08:42 - 08/12/2019
نهێنى نوێ له‌باره‌ى مردنى ئه‌لبێرت كامۆ ئاشكراده‌بن
ڕێژه‌ن جه‌مال
دوای نزیكه‌ی ٦٠ ساڵ له‌مردنی ئه‌لبێرت كامۆ، ڕۆماننوسی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ، نهێنییه‌كی نوێ له‌باره‌ی مردنه‌كه‌ی له كتێبێكدا ئاشكرا ده‌كرێت، كتێبه‌كه ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه ڕه‌تده‌كاته‌وه، كه گوایه كامۆ له‌ڕووداوێكی هاتووچۆدا مردووه.
هه‌واڵگریی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت چۆن ئه‌ندازیاری ئه‌و ڕووداوه بوون؟
جیۆڤانی كاتیلی، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ئیتاڵی كه ساڵانێكه له‌نهێنییه‌كانی پشت مردنی ئه‌لبێرت كامۆ ده‌كۆڵێته‌وه، سه‌رئه‌نجام له كتێبێكدا و به پشت به‌ستن به كۆمه‌ڵێك زانیاریی ورد كه به‌شێكیان له‌ڕێگه‌ی یاداشته ڕۆژانه‌ییه‌كانی جان زابرانا، شاعیر و وه‌رگێڕی به‌ناوبانگی چیكی-یه‌وه به‌ده‌ستهاتوون، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه كامۆ له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو (KGB)یه‌وه كوژراوه، ئه‌ویش به‌هۆی تێڕوانین و نووسینه‌كانی كامۆ، له‌باره‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و به‌رهه‌ڵستیكردنی ئه‌و ڕژێمه.
ڕۆژی ٤-١-١٩٦٠ كامۆ له‌گه‌ڵ میشێل گالیمار-ی هاوڕێی لهگهشتێك ده‌بن، ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ستده‌دات و خۆیدهكێشێت به دره‌ختێكدا، ڕاسته‌وخۆ كامۆ له‌و شوێنه‌دا گیان له‌ده‌ستده‌دات، دوای چه‌ند ڕۆژێكیش گالیمار گیان له‌ده‌ستده‌دات، ئێستا كه‌س گومانی له‌وه نییه كامۆ له‌و ڕووداوه‌دا مردووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه‌یه ئه‌وه‌یه هه‌واڵگریی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت چۆن ئه‌ندازیاری ئه‌و ڕووداوه بوون؟
هه‌ستابوون به ساخته‌كردنی تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه
كاتیلی ڕۆژنامه‌نووس، له یه‌كێك له یاداشته‌كانی زابرانا-ی شاعیری چیكییه‌وه نهێنییه‌كه ئاشكراده‌كات، یاداشتەکە بەوجۆرەیە، ده‌زگای هه‌واڵگریی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ستابوون به ساخته‌كردنی تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه، وایان لێكردبوو كه له خێراییه‌كی زۆردا كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ستبدات و تێكبشكێت.
زابرانا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاشكرابكات كه زانیارییه‌كه‌ی له‌باره‌ی مردنی كامۆوه پێداوه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت،"ته‌واو باوه‌ڕپێكراوه".
هه‌ر له‌و كتێبه‌دا باس له‌وه‌كراوه دیمیتری شبیلۆڤ، كه ئه‌وكاته وه‌زیر كارووباری ناوخۆی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بووه فه‌رمانی كوشتنه‌كه‌ی داوه، ئه‌ویش به‌هۆی وتارێك كه كامۆ له ساڵی (١٩٥٧) دا له ڕۆژنامه‌ی فرانس تاوه‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه، ساڵێك به‌رله‌وه‌ش كامۆ پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی هه‌نگاریا ده‌ربڕیبوو، ئه‌وه‌ش شتێك بوو به‌لای ڕووسیاوه قبوڵكراو نه‌بوو.
كامۆ پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی هه‌نگاریا ده‌ربڕیبو
"بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره نزیكه‌ی سێ ساڵ ئاماده‌كاری كراوه، تا ئه‌مڕۆ هه‌مووان واده‌زانن كامۆ به ڕووداوێكی ئاسایی هاتووچۆ مردووه، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌زگای هه‌واڵگریی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كوشتی". ئه‌وه به‌شێكه لهیاداشته ڕۆژانهییهكهی زابرانای شاعیر، كه بووه‌ته كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگ له پرسی گه‌ڕان بۆ هۆكاری مردنی كامۆ.
بێده‌نگكردنی كامۆ به‌سودی حكومه‌تی فه‌ره‌نسیش بووه
ئه‌وه‌ی له‌و كتێبه‌دا نوێیه، په‌رده‌لادانه له‌و ڕاستییه‌ی كه ده‌زگای هه‌واڵگریی فه‌ره‌نساش ڕۆڵی هه‌بووه له پلانه‌كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی ڕوسیا، كامۆ كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر و دژی ئیمپریالیزم بووه، له‌وكاته‌شدا فه‌ره‌نسا و ڕوسیا وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی داگیركا‌ر ده‌ناسران، هه‌ربۆیه وه‌ك له‌كتێبه‌كه‌دا هاتووه"بێده‌نگكردنی كامۆ به‌سودی حكومه‌تی فه‌ره‌نسیش بووه".
پۆڵ ئۆسته‌ر، ڕۆماننوسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی، لهپێشهكیهكدا بۆ كتێبی مردنی كامۆ باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌و هاوڕایه له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ی نوسه‌ری كتێبه‌كه بۆ مردنی كامۆ نوسیویه‌تی، هاوكات مردنهكهش به "تیرۆری سیاسی" ناوده‌بات.