چاوپیکەوتن

03:07 - 09/10/2019

ئاڵدار خەلیل: ئەگەر تورکیا هێرش بکات هەزاران چەکداری داعش بە ئەوروپادا بڵاودەبنەوە‌

پەیسەر

چاوپێكه‌وتن: هێمن حەسەن

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تەڤدەم لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ"پەیسەر" دەڵێت، روسیا هەندێک فشاری خستە سەر رژێم بۆئەوەی تورکیای لێ نیگەران نەبێت و نەیهێشت لەگەڵ ئێمە رێکبکەوین ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی تورکیا بخاتە بەرەی خۆیەوەو لە ئەمریکا دووری بخاتەوە.


له‌ چاوپێكه‌ونه‌كه‌دا ئاڵدار باس له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئەنجامدانی هێرشێکی سوپای تورکیا بۆسەر باکوری سوریا ده‌كات و ده‌ڵێ، ئەگەر تورکیا هێرش بکات هەزاران چەکداری داعش بە ئەوروپادا بڵاودەبنەوە.

 
په‌یسه‌ر: چۆن سەیری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا دەکەن؟
ئاڵدار خەلیل: ئەمریکا هێزێکی بیانییە لە سوریا رۆژێک دێت هەر دەگەڕێنەوە و تا هەتایە لەسوریا نابن، بەڵام ئەوەی گرنگە نابێت رێگە بدرێت بە دەوڵەتی تورک سنور ببەزێنێت، ئێمە هەموومان لە رۆژئاوای  کوردستان دەزانین نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستین وهەموو هێلکەکان بخەینە سەبەتەی ئەمریکاوە، چونکە رەنگە رۆژێک بێت ئەمریکا بکشێنەوە یان بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ تورکیا وا پێویست بکات کە لەبەرامبەر هێرشی ئەوان بۆسەر گەلی ئێمە بێدەنگ بن یان کەسێکی وەکو ترەمپ بێتە سەر دەسەڵات و بریارێکی ئاوا بدات کە دای، ئێمە هەموو ئەو شتانە دەزانین، بۆیە لەسەر ئەو ئەساسە دەبێت ئێمە حسابی خۆمان بەباشی و وردی بکەین، ئێمە ئەو حسابەمان کردوەو هەر لەسەرەتاوە لەبەرچاومان گرتووە کە ساتێک دێت ئەمریکا دەکشێتەوە.

په‌یسه‌ر: راستە ئەمریکا کشایەوە، بەڵام نەدەبوو هیچ گره‌نتیەک بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان بدات؟
ئاڵدار خەلیل: هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی باکوری سوریا باش بوو، باشتریش دەبوو ئەگەر هەڵوێستیان هەبوایە، بەڵام ئەوان هەمیشە خاوەنی بەرژەوەندی خۆیانن بەپێی ئەو بەرژەوەندی و پلانە دەرۆن کە بۆیان دانراوە، دەبینیت چەندین سەرۆک و ئیدارە لەئەمریکا دەگۆڕێن، بەڵام پلانەکان و بەرژەوەندییەکان و سیاسەتە ستراتیژەکەیان هەر لە شوێنی خۆیەتی، ئەو دەوڵەتە زلهێزانە خاوەنی بەرژەوەندیی خۆیان لەناوچەکە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین کێشەی گەورەو مێژوویی تێدایە، ئەو زلهێزانە پلان و بەرنامەی خۆیان  بۆ ئەو کێشانە هەیە، ئێمەش لەناو هەناوی ئەو کێشانەداین، کاتێک ئەردۆغان کێشە بۆ ئەو پلانەی زلهێزەکان دروست دەکات بێگومان ئەوان قبوڵی ناکەن، واتە مەسەلەکە لەبەر ئێمە نییە ئەمە دەزانین، بەڵام ئەگەر تورکیا هێرش بکات پلان و ستراتیژی ئەمریکاو زلهێزەکان تێکدەدات کە بۆ ناوچەکە دایان ناوە، بۆیە قبوڵی ناکەن تورکیا هەندێک کار هەیە بیکات.

په‌یسه‌ر: ئەگەر تورکیا هێرشی کردو کەس رێگەی پێنەگرت کاریگەری لەسەر باکوری سوریا چی دەبێت؟
ئاڵدار خەلیل: لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە ٢٠١١ وە تائێستا باکوری سوریا تاکە ناوچەی ئارامە لە سوریا، خاوەن بەڕێوەبەری خۆیەتی، گەلانی ناوچەکە بێ کێشەو بەبرایەتی دەژین و بەشدارن لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکە، ئارامیەکی تارادەیەکی باش هەیە، تورکیا ئەمەی پێ قبوڵ ناکرێت، چونکە ئەردۆغان فۆبیایەکی کوردی لەمێشکیدا هەیە نایەوێت کورد هیچ شتێکی هەبێت، نایەوێت سیستەمی دیموکراتی و برایەتی گەلانی باکوری سوریا پێشبکەێت، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەردۆغان نیگەرانە لە ئێمە کە پلانەکانی ئەومان تێکداوەو لەناوبردوە، بۆنموونە ئەو دەڵێت ئێمە هاوکاری داعش و گروپەکانی ترمان کرد، دەیویست ئیخوان موسلیمین سوریا بەرێوەبەرن، دەیەوێت سوریا بکاتە بەشێک لە خاکی تورکیا، ئێمە هەموو ئەو ویست و پلانەی تورکیامان نەهێشت و لەناوبرد، بۆیە ئەردۆغان توڕەیەو دیەوێت تۆڵەی ئەو شکستەمان لێ بکاتەوە، لەبەر ئەوەیە کە هێرش دەکات.

په‌یسه‌ر: ئەگەر تورکیا هێرشی کرد ئێوە چی دەکەن و بژاردەی بەردەم ئێوە چیە؟
ئاڵدار خەلیل: ئێمە دوو رێگامان لەبەردەمدایە ئەویش رێگای خەبات و تێکۆشانی دیبلۆماسی و سیاسییە، ئەوی تریان خەباتی سەربازییە لە هەردوو رێگاکە کاری زۆرمان کردوەو بەردەوامیش دەبین، تورکیا هێرش بکات یان نا دەبێت هەردوو رێگەکە مەزنترو فراوانتر بکەین، خەباتی زۆری سیاسیمان لەبەردەمدایە کە چۆن قەیرانی سوریا چارەسەر بکەین، ئێمە پڕۆژەی چارەسەریمان پێشکەشی هاوپەیمانان و روسیا و رژێمی سوریاو وڵاتانی دیکەش کردوە، پێمانوتوون ئێوە لە جنێف بەهاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان نەتانتوانی قەیرانی سوریا چارەسەر بکەن، وەرن با لەسوریا چارەسەری بکەین ئەمە پرۆژەو پلانی ئێمەیە، کاتێک ئەوان نایەنە پێشەوە و چارەسەری پێشناخەن، بێگومان وڵاتێکی وەک دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، ئەوکات ئێمە ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین، ناکرێت خۆمان تەسلیمی تورکیا بکەین، واتە کاتێک رێگای سیاسی سەرناکەوێت مەجبورین بۆ بەرگری لە گەلی خۆمان و باکوری سوریا رێگای سەربازی بەکاربهێنین.

په‌یسه‌ر: ئێوە ئەگەر رووبەرووی تورکیا ببنەوە رەنگە زیانێکی زۆری گیانی بکەن، چونکە توانی سەربازی ئێوەو تورکیا بەراورد ناکرێت چارەسەر چییە؟
ئاڵدار خەلیل: کاتێک هێرش روویدا خۆ ناکرێت ئێمە دانیشین و سەیر بکەین، هەرگیز خۆمان تەسلیم ناکەین، کاتێک هێرش روودەدات مەجبوری بەرگری لە خۆت بکەی چارەیەکی تر نییە، ئێمە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانمان کردوەو دەکەین بەرێگای ئاشتی و دیبلۆماسی و دیموکراسی، لەبەشێک لە مافەکانمان سازشمان کردوە، خاکمان داگیرکراوە رۆژانە براو خوشکەکانمان و هەفاڵەکانمان لە عەفرین و شوێنەکانی تر شەهید دەکرێن، ناهێڵن خاوەنی خاکی خۆشمان بین، هێشتا دەوڵەتی تورک ناڕازییەو ئاشتی قبوڵ ناکات، لەحاڵێکی وادە رێگای بەردەم ئێمە تەنیا بەرگریکردن و پاراستنی خاک و خەڵکی خۆمانە، پرسەکە مەسەلەی مان و نەمانی گەلی ئێمەیە تا ئەو کاتەی هەبین دەبێت بەرگری بکەین و خۆمان تەسلیم بە خواستی ئەوان نەکەین.

په‌یسه‌ر: لەوکاتەوەی کۆشکی سپی بڕیارەکەی ترەمپی بڵاوکردەوە تا ئەمرۆ کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی زۆر بوون لەدژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هەم لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە، ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەڵوێستانە دەکەن پێتانوایە ئەنجامێکی هەبێت؟
ئاڵدار خەلیل: کاردانەوەکان زۆر گرنگن خەبات و لۆبی ئێمەش لەگەڵ سەرجەم ئەو دەوڵەت و هێزانەی خاوەن کاریگەرین لەجیهاندا بەردەوامە بۆ ئەوەی لانی کەم نەهێڵێن پلانی ئەردۆغان وەکوخۆی دایناوە جێبەجێ ببێت، ئەوانەی هەڵوێستیان دەربڕیوە دەزانن تورکیا هێرش بکات چی روودەدات ئەوانیش هەست بەو ترسە دەکەن، بۆیە ئەگەر لەبەر ئێمەش نەبێت ترسیان لە خۆیان هەیە، پێویستیشە هەڵویستی جدیتریان هەبێت و تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامەو تویتەرو راگەیاندندا نەمێنێتەوە، چونکە ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بەئێمە لە راستیدا ئەمە مەترسیان بۆ هەموو جیهان، وڵاتانیش ترسی گەڕانەوەی داعشیان هەیە، ترسی روودانی ئاڵۆزی و تیرۆریان لە وڵاتەکانی خۆیاندا هەیە، ترسی ئەوەیان هەیە تورکیا لەدەست دەربچێت و ببێتە وڵاتێک نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، لەبەر ئێمە نییە، بەڵکو ئەوانیش ترسی خۆیان هەیە، ئەو دەوڵەتانە خاوەن بەرژەوەندین لەناوچەکە دەترسن بەرژەوەندیەکانیان لەناو بچێت، بۆیە هەڵوێستیان هەبوو بەبێ ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان پێوە کردبێتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هیوای خۆمان نەبەستووەتەوە بەو هەڵوێستانەوە، بەڵکو دەبێت خۆمان خەبات و تێکۆشانی بێوچان بکەین تا خۆمان بپارێزین.

په‌یسه‌ر: واتە ئەو هەڵوێستانە کاریگەریان نابێت؟
ئاڵدار خەلیل: کاریگەریان هەیە، بەلام بەس نین، ئەوان بەتایبەت هاوپەیمانان دەتوانن راستەوخۆ بە تورکیا بڵێن بۆی نییە هەنگاوێک بچێتە ناو سوریاوە، بێگومان دەتوانن ئەمە بکەن، ئێمە لەو هەڵوێستانە کەم ناکەینەوەو رێزیان لێ دەگرین، بەلام دەکرێت ئەوان هەڵوێستی جدی و کرداریان هەبێت.

په‌یسه‌ر: ئەگەر هێرش رووبدات پێتوایە سوپای تورکیا مامەڵەی چۆن دەبێت لە رۆژئاوای کوردستان؟
ئاڵدار خەلیل: لە عەفرین چۆنە لە شوێنەکانی تریش ئاوا دەبێت، ئەوان هێرش بکەن خاک داگیر دەکەن و خەڵک کۆمەڵکوژ و جینۆساید دەکەن، دیموگرافی دەگۆڕن، سەروەت و سامانی گەل تاڵان دەکەن، ئازادی و سەربەستیەکانی گەلان ناهێڵن هەرچی شتە بە هاتنیان وێرانی دەکەن، واتە دەوڵەتی تورک هێرش بکات ئەوەی لە عەفرین دەیکات لە هەر ناوچەیەک بە زیادەوە دەیکات.
په‌یسه‌ر: ئێوە هیچ پەیوەندیەکتان لەگەڵ رژێمی سوریا کردوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەهێرشەکانی تورکیا؟
ئاڵدار خەلیل: بەڵێ پەیوەندمان کردوەو لەگفتوگۆداین، پێمانوتوون ئێوە باسی یەکێتی خاکی سوریا دەکەن فەرموون وەرن پێکەوە رێگری لە داگیرکاری تورکیا بگرین، ئەگەر ئێمە لەگەڵ رژێم بگەیەنە رێکەوتنێک دەتوانین هێرشەکانی ئەردۆغان رابگرین.

په‌یسه‌ر: بەرپرسانی رژێم دەلێن کوردەکان ئەگەر مەترسی تورکیایان کەوتە سەر ئینجا هانا بۆ ئێمە دێنن ئێوە چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن؟
ئاڵدار خەلیل: ئەمە راست نییە هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە ویستوومانە کێشەکان لەگەڵ رژێم چارەسەر بکەین، چەندین جار دەستپێشخەریمان کردوە پڕۆژەمان پێداون نەک هەر بۆ کێشەی خۆمان، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی تەواوی قەیرانی سوریا، چەند دیدارو گفتوگۆیەکیشمان کرد، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوەو نایانەوێت دان بەبوونی ئێمەدا بنێن، ئێستاش هەموو هەوڵێک دەدەین لەگەڵ رژێم رێکبکەوین تا رێگە لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک بگرین، بەو هیواین بتوانین لەگەڵ رژێم بگەینە رێککەوتین.

په‌یسه‌ر: لەم نێوەندەدا رۆڵی روسیا چییە ئایا ناتوانێت تورکیا بوەستێنێت؟
ئاڵدار خەلیل: روسیا ئەگەر بیەوێت رێگە نادات تورکیا یەک هەنگاو لە سنوریش نزیک ببێتەوە، بەڵام روسیا بۆی گرنگ نییە داگیرکاری لە سوریا روودەدات یان نا، ئەسڵەن خۆی هانی تورکیا دەدات ئەوە بکات، رژێم مەبەستی بوو لەگەڵ ئێمە رێکبکەوێت، به‌ڵام روسیا هەندێک فشاری خستە سەر رژێمی بۆئەوەی تورکیای لێ نیگەران نەبێت، نەیهێشت لەگەڵ ئێمە رێکبکەوین، بۆئەوەی تورکیا بخاتە بەرەی خۆیەوەو لە ئەمریکا دووری بخاتەوە، ئێمە لەگەڵ رژێم و لەگەڵ روسیاش لە هەوڵداین قەناعەتیان پێ بکەین بۆ ئەوەی تورکیا رابگرین.

 په‌یسه‌ر: یەکێک لەو مەترسیانەی لە ئارادایە ئەگەر تورکیا هێرش بکات داعشە دیلکراوەکان و خێزانەکانیان دەرفەتی راکردنیان بۆ دەڕەخسێت ئەمەش بەواتەی خۆ رێکخستنەوەو سەرهەڵدانەوەی داعش دێت، ئەمە تاچەندین مەترسیەیەکی راستەقینەیە؟
 ئاڵدار خەلیل: بە دڵنیایەوە مەترسیەکی راستەقینەیە، تورکیاش یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشکردنەکەی ئەوەیە چەکدارەکانی داعش رزگار بکات، تۆ وای دانێ هیچ دیلێکی داعش لای ئێمە نییە، بەڵام خۆ ئێمە تائێستا رۆژانە لەدژی داعش شەڕ دەکەین هەفاڵەکانمان شەهید دەبن، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێمە بێگومان لاوازی ئێمە مانای دووبارە زیندووکردنەوەی داعشە، جارێکی تر داعش بە پشتیوانی تورکیا دەتوانێت لەسەرجەم ناوچەکانی سوریا و بەعێراقیشەوە خۆی رێکبخاتەوە و رێکخراوەکەیان دروست بکەنەوە، ئەوانەی لە زیندانەکان بە هەزاران چەکداری داعشن و بە هەزاران شەڕڤان ئەوان دەپارێزن ئەمە بە هێزێکی بچوک ناپارێزرێن، ئەگەر تورکیا هێرش بکات ئەو هێزەی ئێمە مەجبورە رووبەرووی تورکیا بێتەوە ئەوکات داعشەکان لەزیندان رادەکەن کە رەنگە لە پشتەوە هێرش بکەنە سەر ئێمە، یان ئەو چەکدارانە روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا یان وڵاتانی ناوچەکە، دوبارە داعش بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوەو مەترسی  گەورە دروست دەکەن، بە هەمان شێوە خێزانەکانیان لەناو کەمپەکاندا مەترسیەکی دیکەن، بۆیە هێرشی تورکیا بەمانای سەد لە سەد سەرهەڵدانەوەی داعشە نەک لە سوریا، بەڵکو لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش بەتایبەت بە وڵاتانی ئەوروپادا بڵاودەبنەوە.