11:14 - 28/12/2019
كاریگەرییەكانی میدیا لەسەر كلتوور، چۆن میدیایەك دروست بكەین لە بەرژەوەندی نەتەوەكەمان؟
پەیوەندی دوولایەنەی نێوان كولتوورو میدیا ریشەی لە مێژووی ژیانی مرۆڤدایەو ئەكرێ بوترێ پەیدابوونی راگەیەنەكان هاوكات بووە لەگەل لەدایك بوونی كۆمەڵگا. مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو بۆگەیاندنی پەیامەكانی خۆی كەڵكی لە راگەیەنەكان وەرگرتووەو لەرێگای راگەیەنەكانیشەوە كولتووری خۆی پەرە پێداوە. كەوابوو بۆ باسكردن لە كولتوورو میدیا ئەبێ بە مێژوودا تێپەڕێت.
راگەیەنەكان لە رەوتی مێژوودا گۆرانیان بەسەردا هاتووە و ئەو گۆڕانەش لە كولتووری تاكو كۆمەڵدا رەنگدانەوەی زۆری هەبووە، شۆڕشی پەیوەندییەكان لە دونیای نوێدا، شۆڕشی كولتووریشی لێ كەوتوەتەوە و راگەیەنەكانیش لەگەل خۆیاندا كولتووری نوێیان بەرهەمهێناوەو روونە كەسەرچاوەی ئەوكولتووەرش، ئەوكۆمەڵگایانەن كە شۆڕشی پەیوەندییەكانیان ئەزموون كردووە. ئەم كولتوورە تازەو جیهانییە بووەتەهۆی ئەوەی كە كولتوورەكانی تر لیك نزیك ببنەوەو روو لەهەموو نەتەوەو نیشتمانو ئەندێشەیەكیش ئەكات. وەك مەك لۆهان ئەڵێت لەم جیهانە لەگوندچووەدا،گەلان هێندە لەیەك نزیك ئەبنەوە كە ئەبنەخاوەن كولتوورێكی هاوبەشو زمانی هاوبەشی جیهانی دروست ئەكەن.
روونە كە كولتوور بەمانای هەمووئەو شتانەی دێت كە مرۆڤ ژیانی پێدەكات، بەڵام بابزانین راگەیەنەكان یان میدیاكان كەبوونە بەبەشێك لەژیان چین و چیدەكەن؟
میدیاكان
لەمڕۆدا میدیا مانایەكی بەرینتری پەیداكردوە، ئیتر میدیا وەك رابردوو تەنها بە رادیۆو تی ڤیو گۆڤارو رۆژنامەو پەرتووك ناوترێت، راگەیەنە گشتییەكان بەهۆی زۆرو بۆرییانەوە بوونە بە میدیای تاكەكەسیو بەرەیەكی كولتووری گەورەیان پێكەوەناوە، پانتایی ئەم بەرەیە هەموو وڵاتان و شارو كۆمەڵو تەنانەت هەموو مێشكو ئەندێشەیەكیشی داگیركردوەو ئاڵاهەڵگری ئەم بەرەیەش میدیاكانن. توێژەری بواری میدیاكان- مەك لۆهان بەرامبەر بەم گۆرانكارییەو بەرامبەر بە گۆڕانی تەكنەلۆجیای راگەیەنەكان گەشبینەو هیوادارە كەمرۆڤ بە پێشكەوتنی لەبواری تەكنەلۆجیا، كۆمەڵگایەكی وا بونیاد بنێت كەلەودا هەموو كەس هەموو شتێ بزانێو پێی وایە كەئەم دیاردەیەش بەهۆی راگەیەنەكانەوە رووئەدات. ناوبراو لەم بارەوە ئەڵێت ئەگەر ئەرشمیدۆس خاڵێكی ئەویست تا بەپاڵپشی ئەو جیهان جێبەجێ بكات، من راگەیەنەكانم ئەوێ تا كۆمەڵگاكان بگۆڕم. بەڵام:
ئەتوانن ئەخلاقو رەفتاری كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابوورییەكی تایبەت لە كۆمەڵگا دروست بكەن
میدیاكان ئەتوانن چی بكەن
میدیاكان ئەتوانن دەورێكی گرنگ لە پەروەردو فێركردندا بگێڕن،ئەتوانن كاریگەری لەسەر خێزانو قوتابخانەو دامەزراوەكانی تریش دابنێن، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆر لە ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا لەگەل میدیادایە، ئەتوانن لەپەروەردەو پێگەیاندنی باوەڕو ئەندێشەو هەستو كارامەییەكاندا دەوریان هەبێت، ئەتوانن لەرێگای پێدانی زانیاری و وشیاركردنەوەی تاكو كۆمەڵەوە، كۆمەڵگا بەرەو گەشەی كۆمەڵایەتی رێنوێنی بكەن. ئەتوانن لەرێگای نزیك كردنەوەی بۆچوونو سەلیقەی جیاوازەوە هەستی هاوپەیوەندی و تەبایی لەناو كۆمەڵگادا پەرە پێبدەن. ئەتوانن داواكارییەكانی كۆمەڵگا بگەیەنن بەدەسەڵاتو زەمینەبۆ متمانەو ئاسایشی هەردوولا فەراهەم بكەن. ئەتوانن ئەخلاقو رەفتاری كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابوورییەكی تایبەت لە كۆمەڵگا دروست بكەنو تەنانەت ئەتوانن دەرفەتێك بن بۆ كات بەسەر بردنو هتد.بەگشتی ئەگەر بەدروستی بونیاد بنرێنو بەراستی هەنگاوهەڵگرنو بەباشی گەشەبكەن، ئەتوانن ببنەهۆكاری رێكخستنی بیرو باوەڕ، گۆڕینی عادەتی خەڵكو دروستكردنی كولتوورێكی باش لەكۆمەڵگا. ئەتوانن دەورو كاریگەریی خراپیشیان هەبێت. هەڵبەت بەرلەوەی بزانین كاریگەرییەكانیان چۆنە بابزانین لە ژیانی ئێمەدا چ شوێنو پێگەیەكیان هەیە.
پێگەی میدیاكان لە ژیانی ئەمڕۆدا
دەوری راگەیەنەكان لە دونیای ئەمڕۆدا بەو رادەیەیە كە ناكرێ ژیانی بێ بوونی وان وێنابكەین. ئاخر راگەیەنەكان تەنیا كەرەستەی سەرگەرمی نین كە رەنگە سەردەمێك وابیر كرابێتەوە، بەڵكوو لە زۆر بواری چالاكی تاكەكەسیو كۆمەڵایەتیماندا بەشدارەو دەوری هەیە. پەرەسەندنی هۆكارەكانی پەیوەندی لە ژیانی مرۆڤەكاندا بەرادەیەكە، كە سەردەمی ئێستا بەسەردەمی پەیوەندییەكان ناو ئەبەن. تەنانەت مرۆڤی ئەمڕۆیی بە مرۆڤی میدیاییو كولتووری نوێش بە بەرهەمی بانگەشەی میدیاكان ئەزانن. لەم سەردەمەدا مرۆڤەكان بەبەرچاوی میدیاكانەوە لە دایك ئەبن و منداڵەكان تەنیا چەند خولەك پاش هاتنەدونیایانو هەرلەنەخۆشخانەكانەوە وێنەو بوونیان بە دونیا رائەگەیەنن. مرۆڤەكان لەناو دونیای میدیاكانا بیر ئەكەنەوەو دونیاش لەو رێگەیەوە ئەناسنو بەزۆری رەفتارەكانی خۆیان لەو سەرمەشقانەوە فێر ئەبن كەلەمیدیاكانەوە وەری ئەگرن.
كاریگەرییەكانی میدیا
ئاشكرایە كە هەموو میدیاكان بەدوای ئەوەوەن كە پەیامەكانیان بەباشترین شێوە بخزێننەمێشكی تاكەكانی كۆمەڵگاو بەردەنگەكانیانەوەو لەم نێوەشدا بەشێكیان كاریگەرتر ن، هەرچەند بەهۆی دەسڕاگەیشتنیان بە تەكنەلۆجیای سەردەم بەگشتی كاریگەرییان لە هەڵكشاندایە،بەڵام بابزانین كاریگەریی میدیاكان بەگشتی لەسەر ژیانی خەڵك چۆنە؟
" مەك كوایل" سەبارەت بەجۆری كاریگەری راگەیەنەكان باوەڕی وایەكە میدیا ئەتوانێت 1- ببێتەهۆكاری گۆڕان 2- بێ ئەوەی بیەوێ گۆڕان دروست بكات 3- گۆڕانێكی رووكەش دروست بكات 4- رەوتی گۆڕانكاری ئاسان بكات 5- رێ لە گۆڕانكاری بگرێ 6- ببێتەهۆی بەهێزبوونی ئەو بارودۆخەی كە هەیە.
میدیاكان تواناییو دەسەڵاتی بەرچاویان هەیە كە بیروباوەڕەكان لە قاڵب بدەن، شێوازی ژیانی خەڵك بگۆڕن و پەرە بەو رەفتارانەی بدەن كە كەم و زۆر دڵخوازی بەڕێوەبەرانو ئاراستەكارانی میدیاكانن. هەروەها ئەتوانن كاریگەریی لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دابنێن، بایەخی نوێ بسەپێننو دەسكاری چینەكانی كۆمەڵگاش بكەن، كاریگەریی میدیاكان بەرادەیەكە كە لەماوەیەكی كەمدا ئەتوانن بۆ نموونە كەسایەتییەك لەبایەخو پیرۆزی بخەنو یەكێكی تر پیرۆز بكەن یان پلەی چینێكی كۆمەڵایەتی بەرز بكەنەوەو یەكی تر نزم بكەنەوە.
میدیاكان ئەتوانن كاریگەریی زیانباریشیان هەبێت. وەك توندو تیژیو دەمارگیریو رەفتاری خراپ، بۆنموونە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ریگای میدیاو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە دەمارگیرانی مەزهەبی توندڕەوی چەشتی توندوتیژیو تیرۆرو تۆقاندن ئەكرد. میدیاكان بۆ داعش تەنها هۆكاری گواستنەوەی پەیامەكان نەبوون، بەڵكو ببوون بە خودی پەیام بۆیان.
میدیاكان ئەتوانن كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكو بە تایبەت مناڵان دابنێن، بۆنموونە ئەتوانن لە رێگەی رێكلامەكانیانەوە كاریگەریی لەسەر جۆری خۆراكی مناڵان دابنێن یان سست كەم جووڵەیان بكەنو ببنەهۆكاری قەڵەوی و گەلێ دیاردەی ترو بەمجۆرە تەندروستییان بخەنە مەترسییەوە. یان وەك توێژەرانی زانكۆی كالیفۆڕنیا ئەڵێن: سەیركردنی دیمەنی توندوتیژانە لە میدیاكانەوە لەلایەك ئەبێتەهۆی ئەوەی كە ئەنجامی توندوتیژی بەلای مناڵانەوە گرنگ نەبێووەك شتێكی ئاسایی لە ژیانی رۆژانەدا سەیری بكاتو لەلایەكی تر ترس لای مناڵان دروست ئەكات كە ئەوانیش ئەكەونە بەر پەلامار.
ئەمڕۆكە گەلێ وڵاتو گەلان بەو راستییەی گەیشتوون كە راگەیەنەكان بە هێزترین چەكی وڵاتانی بەهێزو نەیارە لەدژی وڵاتانی دیكە یان بۆ كۆیلەو بندەست كردنی گەلان. بۆنمووە لەكاتی رێفراندۆمی باشووری كوردستاندا میدیاكانی كۆماری ئیسلامی هەستی موسڵمانانی توندڕەوو عەرەبیان لە دژی كورد دەورووژان كە گۆیا ئیسراییلی دووەم دروست ئەبێت. یان تویتێكیسەرۆك كۆماری ئەمریكا كاردەكاتەسەر ئابووری وڵاتێك یان گۆڕان لەنرخی نەوتدا دروست ئەكات.
كاریگەریی میدیاو بە تایبەت راگەیەنە نوێیەكان لەسەر كولتوور
میدیاكان لە بواری كولتووریشدا ئەتوانن كاریگەرییان هەبێو دەوری باش بگێرن. لەبەرپرسایەتیان لە دروستكردنی كولتوورەوە بگرە تابونیادنان و پەرەدان بە باوەڕو رەفتاری باش لەكۆمەڵگا. بڵاوبوونەوەی خێرای بیرۆكەو بۆچوونەكان لەرێگای میدیاو هۆكارەكانی پەیوەندییەوە، جۆراوجۆری ئەو پێكهێنەرانەی زیاتر كردوە كە كولتوور پێكدێنن. جۆراوجۆریو فراوانی میدیاكان دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانو دروستبوونی وردەكولتوورەكان رەخساندووەو بووەتەشوێنی دەركەوتنی بەرهەمی كولتووری لەئاستی جیهاندا.ئەڵبەت تێكەڵ بوونی كولتوورەكان رەنگە لە بواری كولتووریدا ناسەقامگیری دروست بكات. كاتێ تاك لەگەل بژاردەی كولتووری جۆراوجۆر بەرەو روو ئەبێتەوە رەنگە بڕیار بدات كولتووری خۆی بگۆڕێتەوە، چوون پێی وایە كولتووری خۆی كۆنەو كولتووری كۆنیش ناتوانێت وەڵامی پێداویستییەكانی ئەمڕۆی بداتەوەو هەربۆیە هەڵبژاردن لەكولتووردا ئەكات.
پێش لەسەرهەڵدانی راگەیەنە نوێیەكان، نەریتەكانو داهێنانەكانی كۆمەڵگای مرۆیی تەریب و شان بەشانی یەك پێكەوە ژیاون، بەڵام خێراییو كاریگەریی راگەیەنە نوێیەكان لەلایەك بووەبە هۆی كز بوونو بێ توانایی ئەوشتانەی كە لەنەریتدا جێی بایەخ بوونو لەلایەكی تر بووە بەهۆی ناكۆكیو نەگونجانی نێوان نەریتو ئەو بایەخە كولتووریانەی كەمیدیا نوێیەكان دروستیان كردوە. رێكخستنو سەرمەشق سازییەكان لەبواری كولتووریدا ئەوەی دەخواست كە ئەندامانی كۆمەڵگایەكی كولتووری بۆسازانو دانوستان لەگەل خەڵكو كولتوورەكانی تردا رێگای جۆراوجۆر فێرببن. میدیای نوێ جۆرەكولتوورێكی لە كۆمەڵگای مرۆییدا دروست كرد كەلەودا پلەی ناڕوونیو گومان بەتایبەت لەپرۆسەی پەیوەندییەكانی نێوان كولتوورەكاندا گەیشتە بانترین ئاستی خۆیو لەم رەوتەدا، ئەوە ئیتر خودی كولتوورە كەوەك چەمكێكی پەیوەندی ئەتوانێت شێوازی كەڵك وەرگرتن لەمیدیا دیاری بكات.
لەكاریگەرییەكانی تری میدیای دیجیتاڵ لەسەر كولتوور كەم رەنگ بوونەوە یان لەناوچوونی بایەخی گرنگیدان بە مێژووو كولتوورو پاراستنیەتی. هەندێ لەتوێژەران باوەڕیان وایە كۆمەڵگای سەردەم تەنانەت لەبەرامبەر پرسەكانی تایبەت بە ئێستای خۆی كەمتەرخەم لێوەستاوەو رابردووی خۆیشی لەبیر كردوە. هەربۆیە میدیاكان لەم بارەوە سەركۆنە ئەكرێن كە بوونەتە هۆی فەرامۆشی بیرەوەرییەكانی كۆمەڵ.
میدیاكان سەركۆنە ئەكرێن كە بوونەتە هۆی فەرامۆشی بیرەوەرییەكانی كۆمەڵ
یەكێكی تر لەكاریگەرییەكانی میدیای نوێ لەسەر كولتوور، كاریگەریی لەسەر زمانە. زمان وەك توخمێكی كولتووری كە هۆی جیاوازی كۆمەڵگاكانی مرۆییە لەیەكتر. بەهۆی میدیای نوێوە كە جیهانی داگیركردوە، كۆمەڵگای مرۆیی لەرێگای زمانێكی یەكگرتووی جیهانییەوە پێكەوە لە پەیوەندیدایەو بەمجۆرە بەرەبەرە سنوور و دەوڵەمەندی زمانە ناوچەییەكان بەرتەسك ئەبێتەوە. بەڵام ئایا میدیاكان ئەتوانن ئەم زمانە یەكگرتووەسەقامگیرو سەربخەن و ئەو گۆڕانە مێژووییە لە كۆمەڵگای مرۆییدا پێك بێنن یان بۆ مانەوەی خۆیان تەسلیمی زمانی ناوچەیی ئەبن؟ یان رێگای سێیەم ئەگرنەبەر؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە داهاتوودا روون ئەبێتەوە هەرچەند هەرئێستا ئاماژەگەلێك لەم بارەوە هەیە و بۆ نموونە تێلگرام زمانی كوردی لە بەرنامەكەیدا زیاد كردوە.
سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریەتەكانی راگەیاندن كەئیتر هەموو جیهان بووە بەقەڵەمڕەویان ، دەوری بەرچاویان هەیە لە دروستكردنی كولتووری هاوبەشی جیهانیدا. كۆمپانیا نێو دەوڵەتییەكانی راگەیاندن گۆڕانكاری گەورەیان لە شێوازی پەیوەندی خەڵكی دونیا پێكهێناوەو هەر بەو پێیەش زمان، حەزو ئۆگری، جۆرو شێوازی پۆشش، شێوازی هاوڕێ گرتنو جۆری پەیوەندی كردن، پرۆسەی هاوسەرگیری و تەنانەت پرۆسەو رێژەی زۆر بوونو زاو زێشی تووشی گۆڕان كردوە.
میدیاو كاریگەریی لەسەر شوناس
لەناو ئەو باسانەیدا كە پەیوەندی بە میدیاوە هەیە، پرسی شوناس باسێكی گەرمە. "جۆن هێرتز" باوەڕی وایە لەسەردەمی جیهانی بوونی میدیاكاندا تاك ئیتر لە قەڵەمڕەوی خۆیدا هەست بە شوناسو ئاسایش ناكات. ئەمڕۆ جیهانی بوون كە بۆخۆی بەرهەمی شۆڕشی پەیوەندییەكانە توانیویەتی لەرێگای پەیوەندییەوە گۆڕان بەسەر مانای كاتو شوێندا بێنێ و سەرچاوەی زۆرو جۆراوجۆر بۆ شوناس بخوڵقێنێت. ئێمە لەسەردەمێكدا ئەژین كە شوناسەكان ناجێگیرنو پەیوەندی نێوان تاكو كۆمەڵو نەتەوەكان بەردەوام لەحاڵی گۆڕاندایە. ئاخر كاتێ مەوداكان كەم ئەبێتەوە و مێشكەكان لەیەكتر نزیك ئەبنەوە، شوناسەكان ناجێگیر ئەبن.
لەئێستادا ژیان بەپێی تەكنەلۆجیایەو مرۆڤ لە جیهانی میدیادا ئەژیو میدیاش بەهاو سەرمەشقە كۆمەلایەتییەكانی گۆڕیوە. لە پێناسەی شوناسدا ئەكرێ بڵێین شوناس بریتییەلە هەموو ئەو شتانەی كە هەركام لە ئێمە هەیەتی، واتە تەواوی ئەو شتانەی كەوا ئەكات كەسێك جیاوازبێت لە كەسێكی تر.یان بەكورتی بە مانای بەردەوامی تاكە لەشوێنوكاتدا. بەڵام ئێستاو لەسەردەمی میدیادا هەموو كەس ئەتوانێت بێ لەبەرچاوگرتنی رەهەندی كاتو شوێنو بێ ئەوەی بەرامبەرەكەی بە باشی بناسێتو هەركاتیش ویستی پەیوەندی بگرێو قسەی دڵ خۆی بكات، ئەتوانێت بێ رێگریو ترسێك شوناسی خۆی بۆ لایەنی بەرامبەر كە رەنگە تەواوی خەڵكی دونیا بێت ئاشكرا بكات. ئەڵبەت ئەم ئاشكرابوونە دەركەوتنێكی راستە قینە نیە. هەندێ جار روو ئەدات لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە بناغەی هاوسەرگیرییەك دائەنرێت ، بەڵام كاتێ لایەنەكان بەرەو روو یەكتر ئەبینن عەرزو ئاسمانیان فەرقە. چوون شوناسی دەسكرد لەگەل شوناسی راستەقینەدا جیاوازەو میدیاكانیش وەك دەسكەوتی مرۆڤ، هۆكاری ئەم شوناسەدەسكردەن كەشوناسێكی كۆمەلایەتییەو سنووری جۆگرافیایی ناناسێتو پێویستی بەدەركەوتنی روواڵەتو جەستەی تاكەكان لە كۆمەڵگادا نیە، ئەڵبەت هاوكات كە لایەنەكانی شوناسی تاك بە هێز ئەكات پەیوەندییە مرۆییەكانیش كۆمەڵایەتی تر ئەكات. بە گشتی میدیاكانو بە تایبەت راگەیەنەنوێیەكان گۆڕانێكی گەورەیان لە شوناسی مرۆییدا دروست كردوەو كۆمەڵگای مرۆییان كردوە بە خاوەنی شوناسی راستەقینەو شوناسی دەسكرد.
میدیاكان بە مامەڵەی ئەرێنی خۆیان، ئەتوانن ببنەهۆی جیگیركردنو چەسپاندنی ئەو توخمو هۆكارانەو بیانگوازنەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو
كاریگەریی میدیا لەسەر شوناسی نەتەوەیی
راگەیەنەگشتییەكان دەرفەتی بۆ بەشداریو خۆخستنەڕووی تاكەكانی كۆمەڵگا فەراهەمكردوە بۆئەوەی ئەندامانی كۆمەڵگا لەرێگەی دامەزراندنی پەیوەنیو هەلسوكەوت لەگەل یەكتر، شوناسێكی هاوبەش پەیدا بكەن. شوناسی نەتەوەیی كاتێك پێكدێت كە ئەندامانی كۆمەڵگا، توخمو پێكهێنەرەكانی شوناسی خۆیان بەباشی بناسنو تێگەیشتنی دروستیان لەو توخمانە هەبێت. پێكهێنەرەكانی شوناس كۆمەڵێك توخمی وەك زمان، كولتوور، نەریتو باوەڕو ... لەخۆئەگرێت كە میدیاكان بەشێوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر هەیەو تەنانەت بە پێی مەرامو ئاراستەی خۆیان ئەبنەهۆی زۆربوون یان كەمبوونی هۆگری یان بێزاری خەڵك لەم توخمانە. میدیاكان بە مامەڵەی ئەرێنی خۆیان، ئەتوانن ببنەهۆی جیگیركردنو چەسپاندنی ئەو توخمو هۆكارانەو بیانگوازنەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو. بەپێچەوانە ئەگەر مامەڵەی میدیاكان نەرێنی بێتو توخمەكانی شوناسی نەتەوەیی جێگیرو سەقامگیر نەكەنو نەیگوێزنەوە، ئەوا شوناسی نەتەوەیی توشی گرفت ئەبێت. بۆنموونە میدیا ئەتوانێت بە نیشاندانی لایەنەباشەكانی كۆمەڵگایەكو هاوكات خستنەرووی كەموكورییەكانی شوێنی ژیانی بەردەنگەكانی، ئینتیمای تاكەكان بۆ وڵاتی خۆیان كەم بكاتەوەوهۆگرییان بۆ كۆمەڵگای دووەم زیاتر بكات. یان لەرێگای بڵاوكردنەوەی فیلمو زنجیرە درامای وڵاتانی دیكەوە كولتووری ئەو وڵاتانە بێنێتە ناو وڵاتی خۆیو ئەو هەستە لای تاكەكانی كۆمەڵگای بەردەنگ دروست بكات كە كولتووری ژیانی ئەوان بەبایەخ ترەو بۆ ئەوە ئەشێت كە هەڵی بژێرێتو بەمجۆرە هەستی خۆ بەكەمزانینو ئەوان بە بانترو باشتر زانین لای تاكەكان دروست بكات.
تەواوی ئەو شتانەی كەلە رووی كولتوورییەوە پەسەندو بایەخدارن، بەشێكن لە شوناسی نەتەوەیی. میدیاكان بەكاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی خۆیان لەسەر ئەم بایەخانە، ئەبنەهۆی پتەوبوونی پەیوەندی یان لێكترازانی ئەو هۆكارانە. میدیاكان ئەگەر بەهاو بایەخەكانی كۆمەڵگا بەهێز بكەن، ئەبنە هۆی سەرخستنی پێكهێنەروبەهاكانو گەشەكردنی شوناسی نەتەوەیی. بەپێچەوانەوە ئەگەر بەهاكانی كۆمەڵگایش لەلایەن میدیاكانەوە پەلامار بدرێنو گومان بخرێتە سەریان ئەگەری هەیە كۆمەڵگایش بەرامبەر بەكولتوورو مێژووی خۆی تووشی دوودڵی ببێو بەهاكان لەگەل شپرزەییو دابڕان بەرەو روو ببنەوەوبەمجۆرە زیان بە شوناسی نەتەوەیی بگات. بۆنموونە كاتێ هێمایەكی نەتەوەیی لەلایەن میدیایەكەوە سووكایەتی پێدەكرێت، ئەوە تەنیا زیان بە پێگەو پرستیژی ئەو هێمایە ناگەیەنێت، بەلكوو زیان بە شوناسی نەتەوەییش ئەگات. خۆ ئەكرێت ئەو تێگەیشتنەشمان لە راگەیەنەكانو تۆڕەكانی پەیوەندی هەبێت كە ئەمانە كەرەستەگەلێكی پەیوەندین تا تاكەكانی كۆمەڵگا لە سێبەریانا لە پەیوەندیدابنو ئاستی شوناسی نەتەوەیی خۆیان- وەك سەرمایەیەكی جڤاكی- سەربخەن. بەتایبەت بۆ ئێمەی كورد كە لەم بارەوە قەیرانی زۆر بەرۆكی گرتووین، ئەگەرلەلایەن میدیاكانی دەوڵەتانی ناحەزو نەیارەوەولەرێگای بانگەشەو پڕۆپاگەندای زۆرەوە لە دژی باوەڕو كولتووری كۆمەڵگامان ببنەهۆی دوودڵیو گومان لەباوەڕو گۆڕان لەرەفتاری كۆمەڵگاكەماندا دروست بكەنو خۆمانو میدیاكانمان فریا نەكەوین، ئەوا گۆڕانی كولتووری دروست ئەبێو ئەم گۆڕانەش شوناسی نەتەوەیی ئێمە تووشی قەیران ئەكات.