11:38 - 19/02/2020
دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە ئەوروپا چی دەكات؟
دەسەڵاتە نهێنیەكانی كۆماری ئیسلامی
ئێران لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەكانیەوە لە زۆر شوێن و جێگەی دونیادا جێگەی خۆیان
كردووەتەوە، زۆرجار لە ژێر ناوی دبلۆماتكاردا و هەندێكجاریش وەك پیشەوەرو بازرگان
وخاوەن پیشە خۆیان ناساندووە، بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی وڵاتانیش كارئاسانی زۆریان
بۆكردوون تا كارەكانیان بە ئەنجام بگات، بەتایبەتی لە ئەوروپادا، چوون هەر لەوێ
چەندین كاری تیرۆرستییان لە دژی نەیارەكانیان ئەنجامداوە.
سەرۆكی دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی
وڵاتی دانیمارك گوتویەتی پۆلیسی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە توانیویەتی پیلانێكی تایبەتی
تیمێكی ئیتڵاعاتی ئێرانی هەڵبوەشێنێتەوە كە دەیانویست یەكێك لە چالاكوانەكانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی ئێران تیرۆر بكەن.
بەپێێ ڕاپۆرتێكی (بی بی سی فارسی) ئیتڵاعاتی ئێرانی دەیانویست نەیارێكی وڵاتەكەیان
كە خەڵكی پارێزگای ئەهوازی باشووری رۆژئاوای وڵاتەكەیانە بكوژن لەبەر ئەوەی ئەندامی ڕێكخراوێكی ناوچەییەو كار بۆ سەربەخۆیی
عەرەبەكانی ناوچەی ئەهواز دەكات و لە دانیمارك نیشتەجێیە. راپۆرتەكەی (بی بی سی)
دەڵێت ئەو ڕوداوەی دانیمارك تاقانە ڕوداوی لەو شێویە نیەو چەندین چیرۆكی هاوشێوە
لە ژێر سەری ئەو دەزگا هەواڵگرییەدا هەیەو هەریەكەشیان بەكارەسات كۆتاییان دێت.
وڵاتی ئەڵمانیا زۆرترین چالاكی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی تێدا ئەنجام دراوە
دەستگیركردنی چوار كەس لە نەمسا بە
تاوانی دانانی بۆمب لە شوێنی كۆبوونەوەی تیمێكی (موجاهیدینی خەلق) لەلایەن
فەرمانبەرانی باڵێۆزخانەی نەمسا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەكێكی دیكەیە لەو دۆسیەیانە،
پاشان دەركردنی دبلۆماتكارانی ئێرانی لە هۆڵەندا كە دەگوترا دەستیان هەبووە لە
كوشتنی – محمد رضا كلاهی صمدی- و – احمد نیسی- و بە فەرمی رەوانەی ئێرانیان
كردنەوە، هەموو ئەو كارانەی ئێران بە یەكێك لەبەڵگەكانی نیگەرانی رۆژئاوا بوو لە
ئێران و بیانوویەكی باش بوو بۆ ڕەوایەتی دان بە ئەمەریكا تا سزای ئابووری بخاتە
سەر ئەو وڵاتە.
بە پێی ڕاپۆرتەكە، لە هەر جێگەیەك
ئێران هەستی كردبێت بە پیلانگێڕیی ئەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاو ئیسرائیل لە
ئارادایەو لە هەرجێیەكیش توانیبێتی كارێك بكات ئەنجامی داوەو نەسڵەمیوەتەوە،
بەشێكی زۆریش لەو هەنگاوانە ڕووبەڕووی كێشە بوونەتەوە ، لەوانەش: دانیمارك و
فەرەنسا ناوبەناو باڵێۆزی ئێرانیان بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كردووەو لە دوای
هەرڕوداوێك داوای ڕوونكردنەوەیان لێكردوون.
بەپێی راپۆرتێكی بڵاوكراوەی ئیشپیگلی فەرەنسی لە 29 سێبتەمبەری 2018 دا بە
دوورو درێژیی پڕ لەوردەكاریی بڵاوكردوەتەوە كە چۆن ئێرانیەكان ویستویانە شوێنی
دانیشتنەكەی موجاهیدینی خەلق بۆمبڕێژبكەن. هەروەها میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویان
كردووەتەوە كەلەم ساڵانەی دواییدا تاكە كاری دەزگا ئەمنیەكانی ئێران بووەتە شوێنپێ
هەڵگرتن و تیرۆر كردنی نەیارەكانی لە دەرەوەی ئێران، لەناوخۆی وڵاتەكەشدا فشاری
زۆریان خستۆتە سەر كەس و كار و خانەوادەكانیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە یان واز
لەكارەكانیان بهێنن، بەجۆرێك ئێستا لە ئێراندا بووە بە كاری رۆژانەیان.
لە مانگی تشرینی یەكەمیی 2015 دا دوو
كەسی لە ئەندامانی موجاهیدنی خەلق لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیركران بە
تاوانی هاوكارییكردنی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران. بە دەستگیركردنی ئەو دوو كەسە
دیسانەوە بابەتی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی هاتەوە بەرباس
و لەناو هەموشیاندا باسی ڕیستۆرانتەكەی میكۆنۆس و تیرۆركردنی شەرەفكەندی و
هاوڕێكانی.
وڵاتی ئەڵمانیا لە نەوەدەكانی سەدەی
ڕابوردوودا زۆرترین چالاكی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی تێدا ئەنجام دراوە، لەبەر
ئەوەی پەیوەندی زۆر لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەو ماوەیەدا زۆر چڕ ببویەوە تا ڕادەی
زانیاریی گۆڕینەوەو هاوكاریكردنی یەكتریی، هەرچەندە تا ئێستاش ئەو بابەتە بەشێكی
هەرە زۆری بە نهێنی ماوەتەوە بەڵام كەمێكی هاتوەتە دەرەوەو بووەتە جێگەی قسەوباسی
میدیاكان و لەو ڕێگەیەشەوە دەكرێت شتێك لەو بابەتە نزیك ببینەوەو كوردەواریی
گوتەنی شتێكی لێهەڵكڕێنین.
بە پێی ڕاپۆرتە تایبەتەكانی دەزگا
هەواڵگرییەكان كە دوای رووداوەكان كەوتوەتە دەست میدیاكان، زۆرترین پەیوەندییەكانی
نێوان ئیتڵاعات و ئەوروپای رۆژئاوا لە ڤیەننا و ژنێف و سویسرا بووە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1989 دكتۆر
عەبدولڕەحمانی قاسملۆ لە ڤیەننا و( كازمی ڕەجەویی) برای مەسعوودی ڕەجەوی سكرتێری
پێشووی موجاهیدنی خەلق لە 1991 لە ژنێف تیرۆر كران، چاوی دەزگا ئەمنیەكانی جیهان
لەسەر هاوكارییەكانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی چڕ بوویەوە.
دواتر سادقی شەرەفكەندی سكرتێری حزبی
دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢دا لە
چێشتخانەی میکۆنوسی شاری بەرلین کاتێ بەشداری کۆبوونەوەیەکی سەرانی
گرووپەکانی دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر
کرا.
لە ڕێگای قاسملوو لەگەڵ بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا بووە
ھێندێ پلاندانانی ئەو تێرۆرە ئەخەنە
ئەستۆی کۆماری ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە بە
درۆخراوەتەوە دواتر دادگایەک لە شاری بەرلین دوای شیکردنەوەی ڕووداوەکانی کارەساتی
میکۆنوس، نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار ناسی بۆ ئەنجامی ئەو تیرۆرە عەلی خامنەیی وەك ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانو ، ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی وەك سەرۆک کۆماری کات و عەلی فەلاحیان وەك وەزیری ئیتلاعاتی
کاتی بۆ دادگا بانگهێشت کران بەڵام هیچیان نەچوونە بەردەم دادگا.
بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئەڵمانیا کەسێک وێرای بێتە دادگاکە و شەھادەت
بدات لەسەر ئەو ڕووداوە. لە دادگاکەدا گوتی کە ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعات بووە
و سیستەمی پلان دانانی تیرۆرەکان بە باشی دەناسێ. بەو بەڵگانە دادگاکە
کاربەدەستانی کاتی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار زانی لە ئەنجامی ئەو کردەوە
تیرۆریستیەدا. وردەكارییەكانی
ئەو دادگایە بریتی بوو لە وەرگرتنی وتەی 176 كەس لە ماوەی 47 دانیشتنی دادگادا و دواجار
بۆ دادگا دەركەوت كە چەند كەسێك لەو دۆسیەیەدا تاوانبارن و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ
دەركردن، بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر نەركراوە، لەم
ماوەیەی پێشوودا محسن كازمی یاداشتەكانی كازم دارابی بڵاوكردووەتەوە بەناوی (نقاشی
قهوەخانە)وەو تیایدا باس لەوردەكارییەكانی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو كارە
تیرۆرستیەدەكات و خۆی وەك یەكێك لە ئەنجامدەرانی كارەكە هێناوەتە ئەژمارو وەك
ئەركێكی خۆی و وڵاتی ئێرانی لە قەڵەم داوە.
دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە لە 1999 وە
تا 2003 سەرجەم چالاكیەكانی ئێران لە ئەڵمانیادا كەوتە ژێر چاودێرییەوە، كارەساتی
میكۆنۆس بووە مانشێت و سەردێڕی سەرجەم میدیاو رۆژنامەكان و بۆ پەردەپۆشكردنی
ئەو كارەساتەش دەزگای ئیتڵاعاتی بۆ
ماوەیەكی زۆر چالاكیەكانی سنووردار كرد.
سادق شەرەفکەندی ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ی زایینی لە گوندی ترغە بۆکان لە دایک بوو. لە تەمەنی منداڵیدا
باوکی كۆچی دوایی دەكات و سەرپەرشتییەکەی دەکەوێتە سەرشانی برا گەورەکەی، شاعیری گەورەی کوردستان مامۆستا ھەژار.
محەممەد سادق خویندنی سەرەتایی له بۆکان و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری تەورێز تەواو کرد و ساڵی ١٩٥٩ لە دانشسەرای عالیی تاران لیسانسی لە بواری زانستی كیمیادا
وەرگرتوە. ھەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای كیمیاو ھەتا
ساڵی ١٩٦٥ لە شاریی ورمێ بە ئەرکی مامۆستایەتییەوە خەریک بووە.
سەرەنجام ساواک (دەزگای هەواڵگریی سەردەمی شای ئێران)، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی ھاوبیر و
ھاوکاری بۆ شارەکانی ئەراک و کەرەج و چەند شاری دیکەی دوور خستنەوە.
محەممەد سادق شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٠ بۆ زانستگای تربیت معلم نەقڵ کراو وەک یارمەتیدەری بەشی كیمیا
کاری پێ ئەسپێردراوە پاش نیشاندانی لێوەشاوەیییەکی تەواو لەو ئەرکەدا، ساڵی ١٩٧٢ بە کەڵک وەرگرتن لە
بوورسی وەزارەتی علووم چوو بۆ فەڕنسا و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە
توانی دوکتورا لە بواری كیمیای ئانالیز لە زانستگای ژمارە ٦ی پاریس وەربگرێ. دوکتور سادق شەرفکەندی ساڵـی ١٩٧٦ گەڕایەوە تاران و وەک مامۆستای كیمیا لە زانستگای تربیت معلم درێژەی بە کاری مامۆستایەتی دا کە لە
بەجێھێنانی ئەو ئەرکەشدا بە تەواوی سەرکەوتوو بوو.
شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٣کاتێک لە پاریس دەورەی دوکتۆرای دەدیت، لە ڕێگای عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ بەرنامە و پێرەوی
نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا بووەو پاش
گەڕانەوەی بۆ ئێران بوو بە لینكی پەیوەندی نێوان دوکتور
قاسملوو و ئەندامانی کۆنی رێبەرایەتی حیزب. دوای رووخانی ڕژێمی پاشایەتیی ئێران و
دەسـتپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات ساڵی ١٩٧٩بوو بە ڕاوێژکاری کومیتەی ناوەندی.
زۆرتر بەرپرسایەتی بەشی تەبلیغات – راگەیاندن( ڕادیۆ و چاپەمەنیی) لە سەرشان بوو
لەشوباتی ١٩٨٠ لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و
بەرپرسایەتی کومیتەی حیزب لە تارانی پێ سپێردرا. سەرەتای ھاوینی ساڵـی
١٩٨٠ لە لایەن رێبەرایەتی حیزبەوە بۆ کاری حیزب بانگ کرایەوە کوردستان. لە پلینومی کومیتەی ناوەندی لە ھاوینی
١٩٨٠دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردرا. لە کۆنگرەکانی پێنجەم، شەشەم،
حەوتەم، ھەشتەم و نۆھەمی حیزبدا ھەموو جارێ بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و لە
کومیتەی ناوەندیشدا ھەموو جارێ بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە.
سادق شەرفکەندی ماوەی بوونی لە رێبەرایەتی حیزبدا زۆرتر بەرپرسایەتی بەشی
تەبلیغات – راگەیاندن( ڕادیۆ و چاپەمەنیی) لە سەرشان بوو. لە هەمان كاتیشدا ھەتا
کاتی تیرۆری قاسملوو(لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، یەکێک لە
سامناکترین رووداوەکانی مێژووی کورد لە ڤییەنی پایتەختی نەمسا) ئەرکی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی بە
ئەستووە بوو.
شەرفکەندی لە یەکەم پلینومی دوای
تیرۆری قاسملوودا بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتی حیزب
ھەڵبژیردرا و لە کۆنگرەی نۆھەمی حیزبیشەوە تا کاتی تیرۆری، ئەرکی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەرێوەدەبردووە ، لە 17ی ئەیلوولی ١٩٩٢دا لە
چێشتخانەی میکۆنوس لە شاری بەرلین کاتێ بەشداری کۆبوونەوەیەکی سەرانی
گرووپەکانی دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو،
تێرۆر کرا.
لەو كاتەوە تا ئەم دواییانەش ئیتڵاعات
و دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران لە هەر جێگەیەكی جیهاندا ویستبێتی كاری تیرۆرستی
ئەنجام داوە، هێرش بۆ سەر بارەگاكانی حیزبی دیموكرات لەناوچەی كۆیەی باشووری
كوردستان لە 2018 دا و سەرجەم كارەكانی سوپای قودس لە لوبنان و سوریا و عێراق و
یەمەن و ئەفغانستان دەچنە ڕیزی چالاكی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێرانەوە.