی شیعی كه‌ ئێران چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ كاری بۆ ده‌كات، به‌سه‌ر رژێمی ئێران و بریكاره‌كانیاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ به‌یروته‌وه‌ بۆ به‌غداد و تا ده‌گاته‌ تاران، ئێران رووبه‌ڕووی نه‌یارێكی زۆر ئاڵۆز بووەته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ خۆپیشاندانی شیعه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌كۆماری ئیسلامی دوژمنه‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ناوخۆدایه‌، كه‌ ناتواندرێت به‌بێ ناڕه‌زایه‌تی و توندوتیژی كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئه‌وه‌ش زیان به‌ ستراتیژیه‌تی ئێران و هاوپه‌یمانه‌ سیاسییه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌ دۆخی نه‌بوونی دیدگای كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابوری ئه‌و پایته‌ختانه‌ی كه‌ ئێران كۆنتڕۆڵی كردوون ژیان له‌وێ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی نییه‌

ره‌نگه‌ هه‌رگیز ئێران بیری له‌وه‌ نه‌كردبێته‌وه‌ كه‌ له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی به‌ره‌یه‌كی نوێ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ خودی كۆمه‌ڵگه‌كانی شیعه‌ ده‌بینێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا پشت به‌ یه‌ك ستراتیژ ده‌به‌ستن،  كه‌ به‌هێزكردنی پێناسی شیعه‌ و پێدانی چه‌ك و پاره‌ به‌ بریكاره‌كانیان و وێناكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ شیعه‌ له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز رژێم نه‌یزانی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو وه‌به‌رهێنانانه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كان و گه‌ل، دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازیانه‌ی له‌ لوبنان و سوریا و عێراق به‌دی هاتن، گه‌ل به‌تایبه‌تیش شیعه‌ پێویستیان به‌ گۆڕینی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌یه‌ بۆ زیادكردنی سه‌رچاوه‌كانی بژێوی و گره‌نتیكردنی ئاینده‌ی منداڵه‌كانیان، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، له‌ دۆخی نه‌بوونی دیدگای كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابوری ئه‌و پایته‌ختانه‌ی كه‌ ئێران كۆنتڕۆڵی كردوون ژیان له‌وێ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی نییه‌.

گه‌ل به‌رامبه‌ر ئابوری خۆڕاگری

خراپترین كابووسی ئێران ئه‌وكاته‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ عێراقییه‌كان له‌ زۆرینه‌ی شار و شارۆچكه‌ شیعییه‌كان دروشمی"ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌غداد ئازاده‌" یان ده‌گوته‌وه‌، كاتێك لوبنانییه‌كان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان دروشمێكی یه‌كگرتوویان هه‌بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌" هه‌موویان به‌واتای هه‌موویان"، ئه‌م كابووسه‌ بووه‌ ئاڵنگاریه‌كی مه‌ترسیدار كاتێك خۆپیشانده‌رانی عێراق ئاگریان له‌ كونسوڵخانه‌كانی ئێران به‌ردا، هه‌روه‌ها كاتێك خۆپیشانده‌رانی لوبنان هێرشیان كرده‌ سه‌ر حه‌سه‌ن نه‌سروڵا و به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ لوبنانییه‌ شكستخواردووه‌كانیان دایه‌ قه‌ڵه‌م، حزبه‌كه‌شیان به‌ به‌رپرسیاری مەینەتییه‌كانی لوبنان زانی.

ئێران و بریكاره‌كانی كه‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژه‌ به‌ڵێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و جێگیركردنی پێناسی شیعه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی شیعه‌ ده‌دا، ئێستا رووبه‌ڕووی سه‌ركۆنه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سته‌م و كه‌مته‌رخه‌مییه‌.

ستراتیژیه‌تی ئێران له‌و وڵاتانه‌ دوو كه‌موكوڕی تێدایه‌

یه‌كه‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت تێپه‌ڕێنێت ئێران هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و حزبه‌ سیاسییه‌ خۆجێیه‌كان ده‌كرد، درووستكردنی میلیشیا و هێزی چه‌كدار ئه‌گه‌ر توانای كۆنتڕۆڵكردنی بڕیاری ده‌وڵه‌تی نه‌بێت به‌س نییه‌، بۆ ئێران ئاسانه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان دروست بكات، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی پێدانی به‌رتیل پێیان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ، یان به‌ڵێنی پێدانی پۆست كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌ستیان بگات به‌ داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت.

حزبوڵا خۆی ١٣ كورسی له‌ كۆی ١٢٨ كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی لوبنان هه‌یه‌

به‌ نمونه‌ شتێكی سوتفه‌ نیه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی حزبوڵا له‌ لوبنان كه‌سایه‌تییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانن، كه‌ خۆپیشانده‌ران داوای لێپێچینه‌وه‌یان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش نه‌بیه‌ بری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و جوبران باسیل وه‌زیری پیشووی ده‌ره‌وه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ رووی ( سیاسی و دارایی)، ئه‌و شتانه‌یان بۆ حزبوڵا دابینكردووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت، به‌نمونه‌ حزبه‌كه‌ خۆی ١٣ كورسی له‌ كۆی ١٢٨ كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی لوبنان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هۆی هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ كۆنترۆڵی زیاتر له‌ 70 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه‌، هه‌مان شت له‌سه‌ر حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی وڵاتانی تریش جێبه‌جێ ده‌بێت.

دووه‌م؛ ئێران بۆ كۆمه‌ڵگه‌ شیعیه‌كانی له‌ لوبنان و عێراق روونكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ باجی ئه‌و خزمه‌تانه‌ بده‌ن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر وه‌ری ده‌گرن و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی خێرایان به‌ده‌ست هێنا، كاتێك سزاكانی ئه‌مریكا له‌ دژی ئێران ده‌ستیان پێكرد دارایی ئێران رووبه‌رووی هه‌ره‌س بووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌لی ئێران و بریكاره‌كانیان و لایه‌نگره‌كانیان و ده‌نگده‌رانیان دروستكرد. 

دیارنه‌مانی سوله‌یمانی

له‌گه‌ڵ  هه‌موو ئه‌و ئاڵنگارییانه‌دا قاسم سوله‌یمانی كوژرا، كه‌سێك كه‌ كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه‌ی به‌ده‌ست بوو، پرۆژه‌ی هیلالی شیعی كه‌ سوله‌یمانی دایڕشتبوو به‌كرده‌وه‌ پێش كوشتنی دووچاری كێشه‌ بووبووه‌وه‌، چه‌ند كاتژمێرێك پێش كوشتنی سوله‌یمانی له‌رێگه‌دابوو له‌ به‌یروته‌وه‌ بۆ به‌غداد له‌رێگه‌ی دیمه‌شقه‌وه‌، گه‌شتێك كه‌ هێمای ئه‌ركی له‌پێشینه‌ و نیگه‌رانییه‌كانی بوو، لای كه‌س شاراوه‌ نبیه‌ كه‌ له‌نێوان به‌یروت و به‌غداد و تاران چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش كوژرانی له‌هاتوچۆدا بووه‌، بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، كه‌ ئاڵنگارییه‌كی به‌رده‌م پرۆژه‌كه‌ی بوون.

پێكهاته‌ی شیعه‌ خواستی شه‌ڕێكی نوێیان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌م قۆناغه‌دا

ئایا ئێران رزگاری ده‌بێت؟

له‌ كاتێكدا كه‌ هیلالی شیعه‌ له‌ دۆخێكی ئاڵۆزدایه‌، ئێران هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چركردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رزگاری بكات، له‌ ده‌ستدانی ئه‌و هیلاله‌ به‌مانای نه‌مانی توانای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌واتای له‌ ده‌ستدانی توانای سیاسی و دارایی زۆر دێت، به‌خێرایی دوو بنه‌مای ئه‌و هیلاله‌ نه‌مان كه‌ بریتی بوون له‌سوله‌یمانی و كۆمه‌ڵگه‌كانی شیعه‌، ئێران ئێستا كار بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دوو ئاڵنگارییه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێستا ئێران پێویستی پێیه‌تی سوربوونه‌ له‌سه‌ر شكستی خۆپیشاندانه‌كانی به‌یروت و به‌غداد و تاران، له‌ عێراق، ئێران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ گۆڕینی ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته‌ دژایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ ئێران دیدگای ئێرانییه‌كانیان والێكرد كه‌ خۆیان له‌ پرۆژه‌ی ئه‌مریكی -ئیسرائیلی به‌دوور بگرن، تائێستا خۆپیشاندانه‌كانی لوبنان دژی حكومه‌تی نوێ به‌رده‌وامن، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ شكستیان هێنا به‌دوور نازاندرێت كه‌ ئێران و بریكاره‌كانی توند و تیژی به‌كاربهێنن.

ئایه‌ جه‌نگ بژارده‌یه‌؟

له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی جه‌نگی ئێران له‌ناوخۆدا، ئایا ده‌توانێت په‌نا بۆ جه‌نگ به‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی جیهان و خه‌ڵك له‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌ راسته‌قینه‌كان لابه‌رێت، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك هاوسۆزی به‌ده‌ست بهێنێت؟ پێشتر ئێران په‌نای بۆ ئه‌و ستراتیژییه‌ بردووه‌، له‌ لوبنان چه‌ندین جار حزبوڵا شه‌ڕی دژی ئیسرائیل كردووه‌ و هاوسۆزی ناوخۆیی و جیهانی بۆخۆی به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌ زۆر پێویستی پێی هه‌بووه‌.

به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م جاره‌ ئه‌م ستراتیژیه‌ته‌ شكست بهێنێت، دۆخێك كه‌ حزبوڵا و ئێران ده‌یزانن ئه‌ویش به‌هۆی سێ هۆكاره‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزبوڵا توانای هێرشی بۆسه‌ر ئیسرائیل نییه‌ له‌م قۆناغه‌دا و پاره‌ی پێویستی بۆشه‌ڕ نییه‌، دووه‌م گره‌نتی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی نییه‌ هاوشێوه‌ی ساڵی 2006، سێیه‌م پێكهاته‌ی شیعه‌ خواستی شه‌ڕێكی نوێیان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌م قۆناغه‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانن ئه‌مجاره‌ بۆ سوریا یان شوێنه‌كانی تری لوبنان هه‌ڵبێن.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن حنین غدار ئاماده‌كراوه‌ و له‌لایه‌ن په‌یمانگای واشنتن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌