12:42 - 16/11/2019
پێش ئیسلام هاوسهرگیرى لهنێو عهرهب-دا چۆن بوو؟
دەکرێت بگوترێت کە پەیوەندی سێکسی لە پێش هاتنی ئیسلام، کاتێ لێی ورد ئەبیتەوە لەڕوی مامەڵە و دەربڕینە وە هەڵگری جۆرێک لە ئازادی بووە. کە ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ سروشتی بیاباننشینەکان، کە بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە کەمکردنەوەی بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان. کە دیاردەیەکی باوی ناو ئەو ژینگەیە.
پێش ئیسلام هاوسەرگیری بە چوار شێواز ئەنجامدراوە
عەرەبەکان چەندین جۆر پەیوەندی سێکسییان باس کردووە، کە هەمویان پەیوەندی نێوان نێر و مێ دەردەخەن، کە مێژووی پێش ئیسلام ئەم بابەتەی تۆمارنەکردووە بە گوێرەی ئەوەی ماوەتەوە بۆمان لە شیعر و رووداوە جیاوازەکان، بابەتی هاوڕەگەزبازی لەناو نیوە دورگەی عەرەبیدا، یان لانی کەم لەناو ناودارەکانی تیرە و تایەفەکانی عەرەب، سەرباری هەندێ لێکۆڵینەوە کە ئاماژەن بۆ بوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە، سێکسییانە لە لایەن عەرەبەکانەوە پێش هاتنی ئیسلام.
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە گرێبەستی هاوسەرگیریەوە هەیە پێش ئیسلام، ئەوا زیاد لە جۆرێک هەیە، لەوانە ئەوەی کە گێڕدراوەتەوە لە عائیشەی کچی ئەبووبەکری سدیقەوە و ئاشکرایکردوە، کە پێش ئیسلام هاوسەرگیری بە چوار شێواز ئەنجامدراوە، هەشبوە وتراوە کە لەسەر (دە) شێواز و ئەو چوارەی تێدایە کە عائیشە ئاماژەی پێکردوە، ئەو شێوازانەش کە زۆر بەناوبانگ بوون ئەمانەن:
هەندێ لە ژنەکان هاوڕێیەکی هەبوو جیا لە هاوسەرەکەی و پەیوەندی لەگەڵ دەبەست
1. (الاستبضاع): ئەم شێوازە ئەوەیە کە پیاوێک واز لە ژنەکەی بهێنێت بۆ پیاوێکی تر، لە گەورە و خاوەن پێگەی هۆزەکە وەک شاعیر یان ئەسپسوارە یان خاوەن پلە و پایەی بەرز، ئەو کەسە ژنەکە مارەدەبڕێت و کاتێ دوگیان دەبێ لێی، دەگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی.
2.(المخادنە)؛ موخادەنە بەواتای هاوڕێیەتی یان دۆست، ئەمەش ئەو جۆرەیە کە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە کە دەفەرموێت (ولا متخذات اخدان) کە هەندێ لە ژنەکان پێش هاتنی ئیسلام هاوڕێیەکی دیکەی هەبوو جیا لە هاوسەرەکەی و پەیوەندی لەگەڵ دەبەست، بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی (موخادەنە) پێش هاتنی ئیسلام و تەنانەت دوای ئیسلامیش، وتراوە کە (موخادەنە) ناگاتە گرێبەستی هاوسەرگیری، بۆیە بابەتەکە تەنها بە ماچ و باوەش پێداکردن کۆتایی دێت، کە وتراوە ئەوەش گرێبەستی هاوسەرگیریە، هەروهها جیاوازی بۆچوون هەیە لەبارەی ئەوەی کە ئەو پەیوەندییە بەشێوەی نهێنی بووە یان حاڵەتێکی باوی پەیڕەوکراو، هەرچەندە زۆربەی بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندیەکی نهێنی بووە.
پەندێکی عەرەبیش هەیە لە بارەی(موخادەنە) وە کە دەڵێت، (ئەگەر بە نهێنی بێ ئەوە کێشە نیە، بەڵام ئەگەر بە ئاشکرا بکرێت ئەوە سەرزەنشت دەکرێت).
دەستبەرداری ژنەکەت بە بۆمن، منیش دەستبەرداری ژنەکەی خۆم دەبم بۆت
3. (البدل) بەدەل: ئەمەش ئەوەیە کە دوو پیاو هاوسەرەکانیان دەگۆڕنەوە، بۆ ماوەیەکی کاتیی لە پێناو چێژوەرگرتن و گۆڕیندا، بەبێ ڕاگەیاندنی جیابوونەوە یان گۆڕینی گرێبەستی هاوسەرگیری. قسەیەکی ئەبو هورەیرە هەیە لەو بارەیەوە دەڵێت:"بەدەل سەردەمی نەزانی (جاهیلی) واتە پێش ئیسلام ئەوەیە کە پیاوێک وتوویەتی بە پیاوێک، دەستبەرداری ژنەکەت بە بۆمن، منیش دەستبەرداری ژنەکەی خۆم دەبم بۆت، یان زیاترت دەدەمێ".
4. (المضامدة) موزامەدە؛ ئەمەش ئەوەیە کە ژنێک جیا لە هاوسەرەکەی پەیوەندی لەگەڵ پیاوێک یان دوپیاوی تر هەبێت، لە فەرهەنگە زمانەوانیەکاندا، (زەماد) بەواتای ئەوە دێت کە ژنێک لەگەڵ دوو پیاو یان سێ پیاو پەیوەندی هەبێت، بۆ ئەوەی نان خۆری هەردولا بێت و لەکاتی قات و قڕیدا، وادەردەکەوێت کەئەم جۆرە پەیوەندییە زۆر خوازراو نەبووبێت، تەنانەت عەرەبەکان وهک ناپاکی ئافرەت ئەژماریان کردووە، ئەگەر چی وەک دیاردەیەک هەبووە و بەربڵاویش بوە، (ئەبو زوئەیلی) کە یەکێکە لە شاعیرە بەناوبانگەکانی سەردەمی گومڕایی لە شیعرێکدا دەڵێت:
١٠ پیاو لەگەڵ ژنێک هاوسەرگیری دەکەن
دەتەوێت من و خالید بەیەکەوە کۆبکەیتەوە
ئایا دوو خەنجەر لە کێلانێکدا جێگای دەبێتەوە
دەگێڕنەوە کە ئەم شیعرەی پێشووی بەو مەبەستە نوسیوە، کە ژنەکەی لەگەڵ ئامۆزایەکیدا بینیوە کە ناوی (خالیدی کوڕی زوهەیر) بووە. وا دیارە کە (هەزلی) ئەم پەیوەندییەی بە قێزەون زانیوە و وتویەتی، من ئەوجۆرە پەیوەندییەم پێ قێزەونە، وە لەبارەی ئەو رووداوەی خێزانەکەشیەوە دەڵێت:"ئەتەوێت من و هاوڕێکەم هەردوکمان لەباوەش بگریت، دەی کەواتە بڕۆ بۆ لای ئەو و من بەجێبهێڵە".
5. (ڕەهط)؛ ئەمەش ئەو جۆرەیە کە ١٠ پیاو لەگەڵ ژنێک هاوسەرگیری دەکەن، وە کاتێ کە دوگیان دەبێت دەنێرن بە شوێن هەموویاندا، پاشان ژنەکە لەناویاندا باوکی منداڵەکە دەستنیشان دەکات کە لە سکیدایە، کەس بۆی نییە ئەم هەڵبژاردنە ڕەت بکاتەوە و دان بەوەدا نەنێت کە ژنەکە دەستنیشانی دەکات.
6. (ئەسحابولرایات) واتە خاوەن بەیداخەکان؛ ئەمانە دەتوانین بە (داوێن پیسەکان) یان (لەشفرۆشەکان) ناوزەدیان بکەین، ئەمڕۆ بەو ناوە دەناسرێت، هەر ژنێک لەوانە بەیداخ بەرز بکاتەوە (دەوترێت کە بەیداخەکە ڕەنگی سوور بووە) ئاماژەیەک بووە بۆئەوەی کە ئەو ژنە ئامادە بووە بۆ ئەوەی پیاون بچنە لای.
ئەم شەش جۆرەی باسمان کرد، لە بەناوبانگ ترین پەیوەندییە هاوسەرگیریەکانی پێش ئیسلامن، کە جیاوازە لەو هاوسەرگیریەی کە دواتر ئیسلام بڕیاری لێداوە ناسراوە بە بونی شایەت و گرێبەست.
کاتێ کە ئاینی ئیسلام دابەزی، کۆمەڵێك بنەمای نوێی دانا
ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی هاورەگەزبازییەوە هەبێت لە پێش ئیسلام، گێڕانەوەکان جیاوازن، پشتڕاستکردنەوهیان ئاسان نیە، هەندێک پێیان وایە هەبووە و هەندێکی تریش ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە، بە پشتبەستن بەو گریمانەیەی کە ئاڕاستەی کاری سێکسی لەو شێوەیە دواتر هاتووهتە ناو دونیای وڵاتە عەرەبییەکان، لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لەکاتی فتوحات.
وە لەبارەی کاری هاوڕەگەزبازی ژنانەوە گێڕانەوەیەکی خێڵەکی ناباوەڕپێکراو هەیە کە دەڵێت، یەکەم کەس کە ئەم جۆرە پەیوەندیەی پەیڕەوکردوە لە ناو عەرەبەکاندا (زەرقای یەمامە) لەگەڵ (هیندی کچی نوعمانی سێ)پاشای حیرە بووە.
لەئاینی ئیسلامیشدا هەندێ کار هەیە ناچێتە چوارچێوەی زینا
ئیسلام شێوەی (سێکسی) گۆڕی:
کاتێ کە ئاینی ئیسلام دابەزی، کۆمەڵێك بنەمای نوێی دانا بۆ پەیوەندی کاری سێکسی ڕێگەپێدراو. بەڵام هەندێک لەو باوەڕەدان کە ئیسلام نوێنەرایەتی تاقمێکی بەرچاوڕوونی گشتی نەکردووە، لەگەڵ ئەوەی کە عەرەب پێش ئیسلام پەیڕەویان دەکرد لەبارەی پەیوەندی سێکسییەوە. ئەم گریمانەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرباری ڕێکخستن و لە قاڵب دانی پەیوەندی سێکسی بۆ مەبەستی کۆمەڵایەتی، بەڵام چاوپۆشی کردووە لە هەندێک ڕەفتار کە عەرەب پەیڕەویان کردووە، لەگەڵ ئەوەش ڕێگای داوە پیاوێک ئەتوانێت چوار ژنی هەبێت.
لەئاینی ئیسلامیشدا هەندێ کار هەیە ناچێتە چوارچێوەی زینا، هەندێک لە بازنەی (گوناهە بچوکەکان) ئەژمارى دەکەن، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، (الذين يجتنبون كبائر الإثم و الفواحش الا اللمم ان ربك واسع المغفرة). واتە ئەوانەی کە دوور دەکەونەوە لە گوناهە گەورەکان و داوێن پیسی، جگە لە گوناهە بچوکەکان، خودای تۆ لێخۆشبوونی فراوانە.
لە ئیبن جەریرەوە ڕیوایەت کراوە، کە لە ئەبوهورەیرە وە گێڕاویەتیەوە، مانای (جگە لە گوناهە بچوکەکان) واتە ماچ و باوەش پێداکردن و بینین و ئاوێتە بوون، بەڵام ئەگەر عەورەتیان بەر یەک بکەوێت ئەوا خۆشۆردنیان لەسەر واجب دەبێت، واتە بە زینا دێتە ئەژمار. قورتوبیش وتویەتی (لەمەم)، واتە ئەو گوناهە بچوکانەی کە مەگەر تەنها ئەو کەسانە پارێزراوبن لێی، کە خوا دەیانپارێزێت وەک ماچ و باوەش و سەیرکردن.