ڕاپۆرتی جیهانی

02:28 - 12/09/2019

دوای جۆن بۆڵتن كێ دەبێتە "سەگی پاسەوانیی ترامپ"؟‌

پەیسەر

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكای لە پۆستەكەی دورخستنەوە، پۆستێك كە لەپاش سەرۆكی ئەمریكا بە یەكێك لە گرنگترین پۆستەكانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

جۆن بۆڵتن، لەنێو میدیای ئەمریكا بە داینەمۆی جوڵاندنی ترامپ دژی ئیران دادەنرا، تەنانەت ئەو شەوەی ترامپ بڕیاریدا وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە هێرشبكاتە سەر چەند ئامانجێكی ئێرانیەكان، بۆڵتن لەپەنا گوێی ترامپدا هانی ئەو هێرشەی دەدا، تا لەدوا ساتدا سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری هێرشەكەی ڕاگرت.

جۆن بۆڵتن كە ڕۆژنامەكانی ئەمریكا بە "سەگی پاسەوانیی ترامپ" ناویاندەبرد، ماڵئاوایی لە كۆشكی سپی دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە كێ دەبێتە شوێنگرەوەی بۆڵتن، ئەوەی لەداهاتوودا ئەو پۆستە وەردەگرێت بەپەناگوێی ترامپدا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دەچرپێنێت، یاخود ترامپ بێزاربووە لە جەنگ و دەیەوێت ئەو كەسەی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا وەردەگرێت، دژە شەڕو میانڕەو بێت؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، چەند ناوێك بۆ شوێنگرتنەوەی جۆن بۆڵتن ئامادەكراوە كە سەرەنجام ترامپ بڕیار لەیەكێكیان دەدات.


لەنێو لیستەكەی ترامپ بۆ پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا هەریەكە لە فرید فلیتز، سەرۆكی كارمەندانی بۆڵتن، كیپ كیلۆگ، ئەفسەری خانەنشین و ڕاوێژكاری پێشووی بۆڵتن، جاك كین، جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا كە ئێستا خانەنشینە، ڕۆبەرت بلێر، ڕاوێژكاری سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا، ڕۆبەرت ئۆبراین، نێردەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ كاروباری بارمتەكان، كە ترامپ بە گەورەترین دانوستانكار بۆ ئازادكردنی بارمتە ئەمریكییەكان ناویدەبات.

هەركامێك لەم ناوانە لەسەر سەرەتایترین بنەما بۆ وەرگرتنی یەكێك لە باڵاترین پۆستەكانی ئەمریكا یەكلادەبنەوە، ئەویش تا چەند دەتوانن زیان بە دوژمنەكانیان بگەیەنن و لەگەڵ دۆستەكانی ئەمریكا هاوپەیمان بمێننەوە.

بەڵام بەدەر لەو ناوانە چەند ناوێكی دیكە بەهێزترین چانسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا هەیە:

ستیڤن بیگۆن
نێردەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری كۆریای باكوور، دۆسێیەكی هەستیاری وڵاتەكەی لەبەردەستدا بووە، ئەویش دانوستان بووە لەگەڵ كۆریای باكور و ناچاركردنی ئەو وڵاتە بە دەستبەرداربوون لەچەكی ئەتۆمیی.

بیگۆن هەمیشە لەگەڵ جۆن بۆڵتن لە كێشە و ململانێدا بوون، چونكە بۆڵتن پشتگیری بیرۆكەی لێدان لە كۆریای باكوری دەكرد وەك هەنگاوێك بۆ ناچاركردنی ئەو وڵاتە تا دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بكات، بەڵام بیگۆن دژی بیرۆكەیەكی لەوشێوەیە بووە.

بیگۆن وەك سكرتێری جێبەجێكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كاریكردووە، كە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا بە نزیكترین كەس لە سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا ناودەبرا.

برایان هۆك، نەیارە سەرسەختەكەی ئێران
برایان هۆك، كە ئێستا نێردەی ئەمریكایە بۆ كاروباری ئێران، بەیەكێك لە بەرپرسە توندەكانی ئەمریكا دژی ئێران ناسراوە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژێك هۆك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هەبێت، لەنێوان سێ ڕستەدا دوو ڕستەیان هێرشە بۆسەر ئێران.

ئەوەی وایكردوە ئەستێرەی بەختی نەیارەكەی ئێران بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا ڕوو لە هەڵكشان بكات، پەیوەندییە پتەوەكەی برایان هۆك-ە لەگەڵ جارید كۆشنەر، زاوا و ڕاوێژكاری دۆناڵد ترامپ، كە بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا، كۆشنەر بەیەكێك لە پاڵپشتیكەرانی هۆك دادەنرێت.

ماكگریگۆر، ئەو بەرپرسە خانەنشینەی ترامپی لەهێرشكردنە سەر ئێران پاشگەزكردەوە


دۆگلاس ماكگریگۆر، كە عەقیدێكی خانەنشینی سوپای ئەمریكایە، یەكێكە لەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستەكەی بۆڵتن ناوی دێت، ئەو پێشتر بە وتارەكانی بۆ ڕێكخستنەوەی هەیكەلی سوپای ئەمریكا بەناوبانگ بوو، بەڵام ئەوە بۆ ترامپ خاڵێكی گرنگ نییە بەڵكو ئەوەی ماكگریگۆری زیاتر ناساند، ڕاوێژی سەرۆكی ئەمریكا بوو بە ماكگریگۆر كاتێك بڕیاریدابوو هێرشبكاتە سەر ئامانجێكی ئێرانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆژی سێشەممە ماكگریگۆر لەكۆشكی سپییەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێوە دەكرێت، دواتر ڕۆژنامەكان بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەزانن، بەڵام ماكگریگۆر دەڵێت "هیچ لێدوانێك نادەم" بەڵام پەیوەندییەك لە كۆشكی سپییەوە بۆ بەرپرسێكی خانەنشین كە لەماڵەوە دانیشتووە و سەرقاڵی ژیانی خۆیەتی، زۆر ئاماژەی لێدەخوێندرێتەوە.

ڕیچارد گرینیل، پیاوێك كە خووی ترامپی گرتووە
ڕیچارد گرینیل، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەڵمانیا كە بە مامەڵەكردن هاوشێوەی ترامپ ناسراوە، هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستەكەی ئەڵمانییەكان نیگەرانی خۆیان لە گرینیل گەیاندە ترامپ، چونكە ناوبراو بە لێدوانە ئاگرینەكانی دژی ئێران ناسراوە، تەنانەت ئەڵمانییەكانی هاندەدا دژی تاران هەڵوێست وەربگرن.

گرینیل یەكێكە لەو بەرپرسانەی ئەمریكا كە پاڵپشتی خۆی بۆ یاسای هاوڕەگەزخوازیی "گەی" دەردەبڕێت، تەنانەت لەزۆرێك لە بۆنەكاندا پشتیوانیشی لەوانە كردووە كە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن.

سەرجەم ئەو ناوانەی باسكران پێشبینی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكییە بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، بەڵام هەركامێك لەو ناوانە پۆستەكە وەربگرن هیچ لەو ڕاستیە كەمناكاتەوە كە ئەو پۆستە بە هەستیارترین پۆستی ئەمریكا دادەنرێت، كە دەتوانێت شەڕ و ئاشتی هەڵگیرسێنێت، دەتوانێت چارەنوسی سیاسی و سەربازیی هەر وڵاتێك دیاریبكات، كە لەگەڵ هێڵی سیاسەتی ئەمریكا نەگونجێت.

هەركەسێك ئەو پۆستە وەربگرێت لەبەردەم سێ ئاڵنگاریدایە كە ئەوانیش یەكەم پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، دووەم بەرنامە ئەتۆمیی و موشەكیەكەی كۆریای باكور، سێیەم كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكی ئێس-400 لەلایەن توركیاوە لە ڕوسیا، كە ئەوانە گەرمترین پرسن بۆ یەكلاكردنەوەیان بەر لەوەی ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ئەمریكا بچێتە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیەوە.