ڕاپۆرتی جیهانی

10:52 - 09/02/2020

ئاماری قوربانیەكانی كۆرۆنا لە جیهاندا‌

پەیسەر

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: تا ئێستا  نەچین و نەهیچ وڵاتێكی جیهان نەیانتوانیوە دژە ڤایرۆسی كۆڕۆنا بدۆزنەوە كۆنترۆڵی بكەن، ئوەش لەبەر ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە لەماوەی ژیانیدا كە تەنها 14 ڕۆژە زۆر بەخێرای گۆڕانكاریی بەسەر توێكاری دەرەوەیدا دێت و بەئاسانی ناتوانرێت دژەكەی بدۆزرێتەوە.

لە دواین زانیاریەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە: هەرچەندە هەوڵی جیدی هەیە لەلایەن زانایانی تەندروستییەوە لە چین و وڵاتانی جیهان بۆ دۆزینەوەی دژە ئەم ڤایرۆسە و تائێستاش بە ملیۆنان دۆلار بۆ ئەو پرسیە تەرخانكراوە، بەڵام هەتا بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتەش هیچ دژێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە و زانایان سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكن بۆ ئەوەی پێش بەو كوشتارە گەورەیە بگرن كە بڕیارە كۆڕۆنا ئەنجامی بدات.

رێكخراوەكە دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی دژە ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوە، هەتائێستا هیچ دەرمانێكێكیش نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی توشبوانی ڤایرۆسەكەی پێچارەسەر بكرێت، هەرچەندە وڵاتی چین چەند جۆرێك دەرمان بۆ  توشبوانی ڤایرۆسەكە بەكار دەهێنن بەڵام ئەو دەرمانە چارەسەری ڕاستەقینە نییە و تەنها وەك چارەسەری سەرەتایی بەكار دەهێنرێت.

هەتا ئێستا چین زیاتر لە 160 ملیار دۆلاری بۆ لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشەكان خەرجكردووە و پێدەچێت ئەو بڕە بۆ چەندین بەرامبەر زیاد بكات و هەتا ئێستاش هیوایەك بۆ چارەسەریی نییە ئەوە لەكاتێكدا یە كە تا ئێستا ئەم ڤایرۆسە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار زیانی بە وڵاتی چین گەیاندووە و مەزەندە دەكرێت بۆ دەهێندە بەرز ببێتەوە و زیانەكان بگەن بە ئاستێك ئابوریی چین بەشێوەیەكی بەرچاو داروخان بەخۆیەوە ببینێت.

ئەمریكاش ڕایگەیاندبوو ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن دۆلار هاوكاریی چین بكات بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناو بۆ ئەوەی بەتەواوەتی پێش بەگەشەی ئەو ڤایرۆسە بگیردرێت و چیتر قوربانی زیاتری لێنەكەوێتەوە.


ئەوەجگەلەوەی بە پێی دواین زانیاریەكان لە چین  زیاتر لە 800 كەس  بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو وڵاتە توشی شكستی كار و چەندین كێشەی گەورە بوەتەوە بەهیچ شێوەیەك كۆنترۆڵ نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێوشوێنی وردیش گیراوەتەبەر.


لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 813 کەس تا دێت ئەو ژمارەیش زیاتر دەبێت و پێدەچێت لەماوەی چەند رۆژی تردا ژمارەكە بۆ زیاتر بەرزببێتەوە.

كوژرانی ئەو ژمارە زۆرە لەو ماوە كەمەدا چەندین ریكۆردی تری بواری ڤایرۆسی هاوشێوەی خۆیی تێپەڕاندووە بۆ نمونە قوربانیەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە قوربانیەكانی  ڤایرۆسی سارسی زۆر زیاترە لەو ماوەیەی كە بڵاو بوەتەوە ئەوە لەكاتێكدایە ڤایرۆسی ساریی كە یەكێك بوو لە ڤایرۆسە كوشندەكان لە ساڵی 2002 - 2003 بڵاوبووەوە و 774 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و ئاسانتر كۆنترۆڵكرا  و هەروەها  ڤایرۆسی گۆڕۆنا ریكۆردی كوشتنەكانی ڤایرۆسی ئیبۆلاشی تێپەڕاندووە كە پێشتر لە چەندین وڵاتی جیهان و ناوچەكە بڵاو بوەوە.

چینیەكان پشوو نادەن
هەرچەندە ئێستا دانیشتوانی چین بەهۆی  سەری ساڵی چینیەوە لە پشوی ساڵانەدان، بەڵام پزیشكەكان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە  هیچ پشویەك وەرناگرن و بەبەردەوام سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی ریشەین بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەناو بەرن بەڵام تا ئێستاش هیچ هیوایەك دەرنەكەوتوووە .

دیمەنی روخسار و شەونخونی و ماندووبونی پزیشكەكانی چین تەواوی میدیاكانی جیهانی تەنییوە، كە چۆن بەشەو بەڕۆژ نانون تا بتوانن هاوكاری خەڵكی توشبووی ڤایرۆسەكە بكەن، بەروخساری پزیشك و كارمەندانی تەندروستییەوە دەردەكەوێت كە چەندە ماندووون و هێڵی نەخشكراوی دەمامكەكان لەسەر دەمووچاویان نەخشی بەردینی هەڵكۆڵیوە، بەڵام ئامادەنین دەس لەو كارە هەڵگرن و خزمەت بە وڵاتەكەیان دەكەن.

قوربانیەكا لەزیادبوندان
ئاماری قوربانیەكان پێماندەڵێـت هێشتر چارەسەرێكی ریشەی بۆ ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەپێی داتاكانی حكومەتی چین ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانیش توانیویانە رزگاریان ببێت و بچنەوە ماڵەكانی خۆیان، لە ماوەی 24 کاتژێردا 89 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوە لەكاتێكدایە  رۆژی شەممە 8-2-2020 هاوڵاتیەكی ئەمریكی كە لە چین بوو  لە نەخۆشخانەیەکی شاری ووهان بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، هاوڵاتیەكی یابانیش بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە  لە هەمان شاردا و لە هەمان نەخۆشخانەدا گیانی لەدەستداوە.

توشبوانی كۆڕۆنا
هەندێك گومان باش لەوەدەكەن كە توشبوانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چین ژمارەیكی بێشوماریی تێپەڕاندووە بەڵام هیچ سەرچاوەیەك نییە ئەو ئامارانە پشتڕاست بكاتەوە بەڵام بەپێیی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەر كەوتووە لە سەرچاوەیەكەوە لە شاری وهان  تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 554 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، شەش هەزار و 196 توشبوو باری تەندروستییان ناجێگیرە،  دوو هەزار و 728 کەسیان چاکبوونەتەوە، بەشی زۆری تووشبووەکانیش لەنێو شاری ووهانن.

شاری ووهان زۆرترین توشبوی ڤایرۆسی كۆڕۆنای لێیە و ئێستا بەشێوەیكی گشتی شارەكە چۆڵكراوە وبەئەستەم هاتوچۆی هاوڵاتیان و پیاوانی دەوڵەت دەبینرێت لە شەقاوەجەنجاڵەكانی ئەو شارە، حكومەت دەڵێت: ئەگەر هاوڵاتیان بەم شێوەیە هاوكارمان بن ئەوا بەئاسانی دەتوانین كۆنترۆڵی هەر شتێكی تریش بكەین كە لە كۆڕۆنا گەورەتربێت.