ڕاپۆرتی جیهانی

03:32 - 18/12/2018

چۆن ده‌توانیت ته‌مه‌ندرێژ بیت؟‌

پەیسەر

دان بوێتنەر توێژینەوەی لە پێنج ناوچەی جیهان ئەنجامداوە کە دانیشتووانی بە تەمەندرێژی بەناوبانگن، ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین (بە زۆنی شین ناودەبرێن) چەند خاڵێکی هاوبەش لە ژیانیاندا هەیە.

دان بوێتنەر توێژینەوەكه‌ی لە (ئۆکیناوا لە ژاپۆن، نیکۆیا لە کۆستاریکا، ئیکاریا لە یۆنان، لۆما لییندا لە کالفۆرنیا و ساردینیا لە ئیتاڵیا) بۆی ده‌ركه‌وتووه ئه‌و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ بریتن له‌ پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خوی چالاکی ڕۆژانە و خواردنە ڕووەکییەکان و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆرینه‌شیان كاری باخداری ده‌كه‌ن و باخه‌وانن. 

دەکرێت باخەوانی وابکات کە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ بژیت؟ 
ستایلی کارکردن لە دەرەوە و جموجوڵی ئاسایی وادەکات کە تەمەنێکی درێژترت هەبێت، و باخداریش ڕێگایەکی ئاسانە بۆئەوەی هەردو کارەکە ئەنجام بدەیت. بوێتنەر دەڵێت: "ئەگەر باخداری بکەیت، ئەوا ڕۆژانە بڕێک لە جموجوڵی ئاسایی ئەنجام دەدەیت کە زۆر سەخت نیە، و دەبێتە کارێکی ڕۆتینی". 
هەروەها دەڵێت: باخەوانەکان تەمەنێکی درێژتریان هەیە و فشاریان کەمتر لەسەرە. ژمارەیەک توێژینەوەی جیاواز كه‌سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، ئاماژە بەوە دەدەن کە باخداری بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونیش باشە. 
لە لێکۆڵینەوەیەکدا كه‌ لە وڵاتی هۆڵەندا ئه‌نجامدراوه‌، توێژەران داوایان لەبەشداربووان کردووە ئەرکێکی قورس ئەنجام بدەن و دابەشیان کردوون بەسەر دوو گروپدا.
یەکێک لە گروپەکان بۆماوەی نیو کاتژمێر نوسینیان خوێندوه‌ته‌وه‌ و گروپەکەی دیکە لە دەرەوە بۆماوەی سی خولەک باخدارییان کردووە. ئەو گروپەی خەریکی خوێندنەوە بوون جگە لە کارەکەی خۆیان وتوویانە کە باری ده‌رونیان "ئەوەندەی دیکە خراپ بووە"، لەکاتێکدا باخەوانەکان نەک هەر هۆرمۆنی کۆرتیسۆلی فشاریان کەمبووەتەوە، بەڵکو بەتەواوی باری ده‌رونیان باشبووه‌.
 هه‌روه‌ها توێژەرانی ئوسترالی بەدواداچوونیان کردووە بۆ ئەو ژن و پیاوانەی کە لە ساڵانی شەستەکانی تەمەنیاندا باخداریان کردووە، ڕێژەی لەسەدا ٣٦ مەترسی تووشبوونیان بە خڵەفان کەمترە بەراورد بە هاوتەمەنانی خۆیان کە باخداری ناکەن. 
زاناكانی بواری ته‌مه‌ن له‌ توێژینه‌وه‌كانیاندا ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌تووه‌ تیشکی خۆر و ئاووهەوای پاک، وادەکات کە کەسانی بەتەمەن هەست بەئارامی بکەن، هەروەها ڕەنگ و پێکهاتەی جیاوازی درەخت و سەوزەواتیش توانای بینین و دەستلێدانیان زیاتر دەکات، باخداریش دووریان ده‌خاته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر.

با سروشت گەشەت پێبدات 
دکتۆر بادلی ویڵکۆکس لە زانکۆی هاوایی توێژینەوەیەکی لەسەر سەد ساڵەکانی ئۆکیناوا ئەنجامداوە، كه‌ له‌ ١٠٠ هەزار کەس نزیکەی ٥٠ کەسێک لە لەوناوچەیە زیاتر لە سەد ساڵ دەژین، بۆی ده‌ركه‌تووه‌ به‌هۆی باخه‌ بچوك و زۆره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پیره‌كان خۆیانی پێوه‌ سه‌رقال ده‌كه‌ن.ئەو دکتۆرە دەڵێت، باخەوانی ، ئەگەر بۆماوەیەکی کورتیش ئەنجام بدرێت، هۆکارێکی تەمەندرێژییە. 
سەرەڕای ئەوانەش، ویڵکۆکس ئەوەش ڕووندەکاتەوە کە خەڵکانی ئۆکیناوا بابەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر بەلاوە گرنگە. هەروەها دەڵێت "کۆبوونەوە لە بازاڕەکان، هێنانی بەرهەمەکانیان و گفتوگۆ و باسکردن لە دواهەمین ئەو گۆڕانکارییانەی لەناو باخچەکەتدا ئەنجامیانداوە یەکێکە لە گەورەترین چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان."بەدڵنیاییەوە ئەوە یارمەتیدەریی خەڵک دەبێت بۆئەوەی هەست بە جێگیربوون و پەیوەست بوون بەیەکترەوە بکات. 
توێژینەوەیەکی زانکۆی هاڤەردیش ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئەوکەسانەی لەنزیک سەوزاییەوەن تەمەنیان درێژترە له‌وانه‌ی دوور له‌ سه‌وزایی ژیان ده‌كه‌ن.
لەگەڵ كاری باخه‌وانیدا، پێکهاتەکانی خواردنیش کاریگەری لەسەر تەمەندرێژی هەیه‌. توێژنەوەیەک سەرنجی خستووەتەسەر پەیوەندی خواردنی ناوچەی دەریای ناوەڕاست و ته‌مه‌ن، ئەوە دەرکەوتووە کە لەو خواردنانەدا سەوزەی زۆر، میوە، دانەوێڵە، پاقلەمەنی، چەرەزات و گوێز، و ماسی و ڕۆنی زەیتون هەیە و بووته‌ هۆی ته‌مه‌ن درێژی خه‌ڵكه‌ی ئه‌و ناوچانه‌. 

ویڵکۆکس دەڵێت، کە بنەمای سەرەکی خواردنی ئەوان خواردنێکی زۆری سەوزەواتی تازەیە، کە بەشێکی زۆری لە باخ و باخچە و بازاڕە لۆکاڵییەکان وەریدەگرن، ئەوەش هۆکارێکی تەمەندرێژییە، ئیتر ئەمە تایبەت بێت بە خەڵکی سنووری دەریای ناوەڕاست یاخود نا. 
ویڵکۆکس دەڵێت "کاتێک ئەو سەوزەواتە دەخۆیت کە خۆت بەرهەمتهێناوە، هەموو شتێک دەگۆڕێت، تامێکی خۆشتریان هەیە، و لەڕووی تەندروستیشەوە بەتەواوی جیاوازە.
بوێتنەر کە پسپۆڕی ناوچەکانی زۆنی شین)دەڵێت: پێکهاتەی "٩٠ لەسەدای خواردنیان ڕووەک و بەتایبەت سەوزە و پاقلەمەنیە" و ئەوەش ڕاستییەکە کە: باخەوانەکان هەموو ئەو ڕووەکانە دەچێنن کە خۆیان دەیخۆن. 

کشتوکاڵ بۆ تەمەنێکی درێژتر؟ 
ئەگەر باخەوانی باش بێت، ئەوا کشتوکاڵکردن باشترە؟ زۆرێک لەو فاکتەرانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر تەمەندرێژی، لەوانەش جموجوڵ و چالاکی دەرەوە، بەهەمانشێوە دەگونجێت بۆ کشتوکاڵکردن. 
هەندێک بەڵگە ئەوە دەسەلمێنێت کە كاری کشتوکاڵی یەکێکە لە تەندروستترین پیشەکان.

توێژینەویەکی ئوسترالی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەوانەی کشتوکاڵ دەکەن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخانەیەکان كه‌متره‌، له‌ 40% ئەگەری سەردانکردنی نۆڕینگەكان كه‌متره‌ بەراورد بەو کەسانەی کشتوکاڵ ناکەن.
توێژەرانی ئەمریکا بەراوردی ڕێژەی هۆکارەکانی مردنیان کردووە بۆیان دەرکەوتووە کە ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی باخداری یان كشتوكاڵن ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌ بە شێرپەنجە و نەخۆشی دڵ و شەکرە گیان لەدەستبدەن.


دکتۆر ماساهیکۆ جێما لە زانکۆی واسێدا لە تۆکیۆ توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە لەبارەی ئەو جوتیارانەی کە کشتوکاڵ، ئەوەی بۆ دەرکەوتووە جوتیاره‌كان تەمەنێکی درێژتریان هەیە بەراورد بەوانەی کە کشتوکاڵ ناکەن. زۆرێک لەوانەی بەشداربوون لە توێژینەوەکەی جێما ئه‌و جوتیارانه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ كاره‌ فه‌رمییه‌كانیاندا ده‌ستبه‌ردای كشتوكاڵ نه‌بوون.
جێما دەڵێت " توێژینه‌وه‌كه‌م ئەو جوتیارانەی لەخۆنەگرتووە کە کار بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکەن. تیایدا  ئه‌وه‌شم بۆ دەرکەوتووە کە ئەو جوتیارانەی سەربەخۆیانە کاری جوتیاری دەکەن زۆر هەستێکی خۆشیان  هەیە و لەڕووی دۆخی سایکۆلۆژی و فیزیکیەوە دڵخۆشن".

دڵنیابوونەوە ئەو زانیارییانە 
نە کشتوکاڵکردن و نە باخەوانی بەتەواوی گرەنتی تەمەندرێژی ناکەن. بەڵام هەندێک لە شێوازی ژیانی پەیوەیست بەو دوو پیشەیەوە دەکرێت کاریگەری لەسەر تەمەندرێژی هەبێت، کە بریتین لە  چوونە دەرەوە، و جموجوڵ و چالاکی لەبەر خۆر و خواردنی ڕووەکی. 

ویڵکۆکس دەڵێت "من ئەنەلۆگی کورسی بەکاردەهێنم. پێکهاتەی خۆراک، جموجوڵی جەستەیی، و جموجوڵی بیروهۆش و پەیوەندی کۆمەڵایەتی چوار پێیەکانی کورسییەکەیە. ئەگەر تۆ یەکێک لەوانەت نەبێت، ئەوا هاوسەنگی لەدەست دەدەیت، و دەبێتەهۆی ئەوەی تەمەنت کورتتر ببێتەوە. تەمەندرێژی پەیوەست نییە تەنها بە یەک فاکتەرەوە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە زۆر بەسەختی کارنەکەیت بۆئەوەی هەموو ئەو گەلەئەستێرەیە بوونی هەبێت."