04:05 - 02/09/2019
سیناریۆی ئهمریكا بۆ لێدانی عێراق له ئێرانیش دووباره دهبێتهوه
هەواڵەكانی لێدان و لێنەدانی ئێـــران
لەمیدیاكاندا جاروبار گەرم دەبن و جاروباریش سارد دەبنەوە، ئەفسەرێكی پایەبڵندی
ئەمەریكا رۆژی 2 سێبتەمبەر، باس لەپلانێكی واشنتۆن دەكات بۆ دروستكردنی گەورەترین
سەربازگەی ئەمەریكی لەباشووری عێراق، ئەو دەڵێت هەلومەرجی ناوخۆیی عێراق ئێستە
ئەوە دەخوازێت و ئامانجەكەش ئێرانە نەك عێراق، چوون ئەو ئەفسەرە پلە باڵایە پێی
وایە ئەو سیناریۆیەی بۆ عێراق گیرایە بەر لەگەڵ ئێران دووبارە دەبێتەوە.
ئەو ئەفسەرەباڵایەی كە پێشتر لە نێو سوپای
ئەمەریكادا كارەكانی ئەنجام داوەو ناوی
(جون كریاكۆ)یە لە پێگەی ئەلیكترۆنی (كونستریوم نیوز)دانوسیویەتی: لە بەهاری 2002
دا من لە پاكستان بوم و شەڕمان لە دژی ڕێكخراوی قاعیدە دەكرد، لە مانگی ئازاری
هەمان ساڵدا گوازرامەوە بۆ ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكا(CIA)،
بەرپرسەكەم هەر لەو كاتەدا هەواڵی لێدانی عێراقی پێڕاگەیاندم و گوتی ئەو فەرمانی
كۆشكی سپییە، گوتیشی عێراق داگیر دەكەین و ڕژێمی سەدام حسین لادەبەین لە سەرەتای
2003 ، دوای ئەوەش گەورەترین پێگەی سەربازیی –ئاسمانی- لە باشووری ئەو وڵاتە دروست
دەكەین.
كریاكۆ، باس لەوەش دەكات هەر لەو سەرو
بەرەیەدا بوو كە بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمەریكی ئەوەی پێڕاگەیاندووە كە خۆی
دەچێتە (نەتەوە یەكگرتوەكان) بۆ ئەوەی قایلیان بكات تا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری
لێدانی عێراق پەسەند بكات و دواجاریش بینیمان كە ئەنجام دراو لە 2003 كۆتایی بە
ڕژێمەكەی سەدام حسین هات.
پاش ماوەیەكی كەم لەو هەواڵەی كە من بیستبووم
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا – كۆڵن پاوڵ- كەوتە جموجوڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپی و
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی پشتگیریی نێو دەوڵەتی بۆ ئەو پرۆسەیە كۆبكاتەوە،
بەڵگەشی ئەوەبوو كە عێراق خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژو قەدەغەكراوی نێودەوڵەتییەو
پێویستە هەموومان پێكەوە هەڵوێستمان هەبێت بەرامبەری، لە ئێستەشدا بووەتە هەرەشە
بەرامبەر هەموومان ولەپێشی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكان. ئەو ئەفسەرە بە
ئاشكرا ئەوەی نوسیوە كە ئەو بابەتی چەكی قەدەغەكراوە هەمووی درۆیەك بوو لە لایەن
كۆشكی سپی و دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكاوە
هەلبەسترا بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە بۆ لادانی رژێمی سەدام حسین. بەڵام توانییان
جیهانیانی پێ قایل بكەن و لە دوای ئەوەی رژێمی بەعسیش كۆتایی هات هیچ كەس و
لایەنێك نەیانتوانی یەك چەكی قەدەغەكراوو ئەتۆمی ببیننەوە.
سیناریۆی عێراق لە ئێران دووبارە دەكرێتەوە:
لەو نوسینەدا كریاكو باس لەوەدەكات لە
ئێستەدا وەزارەتی دەرەوە كەوتوەتەكار بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ لێدان لە
ئێران دروست بكرێت، ئەوەش بە ئاشكرا لە وتەكانی سەرۆكی ئەمەریكا(دۆناڵد ترامپ)دا
هەستی پێدەكرێت، ترامپ هەر لە هەڵبژاردەنەكانی 2016 ەوە هەڵمەتی كشانەوە لە ڕێكەوتن
نامەی ئەتۆمی كرد لەگەڵ ئێران و بردیشیە سەر، هەر كاتێكیش قسە بێتەسەر بابەتی چەكی
ئەتۆمی و ڕێكەوتنەكەیان یەكسەر ئێران بەوە تاوانبار دەكات كە نەیتوانیوە پارێزگاری
لەو ڕێككەوتنە بكات بۆیە پاشەكشەیان لێكردووە.
بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە، ترامپ كۆمەڵێك
خەڵكی لە ئیدارەكەیدا كۆكردوەتەوە لە نموونەی (مایك بۆمبیۆ ی وەزیری دەرەوە) و(جۆن
بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا)ن، وەك ئاشكراشە ئەو دوو كەسە زۆرترین
دژایەتییان بۆ ئێران دەربڕییوەو پێیان وایە ئیران هیچ چارەسەرێكی نیە جگە لە لادان
و كۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە.
لەو میانەیەشدا بنایمین ناتانیاهۆ باسی لە
بەرنامە نهێنیەكانی ئێران كردووە كە دەیەوێت بەرنامەكانی پەرەپێبدات، ئەوەش ڕێك
وەك ئەو سیناریۆیەی كە پێش لە 15 ساڵ لەبەرامبەر ئەنجومەنی ئاسایشدا لە دژی عێراق
ئەنجامی دا و گوتی بەرنامە ئەتۆمیەكانی عێراق مەترسیدارە لە سەر هەموو لایەكمان،
ئەمڕۆش ئەو سیناریۆیە دووبارە دەبێتەوەو بە دلنیاییشەوە هیچ بنەمایەكی نیەو
دووریشی لە ڕاستییەوە.
كریاكۆ درێژە بە نوسینەكەی دەدات و دەڵێت:
ئەوەتە ترامپ بە ئاشكرا هێرش دەكاتە سەر ئێران و بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر
ئەمەریكا ناوی دەهێنێت، بەدوای ئەویشدا
هەر وەك گەشتەكانی –كۆڵن پاوڵ- بۆمبیۆ كەوتۆتە گەڕان، دیارە ئامانجەكەش كۆكردنەوەی
دەنگی ناڕەزایەتیە لە دژی ئێران تا بتوانن لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لە هەر
هەنگاوێك بكەن ئەگەر ئەمەریكا هاویشی لە دژی ئێران. لە ماوەی پێشووشدا نوێنەری
ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان –نیكی هایلی- مان بینی كە گوتی: هیچ بژاردەیەكی
دیكە لە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایشدا نیە ئەوە نەبێت ڕێگە بە ئەمەریكا بدات
پارێزگاری لە خۆی و هاوپەیمانەكانی بكات لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی كە ئێران هەیەتی
بۆسەریان، یەكێكی دیكە لە پەردەكانی سیناریۆكان ئەوەیە كە ئەمەریكا لەناوچەی
كەنداو ئەو هەموو كەشتییەی بڵاوە پێكردووەو جاروباریش ختووكەی هێزە ئێرانیەكان
دەدەن.
بە پێی بۆچوونی ئەو ئەفسەرە ئەمەریكیە بێت،
دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەك ئەو
شەڕە هەڵبگیرسێنیت، چوون پێدەچێت سیناریۆكانی كە بۆ ئێران دانراوە بەپێیی ئەو
نەخشەیە دەڕوات كە بۆی دانراوە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری نەخشەكە پێشتر لە عێراق
جێبەجێكراوەو سەركەوتنیشی بەدەست هێناوە.