05:34 - 12/09/2019
یاداشتێك پشكۆی بە خۆڵەمێشبووی نازیەكان گەش دەكاتەوە
دەفتەری یادگارییەكانی كیژۆڵەیەكی یەهودی كە بە دەستی نازیەكان كوژراوە، دوای 70 ساڵ لەناو قاسەیەكدا دۆزرایەوەو وابڕیارە لەم رۆژانەدا بڵاو بكرێتەوە.
(رنیا ئیشپیگل) ئەو كچە یەهودییەیە كە لە گوندێكی باشووری پۆڵەندا ژیاوەو لە لایەن نازیەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دوای ئەو ماوە دوورو درێژە یاداشتەكانی وەك كتێبێك بڵاوكرایەوە، دەفتەری یاداشتەكانی ڕانیا لە شێوەی یاداشتەكانی (ئان فرانك)ە، كە وەك یاداشتێكی جەنگی گرنگ سەیر دەكرێت و بووەتە سەرچاوەی ژمارەیەكی زۆر لەفیلم و شانۆگەریی و چیرۆكی جەنگی، ئان فرانك لەشاری فرانكفۆرتی ئەڵمانی لەدایك بووەو زۆرینەی كاتەكانی ژیانی لەئەمستەردامی هۆڵەندا بووە، ئەو هەرچەندە كیژۆڵەیەكی ئەڵمانی بوو، بەڵام ناوو ناوبانگی جیهانی بۆ خۆی بچڕیوە. یاداشتەكانی ئان بەیەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی چەوساندنەوەی یەهودیەكان لەسەر دەستی نازیەكان دادەنرێت.
ئەو دوو یاداشتە لەوەدا لەیەك دەچن كە هەردوكیان بە نهێنی نوسراونەتەوە، ئان فرانك بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواو (1942- 1944) لە ئەمستەردامی هۆڵەندا لەگەڵ خێزانەكەیدا بەنهێنی ژیاون، بەڵام دواجار لە لایەن نازیەكانەوە دەستگیركراو هەر لەوێدا گیانی لەدەستدا.
یاداشتەكانی ئان فرانك بەناوی (یاداشتەكانی كچێكی گەنج) بڵاوبوویەوەو بووە پڕخوینەرترین كتێبی سەردەم لە هەموو جیهاندا، پاشان وەرگێڕدرایە سەر زۆرترین زمانە زیندوەكانی دونیا، لە ڕوانگەی ئەو یاداشتانەوە فیلم و شانۆگەری زۆر پەیدا بوون و دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ئیستەشدا یاداشتەكانی (رنیا ئیشپیگل) چووەتە ڕیزی یاداشتەكانی كچێكی گەنج و بەراوردی بەو دەكرێت، بە پێی لێكۆڵینەوەكان (رنیا ئیشپیگل) كاتێك دەستی بە نوسینی ئەو یاداشتانە كردووە كە تەمەنی تەنها 15 ساڵ بووە.
(رنیا ئیشپیگل) دەربارەی بۆمبارانی ئەڵمانەكان، كوشتاری بەكۆمەڵ، ژیانی نهێنی و خۆ ونكردنی یەهودیەكان لەو شوێنانەی كە نازیەكان ئابڵۆقەیان لە سەر دانابوو، ئەوان یەهودیەكانیان كردبووە چەند ئۆردوگایەك و دەستیان بە هیچ خواردن و پێخۆرێك نەدەگەشت، نە ئاوی تێدا هەبوو نە پێداویستی ژیان و چارەسەری نەخۆشی... ئەو لەو بارانەوە زۆر شتی نوسیوەو لەناو ئەوانەشدا باسی عاشق بوونی خۆشی كردووە.
(رنیا ئیشپیگل)لەبارەی كوڕێكەوە نوسیویەتی بەناوی (زیگموند شوارتز) كەبۆ یەكەمجار كە بینیویەتی عاشقی بووە، ئەو لە یاداشتەكانیدا نوسیویەتی : چەند كاتژمێرێك بەر لەوەی نازیەكان بگەنە گوندەكەیان و دەستگیری بكەن، یەكەم و دواهەمین ژوانی بووە لە گەڵ ئەو كوڕەدا و یەكیان ماچ كردووە.
(رنیا ئیشپیگل) و خێزانەكەی ناچار كراون ببرێنە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی نازیەكان، ئەو باس لەوەش دەكات بە هۆی ئەوەی كە سەرەڕۆ بووە و كەسێكی سەر بەدەرەوە بووە سەركەوتوو بووە لەوەی شوێنێك بدۆزێتەوە تا بە نهێنی تیایدا نیشتەجێ ببێت و ژیانی تێدا بەسەر ببات، بەڵام شانس یاوەری نابێت و كاتێك لە ژێر زەمینێكی بچكۆلەدا دۆزییانەوە و دایانە بەر گولـلەی ڕەشاشەكانیان، (رنیا ئیشپیگل) تەمەنی 18 ساڵ بوو. دەگوترێت دوای ئەوەی كە (رنیا ئیشپیگل) كوژراوە كوڕە دۆستەكەی زیگمۆند چەند دێرێ كۆتایی یاداشتەكانی بۆ تۆمار كردووە.
لە دەستپێكی یاداشتەكانی (رنیا ئیشپیگل)دا هاتووە: 7/6/1942 سەیری هەرشوێنێك دەكەم كوشتار دێتە بەرچاوم، دۆخێكی ترسناكە، كوشت و كوشتار هەموو شوێنێكی گرتوەتەوە، خوای گەورە: من بەندەیەكی بچكۆلەو نەتوانای تۆم، داوات لێدەكەم، هاوكارییمان بكە، رزگارمان بكە، بمانهێڵەرەوە چوون ئێمە نامانەوێت بمرین، لێت دەپاڕێمەوە دەمەوێت زیندوو بمێنمەوە، من هێشتا منداڵم و تەمەنێكی كەمم تێپەڕاندووە، لە مردن دەترسم، ئەوەی كە ڕوودەدات كارێكی نەفامانەیە، زۆر هیچ و پووچە، زۆر بچووكەو هیچی تیابەسەر نیە، من ئەمڕۆ بیرم لەوە دەكردەوە ناشیرین ببم، لەوانەیە سبەینێ بۆ هەمیشەیی لە بیركردنەوەش بوەستم...
كاتێك زیگمۆند دەستگیركراو ڕەوانەی ئۆردوگای (ئاشویتس)كرا، ئەو لەو ئۆردوگایە هەرچۆنێك بوو بە زیندوو مایەوەو دواتر چووە ئەمەریكاو لەوێوە دەستی بە ژیان كردەوەو پاشان بوو بە پزیشكی سەربازیی لەناو ڕیزی سوپای ئەمەریكادا.
زیگمۆند دوای گەڕان و بەدواداچوونێكی زۆر توانی لە ساڵی 1950 دا لە نیۆرك -دایك و خوشكێكی رنیا-ی دۆزییەوە، دوای دڵنیابوون لەناسینەوەیان سپاردەیەكی پڕ بەهای لە (رنیا ئیشپیگل)ەوە ڕادەستكردن، ئەویش یاداشتەكانی ناوبراو بوو، كە بۆ ئەوان بایەخی گەورەی هەبوو.
ئیلیزابیت، خوشكی لەیاداشتەكانی (رنیا ئیشپیگل)دا بە (دایكی دووەم)ناوی هاتووە ئەو دەڵێت: خوێندنەوەی یاداشتەكان زۆر ناڕەحەت و دژوارە، من تەنها بەشێكیم خوێندوەتەوە و ئەویش زۆر گرتوومی و زۆر گریاندوومی.
ئیلیزابیت كاتێك باسی خوشكەكەی دەكات دەڵێت: كچێكی بێدەنگ، لەسەرخۆ، هۆشیار، وریا، لە خوێندندا بەیەكێك لە قوتابیە سەركەوتوەكان ناوی دەبرا، ئەو خولیای شاعیر بوونی هەبوو...ئیلیزابیت دەڵێت كاتێك لەگەڵ دایكم یاداشتەكانیمان بینی تووشی شۆك بووین و باوەڕمان نەدەكرد.
خوێندنەوەی یاداشتەكانی (رنیا ئیشپیگل) بۆ ئیلیزابیت و دایكیان ئەوەندە سەخت و دژوار بووە كە توانای خوێندنەوەیان نەبووە، بۆیە خستویانەتە ناو –قاسە ، گاو سندوق- ێك و بە ئەمانەت لە بانكێك دایان ناوە، ئیلیزابێت دەڵێت: دایكم هەرگیز مردن و لەدەست دانی (رنیا)ی لە بیر نەكردووە.
كچی ئیلیزابیت لە ساڵی 2012 دا بەدوای میراتیەكانی دایكیدا دەگەڕێت و لە یەكیك لە بانكەكانی ئەمەریكادا ڕێی لەو سندوق –قاسە-یە دەكەوێت، كاتێك دەیكەنەوە دەفتەرێكی یاداشتی تێدا دەبیینەوە، لەبەر ئەوەی كەس نەیزانیبوو كە نوسینی پۆڵەندی شارەزا نەبوون، ناردیان بۆ پۆڵەندا تا لەوێ وەری بگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزیی..
لە ئێستەدا وەرگێڕانی ئەو كتێبە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی تەواو بووەو وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو 19/9/2019 لە بەریتانیا چاپ و بڵاو ببێتەوە، بە پێی وتەی هەندیك لە شارەزایان چاوەڕێ دەكرێت لەنێو ئەو یاداشتانەدا كۆمەڵێك زانیاری نوێ لەبارەی ئۆردوگا زۆرەملێكانی نازیەكان و كوشتاری یەهودیەكان لە گۆشەو دیدگایەكی دیكەوە بەرچاو بخرێت، هەروەها جارێكی دیكە بابەتی –هۆڵۆكۆست- بێتەوە ئاراو قسەو باسی دیكەش بەداوی خوێدا بهێنێت.