ڕاپۆرتی جیهانی

03:44 - 27/06/2019

بۆچی هەموو سەرۆك وەزیرەكانی بەریتانیا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد خوێندویانە؟‌

پەیسەر

زانكۆی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا ناوەندی خوێندنی كەسانێك بووە كە دواتر لە پۆستی باڵای ئه‌و وڵاته‌دا وه‌ك پۆستی سەرۆك وەزیران، جڵەوی سیاسەتی وڵاتەكەیان و بەشێكی جیهانیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست، بە دەگمەن سەرۆك وەزیرانێكی بەریتانیا هه‌یه‌ كه‌ دەرچووی زانكۆی ئۆكسفۆرد نەبێت، ئەوەش نەریتێكە لەپاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە بەریتانیا كاری لەسەر دەكرێت، زانكۆكە بەتەنها شوێنی پێگەیاندنی سەركردە بەریتانییەكان نییە، بەڵكو زۆرێك لە سەركردەی وڵاتانی جیهان لەو زانكۆیەوە كلیلی حكومڕانی وڵاتەكانیان وەرگرتووە.

لە ئۆكسفۆردەوە بۆ تەختی سەرۆكایەتی وەزیرانی بەریتانیا
زانكۆی ئۆكسفۆرد دەكەوێتە شاری ئۆكسفۆردی بەریتانیاوە، تا ئێستا مێژوویەكی دیاریكراو بۆ دروستبوونی ئەو زانكۆیە لە ئارادا نییە، بەڵام سەرجەم لێكۆڵەرەوان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئۆكسفۆرد دووەم كۆنترین زانكۆی جیهانە و لە ساڵی 1209وە وانەی تێدا دەگوترێتەوە.

ئۆكسفۆرد لە زمانی لاتینیدا واتای "خودا ڕووناكی منە" دەگەیەنێت، لەسەر ئاستی بەریتانیا یەكەم باشترین زانكۆ و لەسەر ئاستی جیهانیش بە گوێرەی ڕیزبەندی گۆڤاری تایمز-ی ئەمریكی، بە چوارەم باشترین زانكۆی جیهان دیاریكراوە.

ئەوەی لەم زانكۆیەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، بەشێك لەو كەسانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە پۆستی سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەدا بوون، سەرجەمیان دەرچووی بەشێكی زانكۆی ئۆكسفۆرد بوون.

لە بەریتانیا واباوە لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆكی پارتی پارێزگاران و پۆستی سەرۆك وەزیراندا زانكۆی ئۆكسفۆرد ده‌یباته‌وه‌، چونكە ئەو كەسەی هەردوو پۆستەكە وەردەگرێت دەرچووی ئەو زانكۆیەیه‌ و لەپاڵ ئەوەشدا دەستەبژێری خاوەن دەسەڵاتی بەریتانیا بڕوانامەی ئەو زانكۆیەیان لە باخەڵدایە.


لەسەردەمی وینستۆن چەرچڵ، سەرۆك وەزیرانی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمی بەریتانیا، تا ئێستا، لە كۆی 12 سەرۆك وەزیران 9 كەسیان دەرچووی زانكۆی ئۆكسفۆرد بوون و به‌ هێزترین سەرۆك وەزیرانه‌كانی بەریتانیا ناوبراون.

دوایین سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كە (تێرێزا مای)یە و ئێستا دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، دەرچووی زانكۆی ئۆكسفۆردە.

لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی تێرێزا مای چوار كەس كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەكەن، سیانیان دەرچووی ئۆكسفۆردن و تەنها ساجد جاوید، كە بەڕەچەڵەك پاكستانییە دەرچووی ئەو زانكۆیە نییە.

ڕاگه‌یاندنه‌كانی بەریتانیا دەڵێن، گرنگ نیە كێ لەدوای تێرێزا مای دەبێتە سەرۆك وەزیران، چونكە هەركەسێك بێت هەر دەرچووی زانكۆی ئۆكسفۆردە.

ئۆكسفۆرد شوێنێكە بۆ یەكتر ناسینی سەركردەی وڵاتان
جگە لە پێگەیاندنی ئەو كەسەی لە داهاتوودا دەبێتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، یاخود هەر پۆستێكی دیكەی باڵا لەو وڵاتە وەردەگرێت، كەم نین ئه‌و سەرۆك و سەركردانه‌ی لە ئۆكسفۆرد خوێندویانە و دواتر لە وڵاتەكانیاندا بوونەتە بەرپرسی یەكەم.

زانكۆكە یانەیەكی بۆ گفتوگۆكردن تێدایه‌، ئەو كەسانەی لەوێ گفتوگۆ دەكەن دواتر لەسەر كورسی پۆستە باڵاكانی بەریتانیا یان وڵاتەكانیان دەبینرێن، بۆنمونە ساڵی هەشتاكان كاتێك بێنەزیر بۆتۆ، سەرۆك وەزیرانی تیرۆركراوی پاكستان لە بەریتانیا دەیخوێند، بە تێرێزا مای ئاشنا دەبێت.


ئەو یانەی بۆ گفتوگۆكردن دروستكراوە، بووه‌ته‌ شوێنی لەدایكبوونی سەركردە و سیاسەتمەداره‌ باڵاكانی ناوخۆی به‌ریتانیا و جیهان. جێفری ئیڤانز توێژەر لەزانكۆی ئۆكسفۆرد لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر هاتیتە زانكۆی ئۆكسفۆرد و كاریگەریی و وێنەیەكی باشی خۆت لە كاتی گفتوگۆكردندا جێهێشت، دواتر دەتوانیت بەهەموو ئەو كەسانە ئاشنابیت كە بۆ كاری سیاسی گونجاون و لەداهاتوودا پۆستی باڵا وەردەگرن".

فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری گرنگترین بەشەكانی زانكۆكەن
لەگەڵ ئەوەی خوێندن لەسەرجەم بەشەكانی ئەو زانكۆیەدا گرنگی خۆی هەیە، بەڵام بەشی فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری بە گرنگترین بەشەكانی ئۆكسفۆرد دادەنرێت، ئەو بەشە لەساڵی 1920  لەو زانكۆیەدا كراوەتەوە و گرنگییەكەی لەوەدایە زۆرێك لەو كەسانەی لە مێژووی سیاسی و ئابووری بەریتانیا و وڵاتانی دیكەدا كاریگەرییان هەبووە دەرچووی ئەو بەشە بوون.

بۆ نمونە:

 سێ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا (ئێدوارد هێس، هارۆڵد ویلسۆن، دەیڤید كامیرۆن)

سێ سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا (ئابوت، فرێزر و هۆك)

چوار سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پاكستان (لیاقەت عەلی خان، زولفەقار بۆتۆ، بێنەزیر بۆتۆ، عمران خان و فاروق لیگاری)

دوو سەرۆكی غانا (كۆڤی بۆسیا، جۆن كۆفۆر)

دوو سەرۆك وەزیرانی تایلەند (كۆكرێت برامۆج، ئابیسێت ڤیجاجیڤا)

سەرۆك وەزیرانی پیرۆ (پیرۆ پابلۆ كۆچینسكی)

ڕاوێژكاری دەوڵەتی میانمار (ئۆنگ سان سوكی)

لەپاڵ ئەو سەركردانه‌دا پێگەی گرنگتر هەن كە خوێندكارانی ئۆكسفۆرد پێیگەیشتوون، بۆ نمونە مەلالا یوسف زای، كە بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

ئۆكسفۆرد كێ وەردەگرێت؟
پرسیاری گرنگ لە دوای زانینی گرنگی ئەو زانكۆیە ئەوەیە، كێ دەتوانێت ببێتە خوێندكاری ئۆكسفۆرد؟
پرۆفیسۆر جێفری ئیڤانز لەبارەی ئەو كەسانەی دەتوانن ببنە خوێندكاری زانكۆكە دەڵێت: "ئۆكسفۆرد لوتكەی سیستمی پەروەردەكردنە، ئەو كەسانەی خاوەنی هیچ باكگراوندێك نین و لەسەر ڕێچكەیەكی ڕاست نین، ناتوانن ببنە خوێندكاری زانكۆكه‌".

باس لەوەشدەكات، لە ساڵانی یەكەمی خوێندن كەسانی دەستەبژێر دیاریدەكرێن، كە مەبەست لێی ئەو كەسانەیە كە ئایندەیەكی بەهێز چاوەڕوانیانە.

وێڕای گرنگی ئەو زانكۆیە لەسەر ئاستی بەریتانیا و جیهان، یەكێك لەو ڕەخنانەی بەردەوام لە ئۆكسفۆرد دەگیرێت ئەوەیە، تێچوویەكی زۆر گەورە لەسەر ئەو كەسانە دەكەوێت كە لەوێ دەخوێنن، بەڵام زانكۆكە لەمساڵانەدا بەڵێنی ئەوەی داوە كە مافی خوێندن لە ئۆكسفۆرد بۆ كەسانێك لە چینە هەژارەكانی كۆمەڵ بڕەخسێنێت.


ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت لە ئۆكسفۆردەوە كلیلی دەسەڵات بەدەستبهێنن
لەگەڵ ئەوەی زانكۆكە لەناوجەرگەی بەریتانیادایە، بەڵام خوێندكارە بەریتانییەكان لەڕیزبەندی وەرگرتندا لەدوای خوێندكارە ئەمریكییەكانەوە دێن، لەدوای ئەو دوو وڵاتەش هەریەكە لە چین، هندستان، یۆنان، ئێرلەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، مالیزیا، نەیجیریا، هۆنگ كۆنگ، سعودییە، ئیمارات و لیبیا خوێندكارەكانیان دەنێرنە ئەو زانكۆیە.

بەگشتی تێچووی هەر وەرزێكی خوێندن لە ئۆكسفۆرد 13 هەزار پاوەنە، واتا بۆ هه‌ر ساڵێكی خوێندن ده‌گاته‌ 52 هەزار پاوەن.

كاتێك كەسێك لە ئۆكسفۆرد دەبێتە خوێندكار لەڕووی كۆمەڵایەتی، تەكنەلۆژیای زانیاری، نیشتەجێبوون، دڵنیایی تەندروستی، پاڵپشتی وەرزشی و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەی پێشكەشدەكرێت و دەخرێتە كۆمەڵگەیەكی پڕ لە خزمەتگوزارییەوە.