ڕاپۆرتی جیهانی

03:10 - 06/12/2019

به‌ریتانیا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات‌

پەیسەر

پارته‌ سیاسیه‌كانی به‌ریتانیا خۆیان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ ئاماده‌ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاره‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ (6 ڕۆژی تر) به‌ڕێوه‌بچێت. له‌ به‌ریتانیا پێنج ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ 2015وه‌، واته‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا، ئه‌مه‌ سێیه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌م وڵاته‌دا ئه‌نجام بدرێت.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو، ده‌نگده‌رانی به‌ریتانیا 650 په‌رله‌مانتار هه‌ڵده‌بژێرن، كاری ئه‌مانیش هاوشێوه‌ی په‌رله‌مانتارانی وڵاتانی دیموكراسی پێداچوونه‌وه‌ی یاساكانی ڕابردوو، ده‌رچوواندنی یاسای نوێ و په‌سه‌ندكردنیانه‌. ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ده‌بنه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجهومه‌نی گشتی به‌ریتانیا كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ له‌نده‌نی پایته‌خته‌.

ئه‌مجاره‌ چی بۆ ده‌نگده‌ران گرنگه‌؟
به‌رله‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی گشتی، پارته‌ سیاسیه‌كان بۆ ڕاكێشان و كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌ران پلانێكی چڕ داده‌ڕێژن كه‌ سه‌رجه‌م بابه‌ت و كه‌رته‌كانی وڵات ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك ئابووریی، به‌رگریی و سیاسه‌ت. ئه‌م پلانه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ڵێننامه‌ی هه‌ر پارتێكی سیاسی.

به‌رله‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كۆمه‌ڵێك ده‌زگای تایبه‌ت ڕاپرسی له‌سه‌ر ویستی خه‌ڵك بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، تا بزانن خه‌ڵك زیاتر گرنگی به‌ چ بابه‌تێك ده‌ده‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2015دا ڕاپرسیه‌كان ده‌ریانخست كه‌ خه‌ڵك كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی گشتی و كۆچبه‌رانی زۆر به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كه‌مترین ده‌نگده‌ر به‌ بابه‌تی یه‌كێكی ئه‌وروپایان به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌.

به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ و دهرچوونی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ به‌ (بریگزت) ناسراوه‌، لای ده‌نگده‌ران بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین بابه‌ت.

بۆچی ئێستا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟
هه‌رچه‌نده‌ سێ ساڵ و نیو به‌سه‌ر ڕاپرسیه‌كه‌ی 2016دا تێده‌په‌ڕێت كه‌ تیایدا زۆرینه‌ی به‌ریتانیه‌كان ده‌نگیان بۆ جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا دا، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌ت كاری به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌كردووه‌ و له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا نه‌چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

تا ئێستاش سیاسه‌تمه‌دارانی به‌ریتانیا به‌سه‌ر سێ به‌ره‌دا دابه‌شببوون، به‌شێكیان ده‌یانه‌وێت به‌ریتانیا به‌زووترین كات یه‌كێتی ئه‌وروپا جێبهێڵێت، به‌شی دووه‌میشیان داوا ده‌كه‌ن ڕاپرسیه‌كی تر ئه‌نجامبدرێت، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شیان داوا ده‌كه‌ن وڵاته‌كه‌یان به‌ ته‌واوی له‌ بیرۆكه‌ی جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا پاشگه‌زبێته‌وه‌.


پارته‌كه‌ی بۆریس جۆنسۆنی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یتوانی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشوودا زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانێت به‌ ته‌نها هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكات. ئێستا بۆریس جۆنسۆن ده‌یه‌وێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌دا ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی زیاتر بكات تا بتوانێت به‌ ئاسانی پلانه‌كانی بۆ جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا جێبه‌جێ بكات.

پێویست بوو هه‌ڵبژاردنی گشتیی داهاتوو له‌ 2022دادا ئه‌نجابدرایه‌، به‌ڵام بۆریس جۆنسۆن چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر فشارو پێداگری ده‌كرد كه‌ هه‌ڵبژاردنی پیشوه‌خت ئه‌نجامبدرێت، سه‌ره‌تا پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بوون، به‌ڵام دواتر ئه‌وانیش هه‌مان داوایان به‌رزكرده‌وه‌.

چۆن ده‌نگ ده‌درێت؟
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 46 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، هه‌ر ده‌نگده‌رێت ده‌توانێت ده‌نگ به‌ یه‌ك كاندیدی ناوچه‌كه‌ی خۆی بدات، هه‌ر كاندیدێكیش زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا یه‌كێك له‌ 650 كورسیه‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆخۆی مسۆگه‌ر ده‌كات.

هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 18 ساڵ زیاتره‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، به‌و مه‌رجه‌ی ناویان له‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا هه‌بێت و هاوڵاتی به‌ریتانی بن، یان یه‌كێك بن له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌رجه‌كانی ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیان تێدایه‌ له‌ هاونیشتمانیانی وڵاتانی كۆمۆنوێلس و كۆماری ئێرله‌ندا.

به‌ گشتی له‌ به‌ریتانیا به‌ساڵاچووان زیاتر له‌ گه‌نجان به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2017دا ته‌نها 52%ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌ه‌نیان له‌نێوان (20 بۆ 24) ساڵاندایه‌ به‌شداری ده‌نگدانیان كرد، له‌ به‌رامبه‌ردا 77%ی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شداربوون كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان (60 بۆ 69) ساڵاندایه‌.

له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا ده‌نگده‌ران ڕووده‌كه‌نه‌ كڵێساكان و قوتابخانه‌كان، كه‌ كراونه‌ته‌ ناوه‌ندی ده‌نگدان، و هێمایه‌ك له‌سه‌ر ناوی ئه‌و پاڵێوراوه‌ داده‌نێت كه‌ پشتگیری ده‌رچوونی ده‌كه‌ن و فۆرمی ده‌نگدانه‌كه‌یان ده‌خه‌نه‌ سندوقێكه‌وه‌.

چۆن براوه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟
ئه‌و پاڵێوراوه‌ی زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ كورسیه‌كی په‌رله‌مان به‌ده‌ستده‌هێنێت. پێویسته‌ كاندیدی سه‌ركه‌وتوو، به‌راورد به‌ ڕكابه‌ره‌كانی، زۆرترین ده‌نگ كۆبكاته‌وه‌. پێده‌چێت كۆی ده‌نگه‌كانی كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له‌ نیوه‌ی ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی ناوچه‌كه‌ی كه‌متربێت.

زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی به‌ریتانیا سه‌ر به‌ پارتێكی سیاسین، هه‌ندێیش هه‌ن كه‌ وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌. ئه‌گه‌ر پارتێكی سیاسی توانی زیاتر له‌ 326 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌ر خۆشی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكده‌هێنێت.

 

ئه‌گه‌ر هیچ پارتێكیش نه‌یتوانی زۆرینه‌ی كورسیه‌كان مسۆگه‌ر بكات، ئه‌و پارته‌ی كه‌ زۆرترین كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پارتێكی تر یان زیاتردا هاوپه‌یمانێتی پێكبهێنێت بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی. ئه‌و كاته‌ پارتی براوه‌ له‌ناو كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانیدا كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان ده‌كات، دواتر له‌لایه‌ن پاشای به‌ریتانیاوه‌ ڕاده‌سپێردرێت حكومه‌ت پێكبهێنێت.


هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كه‌ی 2017
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2017دا هیچ پارتێك نه‌یتوانی زۆرینه‌ی كورسیه‌كان (326 كورسی) به‌ده‌ستبهێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ پارتی پارێزگاران ناچاربوو حكومه‌تێكی ئیئتیلافی پێكبهێنێت.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2017 به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
پارتی پارێزگاران 317 كورسی
پارتی كرێكاران 262 كورسی
پارتی نیشتمانی سكۆتله‌ندا 35 كورسی
ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران 68.7% بوو

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2017دا چی ڕوویدا؟
له‌ ساڵی 1922وه‌ چه‌ند هه‌ڵبژاردن له‌ به‌ریتانیادا كرابێت پارتی پارێزگاران و پارتی كرێكاران تیایدا براوه‌بوون. ئه‌م دوو پارته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2017شدا زۆرترین كورسیه‌كانی په‌رله‌مانیان كۆكرده‌وه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌یتوانی زۆرینه‌ی كوردسیه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت تاوه‌كو به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت. پارتی پارێزگاران كه‌ ژماره‌ی كوردسیه‌كانی له‌ پارتی كرێكاران زیاتر بوو له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراسی یه‌كگرتوودا هاوپه‌یمانێتی كرد و حكومه‌تێكی ئیئتیلافییان پێكهێنا.

له‌ 2017وه‌ تا ئێستا پارتی پارێزگاران و پارتی كرێكاران چه‌ندین په‌رله‌مانتاریان له‌ده‌ستداوه‌، چوونه‌ته‌ ناو پارتێكی تره‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی پارتی دیموكراسیخوازان و ڕزگاریخوازان زیادیكردووه‌. به‌ڵام له‌ به‌شی دووه‌می په‌رله‌ماندا، كه‌ ئه‌نجومه‌نی لۆرده‌كانه، دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌. سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و له‌لایه‌ن پاشاوه‌ (شاژن) داده‌نرێن، واته‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژاردنی بۆ ناكرێت.

كێ ده‌توانێت خۆی كاندید بكات؟
ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 18 ساڵ زیاتره‌ ده‌توانن خۆیان بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان كاندید بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی هاوڵاتی به‌ریتانی بن یان مه‌رجه‌كانی هاوڵاتیبوونیان تێدابێت، واته‌ هاونیشتمانی وڵاتانی كۆمۆنوێڵس یان كۆماری ئێرله‌ندا بن و له‌ به‌ریتانیا بژین.

ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی كاندید ده‌كات ده‌بێت بڕی 500 پاوه‌ن وه‌ك بارمته‌ دابنێت، ئه‌گه‌ر توانی 5%ی ده‌نگه‌كانی بازنه‌كه‌ی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ 5% كه‌متری ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا پاره‌كه‌ی پێنادرێته‌وه‌.

له‌ به‌ریتانیا چه‌ند چینوتوێژێك سانسۆریان له‌سه‌ره‌ و بۆیان نیه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی كاندید بكه‌ن، وه‌كو زیندانیه‌كان، كارمه‌ندانی حكومه‌ت، دادوه‌ره‌كان، ئه‌ندامانی پۆلیس و هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

كه‌ی ئه‌نجامه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت؟
له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی ده‌ستپێده‌كات و تا كاتژمێر 10ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆ شه‌وی داهاتوو ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، كاتێك ئه‌نجامی كۆتایی ڕاگه‌یه‌نرا سه‌رۆكی پارتی براوه‌ ده‌چێته‌ كۆشكی باكینگهام و داوا له‌ شاژن ده‌كات مۆڵه‌تی بداتێ كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت.

ئه‌گه‌ر شاژن ڕیزامه‌ندی له‌سه‌ر نیشاندا، سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو ده‌چێته‌ داونینگ ستریت (كه‌ باره‌گای حكومه‌تی لێیه‌). له‌وێ وته‌یه‌ك له‌باره‌ی پلانه‌كانی پارته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ساڵانی داهاتوو پێشكه‌ش ده‌كات.