ڕاپۆرتی جیهانی

02:25 - 09/12/2018

هاكان فیدان.. رێوییه‌كه‌ی توركیا و ده‌ستوه‌شێنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان‌

پەیسەر

جیهانی هەواڵگیری لەسەر بنەمای نهێنی و نیشانەی پرسیار بنیاتنراوە، كردەوە سەختەكان ئاسانترین كردارن، نابێت لە فەرهەنگی ئەواندا نییە، واتایی ماندووبوون نازانن، بێزاریش هەرگیز هێرشیان ناكاتە سەر.ناونیشانەكانیان نادیارە، سەقامگیری نەتەوەكەیان لە پێشینەی داخوازیییەكانیانە.ئەم دەزگایانە لەسەر دەستی چەندین كەسی شێلگیر بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان بەڕێوە دەبرێن. هاكان فیدان بەرپرسی دەزگای هەواڵگیری توركیا(میت) یەكێكە لەو كەسانە كە بە هەموو هەوڵێكییەوە بۆ دانەڕووخانی وڵاتەكەی تێدەكۆشێت.


هاكان فیدان كێیە؟

ئەو بەرپرسەی دەزگای هەواڵگری توركیا هەمیشە خۆی لە میدیا و جیهان ون دەكات، لە كاتی قەیران و ئاریشەكانی وڵاتەكەی وەكو دیوارێك ڕووبەڕووی دەبێتە، دژی ئەو نەتەوانەش دەوەستێتەوە كە داوای مافی خۆیان دەكەن، وەكو نەتەوەی كورد. هاكان زۆر شت لەسەر ژیانی نازانرێت، بەڵام لێرە و لەوێ ژیانی بۆ خەڵك ئاشكرا دەكرێت. هاكان لە دایكبووی ساڵی 1968ە لە پایتەختی وڵاتەكەی (ئەنكەرە) لە دایكبووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.خوێندنی لە ئەكادیمیای جەنگی سەربە هێزی وشكانی توركیا، تەواو كردووە. ساڵی 1986 دوای دەرچوونی لە ئەكادیمایی جەنگی وەكو چاوش(عەریف) لە هێزی چەكداری توركیا دادەمەزرێت.

دواتر هاكان لەبەشی كۆمپیتەرو چارەسەری داتاكانی سەربە هێزی وشكای توركیا دادەمەزرێت.لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی لە دەرەوەی وڵاتەكەی، بڕوانامەی بەكالۆریس لە زانستی سیاسی و كارگێڕی  لە زانكۆی میریلاند لە ئەمریكا بەدەست دەهێنیت.


خوێندنی ئەكادیمی

دوای گەڕانەوەی بۆ توركیا، بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی بیلكنت بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بە دەست دەهێنێت. هاكان ناونیشانی ماستەر نامەكەی بەناوی" بەراورد لەنێوان دەسەڵاتی هەواڵگیری توركیا، ئەمریكا، بەریتانیا" كە ساڵی 1999 بڕوانامەكەی بەدەستهێناوە. لە ماستەر نامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە توركیا توڕێكی هەواڵگیری دەرەكی بەهێزی هەبێت.

هاكان فیدان سەرەڕای ئەوەی پیاوێكی سەربازی و هەواڵگیریە، زۆر گرنگی بە لایەنی خوێندنی باڵا دەدات، هەربۆیە لە ساڵی 2006 لە هەمان زانكۆ كە زانكۆی بیلكینت-ە لە ئەنكەرە و زانكۆیەكی ئەهلییە، بڕوانامەی دكتۆرا بە دەست دەهێنێت، ئەمجارەیان ناونیشانی تێزی دكتۆراكەی " دیپلۆماسی لە سەردەمی زانیاری، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای بۆ بەدەستهێنانی زانیاری."


گۆڕانكاری لە وەرگرتنی پۆستەكان
دواى تەواوكردنی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن، بە تایبەتی تەواوكردنی دكتۆراكەی وەكو ڕاوێژكاری ئابووری و سیاسی لە باڵوێزخانەی توركیا لە ئوسترالیا دەستبەكاربوو، لەوێش درێژەی بە خوێندنی ئەكادیمی لە پەیمانگای لێكۆڵینەوە بۆ چەك دانان، هەروەها لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ناوەندی زانیاری و ڕاهێنان و لێكۆڵینەوە لە لەندەن تەواوكرد.

هاكان لە ساڵی 2003 وەكو سەرۆكی ئاژانسی گەشەپێدان و هەماهەنگی توركیا تاوەكو ساڵی 2007 دەستبەكاربوو.لەو ماوەیەدا هیچ وڵاتێك لە وڵاتانی ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست، قەوقاز و بڵقان، نەما سەردانی نەكات. لە هەمان كاتیشدا ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی توركیا ئەحمەد داودئۆغلۆ بوو.

لە ساڵی 2007یشەوە، وەكو جێگری ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەكی دەستی بەكاركرد. ئەو كاتە سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو. لەمانگی تشرینی دووەم 2007یش دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

هاكان بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی پۆستە تازەكان لە 17ی نیسانی 2009 وەكو جێگری سەرۆكی هەواڵگری توركیا ئیمرە تانەر، دوای خانەنشینكردنی تانەر حكومەتی  دادوگەشەپێدان لە 25ی ئایاری 2010 بڕیاریدا هاكان فیدان بكرێت بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (Millî İstihbarat Teşkilatı) ئەوكاتە هاكان تەمەنی 42 ساڵ بوو كاتێك ئەو پۆستەی وەرگرت، بەوەش مناڵترین كەسبووە لە مێژووی توركیا، ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.

بنیاتنانەوەی دەزگای هەواڵگری توركیا
هاكان فیدان دوای وەرگرتنی پۆستەكەی دەیویست گۆڕانكاری گەورە لە پێكهاتەی دەزگای هەواڵگری بكات بۆیە ئەردۆگانی ڕازیكرد كە سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیا لە دەرەوە و ناوەوە، هەواڵگری ئاسایش و سوپا بخرێتە ژێر كۆنترۆڵی هەواڵگری گشتیەوە.ئەوكارەش وایكرد كە ناوەندەكانی ئاسایش و سوپاس پێی قەڵس بن.

لە ناوەوەی توركیا نازناوی دەست وەشێنەی ئەردۆگانیان پێبەخشیووە، ئەردۆگانیش بە نهێنی پارێز ناویدەبات. هاكان فیدان لە ڕێگای بەرێوەبردنی دەزگای هەواڵگریەوە توانیوویەتی جێبەجێی ئەجێندای سیاسەتی ناوخۆی كە هاكان ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە شەڕی دژی كیانەكانی دیكە.بەتایبەتی هاكان سەرپەرەشتی پرۆسەی ئاشتی دەكرد، بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان كە حكومەتی توركیا چەندین دەیەیە لە باشوری خۆرهەڵاتی توركیا(باكوری كوردستان) دژ بە زۆرینەی كوردەكان ئەنجامی دەدەن.

لەبارەی هاكان فیدانەوە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و توركیا دەڵێت" هاكان ڕوویەكی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكەین لەبەر ئەوەی دەتوانێت كردەوەكان جێبەجێ بكات، بەڵام نابێت گریمانەی ئەوە بكەین كە هاوڕێیەكی پێگەیشتووی ئەمریكایە."


دەستلەكاركێشانەوە و گەڕانەوە بۆ دەزگای هەواڵگری

لە شوباتی 2015 شتێكی چاوەڕواننەكراو ڕوویدا، كاتێك هەموویان زانیان كە هاكان فیدان لە كاری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری دەستی لەكاركێشاوەتەوە، چونكە حەزی دەكرد لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان خۆی كاندید بكات و بێتە ناو  سیاسەتەوە، لە هەمووی زیاتر كە بەم بڕیارە قەڵسبووبێت خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوو، ئەردۆگان لە كاتی بینینی دەستلەكاركێشانەوەكەی هاكان فیدان دەڵێت" دەزگای هەواڵگری توركیا لاوازبوو، ناكرێت ئەم وڵاتە بەشێوەیەكی چەقبەستوو لەسەر پێی خۆی بوەستێت."

گووتبووی" ئێمە وڵات بەڕێوە دەبەین. ئێمە لەو شوێنە دامانمەزراندووە، من دامەزراندووە، لەوكاتەشدا دەبێت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە و بە بێ پرس و ڕا هیچ شتێكت نەكات."

هاكان فیدان بە قسەی ئەردۆگانی كرد و دوای كەمتر لە مانگێك لە ڕۆژی نووسینی دەستلەكاركێشانەوەكەی گەڕایەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی دەزگای هەواڵگری بۆیە جارێكی شەڕی لایەنەكان سەریهەڵدایەوە و پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان سەرینەگرت. هەندێك پێیان وایە گەڕانەوەی هاكان بۆ ئەو پۆستە لەسەر ئەوەبوو، كە نەیانزانیووە دوای هاكان فیدان كێ لەو پۆستە دابنێنن.

بۆچی ئیسرائیل سڵ لە هاكان فیدان دەكاتەوە؟
لە ساڵی 1958ەوە پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان توركیا و موساد هەیە، ئەو پەیوەندیەش لە سەرەتای نەوەدەكان زیاتر گەشەی كرد، چونكە لەو ماوەیە چەندین ڕێكەوتننامە لە نێوان ئیسرائیل و توركیا واژۆ كرا، تاوەكو پەیوەندییەكان گەیشتنە باشترین پەیوەندی.

لەوماوەیەدا ئیسرائیل دەیویست خاكی توركیا وەكو ناوچەیەكی ئارام بەكاربهێنێت.سیخوڕەكانی ئیسرائیل دەیانویست بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانیان بێنە توركیا و لەوێوە دەرچن، گرنگترین كارەكانیشان تیرۆركردن كە لەكاتی هاتنیان بۆ توركیا چاودێری نەخرێتە سەر پاسپۆرتەكانیان و لایەنە ئەمنیەكان چاودێری كارەكانیان نەكەن، گومرك نەخرێتە سەر بارەكانیان لە سنوورەكان. بەو كارانەش موساد ئاسانكاری بۆ دەكرا.بەڵام لەكاتی گرتنە دەستی دەزگای هەواڵگری لەلایەن هاكان فیدانەوە، یارییەكان جیاوازتربوو، چونكە نەیدەهێشت هیچ هێزی جیهانی سیخوڕی بخزێنە ناو توركیاوە و تراتێن بكەن.

دوژمنایەتی ئیسرائیل بۆ فیدان
لەگەڵ دەستبەكاربوونی هاكان فیدان بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا جەنگ لە نێوان دەزگای هەواڵگری موساد و هاكان هەڵگیرسا چونكە دەزگای هەواڵگری توركیا تۆمارێكی دەنگی دەستكەوت كە باس لە دامەزراندنی هاكان فیدان دەكات كە لەو پۆستە دەمەزرێنراوە.

وەزیری بەرگری ئەوكاتەی ئیسرائیل ئەیهود ئۆڵمرت دەڵێت" دەترسین سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا زانیاری بۆ ئێران بگوازێتەوە، چونكە ئەو زۆرێك لە نهێنیەكانی ئێمە دەزانێت، ئێرانیەكان دەتوانن ئەو زانیاریانە بە دەست بخەن، بەڕاستی دۆخێكی نیگەرانكەرە."

ڕۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لەساڵی 2012 بڵاویكردۆتەوە كە هاكان فیدان زانیاری گرنگی دزە پێكردووە و ڕادەستی ئێرانی كردووە، ئەوەش سەبارەت تۆڕی هەواڵگری مۆساد كە لەناوەوەی ئێران چالاكی دەكەن، بۆیە ئێران دواتر ئەو كەسانەی لەناوبردووە، دەكرێت بڵێین گەورەترین زەبری كوشندە كە ئێران لە دەزگای مۆسادی دابێت، بە هاوكاری هاكان بووە.
بەرپرسێكی گەورەی ئیسرائیلش ئاماژە بەوە دەكات كە "بە ئاشكرا دیارە كە هاكان فیدان دوژمنی ئێران نییە." بۆیە ئەمریكا دواتر سڵی لە هاكان فیدان دەكردەوە، بەوەی هیچ هەواڵێكیان نەگاتە بەردەستی، تاوەكو لەوێوە ڕەوانەی ئێران نەكرێت.وەكو ئەوەی لە ساڵی 2010 چەندین هەواڵی گرنگی ئیسرائیل و ئەمریكا كەوتنە دەستی ئێران.

هاكان فیدان و كودەتاكەی 15ی تەمموز
گرنگی دەزگای هەواڵگری هیچی لەسەرۆكی وڵات كەمتر نییە، لە ئێستا بەهێزبوونی ئەردۆگان پەیوەستە بە بەهێزی هاكان فیدانەوە كە توانیوویەتی هەستیارترین كەرتی وڵات بەڕێوە بەرێت. دەگوترێت ئەگەر هاكان فیدان نەبوایە لە 15ی تەمموزی 2016 ئەو كاتە ئەگەر هاكان دەستگیربكرایە چی ڕوویدەدا؟ ئەوكاتە شتێك بوونی نەدەبوو بەناوی سەرۆك كۆماری توركیا، چونكە دەگوترێت لەسەر داوای هاكان فیدان داوا لە ئەردۆگان كراوە، كە لە ڕێگای سكایپەوە داوای لە هەوادار و لایەنگرانی بكات، بڕژێنە سەرشەقام و تاوەكو كودەتاكەرەكان نەتوانن تەقە لە خەڵكی سڤیل بكەن، بۆیە لەو ڕێگایەوە كودەتاكە شكستی هێناوە.

هاكان فیدان دووجار سەردانی كوردستانی كردووە
سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا هاكان فیدان لە ماوەی گرتنە دەستی ئەو پۆستە بە شێوەی فەرمی دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، جارێكیان بە مەبەستی ئازادكردنی دوو ئەفسەری دەزگای هەواڵگری توركیا بە ناوەكانی ئایدن كوناڵ و هاوڕێكه‌ی ئه‌رهان به‌كچه‌تین  كە لە 28ی ئابی 2017 لە پارێزگای سلێمانی دەستگیركران، ئەو دوو ئەفسەرەی میت کە پەکەکە رفاندنی، دو ئەفسەری پایەبەرزی دەزگای هەواڵگری تورکیان، یەکێکیان بەرپرسی دۆسیەی پەکەکەیە لە دەزگای  میت و ئەویتریشیان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە. بۆیە هاكان فیدان ڕووی لە سەركردەكانی یەكێتی كرد، بۆ ئازادكردنیان بەڵام بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بێ ئاگای خۆیان لەو ڕووداوە پیشاندا. جاری دووەمیش چەند ڕۆژێك پیش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە نهێنی ڕووی لە هەولێركرد بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە نەگرنە بەر، بەڵام گوێ لە داخوازییەكەی نەگیرا و بە دڵشكاوی گەڕایەوە ئەنكەرە.