ڕاپۆرتی جیهانی

07:46 - 08/12/2019

پلانی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌

پەیسەر

وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا مارك ئیسپەر، پلانی نوێی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئه‌مه‌ریكا پلانی نوێی هەیە بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كارێكی نوێ ئەنجام بدات، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی پلانێكی نوێ و هاوپەیمانیەتیەكی نوی ڕابگەیەنێت و دڵنیایی بداتە دۆستەكانی بۆ ئەوەی بتوانێت لە هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكەدا هاوكاریی تەواو بكرێت و متمانەیەكی بەهێز بۆ خۆی و دەوروبەرەكەی ئاشكرا بكات، دەشڵیت لە راستیدا دەبێت ئەوە بزانین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چاوێكی نا ئاسایی و تاڕادەیەك بێ متمانەی لە ئه‌مه‌ریكا ده‌ڕوانرێت، بۆیە بۆ پلانی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئەو بابەتە گرنگانە بكات.  وەزارەته‌كانی دەرەوە و بەرگریی و كۆشكی سپیش سەرقاڵی داڕشتنەوی ئەو پلانە نوێیەن.

كۆڕبەندی ڕێكان
ساڵانە لە ئه‌مه‌ریكا كۆڕبەندی بەرگریی نیشتیمانی لەژێر ناوی گۆڕانكارییەكان و ڕۆڵ و پلانی ئه‌مه‌ریكا، كە بە كۆڕبەندی ڕێكان ناسراوە ئەنجام دەدرێت، ئەم كۆڕبەندە كەسانی خاوەن پێگەو بڕیاری ئه‌مه‌ریكا میوانداری دەكات و دواین گۆڕانكاریەكانی ئه‌مه‌ریكا وجیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ ده‌كات.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ڕێكان بۆ بەرگریی نیشتمانی لە کالیفۆرنیا میوانی كۆڕبەندەكە بوو و دەربارەی پلانی نوێی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە گفتوگۆیەكی چڕی ئەنجامدا و تێیدا جەختی لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و ئێران و سوریا كردەوە و بە وردی باسی لە كار و پلانەكانی ئه‌مه‌ریكا كرد.

ئیسپەر دەربارەی كورد قسە دەكات
مارك ئیسپەر لە بارەی دۆخی سوریا و كوردەوە قسەی كرد و وتی: ئەو دۆخەی ئێستا سوریای تێكەوتووە بۆ هەموولایەك جێگای نیگەرانییە و دەبێت كار بۆ چارسەركردنی بكەین، لەڕاستیدا هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان هەڵە بوو و نەدەبوو ئەنجامی بدایە، بەڵام ئێستا دەبێت لەگەڵ دۆخەكەدا مامەڵە بكەین و بە باشی ئەو پرسانە لێكبدەینەوە كە لە سوریا روودەدەن.

كاتێك پێشكەشكاری پانێڵەكە پرسیاری لێكرد دەربارەی كورد و وتی، ئایا لەو باوەڕەدایت خیانەتتان لە كورد كردبێت، ئێوه‌ كوردتان لە سوریا جێهێشتووە؟
وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا وتی: "بەدڵنیاییەوە لە رووی تاکتیکییەوە هەست بەوە دەکەین. ئێمە لەگەڵ ئەوان بووین و پێکەوە لە شەڕی دژی داعش خوێنمان ڕشتووە، بەڵام ئەگەر لە دوورەوە سەیری بکەین، ئێمە بۆ بەرژەوەندییەکی هاوبەش چووینە ئەوێ کە تێکشكاندنی داعش بوو. بە دڵنیایەییەوە داعش خاکی زۆری کەوتە ژێر دەست و هەسەدەش لە شەڕی دژی ئەوان قوربانیی زۆریان داوه‌.

وتیشی:"كاتێك ئێمە چوینە سووریا لەگەڵ هێزەكوردیەكان توانیمان یەكتری قبوڵبكەین و پێكەوە كاری هاوبەشمان كرد  ئەوەش بووە هۆی ئەوەی داعش تێکبشکێنین، بەڵام هەرگیز نەمانگوتووە ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بۆ ئێوە رابگەیەنین.
وتیشی لە ڕاستیدا هەرگیز ئێمە هیچ بەڵێنێكمان بە كورد نەداوە و پێمان نەوتوون لە ناوچەكەدا وەك پێگەیەكی سەربەخۆ كاربكەن و ببنە هێزێكی سەربەخۆ، بەڵام هاوكاریی باش لە نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكادا هەبووە.

دەشڵێت ئێمە هەرگیز بە كوردمان نەوتووە لە دژی تورکیا بەرگریتان لێدەکەین کە 70 ساڵە هاوپەیمانی ناتۆیه‌، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکەوە لەگەڵ هەسەدە کاردەکەین و ئەو هاوبەشییەمان پاراستووە و بەردەوام دەبین لە پاراستنی.

مارك ئیسپەر باسی ئێران و عێراق دەكات
لە بەشێكی تری گفتوگۆ كانی كۆڕبەندەكەدا مارك ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا باسی خۆپیشاندانەكانی عێراق و ئێران كرد و وتی: نزیکەی مانگێك لەمەو بەر لە عێراق بووم و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبوومەوە، ئەو کات قسەمان لەسەر زۆر بابەت کرد، بەتایبەتی دۆخی ئێستای عێراق، دڵنیایم دایە سەرۆك وەزیران  کە ئێمە رێز لەسەروەریی خاکی عێراق دەگرین،  ئێمە نامانەوێت ببینین عێراق بڕووخێت، ئەوان هاوبەشی باشن دەمانەوێت بەو شێوەیەی ئێستا لە پاڵپشتیکردنیان بەردەوامبین، وتیشی، مانەوەی عێراق بەشێوەیەكی سەربەخۆ و دوور لە دەستی دەرەكی و لایەنه‌كانی دیكە دەبێتە هۆی ئەوەی لە چوارچێوەی قەوارەی خۆیدا بەشێوەیەكی باش بمێنێتەوە.


وتیشی: ئێمە زانیاری زۆر گرنگمان لە بارەی ئەو موشەكانەوه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ كە لە نزیك باڵیۆزخانە و كونسوڵخانه‌كانمان لە عێراق دەكەونە خوارەوە، ئەوە بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە و حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی كە ئێران لە عێراق تەراتێن دەكات و پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە ئێران لە عێراق دەسەڵاتێكی زۆری هەیە.

 ئیسپەر وتیشی: ئێمە لەعێراقین  بۆ ئەوەی لە رووی مەشق و راوێژکارییەوە یارمەتیی عێراق بدەین تاوەکو ئێران و گرووپ و میلیشیا شیعەکان لەو وڵاتە دووربخەینەوە،  ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکان دەبینرێت، خەڵکن لەسەرتاسەری عێراق خۆپیشاندان دژی چەند کێشەیەک دەکەن، وەکو بێکاری و قەیرانی ئابووریی، خۆپیشانده‌ران داوای ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئێران لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە، ئەمە نیشانەی دیارن لە نێوان دوو وڵاتی شیعەنشین و بوونی ئەو پشێوییە لەنێو حکومەتدا شتێکی باش نییە و دەبێـت بەوردی كار لەسەر ئەوە بكرێت دەستی ئێران لە عێراقدا نەمێنێت.

مارك ئیسپەر باسی ئێران دەكات
 ئەگەر پێویست بکات، هێز دژی ئێران بەکاردەهێنین
هەر لەو كۆڕبەندەدا وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا باسی دۆخی ئێستای عێراقی كردوو وتی: ئێستا ئه‌مه‌ریكا  بۆ رێگریکردن لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران 14 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە، كاری زیاتریش دەكەین سەكۆی موشەكیی لە چەند ناوچەیەك دادەنێین و بنكەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دادەنێین و لە سوریا و عێراق و چەند ناوچەیەكی تر دوریدەخەینەوە، وتیشی ئەوەی لە ڕابردوودا كردوومانە كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر دورخستنەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە.

ئیسپه‌ر وتیشی: لە ڕابردوودا بە تایبەتی لە مانگی حوزەیران و تەمموزدا بینیمان كە ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێمەی خستە خوارەوە، ئێرانمان دەبینی دەستی بەسەر کەشتییە نه‌وتهه‌ڵگره‌كاندا دەگرت، یان رێڕەوی بازرگانیی لە گەرووی هورمز دادەخست.

ئەو كارانەی ئێران وایانكرد ئەمه‌ریكا هەڵوێست بنوێنێت و هێزی زیاتر لە ناوچەکەدا بڵاوبکەینەوە، لەو کاتەوە لە ڕووی بەئامانجگرتنی ئێمە یاخود هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە کە (كۆمپانیای ئارامکۆ) یەکێک بوو لەو ئامانجانە، کار و چالاکیمان لێیان نەبینیوە، ئەوەش شتێکی باشە، واتە ئێرانمان لە دەرەوەی ئێران نەهێشتووە و ناشهێڵین هیچ چالاكیەك لەدەرەوەی وڵاتەكەیدا ئەنجام بدات.


دەربارەی هێرشكردنە سەر ئێران ئیسپەر وتی: ئەگەر پێویست بكات هێرشی سەربازی دەكەینە سەر ئێران و ئامادەین لە هەركاتێكدا ئێران ببێتە مەترسی گەورە بۆ سەر ئه‌مه‌ریكا و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێز بەكاربهێنین.

ئیسپه‌ر بە گرنگیەوە باسی دۆخەكەی كردو وتی ، هەموو لایەك دڵنیادەكەمەوە ئه‌مه‌ریكا لە چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامە و  دڵنیایی دەدەین لە بڵاوکردنەوەی هێزی پێویست بۆ شكستهێنان بە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران، ئەگەر پێویستیش بکات وەڵامیان ده‌دەینەوە، وەڵامەکەش لە رێی هێزەوە بێت، ئێمە سوورین لە بەرگریکردن لە دۆست و هاوپەیمانەکامان و رێ لە پشێوییەکانی ئێران دەگرین لە هەر شوێنێكی دونیا بێت.

ئیسپەر باسی هێرشەكەی فلۆریدا  دەكات
لە كۆڕبەندەكەدا مارك ئیسپەر باسی هێرشەكەی سەر بنكە سەربازیەكەی فلۆریدای كرد و وتی، دڵنیاتان دەكەمەوە ئەو هێرشە تیرۆرستی نەبووە و تانها رووداوێك بووە.
 تیشی: ئەمە رووداوێکی ترایژیدی بوو کە سێ کەس مردن و هەشت کەس برینداربوون، بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگی زۆری هەیە و  بەدڵنیاییەوە هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و هێزەکانمان دەکەین.

وتیشی: چاوەڕێدەكەین ئێف بی ئای لێكۆڵینەوەی ورد لەو رووداوە بكات و هۆكارەكەی بۆ ڕایگشتی ئه‌مه‌ریكا و دەرەوەش دەربخات، وتیشی هەمیشە دۆخی ئەمنی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا جێگیرە و بەجێگیریش دەمێنێتەوە.