ڕاپۆرتی جیهانی

01:03 - 19/12/2019

پەروێز موشەڕەف لە سەرۆك كۆمارەوە بۆ بەردەم پەتی سێدارە‌

پەیسەر

پەروێز موشەڕەف سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستان بە بێ ئامادەبوونی خۆی دادگای وڵاتەكەی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرد، موشەڕەفیش لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیەكی دوبەیی یەوە بەدەم هەناسەدانی سەخت و بە جەستەیەكی تێكشكاوەوە گوتی: ئەوە تۆڵەكردنەوەیەكی نادادپەروەرانەیەو ستەمێكی گەورەیە درهەق بە من و تەنانەت نەیانهێشتووە پارێزەرەكەم هیچ قسەیەك بكات و بەڵگەكانی خۆی بخاتەڕوو.


رۆژی سێ شەممەی ڕابوردوو 17/12/2019 دادگای باڵای پاكستان بە هۆی جێبەجێنەكردن و هەڵپەرساردنی دەستوور ، خیانەتكردن لە وڵات، بەپێی یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ پەروێز موشەڕەف دەركردووە.
موشەرەف ساڵی 1943 لە هیندستان لەدایك بووە كاتێك لە ژێر داگیركاریی بەریتانیادا بووە، گەورەبوونی لەنێو كراتچی پاكستان و ئەستانبوڵی توركیادا بووە، زانستی بیركاری لە زانكۆی فورمان كریستیان تەواوكردووە لە لاهوور، ساڵی 1964 پەیوەندی كردووە بە سوپای وڵاتەكەیەوە، سەرجەم شەڕەكانی ئەفغانستان و پاكستان و هیندستانی دیوە بە پلەی مولازمی دوو،پاشان لە ساڵی هەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو بووەتە سەرپەرشتیاریی هێزی تۆپخانەكان، لە نەوەدەكانیشدا پلەی بەرزبووەتەوە بۆ فەرماندەی لیوا لە هێزەكانی پیادە، دواجاریش بووەتە جێگری سكرتێری سەربازیی و بەڕێوەبەری گشتی چالاكییە سەربازییەكانی پاكستان، لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی نەوازشەریف دا 1998 پلەی بەرزكراوەتەوە و بوو سەرۆكی سوپای پاكستان.

لە ساڵی 1999 دا بە هۆی ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازییەوە پەروێز موشەرەف بووە كەسی یەكەم و نەواز شەریفی خستە ژێر (هێشتنەوەی زۆرەملێ – اقامە جبری)  بەمەش بووە دەیەمین سەرۆك كۆماری پاكسان، وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن پەروێز یەكەمین حاكمی سەربازییە كە توانیبێتی دەستوری وڵاتەكەی هەڵپەسێرێت و كاری پێنەكات، ئەوەش نیگەرانی نێو دەوڵەتی و ناوخۆیشی لێبكەوێتەوە. ساڵی 2002 لە هەڵبژاردنێكی گشتیدا بە هۆی ئەوەی (جەماعەی ئیسلامی پاكستان) لایەنگریی پەروێز موشەرەفیان كرد بە فەرمی بووە سەرۆك كۆماری وڵات، بەڵام بۆچوونەكانی موشەرەف پێچەوانە بوونەوەو لە ئاستی چاوەڕوانیەكانی جەماعەی ئیسلامیدا نەبوو، لە دوای ئەوەی ئەمەریكا شەڕی دژە تیرۆری ڕاگەیاندبوو، بووە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمەریكیەكان، رۆژی 18/8/2018 دەستی لە كار كێشایەوەو لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی وڵاتەكەیدا بۆ ماوەی یەك كاتژمێری تەواو باسی لەو خزمەتانە كرد كە لە ماوەی 9 ساڵی سەرۆكایەتیدا ب پاكستانی كردووەو دوای ئەوەش لە دانیشتنی پەرلەماندا وازهێنانەكەی پەسەند كرا.


بە پێی وتەی چاودێرانی ڕەوشی پاكستان بەشی زۆری وازهێنانەكەی موشەڕەف بۆ كێشەی مزگەوتی سوور لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەگەڕێتەوە كە لە 3/6/2007 دا ژمارەیەك نوێژخوێن دەستیان گرت بەسەر دانیشتوانی مزگەوتەكەدا، گوایە ئەوانەی لەناو مزگەوتەكەدا بوون گروپێكی سەر بە تاڵیبان بوون،  حوجرەی مزگەوتەكەیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەویی، دوای ئەوەی سوپاو هێزە ئەمنیەكانی پاكستان چوونە سەر مزگەوتەكەو ئاگریان تێبەردا بووە هۆی كوژرانی 56 كەس بە سەرۆكی گروپەكەشیانەوە. ئەوەش نیگەرانی زۆری جیهانی ئیسلامی و ناوخۆی پاكستانی لێكەوتەوە و ناچار بوو بە دەست لەكار كێشانەوە. لە نێو شەقامی گشتی و میدیاكانی پاكستاندا گوترا مزگەوتی سوور موشەڕەفی سفر كردەوە.

دوای دەست لەكاركێشانەوەكەی  لە وڵات چووە دەرەوەو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نیشتەجێ بوو، ساڵی 2013 گەڕایەوە پاكستان بۆ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكاتەوە، بەڵام لە لایەن دادوەرە باڵاكانی وڵاتەكەیەوە ناوەكەی دەرهێنراو لە خۆپاڵاوتن دووریان خستەوە، لە 31 مارتی 2014 دا تاوانباریان كرد بە خیانەتی گەورەی نیشتیمانی، بە پاساوی ئەوەی گوایە باری نائاسایی لە پاكستان ڕاگەیاندووەو دەستووری ڕاگرتووە، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕو ناخۆشییانەی لە سنووری ئەفغانستانەوە دەكرایە سەر وڵاتەكەی، چینی ناوەڕاستی پاكستانی لەناو داوەو ئەوەش بووەتە هۆی لاوازبوونی پاكستان.


موشەرەف بۆ ماوەی چەندین ساڵە وڵاتەکەی جێهێشتوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لەدەرەوەی ئەو وڵاتەیە، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا کە لەسەر جێگا لە نەخۆشخانە کە بەئاستەم دەیتوانی قسە بکات رایگەیاند: ئەو رێوشوێنانەی بۆ لێپێچینەوە و دادگایکردن و پاشان دەرکرنی فەرمانی لەسێدارەدان بەرامبەرم کراوە، بەهۆی تۆڵەی کەسییەوە بووە.

لەو پارچە ڤیدیۆیەدا کە لەلایەن یارمەتیدەرەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، موشەرەف ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک کەس رقی کەسیان بەرامبەریی هەیە، بۆ تۆڵەکردنەوە لێی فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکردوە.


پەروێز موشەڕەف هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بو لە شەڕی دژە تیرۆردا لە ئەفغانستان و تا ئێستا لە سێ هەوڵی کوشتن دەربازی بوە، کە لەلایەن رێکخراوی چەکداری ئەلقاعیدەوە لەسەردەمی دەسەڵاتیدا لەدژی موشەڕەف پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڵام دواجار لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەی كە خۆی سەرۆك كۆماریی بوو بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، دیاریش نیە ئاخۆ ئەو بڕیارە جێبجێ دەكرێت یان بەو نەخۆشییەی لە دەرەوەی وڵاتەكەی دەمرێت، یان گۆڕانكاریی لە دۆخەكەدا دەبێت ، داهاتوو ئەوانە یەكلایی دەكاتەوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش جۆرێك لە بێدەنگی جیهانی بەرامبەر بڕیارەكە دەبینرێت.