ڕاپۆرتی جیهانی

05:54 - 15/07/2019

ئێران به‌ ئه‌نجامدانی دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ ئه‌رجه‌نتیندا تۆمه‌تباركراوه‌‌

پەیسەر

ئه‌رجه‌نتین یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكای باشوور، زیاتر له‌ 200 هه‌زار جوو له‌و وڵاته‌دا ده‌ژین. به‌ شه‌شه‌م وڵاتی جیهان داده‌نرێت كه‌ زۆرترین شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و ئاینه‌ی تێدا نیشته‌جێ بووبێت (جگه‌ له‌ ئیسرائیل).

ساڵی 1987 ئێران و ئه‌رجه‌نتین گرێبه‌ستێكیان له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی (یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وێستگه‌ی ئه‌تۆمی تاران) له‌ نێواندا بوو، ئه‌رجه‌نتین كاركردنی به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ڕاگرت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیانی ئاڵۆزكرد و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی بۆ ئاستی سفر نزیككرده‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كن و كاراكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌رجه‌نتین له‌ژێر فشاری ئیسرائیل و ئه‌مریكادا ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد.

ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیل له‌ بۆینس ئایرس:
17ی ئازاری 1992 بارهه‌ڵگرێكی پڕ له‌ ته‌قه‌مه‌نی خۆی كێشا به‌ دیواری باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیل له‌ نێوان هه‌ردوو شه‌قامی ئۆریۆ و سویباتا له‌ بۆینس ئایرسی پایته‌خت. ته‌قینه‌وه‌كه‌ 29 كه‌سی كوشت و 242 كه‌سی دیكه‌شی برینداركرد، له‌ناو كوژراوه‌كاندا ته‌نها چوار كه‌سیان ئیسرائیلیی بوون، دوان له‌ كوژراوه‌كان ژنی هه‌ریه‌ك له‌ كونسوڵ و سكرتێری یه‌كه‌می باڵیۆزخانه‌كه‌ بوون، ئه‌وانی دیكه‌ هاوڵاتی ئه‌رجه‌نتینی بوون.

ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌ توندترین هێرش داده‌نرا بۆسه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئیسرائیل له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، تا ئه‌و كاته‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامیا ڕوویدا. (دواتر دێینه‌ سه‌ر باسكردنی).

بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كدار به‌ناوی (بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی لوبنانی) ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت، پاساویشی ئه‌وه‌ بوو، تۆڵه‌ی كوژرانی "عه‌باس موسه‌وی" دووه‌م ئه‌مینداری گشتی حزبوڵایان كردووه‌ته‌وه‌ (كه‌ مانگی شوباتی 1992 له‌لایه‌ن هێلیكۆپته‌رێكی ئیسرائیله‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژن و حه‌سه‌نی كوڕیدا كوژرا)

بزووتنه‌وه‌ی جیهاد به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرا كه‌ هاوپه‌یمانی ئێرانه‌، ئه‌وه‌بوو دواتر هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و بوونه‌ به‌شێك له‌ حزبوڵای لوبنانی.

ئیسرائیل له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی ئه‌رجه‌نتین كرد، گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی هێرشبه‌ره‌كان له‌ سێگۆشه‌ی سنووریی ئه‌رجه‌نتین و پاراگوای و به‌ڕازیل، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری موسوڵمانی لێ نیشته‌جێیه‌، پلانی هێرشه‌كه‌یان داڕشتووه‌. پێشتر ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هۆشداری دابوو كه‌ ئێران به‌نیازه‌ هێرشێك ئه‌نجامبدات، به‌ڵام نه‌یتوانی شوێنی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ و كاته‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكات.

حكومه‌تی ئه‌رجه‌نتین هه‌ریه‌ك له‌ حزبوڵا و عیماد موغنیه‌، به‌رپرسی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی تۆمه‌تباركرد و یاداشتی ده‌ستگیكردنی بۆ موغنییه‌ ده‌ركرد

حكومه‌تی ئه‌رجه‌نتین هه‌ریه‌ك له‌ حزبوڵا و عیماد موغنیه‌، به‌رپرسی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی تۆمه‌تباركرد و یاداشتی ده‌ستگیكردنی بۆ موغنییه‌ ده‌ركرد. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش باسیان له‌ تێوه‌گلانی سوریا كرد، به‌ڵام هه‌ردوولایان ڕه‌تیانكرده‌وه‌ ده‌ستیان له‌ هێرشه‌كه‌دا هه‌بووبێت.

له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ ساڵی 1998دا موحسین ره‌بانی له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستگیركرا (ڕه‌بانی تا ساڵی 1997 به‌رپرسی پاشكۆی ڕۆشنبیریی باڵیۆزخانه‌ی ئێران بوو له‌ ئه‌رجه‌نتین)،  ئه‌رجه‌نتین حه‌وت دیپلۆماتكاری ئێرانی ده‌ركرد و ڕایگه‌یاند، به‌ڵگه‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ ئێران له‌ پشت ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هیچ یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان دادگایی نه‌كران.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامیا
18ی ته‌مموزی 1994سه‌نته‌رێكی ڕۆشنبیریی جووه‌كانی ئه‌رجه‌نتین له‌ باڵه‌خانه‌ی "ئامیا" له‌ شاری بۆینس ئایرس كرایه‌ ئامانجی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، دواتر ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ناوی باڵه‌خانه‌كه‌وه‌ ناونرا.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ خوێناویترین كاری توندوتیژی داده‌نرێت له‌ مێژووی ئه‌رجه‌نتیندا و بووه‌ هۆی كوژرانی 85 كه‌س و زیاتر له‌ 300 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌رجه‌نتین و ئه‌مریكا له‌و كاته‌دا ئێرانیان تۆمه‌تباركرد.

سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ئه‌رجه‌نتین ده‌ستیكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی بۆینس ئایرس و به‌رپرسیارییه‌تی خستنه‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام له‌ دوایین دادگاییكردنی ئاشكرادا ساڵی 2004 له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ سه‌رجه‌میان به‌ بێتاوان ناسێنران. ساڵی 2005 به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی دادوه‌ر خوان خۆسێ گالیانۆ و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌رجه‌نتین بڕی 400 هه‌زار دۆلاریان داوه‌ته‌ شۆفێری ته‌كسییه‌ك تا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تۆمه‌تبار بكات، ئه‌و دادوه‌ره‌ له‌ كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌ و دادوه‌رێكی تری بۆ ڕاسپێردرا.

دوای لابردنی گالیانۆ، كانیكوبا كۆرال له‌ شوێنه‌وه‌كه‌ی دانرا، ئه‌ویش نوسینگه‌یه‌كی تایبه‌تی داواكاری گشتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌لبێرتۆ نیسمان بۆ دۆسییه‌كه‌ دامه‌زراندا.

ساڵی 2006 نیسمان دوای لێكۆڵینه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ئێرانی به‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئامیا تۆمه‌تباركرد و ڕایگه‌یاند، ئێران له‌ڕێی حزبوڵای لوبنانییه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌.

نیسمان داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وڵاته‌كه‌ی كرد یاداشتی ده‌ستگیركردن بۆ هه‌شت به‌رپرسی باڵای ئێران ده‌ربكه‌ن كه‌ دیارترینیان: (هاشمی ڕه‌سفه‌نجانی سه‌رۆكی پیشووتری ئێران، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، موحسن ڕه‌زایی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕژێمی ئیران و فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران، ئه‌حمه‌د وه‌حیدیی وه‌زیری پێشووتری به‌رگریی ئێران، عه‌لی فه‌لاحیان وه‌زیری پێشووتری ئیتڵاعاتی ئێران) له‌گه‌ڵ عیماد موغنیه‌ به‌رپرسی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی حزبوڵا كه‌ ساڵی 2008 له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا كوژرا.

سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ كوژرا
لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامیا به‌رده‌وام بوو، كانوونی دووه‌می 2015 ئه‌لبێرتۆ نیسمان داواكاری گشتی و سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت بو كه‌یسه‌ به‌ كوژراوی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دۆزرایه‌وه‌.

دوو ڕۆژ به‌ر له‌و ڕووداوه‌، نیسمان كریستینا فێرناندێز سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ هه‌وڵده‌دات تۆمه‌ته‌كان له‌سه‌ر گومانلێكراوه‌ ئێرانییه‌كانی ئه‌و كه‌یسه‌ لابه‌رێت و گوتی: فرناندێز په‌یوه‌ندی نهێنی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئێرانیانه‌دا ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ گومانده‌كرێت ئه‌وان بۆمبه‌كانیان له‌ باڵه‌خانه‌ی ئامیادا دانابێت.

گوتیشی: لابردنی تۆمه‌ته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌رجه‌نتین گه‌نمه‌كه‌ی بداته‌ ئێران و له‌ به‌رامبه‌ردا نه‌وته‌كه‌ی هاورده‌بكات.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌رجه‌نتین وایانبڵاوكرده‌وه‌ كه‌ نیسمان خۆی كوشتووه‌ و گولـله‌یه‌كی له‌ سه‌ری داوه‌.

بڕیاربوو نیسمان له‌ ڕۆژی كوشتنه‌كه‌یدا له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یدا باس له‌وه‌ بكات كه‌ بۆچی تۆمه‌ته‌كانی ئاراسته‌ی كریستینا فێرناندێز كردووه‌.

دوای سێ ساڵ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوژرانی نیسمان، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌رجه‌نتین ڕایگه‌یاند، ئه‌لبێرتۆ نیسمان خۆی نه‌كوشتووه‌، به‌ڵكو گولـله‌یه‌ك له‌سه‌ری دراوه‌ و كوژراوه‌. له‌ هه‌مان كاتدا دیێگۆ لاگۆمارسینۆ، یاریده‌ده‌ری نیسمان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ ده‌ستی له‌ كوشتنه‌كه‌یدا هه‌بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 10 پاسه‌وان بۆ ئه‌لبیرتۆ نیسمان دانرابوو.

دیێگۆ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانی به‌وه‌دا نا ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی نیسمانی پێكوژراوه‌ هی ئه‌م بووه‌ و داویه‌تێ تا خۆی و خێزانه‌كه‌ی پێ بپارێزێت.


دوو هه‌فته‌ش به‌ر له‌ ئاشكراكردنی ئه‌م ڕاستییه‌، دادوه‌رێك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ كریستینا فێرناندێزی سه‌رۆكی ئه‌رجهنتین ده‌ركرد، به‌و تۆمه‌ته‌ی كه‌ ڕۆڵی ئێرانی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامیادا بنچاڵكردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئێراندا واژۆ كردووه‌.

دادوه‌ر كلاودیۆ بۆنادیۆ داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی وڵاته‌كه‌ی كرد پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر كریستینا فێرناندێزی سه‌رۆك هه‌ڵبگرێت، هاوكات به‌هۆی تێوه‌گلانیان یاداشتی ده‌ستگیركردن بۆ سكرتێری سه‌رۆك و لویس دیلیا ده‌ركرا، لویس دیلیا له‌ هۆگۆ چاڤێزی سه‌رۆكی پیشووی ڤه‌نزوێلا و هاوڕێی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ زۆر نزیك بوو.

له‌دوای ئاشكرابوونی كوژرانی ئه‌لبێرتۆ نیسمانه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆك و سكرتێره‌كه‌ی و دیلیای سیاسه‌تمه‌دار، تۆمه‌ته‌كان كه‌سانی دیكه‌شیان گرته‌وه‌، هیكتۆر تیمه‌رمان وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستگیرنه‌كرا، به‌ڵام له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا خرایه‌ ژێر هێشتنه‌وه‌ی زۆره‌ملێوه‌.

ئه‌لبێرتۆ نیسمانی دادوه‌ر له‌ 2004وه‌ تا 2015 سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌بوو له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامیا و گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئیران ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌شی له‌به‌ر چه‌ند گرێبه‌ستێكی ئابووریی و به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێراندا، تێوه‌گلانی ئیرانی په‌رده‌پۆش كردووه‌.