06:58 - 14/12/2018
"توركیا لە 2019دا دەچێتە شەڕێكی قورسەوە لەگەڵ كورد"
پەیمانگەی ستراتفۆر-ی ئەمریكی پێشبینیە سیاسیەكانی خۆی بۆ ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، كە توركیاو كورد لەبەشێكی پێشبینیە سیاسیەكەدا هاتوون، هاوكات بەگوێرەی ستراتفۆر، سزاكانی ئەمریكا ناتوانێت ئێران تا رادەی كەوتن لاواز بكات، وەك ئەوەی پێشبینیكرابوو.
ساڵی 2019 توركیا دەبێتە هەڕەشەی گەورە بۆ كورد
پەیمانگەی ستراتفۆر لەپێشبینیەكەیدا بۆ ڕووداوەكانی ساڵی 2019 دەڵێ، توركیا قورستر لەساڵی 2018 لەگەڵ هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەچێتە شەڕەوە، بەتایبەت كە ئێستا توركیا تەپڵی شەڕی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كوتاوەو ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژانی داهاتوو هێزەكانی توركیاو هاوپەیمانە چەكدارەكانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەنێو ناوچەكان ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕەتببن.
شەڕی ئەمجارە لە عەفرین قورستر دەبێت
ستراتفۆر وایدەبینێ، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كە وا بڕیارە لە بەهاری 2019 ئەنجامبدرێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناچار دەبێت بۆئەوەی دەستكەوتی پێشوەخت بۆ پارتی دادو گەشەپێدان دەستەبەر بكات، دەستكەوتەكەیشی بە لێدان لە"كوردانی سوریا" و داگیركردنی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەبێت.
ستراتفۆر لە خوێندنەوە پێشوەختەكانیدا، باس لەوەدەكات كە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، كاتێك توركیا هێرشیكردە سەر عەفرینو دواتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەدا دەستكەوتەكەی چنییەوە، ئەمجارە ئەو وڵاتە قورستر لە هێرشەكەی ئەوكات لەشكركێشی بۆ مەنبەج، گرێ سپیو چەند شوێنێكی دیكە ئەنجام دەدات.
ئەردۆغان لەهەرێمی كوردستانیشدا بەدوای دەستكەوتدا دەگەڕێت
ستراتفۆر پێشبینیكردوە لەپاش گەیشتنی سوپای توركیاو هاوپەیمانەكانی بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییەكان لەسوریا ( رۆژئاوای كوردستان)، ئاراستەی لەشكركێشی توركیا بەرەو هەرێمی كوردستان بڕوات، ئەویش بۆ لێدان لەبنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەتایبەت كە هێرشەكانی ئەم ڕۆژانەی دوایی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە سەختر بووە، تایبەتتر كە شەوی ڕابردوو توركیا 20 فڕۆكەی جەنگی بۆ لێدان لەچەند بنكەیەكی پەكەكە بەكارهێنا.
(لیرە) دەبێتە مۆتەكەی ئەردۆغان
لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا سزاكانی لەسەر توركیا كە بەهۆی قەشە ئەمریكییەكەوە سەپاندبوون هەڵگرت، كەچی ناوەندی ستراتفۆر پێی وایە سەرەتای ساڵی 2019 زەنگی كەوتنی بەهای لیرە دووبارە لێدەدرێتەوەو ئەردۆغان ناچار دەكات بڕیارە قورسەكە بدات، كە ئەویش گەڕانەوەی قەرزی سەر كۆمپانیاو كەسەكانە بۆ حكومەت بە ڕوبعێكی بەهای ئەوكاتەی لیرە، بەوەش داهاتی گشتی حكومەت دابەزینێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو بەهۆی كەوتنەوەی بەهای لیرە، ئەگەری بەشداریكردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكان لاوازدەبێت، خۆئەگەر بێتوو جۆرێك لە گۆڕانكاریش لە هەڵوێستی ئەمریكا بۆ هێرشەكەی توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دروستببێت، ئەوا دابەزینی پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان بەشێوەیەكی بەرچاو مسۆگەر دەبێت.
ئەمریكا و چین 2019 دەكەنە ساڵێكی مەترسیدار
لە پێشبنییەكان بۆ دۆخی ئابوری جیهان، ستراتفۆرد لە راپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات كە هەڵسانەوەی ئابوری چین بەرامبەر ئەمریكاو كاریگەریی ئەو وڵاتە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی، ئەمریكای توشی شۆككردووە، بۆیە ستراتفۆر پێشبینیدەكات 2019 ساڵە مەترسیدارەكە بێت بۆ ئابوریی وڵاتانی جیهان، ئەویش بەهۆی ململانێی توندی چینو ئەمریكاوە.
لەلایەكی دیكەوە، ساڵی 2019 دەبێتە ساڵی كێبڕكێی ئەمریكا، ڕوسیاو چین لە دروستكردنی نوێترینو مەترسیدارترین چەكەكانی جیهان، كە كۆنتڕۆڵكردنیان لەڕێگەی پەیماننامە جیهانیەكانەوە ئاستەم دەبێت.
ئەمریكا شكستدەهێنێت لە خستنی ئێران
گەرچی زیاتر لەیەك مانگە سزا قورسەكەی ئەمریكا بۆ ئێران كە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە بۆ بازاڕەكانی جیهان كەوتووەتە كار، بەڵام ستراتفۆر پێشبینیكردووە سەرەنجام ئەمریكا شكستدەهێنێت لە خستنی ڕژێمی ئێران بەهۆی سزاكانیەوە، چونكە لەكۆتایدا باڵی پارێزگارانی ئەو وڵاتە بەرامبەر باڵی چاكسازیی كە حەسەن ڕووحانی سەرۆكایەتی دەكات، بەهێزتر دەبێت.
ئێران بۆ شەڕ ئامادەیە
ستراتفۆر هەروەها دەڵێ، ئێران بۆ شەڕ دژ بە ئەمریكاو ئیسرائیلو وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانیان ئامادەیە، بەڵام شەڕی سەربازیی نا، بەڵكو شەڕی ئەلیكترۆنی، ئەوەش شتێكە ئەمریكا لێیدەترسێتو پێشتریش بەرپرسانی واشنتۆن بەئاشكرا ترسی خۆیان ڕاگەیاندووە لەوبارەیەوە، بەڵام ئێران ئامادەیە بۆ هەرچالاكیەك بەبێ ئەوەی ناوچەكە بكاتە گۆڕەپانی جەنگ.
عێراق هەناردەی نەوتەكەی زیاد دەكات
لەساڵی 2019دا گەرچی سعودییەو ڕوسیا لە كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕی نەوت بەردەوام دەبن، بەڵام عێراق شوێنێكی نوێ لەو بازاڕەدا وەردەگرێت، ئەویش بەهۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتەكەیە، كە لەوەشدا چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا لەگەڵ هەولێرو گەڕانەوەی نەوتی كەركوك بۆ بازاڕەكانی جیهان ڕۆڵی خۆی دەبێت.
خاشقچی دەبێتە دێوەزمەی محەمەد بن سەلمان
ستراتفۆرد پێشبینیكردوە بەدرێژایی ساڵی 2019 دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودیی، بەرۆكی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە بەرنەدات.
ئێستا ئەمریكا لە ژێر فشاری نێوخۆییو دەرەكیدایە بۆ سزادانی سعودییە بەهۆی كوشتنی جەمال خاشقچیەوە، ئەمریكاش بەشێوەیەكی تاكتیكی سزای بۆ سعودییە ئامادەكردووە، بەڵام وەك ستراتفۆر ئاشكرایكردوە، سزاكان وەك هەڵمێكنو بەزوویی وندەبن، كە كاریگەرییان بەسەر سعودییەوە نابێت.
لەسوریا گۆڕەپانی شەڕەكە گەرمدەبێت
ئێستا كە شەڕی نێوخۆیی سوریا لەپاش حەوت ساڵ بەردەوامیی چوەتە قۆناغێكی نوێوە، بەپێی ستراتفۆر پێنج یاریكەرە سەرەكیەكەی ئەو شەڕە (ئەمریكا، ڕوسیا، ئێران، توركیاو ئیسرائیل) هەریەكەیان دەیانەوێت خۆیان كۆتاییەك بۆ ئەو شەڕە دابنێن، بۆیە لەساڵی 2019دا پێنج هێزەكە بەتوندی لەسەر ئەوە ململانێ دەكەن، كە كامەیان كێكی كۆتاییەكە قاش بكات.
ئەمریكا لەسوریا دەمێنێتەوە، ئیسرائیلیش جگە لە چەند لێدوانێكی ئاگرینو چەند هێرشێكی سوك، ناتوانێت گورزی دیكە لەئێران بوەشێنێت، ئەوەش بەشێكی دیكەی پێشبینیەكانی ستراتفۆر-ە بۆ ڕووداوە سیاسیەكانی ساڵی 2019.
ناوەندی ستراتفۆر، ناوەندێكی دیراسانی ستراتیچیو ئەمنی ئەمریكایە، ساڵانە پێشبینیەكانی خۆی بۆ ڕووداوو دیاردە سیاسیەكان لەسەر ئاستی جیهانیی دەخاتەڕوو.