چاوپیکەوتن

04:15 - 16/02/2020

حەسەن ئۆزگەنوش: ئەردۆغان توركیا لەناو دەبات‌

پەیسەر

حەسەن ئۆزگەنوش: ئەندامی پەرلەمانی توركیا لەسەر فراكسیۆنی هەدەپە لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ دامەزراوەی پەیسەر چەند نهێنی و زانیاریەك دەربارەی پارتەكەی و دۆخی باكوری كوردستان و كارەكانی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ و هەروەها  ئاك پارتی و مەهەپە و جەهەپە  دەدرێكێنێت و دەڵێت:” هەدەپە لە توركیا لە پێناو ئازادی و مافی گەلاندا دەڕوات و كار بۆ ئەوەدەكەن دیموكراسی راستەقینە لە توركیا بچەسپێنرێت”.

ئۆزگەنوش لە شرناخ بوو، سەرقاڵ بوو بە ئامادەكاریی رێكخستنەكانی پارتەكەی بۆ ئەوەی بەرەو ئەنكەرە بڕۆن، ئامادەی كارە سەرەتاییەكانی كۆنگرەی پارتەكەی ببن،  كە وا بریارە 24ی ئەم مانگە  لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بەرێوە بچێت، ئێمەش بەدەم قسەكردن و كارەكانیەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.

پەیسەر: دواین گۆڕانكاریی و ئامادەكاریەكانی  پارتی دیموکراتی گەلان بۆ كۆنگرە چییە؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” نزیكەی مانگێكە هەدەپە سەرقاڵی ئامادەكاریی كۆنگرەیە و بەنزیكەی 3 هەزار كەس لە سەرتاسەریی توركیاوە بەشداری لە كۆنگرە دەكەن و ئێستا ئامادەكاریەكانمان بۆ بەستنی كۆنگرە لە ئاستێكی زۆر بەرز و باش دایە و لە ئەنكەرە كۆنگرەكە دەبەستین، هەروەك كۆنگرەكانی پێشوتر سیستمی هاوسەرۆكی پیاوێك و ژنێك دادەنرێت و یەكێكیش لەو دوو سەرۆكە كورد نابێت و لە نەتەوە جیاوازەكانی تری توركیا دەبێت، ئەوشە بۆ ئەوەیە كە پارتی ئاشتی و دیموكراسی بڕوای تەواوی دیموكراسی و كاری هاوبەش و پێكەوەی گەلانی ناوچەكە هەیە و دەبێت هەموو گەلانی دیكەش لە ناو پارتەكەماندا رۆڵ و پێگەیان هەبێت”.

پەیسەر: لەكار و ئەدای سەزایی تەمەللی ڕازین؟
حەسەن ئۆزگەنوش:” سەزایی تەمەللی وەك هەر كەسێكی تری ناو هەدەپە بڕوای تەواوی بە پێكەوەژیان و یاسا و سیستم وبەرنامەكانی هەدەپە هەیە و بڕوای تەواوی بە پێكەوەژیان و مافی دیموكراسی گەلانی دیكە هەیە، ئەو لە هەر كەسێكی دیكە لەناو هەدەپەدا بۆ ئازادی تێكۆشان دەكات و هەدەپە هەمیشە شانازی پێوە دەكات”.

پەیسەر: ئێستا ئێوە ئامادەكاری دەكەن بۆ كۆنگرە، لەگەڵ ئەوەدا دۆخی ناوخۆی پارتەكەتان و دۆخی ئێستای باكوریی كوردستان چۆنە؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” لەراستیدا دۆخی ناوخۆی پارتەكەمان لە رووی رێكخستن و ئەندامەتیەوە زۆر باشە و لەئاستێكی زۆر بەرزدایە چونكە هەدەپە بڕوای بە دیموكراسی راستەقینە و سیستم و بەرنامەیەكی پێشكەوتو هەیە، لەبەر ئەوە لەناوخۆ و دەرەوەی پارتەكەدا زۆر بەباشی كار دەكەین، بەڵام ئاك پارتی وەك هەمیشە رێگرە لەبەر دەم كارەكانمان و ئاستەنگیمان بۆ دروست دەكات و  ئەندامەكانمان دەستگیر دەكەن بە بێ هۆ”.

حەسەن ئۆزگەنوش وتیشی:” ئێستا زیاتر لە 16 هەزار ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە زینداندان و لەو ژمارەیەش 5 هەزاریان سەركردە و بەرپرسانی باڵای هەدەپەن و تا ئێستاش بە ناهەق لەزیندانەكانی ئاك پارتیدان”.

پەیسەر: كورد چۆن دەروانێتە قەیومەكان؟
حەسەن ئۆزگەنوش:” ئەو قەیموانەی كە لە شوێنی خەڵكانی ئێمە دانراون گەل قبوڵیان ناكات و نایەوێن، لە ئێستا  كورد لە توركیا لە دۆخێكی زۆر خراپدایە و پێویستە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت، ئێمە بڕوای تەواوەتیمان بە ئاشتی و پێكەوە ژیانی ڕاستەقینە هەیە و تەنها چارەسەریش بریتییە لە گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و پێكەوەژیانی راستەقینەی گەلان كە ئێمە وەك پارتی ئاشتی و دیموكراتی بڕوای تەواومان پێیە و پێویستە ئاك پارتیش بروا بەوە بهێنێت، كەتەنها پێكەوە ژیان دەتوانێت ئازادمان بكات”.

پەیسەر: ئاك پارتی و حكومەتی توركیا چی لە ئێوە دەوێت؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” ئاك پارتی و ئەردۆغان دوژمنی راستەقینەی كوردن و ئەردۆغان فاشیست و فاشلە ناتوانێت كێشەكانی خۆی لەكەڵ پارتەكەی و هاورێكانیدا چارەسەر بكات و هەموو دۆست و هاوڕێكانی لە پارتەكەی نەماون ئەو ئاك پارتی دەنگێكی زۆری لەدەست داوە ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت كە خەڵك ئاك پارتی قبوڵ نییەة ئەردۆغان و ئاك پارتی بڕوایان بەزمانی دیالۆگ و ئاشتی نییە بڕوایان بەشەر و ئاژاوە و یەك رەگەزی هەیە ئەوەش توركیای وێران كردووە و دەبێت خەڵكی توركیا بزانێت كە ئەردۆغان هەرەشەیەكی گەورەیە لەسەر توركیا”.

پەیسەر: هەماهەنگیتان لەگەڵ پارتەكانی دیكەی توركیا لە چ ئاستێكدایە؟

حەسەن ئۆزگەنوش: “ئێمە وەك هەدەپە بڕوای تەواوەتیمان بەوە هەیە كە دەبێت هەموو هێزەئازادی خوازەكانی توركیا پێكەوە كار بكەن و پڕۆژەیان هەبێت بۆ ئەوەی رووبەرووی ئەو زوڵمە بوەستنەوە كە دووچاری توركیا بوەتەوە، و پێویستە پێكەوە كاری هاوبەش بكەین بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانین توركیا رزگار بكەین لە هەر كێشەیەكی گەورە كە روووبەروومان دەبێتەوە”.

پەیسەر: بۆچونی ئێوە لەسەر ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ چییە؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ لەكارلەكانی تارادەیەكی زۆر باش سەركەوتووبوە و بەلایەنی كەمەوە لە ئاك پارتی زۆر باشترە، ئەوە هەر ئێمەنین كە  ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆمان پێباشە بەڵكو هەموو لایەنەكان و خەڵكیش لە توركیا ئۆغڵۆیان پێباشە و پێیان وایە كاری باشدەكات و بەرەو پێشەوەدەچێت، ئەوەی كە ئێستا ئەستەنبوڵ و ئەنكەرە بەدەست ئاك پارتیەوە نەماوە ئەوە بۆخۆی كارێكی گەورەیە و گرنگی سیاسی و ئابوری گەورەی هەیە، كە توركیا بەرەو قۆتاغێكی تر دەبات و هیوایەك دروست دەكات”.

پەیسەر: ئامادەكاریتان بۆ هەڵبژاردن كردووە؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” ئێمە وەك هەدەپە بەتەواوەتی ئامادەی هەڵبژاردنین چ لەكاتی خۆیدا بكرێت یاخود لەپێشوەختە بكرێت و هەدەپە دەنگێگی زۆر باشی دەبێت و توانیویەتی بەباشی بچێتە پێشەوە و كاری باش بكات، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە هەدەپە زیاتر بچێتە پێشەوە و دڵنیام لە هەڵبژاردنی  داهاتوشدا هەدەپە سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت”.

پەیسەر: ئامادەكاریتان بۆ ئاهەنگی نەورۆز چۆنە؟

حەسەن ئۆزگەنوش:” ئێمە هەموو ساڵێك ئامادەكاریی تەواومان كردووە كە لە هەموو توركیا و باكوری كوردستان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوە بچێت و  لە ئامەدیش گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانن كە كورد بەردەوامە لەمافەكانی خۆی و دەیەوێت لە ئاشتیدا بژیی”.