04:15 - 11/01/2020
خستنەخوارەوەی فڕۆکە لە لۆکەربییەوە تا فڕۆکە ئۆکرانییەکە
ئێستا جیهان چاوی چووەتە سەر رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی
ئۆکرانی بە ئاسمانی ئێرانەوە کە دەمەوبەیانی ٨ی١ی٢٠٢٠ روویدا. هۆکاری بایەخپێدانەکە تەنیا بەهۆی ئەوەوە نییە کە ١٧٦
کەس لەو رووداوە گیانیانلەدەستداوە، بەڵکو بە موشەکی ئێران خۆی خراوەتە خوارەوە.
رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لە جیهاندا،
شتێکی دەگمەن نییە، بەڵام خستنەخوارەوەی فڕۆکە لەو رووداوە کەمانەن کە چەند ساڵ
جارێک جیهان بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن.
بەگوێرەی ئامارێکی فڕۆکەوانیی مەدەنی جیهانیی ناسراو بە (ئاکاو)
تەنیا ١٥٪ی رووداوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە جیهاندا، بەهۆی هەوڵی تیرۆرستییەوە
بووە. ئەوانی تر پەیوەندی بە: خراپی کەشوهەوا، هەڵەی تەکنیکیی، تێکچوونی بزوێنەر و
پەروانەی فڕۆکە یان هەڵەی فڕۆکەوانەکانەوەیە.
رووداوی لۆکەربی
مانگی ئەیلولی ١٩٨٨ جیهان رووداوێکی گەورەی
کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بەخۆیەوە بینی. بەڵام ئەم رووداوە تا ٢٠١٠ش کاریگەرییەکەی
مایەوە.
رووداوی لۆکەربی، تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی (پان ئەمریکان)بوو
لە ئاسمانی سکۆتەلەندا کە لە فرانکفۆرتەوە دەفڕی بەرەو نیویۆرک. بەهۆی ئەوەی لە
نزیک گوندی لۆکەربی کەوتەخوارەوە، رووداوەکە بەناوی گوندەکەوە ناونرا.
لە رووداوی لۆکەربیدا کە رۆژی ٢١ی ئەیلولی ١٩٨٨ روویدا، ٢٥٩سەرنشینی ناوفڕۆکەکە و ١١ کەس لە شوێنی
کەوتنی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
دواتر راگەیەنرا کە فڕۆکەکە بە ئەنقەست لەلایەن
تیرۆرستانەوە تەقێنراوەتەوە. ئەمریکا هەرزوو لیبیا و موعەمەر قەزافی تاوانبارکرد
بە تەقاندنەوەی فڕۆکەکە.
لەسەر ئەو رووداوە، ساڵی ٢٠٠١ دادگای بەریتانیا پیاوێکی
لیبیایی بەناوی (عەبدولباست میقراتی) سزادا بە تاوانی ئەنجامدانی تەقاندنەوەی
فڕۆکەکە.
هەرچەندە قەزافی ساڵانێکی زۆر حاشای لەوە کرد کە دەستی
هەبووبێ لەو رووداوەدا، بەڵام مستەفا عەبدولجەلیل، وەزیری پیشووی دادی لیبیا
ئاشکرایکرد، بە راسپاردە و دەستووری قەزافی فڕۆکەکەی لۆکەربی تەقێنراوەتەوە.
سەرنگومبوونی فڕۆکە ئێرانییەکە
رۆژی ٣ی ٧ی ١٩٨٨ بەرپرسانی باڵای ئێران رایانگەیاند:
فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانیی کە ٢٩٠ سەرنشینی مەدەنی پێبووە، لە ئاسمانی کەنداوی
فارسدا بێسەروشوێن بووە.
بەرپرسانی سوپای پاسداران رایانگەیاند: فڕۆکەکە لەلایەن
هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا خراوەتە خوارەوەو سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لە
دەستداوە.
لەنێوان تۆمەتبارکردن و رەتکردنەوەی ئەمریکا و ئێران لەو
رووداوەدا، هەرگیز سندوقە رەشەکەی ئەو فڕۆکەیە نەدۆزرایەوە تا بۆ کەسوکاری
قوربانیان و رای گشتیی روون بکرێتەوە هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی چی بووە.
سەرەتا ئەمریکییەکان نکوڵیان لەوە دەکرد کە دەستیان
هەبووبێ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئێرانییەکەدا، بەڵام دواتر واشنتۆن هاتە ژێربار و
بە پێدانی قەرەبووی ١٣١،٨ ملیۆن دۆلار بە ئێران، ئیعترافی بەوە کرد کە دەستی ئەو
وڵاتەی تێدابووە.
ونبوونی فڕۆکە مالیزییەکە
مانگی ئازاری ٢٠١٤ میدیاکانی جیهان، چاویان گواستەوە بۆ
سەر رووداوی دیار نەمانی فڕۆکەیەکی مالیزی کە ٢٣٩ سەرشینی هەڵگرتبوو.
نزیکەی مانگێک گەڕان بەشوێن فڕۆکە ونبووەکەدا بەردەوام
بوو. هەرچەندە چیرۆکێک بڵاوکرایەوە کە گوایە فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە
سەرجەم سەرنشینەکانی کوشتووەو دواتر خۆی کوشتووە.
بەڵام تیمێكی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا رایانگەیاند، فڕۆکە
مالیزییەکە لەلایەن روسیاوە خراوەتە خوارەوە.
رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر
جیهان بە چاوی خۆی ئەوەی بینی، کە دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگر
خۆیانکێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانی لە نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا.
لە هەردوو فڕۆکەکەدا زیاتر لە ١٥٠ سەرنشینی مەدەنی هەبوون
کە دەفڕین بەرەو واشنتۆن. خوێنی ئەوانیش تێکەڵی خوێنی ئەو سەدان کەسەبوون کە لەناو
بیناکاندا گیانیان لە دەستدا.
هەر هۆکارێکی لە پشتەوەبێ، بەڵام هیچ لەو راستییە کەم
ناکاتەوە کە سەرجەم ئەوانەی لەناو ئەو فڕۆکانەی خراونەتە خوارەوەو
گیانیانلەدەستداوە، هەموویان یەک پێناسە دەیانگرێتەوە: گشتیان بێ جیاوازی قوربانی
ململانێ سیاسییەکانن کە هیچ تاوان و سوچێکی ئەوانی تێدا نییە.