ساڵح موسلیم، بەرپرسى پەیوەندیە دەرەكییەكانى پارتى یەكێتى دیموكراتى (پەیەدە) رایدەگەینێت كە بڕیارى دۆناڵد ترهمپ سەرۆكى ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا دەربارەى كشانەوەى هێزەكانى سوپاى ئەمریكا لە رۆژئاواى كوردستان بڕیارێكى لە ناكاوە لە کاتێکدا هێشتا داعش هێزو پێگهى ماوه له سوریا. موسلیم پێیوایە ئەمریكا بە هەڵەدا چووە ئەگەر پێیوابێ داعش لەناوچووەو دهڵێت، ئەمریكا پشتگیرى كورد دەكات و داوا دەكات كورد بەشداربێت لە كۆبوونەوەكانى جنێڤ لەبارەى چارەسەرى قەیرانى سیاسى سوریادا. لەم دیمانەیەدا ساڵح موسلیم هاوسەرۆكى پێشووى پەیەدە وەڵامى پرسیارەكانى (پەیسەر پرێس) دەداتەوە لەبارەى ئەو دۆخە نوێیەى لە رۆژئاواى كوردستان هاتۆتەپێش. پەیسەر پرێس: بڕیارەكەی ترهمپ چ واتایەكی هەیە؟ بۆچی ئەم بڕیارە؟ رەنگدانەوە و لێكەوتەكانی چی دەبن؟ ساڵح موسلیم: نازانین بڕیارەكی ترهمپ چیە و بۆچی گیراوە. بڕیارێكی لەناكاوە بێ ئاگاداركردنەوەی دەوروبەری خۆشی بووە. بڕیارێكی كەسیەتی ترهمپە و چی هەبێت لەلای ئەو كراوە. ئێمە خاوەنی ئەو بڕیارە نین، ئەو دەتوانێ و بۆی هەیە ئەم بڕیارە بدات. لە تواناماندا نیە كاریگەری لەسەر بڕیاری ترهمپ بەجێبێڵین. بڕیارەكە بەخۆی پەیوەست و ئەو بەتەنیا بەرپرسیارە لە دەرەنجامەكانی. بەڵام لەسەر بڕیارەكە تێبینیمان هەیە. دەڵێت كۆتاییمان بەداعش هێناوە، بەپێچەوانەوە شەڕی داعش لەو پەڕی گەرمی دایە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەدەست ئێمە دایە، تەنیا لە ناوچەی (هەجین) لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور 4 هەزار ئەندامی هەر بژاردە و شەڕكەری داعش ماوە. لە ئەمڕۆ بەیانی (21 كانوونی یەكەم) داعش بەهەموو هێزی خۆی هێڕش دەكات كە جەنگاوەرە بیانیەكانی داعش ئەوانەی لە عێراق و شوێنەكانی دیكە هاتوون سەرپەرشتی دەكەن. كەواتە داعش كۆتایی پێنەهاتووە، بانگەشەی ئەمریكا كۆتایی بەداعش هاتوو راست نیە. پێمانوایە هێشتا ئەمریكا كۆتایی بەو رۆڵ و بەرپرسیاریەتیە نەهێناوە كە ئەركەكەی هەڵگرتووە. ئەوە تەنیا قسەی ئێمە نیە، هاوپەیمانانی ئەمریكاش ئەم قسەیە دەكەن. فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا جەخت لەم راستیە دەكەنەوە. بۆیە كەس ناتوانێ ئەم بڕیارە بە راست لە قەڵەم بدات. پەیسەر پرێس: هێزەكانی ئەمریكا كە لەگەڵ هێزەكانی قەسەدە شەڕ دەكەن و لە بەرەكانی جەنگن، لەبارەی ئەم بڕیارە چی دەڵێن؟ كاردانەوەی ئەوان چیە؟ ساڵح موسلیم: ئەوان بێ ئاگایایی خۆیان لەم بڕیارە دەردەبڕن، دەڵێن بێ راوێژكردن لەگەڵ ئێمە بڕیارەکە دراوە. هیچ پلانێك بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا دانەڕژاوە. ئەمەش ئاماژەیە بە ناڕوونی بڕیاری كشانەوە. یەكەكانی ئەمریكا دەڵێن لە ئێستادا ئێمە یەكسەر ناتوانین بگەڕێینەوە، بۆ ئامادەكردنی زەمینەی گەڕانەوە پێویستیمان بە كاتە. پەیسەر پرێس: پێتوایە دەرفەتی ئەوە مابێت ترهمپ لە بڕیارەكەی پاشگەزبێتەوە یان پاشگەز بكرێتەوە؟ ساڵح موسلیم: ئێمە نازانین میكانیزمی دەركردن و جێبەجێكردنی بڕیار لە ئەمریكادا چۆنە. بێگومان ئەوان بە گوێرەی دەستوور و یاساكان بڕیار دەدەن. بۆیە دیارنیە پاشگەز دەبێتەوە یان دەكرێتەوە! زۆرینەی ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی كۆنگرێس و سیناتۆران لەدژی ئەم بڕیارە دەوەستنەوە. ئایا دەكرێت ئەمانە هەڵوێستەكانیان یەكخەن و نامەیەك ئاراستەی ترهمپ بكەن؟ ئایا هەڵوێستی ئەوانە ترهمپ پەشیمان دەكاتەوە؟ نازانم و دیارنیە. بەڵام بەگشتی هەموو كەس پێیوایە ئەم بڕیارە لە جێگای خۆیدا نیە. بۆیە ئەم پرسیارە پەیوەستە بە میكانیزمی بڕیاردان لەناو ئەمریكادا. پەیسەر پرێس: ئەمڕۆ ئێوە دانیشتنتان لەگەڵ فەڕەنسا كردووە. فەڕەنسا دەڵێت پابەندین بە پاراستنی رۆژئاوا. پێتوایە فەڕەنسا بتوانێ تا پێویست بێت باری رۆژئاوا هەڵبگرێت؟ ساڵح موسلیم: مەسەلەكە تەنیا پەیوەست نیە بە فەڕەنسا، پەیوەستە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، تەنیا ئەمریكا لەو هاوپەیمانیەتیەدا هاتووەتە دەرەوە. باری هاوپەیمانیەتی ئەوەندە گران نیە، چونكە رۆڵی ئەوان ئیدارەكردنە و دوورن لە بەرەكانی شەڕدا لە ریزی پێشەوە جێناگرن، لەم هەموو ساڵەی دواییدا ئەوەندە شەڕ و شۆڕ هەبوو، ئەو هەموو سەركەوتنە بەدیهات، یەك سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لووتیشی بەخوێن نەبوو چونكە شەڕڤانان رێگا بەم سەربازانە نادەن بچن بەرەكانی شەڕ، ئەگەر هاوپەیمانیەتی بخوازێت و خۆ بدەنە بەر بارەكە دەتوانن ئەو بۆشایەی كشانەوەی ئەمریكا دروستی كردووە پڕ بكەنەوە، مەسەلەكە پێویستی بە جدیبوونێك هەیە، ئایا بارودۆخی نێودەوڵەتی دەستدەدات؟ لەبەرئەوەی مەسەلەیەكی سەربازی رەهایە ناتوانم بە تەواوەتی قسەی لەبارەیەوە بكەم، ئەگەر تەنیا بە هێزی ئاسمانیەوە پشتگیریمان بكەن دەتوانین بەردەوامبین و پێشكەوتن دروست بكەین. پەیسەر پرێس: ئایا دوای بڕیاری ترهمپ موكینە فەڕەنسا و بەریتانیا رووسیا رازی بكەن و ناوچەیەكی دژە فڕین لەسەر ئاسمانی رۆژئاوادا دروست بكەن؟ ساڵح موسلیم: ئەمە پەیوەستە بەو سەودایەی لە نێوان ئەم هێزانەدا دەكرێت. ئەگەر ویستیان هەبێت دەتوانن ئەم ناوچەیە دروست بكەن، دووریشنیە رووسیا بۆ هەنگاوێكی لەم جۆرەدا ئامادەبێت، ئەگەر رووسیا تا ئێستا ناوچەی دژە فرینی دروست نەكردووە، لەوانەیە بەهۆی ئەمریكاوە بێت. پەیسەر پرێس: ئەردۆغان ئەمرۆ لە لێدوانێكیدا دەڵێت بۆ ماوەیەك هێڕشكردنە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات دوادەخەین. ئەم لێدوانەی ئەردۆغان چیە؟ چۆن دەیخوێنیەوە؟ ساڵح موسلیم: دڵنیامە ئەم لێدوانەی ئەردۆغان بەهۆی مرۆڤایەتی و ویژدانیەوە نەبووە. پێشموایە بە رەزامەندی خۆی ئەم لێدوانەی نەداوە، كشانەوەی ئەمریكا حسابەكان تێكەڵاو دەكات. كشانەوەی ئەمریكا لەگەڵ خۆیدا، دەركەوتنی هێزە نا یاساییەكانی دیكەی ناو خاكی سوریا دێنێتە گۆڕێ، ئەو هێزانەی لەسەر بانگەشەی رژێمی سوریا نەهاتوونەتە ناو خاكی ئەم وڵاتە دوای كشانەوەی ئەمریكا دەبێت ئەم وڵاتە بەجێبێڵن. دوورنیە ئەوانە بخوازن توركیاش لەناو خاكی سوریادا دەربكەن. ئەگەر توركیا پێداگری لە مانەوە لەناو خاكی سوریادا بكات، ناكۆكیەكانی لەگەڵ رووسیا و ئێران سەرهەڵدەدەنەوە. هەرچەندە نازانین لە پشت پەردە چی هەیە، بەڵام كاتێك بەچاوی شرۆڤەكارانە سەیری دەكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەندێك شتی رانەگەیەندراو هەیە. چوونە دەرەوەی ئەمریكا دەبێتە هۆی ئەوەی لەناو هەرسێ دەوڵەتی سەرەكی لە پڕۆسەی ئەستانەدا (رووسیا – توركیا – ئێران) ناكۆكی بێنەئاراوە. پێموایە لێدوانەكەی ئەردۆغان پەیوەستە بەم خوێندنەوەیە، ئەگەر نا ئەو دەرفەت لەخودا دەخوازێت بۆ ئەوەی كورد بكوژێت و قڕ بكات. پەیسەر پرێس: بەریتانیا وڵاتێكی گرنگە لەناو هاوسەنگی و كێشەكانی ناوچەكەدا. بەر لە فەڕەنسا بەریتانیا لەدژی بڕیارەكەی ترهمپ وەستایەوە. پێتوایە دوای كشانەوەی ئەمریكا بەریتانیا بێتە ناو رۆژئاوای كوردستان و ببێتە ئەكتەرێكی سەربازی و سیاسی یاریەكە؟ ساڵح موسلیم: هێزەكانی بەریتانیا لەناو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش جێگا دەگرن. یاساكانی بەریتانیا گشتیە، نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەشداری بەریتانیا. بۆیە پێشبینی دەكەم لەمەودوا بەریتانیەكان كاراتر بن لەناوی دۆسیەی سوریادا. سیاسەتی بەریتانیا لە ئێستادا نەوەكو سەرەتای دەستپێكردنی قەیرانی سوریایە، زۆر شت گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هیوادارین ئینگلیزەكان چاڵاكتر بن، چونكە لە ئێستادا لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی زیاتر بەبەهاكانی جیهانی رۆژئاوا پابەند دەبێت و لەژیاندا پەیڕەویان دەكات، مۆدێلی خۆسەری دیموكراتیە لە رۆژئاوای كوردستاندا. پێویستە بەریتانیا ئەم مۆدێلە بە رەوا بزانێت و كار بۆ سەقامگیری و پێشوەبردنی بكات. دەبێت وەكو كلیل تەماشای ئەم مۆدێلە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كە تیایدا هەموو پێكهاتەكانی سریانی، ئاشووری، عەرەب، كورد، ئیسلام و غەیرە ئیسلام لەخۆ دەگرێت و جێگایان بۆ دەكاتەوە. ئەو لایەنانەی بانگەشەی دیموكراتی دەكەن دەبێت پشتگیری لەم مۆدێلە بكەن. پەیسەر پرێس: ئایا كشانەوەی ئەمریكا دانوستانی نێوان كورد و رژێم خێراتر دەكات؟ ئایا دوای كشانەوەی ئەمریكا كورد وەكو جاران لەسەر مێزی گفتوگۆ بەهێزە؟ ساڵح موسلیم: دەركەوتنی ئەمریكا بە واتای پشتگیرینەكردنی كورد و گۆڕینی سیاسەتەكەی نایێت لەبەرامبەر كورد، تا ئێستا ئەمریکا سوورە لەسەر بەشداریپێكردنی نوێنەرانی رۆژئاوا، ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی لە پڕۆسەی جنێڤ و نوسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ سوریا. لەمبارەیەوە گۆڕانكاریەك بەسەر هەڵوێستی ئەمریكادا نەهاتووە. ئەمریكا سەرۆكایەتی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی كرد بۆ سوریا، كە هەریەك لە فەڕەنسا، بەریتانیا، سعودیە، ئیمارات، میسڕ، ئۆردون و ئەڵمانیا بەشداریان تیادا كرد. بڕیاری هاوبەشی ئەم كۆنگرەیە ئامادەبوونی نوێنەرانی خۆسەری دیموكراتی و ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیە لەسەر مێزی گفتوگۆ لە جنێڤدا. پێشبینی ناكەم دوای دەركەوتنی سیاسەتی ئەمركیا سەبارەت بە جنێڤ و كورد گۆڕانی بەسەردا بێت.
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت