ڕاپۆرتی جیهانی

08:53 - 16/12/2018

مەترسیدارترین وڵاتەكانی جیهان‌

پەیسەر

سەرجەم یاساكانی دونیا پلانی خۆیان هەیە بۆ رێگەكرتن و لە دوای ئەنجامدانیشی سزای خۆیان بۆ دیاری كردووە، بەو پێەی كە مرۆڤ بەشێوەیەكی ناڕێك دابەش بووەو و بیرو بۆچوونی جیاوازیشیان هەیە، رێگاكانی بەیەك گەشتنیش بەرتەسك دەكرێنەوە یان دەگەن بە بن بەست  ئیتر لێرەوە بڕیاری سڕینەوەو كوشتن دێتە ئاراوە.

كۆمه‌ڵناسان باس لەوە ده‌كه‌ن هیچ كۆمەڵگەیەك نیە لە حاڵەتی كوشتن بەدەر بێت، بەڵام ئەوەی نا ئاساییە ئەوەیە حاڵەتەكان ببنە دیاردە، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئەو كۆمەڵگانە ئەو سیمایە وەربگرن و دیاردەی كوشتن باڵ بكێشێت بەسەر كۆمەڵگەدا.

 

لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ساڵانە ئامارو ژمارەی كوشتن و تاوانەكانی تری دژ بە مرۆڤایەتی بڵاو دەكەنەوە، ناوو ناوبانگی وڵات، یان كۆمەڵگەو شارێك دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

هەر لێرەوە دەبێت بگوترێت دابینكردنی ئاسایش و ژیانی دوور لە توندوتیژیی و هەڕەشە، پێوەرێكی گرنگن بۆ هەڵەسنگاندنی دەوڵەتەكان، نوسینگەی تایبەت بە (نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان و تاوان)ی نەتەوە یەكگرتوەكان هەندێك ئاماریان خستۆتە روو لەناویاندا ناوو رێژەی تاوانی چەند وڵاتێكی بڵاوكردۆتەوە كە زۆرترین تاوانی كوشتنی تێدا ئەنجام دەدرێن، ئەو رێژەیە كە دەزگای تایبەتی بەدواداچوونی تاوان لە نەتەوە یەكگرتوەكان بڵاوی كردوەتەوە بۆ هەر سەد هەزار كەس دانراوە.

ریزبه‌ندی وڵاتان به‌ پێی ئاماری كوشتن تیایدا:

10- باشووری ئەفەریقا – 31
هەرچەندە ناوی ئەو وڵاتە بە (وڵاتی پەلكە زێڕینە) رۆشتووە، بەڵام ئاستی تاوانی كوشتن تیایدا زۆر بەرزە، باشووری ئەفەریقا ساڵانە رێژەیەكی زۆر لە دەست درێژی  سێكسی و كوشتنی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانەكەی( 54 ) ملیۆن كەسە، بەپێی ئاماری پۆلیسی ناوخۆیی ئەو وڵاتە رۆژانە (50) تاوانی كوشتن تۆمار دەكرێت، بەڵام بەپێی چاودێری و ئاماری نەتەوەیەكگرتوەكان لەچاو ساڵانی رابووردوو ژمارەی كوژراوی رۆژانە كەمی كردووە .

9-سانت كیتس ونیفس : 33.6
سانت كیتس ونیفس، بە بچوكرتین وڵاتی سەربەخۆی ئەمەریكا دێتەئەژمار، روبەرەكەی دوو دورگەیەو دەكەونە نێوان (زەریای ئەتڵەنتی) و (دەریای كاریبی)، ژمارەی دانیشتوانەكەی (50) هەزاركەسن لەگەڵ ئەو ژمارە دیاریكراوەشدا ژمارەی كوژراوەكان بەرچاوو دیارن و رێژەكەش زۆر بەرزەو ئەوەش زۆر سەیرە ئەوەیە زۆرینەی كوژراوەكان و بكوژەكان یه‌كتر ده‌ناسن.

8- سوازیلاند، 33.8 
ژمارەی دانیشتوانی سوازیلاند كە دەكەوێتە نزیك باشووری ئەفەریقاو بچوكترین وڵاتی كیشوەری ئاسیایە بۆ ئەنجامدانی تاوانی كوشتن ، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی ملیۆنێك كەسە، بەڵام كەمی رووبەرو ژمارەی دانیشتوانەكەی رێگرنەبوون لە كەمكردنەوەی تاوانی كوشتن، نەك هەر ئەوە بەڵكو رێژەی هەژاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی  (بەتایبەتی-ئایدزو سیل) زۆر بەرزن، كاریگەری ئەو دۆخە وایكردووە تەمەنی مام ناوەند تیایدا لە دەور و بەری (50) ساڵیدایە..

7- لیسوتو – 38 
ئەم وڵاتەش سەر بە كیشوەری ئەفەریقایەو دەكەوێتە نزیك باشووری ئەفەریقا، هەروەك ساڵانی پێشووتریش ئەو وڵاتە ژمارەیەكی ئێجگار بەرزی كوشتن و نەخۆشی و هەژاری تێدایە، بەشێوەیەك نیوەی رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن.

6- جامایكا – 39.3 
رووبەری جامایكا نزیكەی 11 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، یەكێك لە كێشەكانی ئەو وڵاتە ئەوەیە كە بەدرێژایی ساڵ رێژەی كوشتن تیایدا بەرزەو نایەتە خوارەوە، زۆرینەی تاوانەكانیش لەنێو شارە گەورەكان روو دەدەن و بەتایبەتی (كینجستۆن)ی پایەتەختی وڵات.

5- گواتیمالا – 33.9 
دانیشتوانی ئەم وڵاتە نزیكەی (16) ملیۆن كەسن ، گواتیمالا گەورەترین وڵاتی ئەمەریكای ناوەڕاستە لە رووی چڕی دانیشتوانەوە، تاوانی كوشتن لە مانگێكدا دەگاتە (100) تاوان ، هەر بۆنموونە لە نەوەدەكانی سەدەی رابوردوودا ژمارەی تاوانەكانی كوشتن لە شاری (اسكوینتلا) ساڵانە 165 تاوانی كوشتن بووە لە كۆی 100 هەزار دانیشتوانی ئەو شارە.

4- سلڤادۆر- 41.2
ژمارەی دانیشتوانی سلڤادۆر نزیكەی( 6.3) ملیۆن كەسە، دەكەوێتە ئەمەریكای ناوەڕاست، رێژەی تاوانی كوشتن بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باندە مافیاییانەی كە بازرگانی بەڕفاندنی منداڵانەوە دەكەن، هەروەها ئەو وڵاتە كێشەی شەڕی ناوخۆی هەبووەو لە ساڵی (1979) تا ساڵی(1992) درێژەی هەبووە، بۆ نموونە (40%)ی كوشتنەكانی ئەو وڵاتە كەوتۆتە ساڵی(2004) كە باندە ناوخۆییەكان لەبەر كێبەركێی سیاسی و بەدەست هێنانی ئابووری ئەنجامی دەدەن.

3- بلیز : 44.7
رووبەری بلیز (22.8) هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كەمترین رێژەی دانیشتوانی هەیەو نزیكەی (340) هەزار كەسن ، هەرچەندە لە رووی سروشتیی و دارستانەوە ژینگەیەكی جوانی هەیە، بەڵام بەكەڵكی ژیان نایەت لەبەر ئەوەی زۆرترین رێژەی تاوان و كوشتنی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها بە مەترسیدارترین وڵاتی جیهان دەژمێرێت لەبەر ئەوەی رێژەی تاوانی كوشتن تیایدا زۆر بەرزە.

2- فەنزەویلا: 53.7
فەنزەویلا دەكەوێتە كەنارەكانی باكوری ئەمەریكای باشوور، یەكێكە لەوڵاتە گەورەكانی هەناردەكردنی نەوتە، بەڵام بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتوەكان تەنها (19%)ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە - كە شەوان بێنە دەرەوەی ماڵەكەیان - هەست بە ئارامی و ئاسایش دەكەن. ساڵانە پەنجا كەس لە كۆی سەد هەزار كەس دەكوژرێن، بەداخەوە ئەم ژمارەیەش تا دێت بەرەو هەڵكشان دەچێت.

1- هندۆراس: 90.4
ژمارەی دانیشتوانی هندۆراس نزیكەی (8.25) ملیۆن كەسە، بەیەكەم وڵاتی جیهان دادەنرێت لە تاوانی كوشتن دا، ئەمەش بەو مانایە دێت لە كۆی هەر هەزار كەس یەك كەس دەكوژرێت، لەبەر ئەوەی كە وڵاتێكی گەشتیاری گرنگە زۆرینەی ئەوانەی روو بەڕووی كوشتن دەبنەوە لە گەستیارەكانن .

 

بۆ بینینی وێنە زانیاری ئەم راپۆرتە كلیك لەم بەستەرە بكە:
مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان