ڕاپۆرتی جیهانی

06:07 - 06/01/2020

هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا و ئێران له‌ عێراق‌

پەیسەر

ئه‌مریكا و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت به‌غداد بكاته‌ هاوپه‌یمانی خۆی دژی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، وه‌ك بڵێى هه‌ردوولا پێداگرن ئه‌م كێشه‌یه‌ تاكۆتایى له‌سه‌ر خاكى عێراق بهێڵنه‌وه‌و له‌ گۆڕه‌پانى عێراق یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌. په‌یسه‌ر له‌م راپۆرته‌دا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ردوو وڵات ده‌خاته‌ڕوو.

ئه‌مریكا
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ساڵی ٢٠٠٣ له‌رێگه‌ی هێرشی سه‌ربازییه‌وه‌، کۆتایی بە دەسەڵاتی سه‌دام هێنا، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ خه‌رجییه‌كه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار بووە، هەشت هه‌زار ئه‌مریكی لە عێراق کوژران.

رۆژی ١٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٨ رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان عێراق و ئه‌مریكا واژۆكرا، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ رۆژی ٣١ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١١ وه‌ك دوا واده‌ی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌عێراق دیاریكراوە. له‌بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی چواره‌می رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتوووه‌، ته‌واوی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌به‌پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ئه‌نجام ده‌درێن به‌ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق ده‌بن، هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌باره‌یانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌كرێت.

شیعه‌كانی عێراق پێیان وایه‌، ئه‌مریكا پابه‌ندی ئه‌م بڕگه‌یه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌، سه‌رئه‌نجام شیعه‌كان رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ پرۆژه‌ بڕیارێكیان بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ركرد، به‌هۆیه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی باڵا وه‌ڵامی هه‌نگاوه‌كه‌ی به‌غدای دایه‌وه‌ و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌تویتێكدا رۆژی دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ئه‌مریكا خاكی عێراق جێناهێڵێت مه‌گه‌ر تێچووی بنكه‌ ئاسمانییه‌كانی له‌و وڵاته‌ بدرێت سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌غداد فشار بكات بۆئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵێت، سزا به‌سه‌ر عێراق-دا ده‌سه‌پێنێت.

دیارترین هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا دژی عێراق:

یه‌كه‌م؛ ئه‌گه‌رچی به‌پێی بڕگه‌ی یه‌ك له‌ ماده‌ی ٢١ی رێككه‌وتنی عێراق و ئه‌مریكا، هه‌ردوولا سازش ده‌كه‌ن له‌سه‌ر مافه‌كانیان و هیچ لایه‌ك داوای قه‌ره‌بوو له‌لایه‌نی به‌رامبه‌ر ناكات، به‌ڵام له‌ئێستادا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی حكومه‌تی عێراق، داوای قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی پرۆسه‌ی ئازای عێراق ده‌كات، كه‌ بڕه‌كه‌ی بە   تریلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.

دووه‌م؛ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراقی كردووه‌، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌ی ده‌چێت بۆ گروپه‌ میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران و مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی و به‌رژوه‌ندی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی دروست ده‌كات.

سێیه‌م؛ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ سه‌رمایه‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئێستای عێراق، له‌ده‌ره‌وه‌ بلۆك ده‌كات و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت.

هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران 

له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران وه‌ك هاوپه‌یمانێكی عێراق، به‌هه‌مان شێوه‌ فشاره‌كانی بۆ سه‌ر لایه‌نی عێراقی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری بكات هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌خاكه‌كه‌ی ده‌رپه‌ڕێنێت، بۆ ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌حكومه‌تی عێراق كردووه‌، كه‌ گرنگترین ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ئه‌مانه‌ن:

یه‌كه‌م؛ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق نه‌توانێت سوپای ئه‌مریكا ده‌ربكات، ئه‌وه‌ خۆی له‌وه‌ به‌رپرسیاره‌ كه‌ سه‌ربازانی ئه‌مریكی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی بكوژرێن و عێراق ببێته‌ گۆره‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.

دووه‌م؛ حكومه‌تی ئێران پرسی قه‌ره‌بووی جه‌نگی عێراق- ئێران ده‌وروژێنێت، كه‌ پێشتر حیشمه‌ت پیشه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ بڕه‌كه‌ی یه‌ك تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دۆلاره‌، ئێران بۆ ئه‌وه‌ پشت به‌ پاشكۆی بڕیاری ٥٩٨ ی ساڵی ١٩٩١ ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌به‌ستێت، كه‌ عێراقی به‌ هه‌ڵگریسێنه‌ری جه‌نگ تۆمه‌تباركردووه‌، به‌ڵام باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بێت عێراق قه‌ره‌بووی ئه‌و جه‌نگه‌ بكاته‌وه‌.

سێیه‌م؛ ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌عێراق كردووه‌ ئه‌گه‌ر فشاره‌كانی جددی نه‌بن، ئه‌وه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازی و سیاسیه‌كانی ده‌وه‌ستێنێت، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی راده‌گرێت و تێچووی هاوكارییه‌كانی بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام چاودێران گومانیان له‌جددیه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی عێراق بووه‌ته‌ بازاڕێك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵای ئێرانی، تاران ناتوانێت به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری بێت.

مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مریكا:

یه‌كه‌م؛ ئابوری عێراق به‌نزیكه‌ی سه‌دا ٩٥ پشت به‌داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت، نه‌وت سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی دراوی قورسه‌، راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت زیانی گه‌وره‌ به‌ ئابوری عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌وه‌ی نه‌مانی پاڵپشتی ئه‌مریكا به‌خێرایی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی تر داده‌به‌زێنێت.

دووه‌م؛ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ به‌ڕای چاودێران هێشتا عێراق به‌بێ پاڵپشتی ده‌ره‌كی، ناتوانێت شه‌ڕی گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان بكات.

سێیه‌م؛ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی عێراق بكه‌وێته‌ ده‌ست ئێران و نه‌یاره‌كانی پاكتاو بكات.

مه‌ترسیی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران:

یه‌كه‌م؛ حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ژماره‌یه‌ك میلیشیای شیعه‌ی نزیك له‌ئێران پێكهاتووه‌ و ژماره‌كه‌یان له‌ئێستادا له‌نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ هه‌زار مه‌زنده‌ ده‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌گوترێت "سێ ملیۆن" خۆبه‌خش ناوی خۆیان تۆماركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كه‌كانی حه‌شده‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌و گروپانه‌ ئاماده‌ن شه‌ڕی به‌رژەوه‌ندییه‌كانی ئێران بكه‌ن.

دووه‌م؛ عێراق له‌بواری كاره‌با و سوته‌مه‌نی و وزه‌، پشت به‌ ئێران ده‌به‌ستێت و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و ئێران له‌ساڵی رابردوودا ١٧ ملیار دۆلار بووه‌، عێراق ساڵانه‌ به‌به‌های دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار غازی سروشتی و یه‌ك ملیار دۆلار كاره‌با له‌ ئێران ده‌كرێت، هه‌روه‌ها داهاتی عێراق له‌ گه‌شتیارانی ئاینی ئێران بۆ ناوچه‌ پیرۆزه‌كانی عێراق له‌نێوان سێ بۆ چوار ملیار دۆلاردا بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی عێراق و ئێران سنورێكی دوورودرێژیان له‌نێواندایه‌ كه‌ درێژیه‌كه‌ی ١٤٥٨ كیلۆمه‌تره‌. 

عێراق به‌هه‌ر لایه‌ك خۆى ساغ بكاته‌وه‌، ده‌بێت خۆى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى یه‌كێك له‌و كۆمه‌ڵه‌ مه‌ترسییانه‌ ئاماده‌ بكات، ره‌نگه‌ بژارده‌ى گونجاو ئه‌وه‌بێت عێراق خۆى له‌ ساغكردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تیى به‌دوور بگرێت و هه‌وڵى برنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌ بدات كه‌ هه‌موو كه‌له‌به‌رێكى وڵاته‌كه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌، یاخود هه‌وڵبدات هه‌ردوولا رازى بكات به‌ ده‌ستگرتن به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌وه‌.